ناو: ئاکام
نازناو: ئاکامی کۆماندۆ
ناوی باوک: عومەر عوسمان
ساڵی لەدایکبوون: 1989
ڕۆژی شەهیدبوون: #12-12-2022#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی شەهیدبوون: وڵاتی ئەڵمانیا
$ژیاننامە$
ئاکام عومەر فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان، لە ساڵی 1989 لە هەولێر لە خێزانێکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووەو کوڕی پێشمەرگەی دێرین عومەر عوسمانە کە لەنێوان ساڵانی 1978 بۆ 2007 پێشمەرگە بووە و دواتر خانەنشینکراوە، هاوکات خوشکەزای شەهیدی گورون فەرماندەی تۆپخانەی یەکێتی شەهید شێخ تارقی تۆپخانەبووە.
ئاکام دووخوشک و برایەکی هەیە و خۆی منداڵی سێیەمی خێزانەکەیانە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتای و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە، بەهۆی زانینی زمانی ئینگلیزیەوە لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2010 لەگەڵ ئەمریکییەکان وەک وەرگێڕی زمان و لەهەمانکاتدا وەک سەربازیش کاری کردووە، دواتر بەهۆی لێهاتوییەوە لە ساڵی 2011 بەهاوکاری ئەمریکییەکان دەچێتە وڵاتی ئەمریکا و بۆ دوو ساڵ کۆلێجی سەربازی دەخوێنێت، ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و پەیوەندی بە #جەعفەر شێخ مستەفا# فەرماندەی گشتی ئەوکاتی هێزەکانی 70 و سەرپەرشتیاری میحوەرەکانی پێشمەرگەوە دەکات و لەڕێگەی ئەوەوە هاتەوە بواری پێشمەرگەیەتی و بووە پردێکی پەیوەندی بەهێز لەنێوان پێشمەرگە و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، دواتر ئەرکی پێدراو ئەرکەکەی ئەوەبوو بارەگاکانی داعشی لە سنووری #جەلەولا# بۆ فڕۆکەکانی هاوپەیمانان دیاریدەکرد و بۆردومان دەکران، لە ساڵی 2015 ئەرکەکەی گوزرایەوە بۆ میحوەری #کەرکووک# و بەبڕیاری شێخ جەعفەر هێزێکی بەناوی کۆماندۆ بۆ درووستدەکرێت کەپێکهاتبون لە 38 پێشمەرگە، لەدوای ساڵی 2015 ەوە وەک هێزێکی پشتیوانی لەهەر میحوەرێک شەڕ دژی داعش هەبوایە بەهۆی لێهاتویی و گیان بازیانەوە دەچون بەهانای پێشمەرگەکانەوەو داعشیان تێکدەشکاند.
هێزەکانی کۆماندۆ بە فەرماندەیی ئاکام عومەر بەردەوام مەشقەکانیان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسادا بووە و بەهۆی ئەو کاریگەرییەی لەشەڕی دژی داعش هەیانبوو لەماوەی شەش ساڵدا ژمارەیان لە 38 کەسەوە بۆ سێ هەزار کەس زیادکراو ناوەکەیان گۆڕدرا بۆ فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان.
ئاکام عومەر لە شەڕی ڕزگارکردنی #موسڵ# لە دژی داعش لەمانگی 10ی 2016 دووجار برینداربووە تەنانەت جارێک خۆکوژێکی داعشی بەچەکی ئەی تی فۆڕ تەقاندووەتەوە کە بەخێرایی بەرەو ڕووی هێزەکەیان هاتبوو بۆ خۆ تەقاندنەوە و لەئەنجامدا خۆی بەسەختی بریندار بووە، لەماوەی شەڕی داعشدا نۆ خۆکوژی بەهەمان شێوە تەقاندووەتەوە، پێش ئەوەی خۆیان بە هێزەکانی پێشمەرگەدا بتەقێننەوە.
لە ساڵی 2017 شدا داعش هێرشی کردبووە سەر بنکەیەکی ئەمریکیەکان لە سەربازگەی کەیوەن لە کەرکووک و لەسەر داوای ئەمریکیەکان بەهاوکاری هێزی کۆماندۆ بەهانای ئەمریکییەکانەوە چووە و خۆکوژێک خۆی بەهێزەکەیاندا تەقاندووەتەوەو لەئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهید و فەرماندە ئاکام و پێنج پێشمەرگەی تریش برینداربوون، دواتر ئەمریکییەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ چارەسەر دەیبەن بۆ ئەمریکا.
لەماوەی شەڕی داعشدا کاتێک لەمیحوەری پێنجی پێشمەرگە، کە ئەوکات #کەمال کەرکووکی# ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرپەرشتی میحوەرەکەی دەکرد شەش پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە گەمارۆ دەدرێن و لەسەر فەرمانی جەعفەر شێخ مستەفا هێزەکانی کۆماندۆ بەفەرماندەیی ئاکام عومەر دوای شەڕێکی قورس دەچن بەهانیانەوە و تەرمی دوو شەهید و چوار پێشمەرگەی بریندار لەگەمارۆکە ڕزگار دەکەن.
ئاکام عومەر بەهۆی لێهاتویەکانییەوە یەکەم پێشمەرگەبووە کە لە تەمەنی 33 ساڵیدا بە لێهاتووی خۆی پلەی سەربازی بگاتە عەمید و بە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم پەسەندکرابێت، بۆ ئەوەی جیاواز لەپێشمەرگەکانی کۆماندۆ دەرنەکەوێت هیچ کاتێک نەبینراوە پلەی سەربازییەکەی بەستبێت.
لەبواری مرۆیشدا کەسێکی بەخشندە و لەخەمی هەژاراندابووە و لە ڕێگەی هەڵمەتی خوێن بەخشین و هاوکاری مادیەوە پاڵپشتێکی هەمیشەیی نەخۆشانی تالاسیمیا و نەخۆشخانەی هیوا بووە.
ڕۆژی 19-10-2022، هێزەکانی کۆماندۆ بە سەرپەرشتیی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکە بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەچنە سنووری گەرمیان لە شارۆچکە زنانە، بەمەبەستی کێوماڵکردنی سنوورەکە و دەستبەسەرداگرتنی مۆڵگە و پاشماوەکانی داعش لە سنوورەکە، بەڵام تۆڕێکی مین بەهێزەکەدا دەتەقێتەوە، بەو هۆیەوە ئەندامێکی هێزەکە شەهید دەبێت و فەرماندەکەیان و حەوت ئەندامی دیکەیان بریندار بوون.
بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئاکام عومەر لە سلێمانییەوە ڕەوانەی ئەڵمانیا دەکرێت بۆ چارەسەرکردن و دوا مانەوەی بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا لە 12-12-2022 شەهید بوو.[1]