دوای دیاریکردنی پشکی کورد لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی کە چوار وەزارەت و جێگری سەرۆک وەزیرانە کێشە کەوتووەتە نێوان #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان.
سودانی هەرچوار وەزارەتی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگەی وەک پشکی کورد دیاری کردووە، هەریەکە لە پارتی و یەکێتی سورن لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی داد، یەکێتی دەیەوێت لەو چوار وەزارەتە دوو وەزارەت وەربگرێت و یەکێک لە وەزارەتەکان وەزارەتی داد بێت.
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی بە میدیاکانی حزبەکەی وتووە، دوو وەزارەت لە حکومەتی نوێی ئێراق وەردەگرن یەکێکیان وەزارەتی دادە.
لە لایەکی ترەوە پارتی سورە لە سەر وەرگرتنی هەر سێ وەزارەتی دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و داد و دەیەوێت یەکێتی تەنها وەزارەتی ژینگە وەربگرێت.
ئیخڵاس دلێمی، پەرلەمانتاری پارتی ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتوون لە سەر پشکی پارتی لە کابینەی نوێ کە سێ وەزارەتە و تەنها پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان ماوە. [1]