سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بەوە دەکات دەبێت سەرکردایەتی سیاسی کورد بە یەکگرتووی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئێراقی بکەن نەک هەر حزبە و بۆ خۆی دانووستان بکات، ئاماژە بەوەشدەکات پێناچێت تەمەنی کابینەکەی سودانی دریژ بێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سەدر بەشدار نییە لەو حکومەتەدا و خودی سەرۆک وەزیرانیش پاڵپشتییەکی بەهێزی پەرلەمانی نییە.
د.#مەحمود عوسمان#، سیاسەتمەداری کورد بە بواری ڕاگەیاند: باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان #هەولێر# و #بەغدا# لە کابینەی نوێی حکومەتی ئێراقی دەکەوێتە سەر ئەوەی کە سەرکردایەتی سیاسی کورد بەیەک تیم و بەیەکگرتووی دانووستاندن بکەن لەگەڵ حکومەتی ئێراقی بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی کورد. نەک هەر حزبە و دانووستاندن بۆ دەستکەوتەکانی خۆی بکات، ئەگەر هەر حزبە و بەجیا دانووستان بکات، حکومەتی داهاتووی ئێراق هیچی تێدا نابێت بۆ کورد.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێناچێت تەمەنی کابینەکەی (محەمەدشیاع سودانی) زۆر درێژ بێت، چونکە لەلایەک سەدرییەکان بەشداری کابینەکەی حکومەتیان نەکردووە، لە پەرلەمانیش کشاونەتەوە، بۆیە هەر کات بیانەوێت دەڕژێنەسەر شەقام، لەلایکی دیکەشەوە خودی (سودانی) بۆ خۆی خاوەنی سێ کورسی پەرلەمانییە و پاڵپشتییەکی بەهێزی پەرلەمانی نییە. بە فێڵ لە لایەن مالیکییەوە پشتگیری دەکرێت، بەڵام خوا قووەتی بدات سەرکەوتوو بێت ئێمەش چاوەڕێ دەکەین.
لەلایەکی دیکەوە شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی #پارتیدیموکراتی کوردستان# لە پەرلەمانی ئێراق ئەوەی بە بوار ڕاگەیاند: پشکی کورد لە کابینەی نوێی حکومەتی ئێراق چوار وەزارەتە کە پێکدێن لە وەزارەتەکانی (دەرەوە، داد، ئاوەدانکردنەوە، ژینگە) لەو چوار وەزارەتە سیانییان بۆ پارتی یەکلا بوونەتەوە، یەکێتیش بەتەمای وەزارەتی (داد)ە، بەڵام هێشتا ئەمە یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە دانووستان لەگەڵ #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# نەکراوە بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان و پێدەچێت وەزارەتی (ژینگە) بدرێت بە یەکێتی. [1]