سەرۆککۆماری تورکیا، #ئامەد#ی #باکووری کوردستان#ی بە هێمای مرۆڤە ڕەسەنەکان ناوبرد و ڕایگەیاند: ڕێگەمان بەو کەسانە نەدا دەیانویست جوگرافیای بەرفراوانی #ئامەد# بکەنە شوێنی وڕێنەی ئایدۆلۆژی. چۆکمان دانەدا بەرانبەر ئەوانەی هەوڵیاندا خەنجەر لە دڵی جوگرافیایەکەمان بدەن، لەلایەن ئەو ڕەگە ژەهراوییانەی لە ئەوروپا و ئەمریکاوە پشتیوانییان دەکرا.
گوتارەکەی #ئەردۆغان# ئەمڕۆ یەکشەممە 23-10-2022 لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن لە ئامەدی باکووری کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی 140 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان جەختیکردەوە کە جیاکاری لە دژی هیچ نەتەوەیەک ناکرێت و تەواوی نەتەوەکان بە تورک، کورد، لاز و چەرکەزەوە بە برایانە لە تورکیادا دەژین. گوتی: سەردەمێک بۆ تێکدانی ئەو پێکەوەژیانە هەموو ڕێگەیەک تاقیکرایەوە، بەڵام نەیانزانی خۆشەویستی نێوان ئێمە لە دڵەوەیە. ڕێگەمان بەو کەسانە نەدا کە دەیانویست جوگرافیای بەرفراوانی ئامەد بکەنە شوێنی وڕێنەی ئایدۆلۆژی. چۆکمان دانەدا بەرانبەر ئەوانەی هەوڵیاندا خەنجەر لە دڵی جوگرافیایەکەمان بدەن، بەتایبەت لەلایەن ئەو ڕەگە ژەهراوییانەی لە ئەوروپا و ئەمریکاوە پشتیوانییان دەکرا. هەوڵدەدەین وڵاتەکەمان بکەینە دوورگەی ئارامی. کاتێکیش ئەمە بەجێ دەگەیێنین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان کە سەرەداوەکەیان بە دەستی ئیمپریالیستەکانە ناتوانن ببنە بەربەست.
سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی جارێکی دیکە بە جۆش و خرۆشەوە بە دیداری ئامەدییەکان شادبووەتەوە. ئاماژەی بەوەدا کە تەنیا تێچووی وەبەرهێنانی ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ کراونەتەوە پێنج ملیار و 125 ملیۆن لیرە [276 ملیۆن دۆلار] بووە. هەروەها کۆی گشتیی تێچووی 140 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئامەد، بە بەهای 12.3 ملیار لیرە [664 ملیۆن دۆلار] بووە.
ئەردۆغان پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی #پەکەکە# و #هەدەپە# کرد، لە تێکدانی دۆخی ئامەد و ڕەتیکردەوە هێمای ئەو شارە تیرۆر بێت، بەڵکوو فێستیڤاڵی کولتووری سوورە کە بەسەرکەوتوویی کارەکانی تەواوکراوە. گوتی: هێمای ئامەد، ستەمکاری و ئازارچەشتن نییە، بەڵکوو ئەو کارگانەن کە ئەمڕۆ کردمانەوە. هێمای ئامەد خراپ بەکارهێنانی نییە لەلایەن پەکەکە یان لەڕێلادانی نییە لەلایەن هەدەپە. ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدا نمایشمان کرد برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەییە. ئەی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە خۆراوا لە کوێن؟ بۆ جارێک نایەن سەردانی دایکانی مانگرتووی ئامەد بکەن کە منداڵەکانیان بۆ #قەندیل# ڕفێندراون؟ ئەوان ئەکتەری سەر تەختی شانۆن نەک داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، خوشک و براکانمان لە ئامەد وەستانەوە و چۆکیان بۆ ئەوان دانەدا. هێمای ئامەد ئەو ڕەوتە سیاسی و تیرۆریانە نین کە خەڵکی شار وەک کۆیلەی زنجیرکراو دەبینن، بەڵکوو ئەو مرۆڤە ڕەسەنان کە داکۆکی لە ڕەگوڕیشە، باوەڕ، کولتووری و شارستانیەتی خۆیان دەکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ئامەد زێدی پێغەمبەر ئیلیاس و پێغەمبەر زولکیفە کە لە قورئانی پیرۆزدا ناویان هاتووە و بە درێژایی مێژووش چەندین پیاوچاک و کەسایەتی دیار لەم شارەدا ژیاون. گوتیشی: هەربۆیە دەڵێم با هەموومان پێکەوە پارێزگاری لە ڕەنگینی ئامەد بکەین و مێژووی هەزاران ساڵەی بپارێزین. لە کاتێکدا کە شارە دێرینەکانی ئەم ناوچەیە وەک دیمەشق، بەغدا و قوودس کە بەهێندەی مێژووی مرۆڤایەتی تەمەنیان هەیە، کەچی وەک دەبینن چەند سەرگەردانن. با بە هەر 80 پارێزگاکەی دیکەی وڵاتەکەمان ئەستێرەی ئامەد بەرز بکەینەوە. چونکە ئەم شارە گلێنەی چاوی گەل و نیشتمانە.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر ڕووباری دیجلە، کوچە و کۆڵان و شوراکانی ئامەد زمانیان هەبووایە، باسیان لە ڕەسەنایەتی میراتی شارستانی و پێگەی مێژوویی، کولتووری، هونەری و بازرگانی ئەم شارە دەکرد. گوتیشی: ئەوانەی بەردەوام باس لە 'کورد' دەکەن و ئەم شارەیان نوقمی خوێن و ستەم کردووە، ئەوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردایەتییەوە نییە، ئەوەی کە گەورەترین ستەمیشی لە خوشک و برا کوردەکانمان کردووە، ئەمانەن. هەر ئەمان نەبوون کە ڕۆڵەی خێزانە کوردەکانیان دەڕفاند بۆ قەندیل؟ تەنیا حەوت مانگ ماوە، دوای حەوت مانگ هەڵبژاردن دەکرێت باجی هەموو ئەم کارانەیان بدەن.
#ڕەجەب تەیب ئەردۆغان# باسی لەوەش کرد کە وەک چۆن هەموو شەوێک سپێدەی بەیانی بەدوادا دێت، ئاواش ڕۆژە سەختەکانی شاری ئامەد کۆتاییان دێت و ڕایگەیاند: ئەو کەسەی [دەمیرتاش] ئێستا لە زیندانی ئەدیرنەیە، ئایا هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە هەیە؟ نەخێر ئەمە کورد نییە. بەڵکوو چەوسێنەری خوشک و برا کوردەکانمانە. هەر خوشک و برا کوردەکانیشم لەسەر ئەم کارانەی سزای دەدەن. ئێستا هاوسەرۆکێکیشیان هەیە، ئەی ئەوانە کوردن؟ نەخێر. بەڵکوو ئەمانەش، خوشک و برا کوردەکان دەچەوسێننەوە. سوپاس بۆ خوا ئیدی ئامەد بووەتە شاری ئارامی و دەتوانن لێرە لە ئاساییشدا بژین. بەڵام بۆ ئاساییشی ئێوە بەتەنیا ئاساییشی ئامەد بەس نییە، بەڵکوو ئاساییشی سووریا و ئێڕاق و هەموو ناوچەکەش پێویستە. ئێمە هەوڵدەدەین هەر چوار لای وڵاتەکەمان بکەینە دوورگەیەکی ئارام. نە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و نە دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی پاڵپشتیشیان ناتوانن ڕێگری بکەن لە گەیشتنمان بەم ئامانجە.
لەبارەی گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند: گرتووخانەی ئامەد کە ستەمکاری و خراپەکاریی ڕابردوو بە بیر دەهێنێتەوە وەک شوێنێک کە لە یادگەدا ماوەتەوە، بۆ داهاتوو چالاکی جۆراوجۆری لێ ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی داد بە تەواوی گرتووخانەکەی چۆڵکرد. لەمڕۆوە گرتووخانەکە لە وەزارەتی دادەوە ڕادەستی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزار کراوە. ئیدی بینای گرتووخانەی ئامەد لە مۆزەخانەوە تا کتێبخانە و یەکەی کولتووری و هونەری بەشێکی زۆر لەخۆ دەگرێت. [1]