ناونیشان: هەباسە، لە پەروەردە چ باسە؟
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ئەوەی سەرنجی من زۆرتر بەلای خۆیدا کێش دەکات و ڕادەکێشێت، ئه و خەمساردی و بێباکی و پشتگوێخستنەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پڕۆسەی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژانە لە زۆربەی ماڵپەڕ و گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا، چەندین بابەتی گرنگ و پڕبایەخ بەرچاومان دەکەوێت، لەسەر کەمو کورتی و ناتەواوییەکانی پرۆسەی پەروەردە، لەگەڵ نیشاندانی هەموو ئه و خەوشانەشدا، ئه و نووسەرانە، دەستنیشانی لایەنە خراپەکان و دۆزینەوەی ڕێگە چارە دروستەکانیش دەکەن، بەڵام کەس ئاوڕیان لێناداتەوە و بەدواداچوونی پێویستیان لەسەر ناکرێت، ئەمەش لەدووخاڵ بەدەر نییە:
1- یان خۆیان هۆکار و فاکتەری دروست بوونی ئەم خەوشانەن کە بەرچاون.
2- یان ناتوانن چارەسەریان بکەن و بەو حاڵە خراپەوە، ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دێتە سەریان و کەڵەکە دەبن.
لەم ماوەیەدا لە چەند حاڵەتێکی نەگونجاوی پەروەردەیی، ڕوویدا لە چەند خوێندنگەیەک، بووە مشتومڕ و قسەگەلێکی جیاواز و تا ئەوەی ململانێ و کێبەرکێی نابەجێ دروست بکات، من بە چاوی چاودێریکردن، هەردوو حاڵەتەکانم بینی و بۆچوونی خۆم هەیە لەسەریان وەک مامۆستایەک و چاودێرێکی بواری پەروەرده و ئینجا وەک نووسەرێک.
1- حاڵەتی یەکەم تەنها باسکردنی چەند کەسێک بوو لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە باس له و کارە نابەجێیانە دەکرا، کە لەچەند خوێندنگەیەک نێرگەلە و جگەرە دەکێشرێن، باس لەوەش کراوە چەند خوێندنگەیەک بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر، تەنانەت خوێندنگەی کچانیشی گرتۆتەوە، بەڕاستی کارێکی نامۆ و قێزەوونە و پێویستە هەنگاوی خێرا بنرێت، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی، ئەمە هۆکارێکی نەرێنیە بۆ تێکدانی ئەخلاق و بیر و ڕەوشتی نەوەی ئایندەمان، ئەگەر ڕێی لێنەگیرێ، پەلدەهاوێ و فراوانتر دەبێت و چارەسەرکردنی ئەبێتە مەحاڵ.
2- حاڵەتی دووەم، ئەوەی لە چەند خوێندنگەیەک ڕوویدا، منداڵان شوێنێکیان بۆ ئامادەکراوە و نوێژی بەکۆمەڵ دەکەن، هەرچەند من ڕێزی تایبەتم بۆ ئاین و بیر و باوەڕ و کەلتوری خەڵک هەیە، بەڵام ئەمەش کارێکی ناپەروەردەییە، ئەنجامدانی و بەردەوامی دەبێتە هۆی ڕوودانی پشێویی و تێکدان و ئاراستەکردنی ئایدۆلۆژیا، چونکە خەڵکانی ترو لایەنی سیاسی بەناو دینی ئەمانە دەقۆزنەوە و دەستی تێدەخەن، وەک چۆن دژی دەستی حیزبە نەتەوەیی و عیلمانیەکانم بۆ ناو پڕۆسەی پەروەردە، بەهەمان جۆر بیر و هزری ئیسلامی سیاسیش بۆ ناو پەروەردە بەخراپ دەبینم، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە:
