$گاتاکان و دەردەدڵی #زەردەشت#$
زەردەشت هەندێ سکاڵا و دەردەدڵی لای ئەهوورامەزدا کردووە، کە ئێستا بە ناوی (گاتا)کان لە بەردەستی ئێمەدایە، بە خوێندنەوەی گاتاکان دەبینین کە زەردەشت قەت باسی ئەوەی نەکردووە کە خواوەند ئەوی ناردووە و هەڵی بژاردووە، بەڵکوو هەمووی بریتییە لەوەی کە زەردەشت خودی خۆی خوای دۆزیوەتەوە و خوای ناسیوە و هەڵی بژاردووە.
هەروەها لە هەموو گاتادا یەک وشە یان پیت نادۆزیەوە کە دەربڕی ڕق و کینە بێت، بەڵکوو هانمان دەدات کە ناخمان پڕ لە میهر و خۆشەویستی و لێبوردەیی بکەین و دەڵێ: ژیان دارێکی گەورە و قورسە، هیچ تاکێک ناتوانێت هەڵی بگرێت، بەڵکوو بە هەر هەموومانەوە دەتوانین دەست بخەینە دەست یەکتری و ئەم بارە قورسە هەڵبگرین.
$هێمای زەردەشت$
لە کۆنەوە باو بووە کە هەر ئایینێک هێما و نیشانەی تایبەتی خۆی هەبێ، بەگوێرەی ئەوەی کە ئایینی زەردەشتی کۆنترین ئایینی یەکتاپەرستییە، خاوەن هێمایەکی کۆنە کە هەر بەشێکی مانا و ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە.
هێمای زەردەشت بە (#فەروەهەر#- فروهەر) ناسراوە، وشەی فەروەهەر بە مانای (رۆح) دێت، پێش ئایینی ئیسلام خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە زەردەشت تێیدا لەدایک بووە، بڕوایان بە ڕۆح و دونادونیی ڕۆح بووە، زەردەشتییەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە لە نەورۆزی هەموو ساڵێک ڕۆح یان هەمان فەرەوەهەرەکان بەرەو زەوی دێن، تا پیت و بەرەکەت بە مرۆڤەکان ببەخشن و دواتر لە ڕۆژی سێزدەی نەورۆز بەرەو ئاسمان دەگەڕێنەوە.
هێمای فەروەهەر پێکهاتووە لە پەیکەری پیرەپیاوێک کە وەکوو هێمایەکە بۆ کەسایەتییەکی ڕەوەشت بەرز و چاکەکار، کە یەزدان پەرستە و خاوەن ئەزموونێکی تەواوە لە ژیاندا، دەستی ڕاستی هێماکە بە مەبەستی پاڕانەوە و پەرستنی ئەهورامەزدا بەرز بووەتەوە و بە دەستی چەپیشی بازنەیەکی گرتووە، کە هێمای پەیمان و گرێبەستی نێوان مرۆڤ و ئا هوورامەزدایە. دوو باڵی درێژ کە زۆر بە باڵی باڵندە دەچن و سێ پەڕە کە هێمای بەرزبوونەوە و فڕینی مرۆڤە بەرەو پێشکەوتن و سێ پەڕەکەیشی بۆ سێ ئامۆژگاریی زەردەشت واتا (کردەی باش و وتەی باش و بیری باش) دەگەڕێتەوە و بازنەی دەوری کەمەری پیاوەکە ئاماژەیە بە بازنەی ڕۆژگار و ژیان، کە مرۆڤ تێی کەوتووە، لە بەشی خوارەوەی بازنەکە و ڕێک لەژێر باڵەکاندا دوو پەل بۆ لای ڕاست و چەپ شۆڕ بوونەتەوە کە هێمای (سپەنتە مینۆ) واتا هێزی یەزدان و (ئەنگەرە مینۆ) واتا هێزی ئەهریمەن، لەکۆتایی هێماکە کلکێکی سێ پەڕیی هەیە کە دیسان ئاماژەیە بۆ سێ دروشمی زەردەشت. کۆنترین هێمای ئایینی زەردەشتی لە ئەشکەوتی #قزقاپان# لەنزیک شاری سلێمانییە، کە لە ساڵی 580 پێش زایین لە لایەن پاشای کورد کەیخوسرەودرووست کراوە.
ئامادکردنی: #سارا سەردار#
[1]