ناونیشان: جیاوازیی نێوان کاربەدەست و سەرکردە
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
ئیبن خەلدون گەورە مێژونووس و کۆمەڵناسی ناودار دەڵێ (میللەتی ژێردەست ڕەوشتی تێک دەچێ) ئەگەر سەرنجی ڕەوشتی میللەتە ژێردەستەکان بدەین بەڕونی ئەو ڕاستییە بەدی دەکەین. تاک لە کۆمەڵگەی داگیرکراو چونکە تێکشکاو و بەزیوە بەرانبەر داگیرکەرەکەی هەمیشە گیانی تۆڵەسەندنەوەی تێدا ئامادەیە و دڵ پڕ لە قینە بەرانبەر داگیرکەرەکەی و هەموو توڕەیی و کاردانەوەیەک بە شۆڕش و یاخیبوون دەزانێت، تەنانەت زۆر جار زیان بە خۆی و بە وڵاتەکەشی دەگەیەنێ بە شکاندنی یاسا یا زیان گەیاندن بە دامودەزگا گشتییەکان یا خۆدزینەوە لە سەرپێچی و درۆکردن و زۆر ئاکاری ناشرینی تر، تاک بەو کردەوە چەوتانە گوزارشت لە یاخیبوونی خۆی دەکات کە سەرەنجام بە زیانی خۆی و دەورووبەرەکەی تەواودەبن و خۆیشی دەبێت بە کەسێکی درۆزن و دووڕوو بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، هەربۆیەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درۆزن و دووڕوو هێندە زۆرن!
یەکێک لە جیاکەرەوەکانی کۆمەڵگەی دواکەوتوو خۆبەزلزانی و بەکەم ڕوانینە لە خەڵکی تر. تاک لە کۆمەڵگەی دواکەوتوو هەوڵدەدات خەڵکی بچوک بکاتەوە تا خۆی گەورە دەرکەوێ، خەڵکی ناشرین بکا تا خۆی جوان دەرکەوێ، بێگومان ئەوە یەکێکە لە گەورەترین نیشانەکانی لاوازی چونکە بەهێزەکان حەزدەکەن خەڵکیش بەهێزبن هەر بۆیە حەز بە یارمەتیدانی لاوازەکان دەکەن، بە پێچەوانەی لاوازەکان کە لە بچوکترین دەرفەت دەگەڕێن تا بچوکەکان بچەوسێننەوە و سوکایەتییان پێبکەن تا کەمێک لە گرێی خۆبەکەمزانی لە سەر دەروونی خۆیان سوک بکەن.
ئەگەر سەرنجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین دەبینین زۆرینەی جوگرافیاکەی ڕۆژانێک داگیرکراو و ژێردەستەی دەوڵەتە بەهێزەکانی وەک بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا بوون.
لێرە تەنها دەمەوێ ئەزموونی هیند و ئێڕاق باس بکەم، چونکە هەم خۆمان لە ئێڕاق دەژین و هەم وڵاتەکەشمان کۆنترین لانکەی مرۆڤایەتییە و مێژوی شارستانییەتیش لێرەوە دەست پێدەکات، واتە بە هەموو پێناسەکان دەبوو ئێڕاق ئەمڕۆ لوتکەی پێشکەوتن و شارستانییەت بێت، بەڵام تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە.
وڵاتی هیند وەک ئێڕاق ژێردەستەی بەریتانیا بووە، ساڵانێکی زۆر بەدەست داگیرکاری و سیاسەتی خراپ ناڵاندویەتی، بەڵام لەگەڵ پەیدابونی (مەهاتما گاندی) هاوکێشەکان گۆڕان، گاندی پارێزەرێکی ژیر و دڵسۆز و مرۆڤدۆست بوو، ئەو بە تەنها توانی شۆڕشێکی وا بەرپا بکات کە گەورەترین هێزی داگیرکاری جیهانی بەچۆکدابێنێت و بەبێ شەڕکردن وڵاتەکەیان بۆ بەجێ بهێڵن!