لە کوردستاندا کە ناویان ناوە، هەرێمی پێکەوە ژیانی ئاینەکان، واتە تەنها ئاینێک لێرە نیە، بەڵکو پەیڕەوانی ئاین و ئاینزای تر، بوونیان هەیە، پێویستە ڕێز لە بیرو ڕای ئەوانیش بگیرێت، ئەگەر ئه و مامۆستایانە ئەم نەریتی ئایینیە لە قوتابخانەکانی خۆیان پەیڕه و بکەن، ئەوانی تریش ئەم کارە دەکەن، ئەوسا خوێندنگە ئەبێتە شوێنی خواپەرستی و هیچ مانایەک بۆ جیاوازی و پەروەردە و فێربوون نامێنێتەوە، دەبوایە، وەزارەتی پەروەرد و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکان، ئەو مامۆستایانەیان لەم کارە ئاگادار بکردایەتەوە، لە دووبارە بوونەوەشی سزای توندیان بدەن، یان هەندێ مامۆستا کە وانەی تایبەت ئەڵێنەوە، هەستاون بە بەخشینی دیاری بۆ ئه و خوێندکارانەی نمرەی بەرزیان هێناوە، دیاریەکە هەرشتێک بێت، نابێ هاندان بێت بۆ ئاین و باوەڕێکی تایبەت، ئەمەشیان کەس هیچی لەسەر نەوت.
لەم هەرێمەی ئێمەدا هەندێ کەس و لایەن، بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، سوکایەتی بە پڕۆسەی پەروەردە دەکەن، بۆ ئەمجۆرە مامەڵەکردنەش، (چێ گیڤارا) دەڵێ (هەمیشە عەقڵی سوکایەتیپێکەر، لەمەرام و نیەتی باش تێناگات، بۆیە هیچ سودێکی نیە کە پاساو بۆکارەکانت بێهێنێت بەرامبەریان، بۆیە هیچ کات داوای لێبوردن مەکە).
جا ئەم هەموو بابەت و چاودێریکردنە بۆ پرۆسەیەکی گرنگی ژیانی وەک پەروەردە، لەخۆڕا نیە و ئامانجێک و هەستێکی گەورەی مرۆڤ بوون لە پشتیەتی، هەوڵی باشی چاکە خوازی ئەوەیە، پشتی ڕاستی بگرین و نەتەوەکەمان، لەڕێگەی پڕۆسەیەکی گرینگی وەک پەروەردە، بەرەو ئاراستەیەکی دوورنمای گەش و ئاسۆی ڕوون بەرین، نەک خۆمان بخزێنینە، بیری تەسکی ئایدۆلۆژیا و نەریتی خراپ، مەبەستم نیە ئاین بە خراپ دابنێم، ئەوەندەی گەرەکمە ئایین لە پەروەردە خوێندنگە دوور بێت، بخرێتە شوێن و پێگەی بەرزی کۆمەڵایەتی و کەلتوری ژیان.
ئەوەی مەبەستم بوو، لێرە بیخەمەڕوو، ئه و چەند حاڵەتە بوو کە ڕوویداوە، دڵنیام زۆرکاری هاوشێوە ڕۆژانە ڕوودەدەن و کەس باسیان ناکات، هەق وایە، وەزارەتی پەروەردە، لەئاست ئەم کارانە بێدەنگ نەبێت و بڕیارێک، دەربکات و سزای ئەوانە بدات، کە خەریکی شێواندن و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی پەروەردەن، وتەیەکی (محەمەد غەزالی) دەکەمە کۆتایی وتارەکەم، کە دەڵێت (نوێبوونەوەی ژیان بەمانای خستنە ناوەوەی هەندێک، کردەوەی باش یاخود نیازی باش نییە، لەناو جەستەیەکی زەبەلاحی خوو ئەخلاقی خراپدا، وەک چۆن ئەم سەرلێشێواوییە مرۆڤێک بە ئایندەیەکی باش یان ڕێرەوێکی شکۆمەندەوە جێگیرناکات). [1]