ئەم چەند ڕۆژە دەرکەوتنەکانی #بافڵ تاڵەبانی# سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بە فڕۆکەیەکی سەربازییە، کە ئەوەش بووەتە جێگەی سەرنج و پرسیاری ئەوەی دروست کردووە، ئەو فڕۆکەیە چ جۆرێکە و تایبەتمەندییەکانی چین و بۆچی بەکاردەهێنرێت؟
فڕۆکەکە ناوی یۆرۆکۆپتەر AS332 سۆپەر پۆمایە و قەبارەی بزوێنەرەکەی ناوەندییە و بۆ بواری سەربازی و مەدەنیش بەکاردەهێنرێت.
سەرەتا دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە لەلایەن کۆمپانیای ئیرۆسباسیاڵی فەڕەنسی بووە، کە نەوەی یەکەمی لە ساڵی 1978 دروستکراوە و ئەوکات پێشکەوتووترین هێلیکۆپتەر بووە، کە دروست کراوە. فڕۆکەکە بۆ ئاڕاستەکردن و بەکارهێنان پێویستی بە دوو کەسە و 16.79 مەترە و بەرزییەکەشی 4.97، کێشیشی 4660 کیلۆگرامە.
بزوێنەری فڕۆکەکە لە جۆری Turbomeca Makila 1A2، یەک بزوێنەری هەیە و خێراییەکەی لە کاتی ڕۆشتندا دەگاتە 327 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، کە فڕۆکەکە توانای بڕینی 851 کیلۆمەتری هەیە لە یەک جار بەکارهێناندا.
ئەم فڕۆکەیە بەهۆی تایبەتمەندییە بەرزەکانی، لای زۆرینەی کۆمپانیا سەربازی و مەدەنییەکانی فڕۆکەوانی پەسەندکراوەو زۆترین بەکارهێنەری ئەم فڕۆکەیە سوپای فەڕەنسایە.
فڕۆکەکە جگە لە بواری سەربازی، کۆمپانیا مەدەنییە نەوتییەکانیش بەکاریدەهێنن بۆ گەیاندنی کارمەندەکانیان بە کێڵگە بەرهەمهێنەرەکان، بە تایبەتی لەناوچە کەنارییەکانی دەریا و زەریاکان، بەو پێیەی ئەو فڕۆکەیە لە هەموو کەشێکدا توانای فڕین و نیشتنەوەی بەرزە.
ئەم فڕۆکەیە چۆن دەست هێزە کوردییەکان کەوتووە و نرخەکەی چەندە؟ کە ئەو فڕۆکەیەی بافڵ تاڵەبانی بەم دواییانە پێیەوە دەرکەوتووە، لۆگۆیەکی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی نیشتمانی لەسەرە.
نرخی فڕۆکەکە لە پێگە فەرمییەکانی جیهان، وەک پێگەی ئەمازۆن لە 2.9 ملیۆن دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەپێی تایبەتمەندییەکانی نرخەکەی دەگۆڕێت، بەو پێیەی تا تایبەتمەندی فڕۆکەکە زیاتر بێت، نرخەکەی لەو نرخە سەرەتاییە زیاتر دەبێت.
لە بارەی ئەوەی ئەم فڕۆکەیە چۆن دەست هێزە کوردییەکان کەوتووە، تا ئێستا وەڵامێکی ڕوون نییە، بەو پێیەی هیچ زانیارییەک لەلایەن ئەو هێزانەوە لەسەر چۆنییەتی دەستخستنی ئەو فڕۆکانە نەخراوەتەڕوو.
هەروەها دیاریش نییە ئەو فڕۆکانە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە چوارچێوەی هاوکارییەکان بۆ شەڕی داعش دراوە بەهێزە کوردییەکان، یان نا، بەو پێیەی تائێستا هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمی نییە لەوەی هاوپەیمانان فڕۆکەیان بۆ هێزە کوردییەکان دابینکردووە.
بۆیە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن هێزە کوردییەکان خۆیان ئەو جۆرە فڕۆکەیان کڕی بێت، بەڵام بە چەند و چۆن کڕیوویانە، ئەوە ڕوون نییە و هیچ زانیارییەکی فەرمی و پشتڕاست کراوە لەو بارەوە بوونی نییە. [1]