ئەوەی گاندی کردی شۆڕشێکی زۆر گەورە بوو، بەڵام شۆڕشێکی سپی، شۆڕشێکی جوان کە مێژوو تاهەتایە لەبیری ناکات، گاندی نوێنەری هیندۆس و بوزی و سیخ و مسوڵمان و هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی هیند بوو، ئەو زۆر فراوان بیری دەکردەوە، مرۆڤانە بیری دەکردەوە، لای ئەو هاووڵاتیی هیندی لەهەموشت پیرۆزتر بوو، گاندی بە حیکمەت و نەرموونیانیی خۆی توانی پەروەردەی جوگرافیایاک بگۆڕی کە سەردەمانێک یەک کیشوەری تەواو بوو، ئێستاش دووەم گەورەترین دەوڵەتی جیهانە لەڕوی دانیشتوانەوە، گاندی توانی میللەتێکی برسی و ڕوت نەخوێندەوار و پەرتەوازەی بکات بە میللەتێکی هۆشیاری یەکگرتووی خاوەن وڵاتێکی بەهێز و ئازاد.
گاندی توانی کۆمەڵێک نەتەوە بەیەکەوە کۆبکاتەوە کە زمان و ئایین و نەتەوەیان جیاوازە، بگرە دوژمانیەتیی زۆریش لە نێوان هەندێکیان هەبوو، بەڵام ئەو توانی هەمویان لەژێر چەتری مرۆڤایەتی کۆبکاتەوە و وڵاتێکی بەهێز بنیات بنێ تەنها بە بیروباوەڕەکەی، گاندی توانی پەروەردەی هیند بەشێوەیەک بگۆڕێ کە ئێستا هەمو کونجێکی جیهان پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوەبەرە گرنگەکانی هیند بەڕێوەی دەبەن، وەک: سەرۆکی گوگڵ، مایکرۆسۆفت، تویتەر، ئەدۆب، شانێل، IBM، ماستەرکارد، پێپسیکۆ... زۆری تریش.
ڕو لە هەر کۆمپانیایەکی بواری تەکنۆلۆجیا بکە بەڕێوەبەر و پسپۆڕانی هیندین، زۆربەی ژمێریارە بلیمەتەکان و پرۆگرامسازەکانی بواری تەکنۆلۆجیا هیندین، بەکورتی هیند تەواوی دنیای داگیرکردووە بەڵام بە ئەقڵ و زانست نەک بە چەک و خوێنڕێژی.
ئەوەی زۆر سەیرە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات تائێستاش بە چاوی کەم لە هیند و هیندییەکان دەڕوانن و ئەگەر کەسێک نەزان بێ پێی دەڵێن (هیندی).
سەیرە، کۆمەڵگەیەکی وەک ئێڕاق کە بەرهەمەکانی بریتین لە زبڵ و گەندەڵی و هەناردەکردنی ئاوارە بۆ هەموو جیهان و بەفیڕۆدانی ئۆکسجین و کۆمەڵێک شەڕ و فیتنەی جۆراوجۆر، بەچاوی کەم لە هیند دەڕوانن کە هەموو جیهانیان سەرسام کردووە بە بلیمەتی.!
هیندییەکان زۆر ئارام و لەسەرخۆن، هیندۆس و بوزی و مسوڵمان و سیخ، هەموان ئارام و لەسەرخۆن، بێگومان ئەوەش ئاسەواری پەروەردەی گاندییە، بەڵام سەرنجی مسوڵمانانی ڕۆژهەڵات بدە چەند بێ ئارام و توندوتیژن! لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی هیند توندڕەوی بەناوی ئایین نەبووە کەچی لە ڕۆژهەڵات دەیان ڕیکخراو و پارت هەن دڕندەترین و توندوتیژترین تاک پەروەردە دەکەن بەناوی خودا و پیرۆزییەکان، دیارە کێشەکە لە پەروەردەیە چونکە ئیسلام هەر یەک ئیسلامە بۆچی لە هیند تاکی ئارام و لێرە تاکی توندوتیژ بەرهەم دێنێ؟
نوێترین و گرنگترین سەربەرزیی هیند (ڕیشی سوناک)ە، ئەو پیاوە لێهاتووە هیندییەی کە توانی ببێتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەو بەریتانیایەی کە هیندی داگیرکرد و وێرانی کرد، ئێستا هیندییەکان خزمەتی دەکەن و ئاوەدانی دەکەنەوە بە ئەقڵی جوانی خۆیان.
