سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا بەهۆی لێدوانەکانی لەبارەی بەکارهێنانی #چەکی کیمیایی# لەلایەن سوپای تورکیا دژ بە گەریلاکانی #پەکەکە# لە باکووری کوردستان دەستبەسەرکرا.
شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2022، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، کە لەسەر ڕاسپاردەی داواکای گشتیی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لە شاری ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ ڕێکخراوی تیرۆر دەستبەسەرکرا.
وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2022 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دەستبەسەرکردنی شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیای ڕاگەیاند.
وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا لە تویتێکدا دەڵێ، بەشێوەیەک کە جێگەی قبوڵکردن نییە سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا دەستبەسەر کراوە، پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێ.
لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە لەبارەی ئەو بابەتەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دراوە، شەبنەم کۆرور فینجانجی لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەدا کە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەم دوای ئەو هەواڵانەی لەلایەن میدیاکانی پەکەکە/یەپەگە بڵاوکرانەوە دەستی پێ کردووە، بەگوێرەی ماددەی 7/2 لە یاسای ژمارە 3713ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بە تۆماتی پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستبەسەرکراوە.
دوای ئەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە ڕۆژی سێشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ڕاگەیێندراوێکدا ناسنامەی 17 گەریلای ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە. شەبنەم کۆرور فینجانجی ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەم لەسەر ئەو بابەتە بۆ میدیاکان قسەی کرد.
شەبنەم کۆرور فینجانجی ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو دیمەنانی بڵاوکراونەتەوە سوپای تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکەدا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و داوای لێکۆڵینەوەی کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2022 ڕەتیکردەوە سوپای وڵاتەکەی چەکی کیمیایی دژی پەکەکە بەکارهێنابێت و ڕایگەیاند، سکاڵا دژی ئەو کەسانە تۆمار دەکەن ئاماژەیان بەو تۆمەتە کردووە و داوای قەرەبووکردنەوەیان لێدەکەن.
ئەردۆغان گوتی، هێزە چەکدارەکانمان تائێستا پەناییان نەبردووەتەبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی؛ هەموو ئەو هەنگاوانەیان گرتوونەتەبەر کە لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ڕێگەپێدراون و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەرییان.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ڕۆژی یەکشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2022 لە گردبوونەوەیەکدا لە شاری مانیسای تورکیا ڕایگەیاند، هەر کەسێک پشتگیری لە بوختانەکانی پەکەکە بکات تیرۆریستە. هەروەها داوای کرد ژووری پزیشکانی تورکیا دابخرێت و دوو پەڕڵەمانتاری جەهەپە و هەدەپە کە لەسەر ئەو بابەتە ڕەخنەیان لە حکومەت گرتووە بدرێنە دادگە. [1]