باشە خۆ ئێڕاقیش ژێردەستەی بەریتانیا بوو، بۆچی ئێمەش کارێکی وامان نەکرد؟ بۆ دەبێ ئێڕاقییەکان هەموو سامانیان خەرج بکەن تا بە قاچاخ و ڕێگەی مەرگ بگرنەبەر تا بگەن بە بەریتانیا و لەوێش سواڵ بکەن و سەدان درۆبکەن تا مافی پەنابەری وەربگرن و پاشانیش کەمترین و پیسترین ئیش بکەن بۆ ئەوەی تەنها بتوانن وەک مرۆڤ بژین؟
دیارە وەڵامەکەی ڕوونە، مرۆڤی گەورە فروان بیردەکاتەوە، گاندی پەروەردە و برایەتیی لەلا گرنگ بوو، ئەو نەوەیەکی پەروەردەکرد کە تیایدا هیندۆس و سیخ و مسوڵمان وەک برا بژین لە کاتێکدا لە ئێڕاق شیعە و سوننە یەکتر دەکوژن لەسەر گرفتی نێوان ئیمامی عەلی و معاویە کە 14 سەدەیە کۆتایی هاتووە، لەوەش خراپتر سوننە لەنێوخۆیاندا دەیان گروپن و کەسیان ئەوانی تریان قبوڵ نییە، شیعەش بە هەمان شێوە. هەموو گروپەکان خۆیان بە نوێنەری خوا دەزانن، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی واتە خزمەتکاری نەک بوون بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی، خودا نوێنەری ناوێت چونکە خۆی لەهەمووکەس نزیکترە لێمان.
گاندی خۆی وەک فەقیر و سواڵکەر ژیا، تا مرد جلی لەبەر نەکرد، بەڵام نەوەیەکی پەروەردەکرد کە تەواوی دنیایان ئاوەدان کردەوە، ئێمەش لە ئێڕاق بەرپرسەکانمان وەک پاشا دەژین و میللەت هەموی کەوتۆتە سواڵ لەسایەی سەری ئەوان، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی هیند مانگاپەرست و مشک پەرست و بێدینن و ئێمەش مسوڵمان و باشترین ئوممەتی سەرڕووی زەمینین!
گاندی پێشەوا و پەروەردەکار بوو، سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵات تەنها دەسەڵاتدارن، دەسەڵاتیش تەنها لە خزمەتی خۆیان و کەسە نزیکەکانی خۆیان بەکاردێنن، ئەوەیە جیاوازیی نێوان سەرکردە و دەسەڵاتدار.
ڕەنگە بڵێی ئیسلام نمونەی زۆر جوانی تێدایە، ئەوەتا پەیامبەر (د.خ) زۆر لە گاندی زیاتر خزمەتی مرۆڤایەتیی کردووە، گومانم نییە کە ئیسلام باشترین بەرنامەیە هەروەک گومانیشم نییە کە پەیامبەر باشترین پێشەوایە، بەڵام ئایا ئێمە لەسەر ڕێبازی ئەو پەیامبەرە ڕەوشت بەرزە ماوین؟
لەلایەکی ترەوە پەروەردەی گاندی بۆیە کاریگەرە چونکە، تەنها یەک نەوە لێمان دوورە، واتە مێژووەکەی تۆمارکراوە و نەشێوێنراوە، لە کاتێکدا مێژوی پەیامبەران کە (محەمەد د.خ) نزیکترینیانە زیاتر لە 14 سەدە بەسەریدا تێپەڕیووە، لەو ماوە درێژەشدا مێژوو تۆماری دروستی نەبووە و شێواندنی زۆری بەسەردا هاتووە بەهۆی بەرژەوەندیی کاربەدەستە دونیاپەرستەکان، بۆیە ئایینێک بە ئێمە گەیشتوە کە هیچ لەو ئایینە ناچێ کە خوا دایبەزاندووە.
ئایین دەبێ لە کردەوەکانمان ڕەنگ بداتەوە، ئایین واتە پەروەردە و ڕەوشتی جوان نەک پەرستش و سەر و سیمایەکی دیاریکراو، چونکە ئەگەر نوێژ و ڕۆژوو پێوەری باشیی مرۆڤەکان بوایە دەبوو ئێستا وڵاتانی ڕۆژهەڵات وەک بەهەشت بن و وڵاتانی ڕۆژاواش وەک دۆزەخ، کەچی تەواو پێچەوانەیە!
ئەوەی من دەیبینم ناوەرۆکی ئیسلام لای ئێمە نییە، ئەوەی لای ئێمەیە توێکڵێکی ڕازاوەی بەتاڵە، وەک هەموو شتەکانی ترمان، مزگەوتمان ڕازاوەیە و پەرستشمان بەتاڵ، کۆشکی سەرۆکایەتی زۆر گەورە و فراوان و گرانبەها و ئەقڵی سەرۆکەکان تەسک و بەتاڵ، زانکۆکان ڕازاوە و مەعریفەی پوچ.... ئەوەی من سەرنجی دەدەم ناوەرۆکی ئایین لای ئەوانەیە کە کاری پێدەکەن، لای ئەوانەیە کە خزمەتی میللەتی خۆیان دەکەن و ڕاستگۆن، ئەوانەی کە بەڕاستی مرۆڤن، ئەوانەی بە کردەوە دەیسەلمێن نەک بە دروشمی گەورە و بریقەدار و بەتاڵ.
بەریتانییەکان چونکە ئەهلی ناوەرۆکن نەیانگوت چۆن دەبێ پیاوێکی هیندی ببێتە سەرۆکی گەورەترین مەملەکەتی مێژوو، ئەوان نەیانگوت ئەو پیاوە کریستیان نییە و بە ڕەچەڵەک بەریتانی نییە و بە چاوی کەم سەیریان نەکرد، چونکە لای ئەوان مرۆڤبوون و لێهاتویی گرنگە. توخوا من و تۆی مسوڵمان ئامادەین هیندییەک بکەین بە بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانیش نەک سەرۆکی وڵات؟ بۆچی دەبێ من لەسەر بنەمای باوەڕ خەڵک هەڵبسەنگێنم لەکاتێکدا باوەڕ تەنها پەیوەندیی تاکە بە خودا و پەیوەست نییە بە بەڕێوەبردنی وڵات.
پاشای بەریتانیا کریستیانیە، سەرۆک وەزیران هیندۆس، وەزیری ناوخۆ یەهودییە و چەندین مسوڵمانیش بونەتە وەزیر و پارێزگار و بەرپرسی گەورە.
زۆر گرنگە تێبگەین کە ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤ هاتووە بەو پێیەش مرۆڤ لە ئایین گەورەترە چونکە ئایین ئامرازە و مرۆڤیش ئامانج، هەمیشە ئامانجیش لە ئامراز گرنگترە، کێشە گەورەکەی ئێمە ئەوەیە کە جیاوازی ناکەین لە نێوان ئامانج و ئامراز و هەمیشە ئامانجەکان دەکەینە قوربانیی ئامرازەکان، ئەوەتا خەڵک یەکتری دەکوژن لە سەر ئایین، مرۆڤی ناهۆشیار ئامانج دەکاتە قوربانیی ئامراز، لە کاتێکدا دەبێ پێچەوانە بێ!
گەلانی ڕۆژهەڵات هێندە ماڵوێران و نەزانن نەک سەرۆکی وڵات بەڵکوو ئامادەنین بەردەست و شوفێریش دابمەزرێنن ئەگەر لە پارتەکەی ئەوان نەبێ، جاری وا هەیە بازنەکە تەسکتریش دەبێتەوە تا سنووری عەشیرەت و تەنانەت یەک خێزانیش. نمونەش زۆرن، کام لە بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەن سەرۆکایەتیی حیزب یا وڵات بدەن بە بێگانەیەک؟ نەک بێگانە بەڵکوو نایدەن بە برای خۆیشیان.
سەرنجی مێژووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بدە کە دوایین دەسەڵاتن لە مێژوو کە بەناوی خودا فەرمانڕەواییان کردووە، سوڵتان هەبووە هەموو براکانی خۆی هەر بە منداڵی سەربڕیوە نەوەک ببن بە ڕکابەری، بێگومان ئەم کارە قێزەوەنەشیان بە فرمانی نوێنەرەکانی خوا کردووە، بازرگانانی ئایین و واعیزەکانی سوڵتان هیچکات سڵیان لە هیچ کردەوەیەکی دڕندانە نەکردۆتەوە لەپێناو ڕەواییدان بە حوکمی دیکتاتۆران، ئەو کارەشیان تەنها لەپێناوی پۆست و پارە کردووە بەڵام بۆ چاوبەستەیی خەڵک هەمیشە درۆیان بە دەمی خوا و پەیامبەرەکەیدا کردووە و قیل و قالێکیان بۆ ڕێک خستوون.
پێشەوا و پەروەردەکارە مەزنەکان نەوەکانیان دەکەن بە پاشا و زانا و دانا، پێشەوای نەخوێندەوار و ملهوڕیش هەموو میللەت دەکەن بە سواڵکەر و ئاوارە لەپێناو پۆست و بەرژەوەندیی خۆیان. بۆیە هەر وڵاتێک تاکەکانی هەژار و ئاوارە و بەرپرسەکانی دەوڵەمەند بوون ئەوا ئەو خاکە جێگەی ژیان نییە. [1]