کورد لە #ئێران# مافی نییە. ڕاستییەک کە بۆ یەکەمین جار لەنێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن بەرپرسێکی فەرمییەوە ڕادەگەیێندرێت. ڕاستییەک نەک تەنیا لە وەڵامی پرسیاری ڕووداو، بەڵکو لێکۆڵەری تایبەتی #نەتەوەیەکگرتووەکان# لە ڕاپۆرتی فەرمی بە بەڵگە و زانیارییەوە ئاماژەی پێدەکات.
جاوید ڕەحمان، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، کورد لە مێژوودا و لە ئێستاشدا مافە بنەڕەتییەکانیان پێنەدراوە. کورد لە ئێران زۆر مافیان لێسەندراوەتەوە، لەوانە مافی ناسنامە، مافی زمان، مافی بوونی نوێنەرایەتیی خۆیان و مافی ئازادیی دەربڕین. لەبەر ئەوەیە لە پارێزگا کوردییەکان خۆپێشاندانی زۆر هەن.
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپێشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام گوتەبێژەکەی تەنها داوای ئەوە دەکات کە هێزی زیادە لە دژی خۆپێشاندەران بەکارنەهێنرێت، بە مانایەکی دیکە هێز بەکاربهێنرێت، بەڵام زۆر نا. بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە تاوەکو چەند حکومەتی ئێران بۆی هەیە هێز لە دژی خۆپێشاندەرانی بێ چەک و بێ دەسەڵات بەکاربهێنێت.
جاوید ڕەحمان، لێکۆڵەرێکی سەربەخۆی سەر بە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانە. لەگەڵ ئەوەی ڕاپۆرتەکانی قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کاریگەری ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ناگاتە نیوەی کاریگەریی هەڵوێستی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی ڤیتۆی ڕووسیا ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لە دژی ئێران بنێت، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە هیچ نەبێت بە ڕوونی سەرکۆنەی کوشتنی سیستماتیکی سەدان هاونیشتمانیی کوردستانی و هاووڵاتیی ئێرانی بکات.
فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، ئێمە نیگەرانی ئەو ڕاپۆرتانەین لەبارەی بەکارهێنانی بەردەوامی هێزی لە زیادە پێویست و ئێمە داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین کە هێزی زیادە لە پێویست بەکارنەهێنن بۆ ئەوەی قوربانیی زیاتر نەبێت.
دەقی پرسیار و وەڵامی ڕووداو لەگەڵ فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان:
ڕووداو: بەڵام پرسیارەکەم لەسەر کوژرانی خۆپێشاندەران بوو، تۆ باسی مافی خۆپێشاندان دەکەیت. جێگەی سەرنجە کە سکرتێری گشتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لەسەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شیراز و دەڵێت، زۆر بە تووندی ئیدانەی دەکەم، بەڵام کاتێک من لەبارەی کوژرانی خۆپێشاندەران لێت دەپرسم، هیچ ئیدانەکردنێکت لێ نابیستم.
فەرهان هەق: ئینجا با ڕوونبم، ئێمە ئیدانەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین کە دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل. تەواو، کاتێک خەڵکی سڤیل ئاشتییانە خۆپێشاندان ئەنجام دەدات، نابێت ئەوە ڕووبدات. هەر کوژرانێکی خۆپێشاندەران پێویستە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ڕووداو: باشە کێ سەرکۆنە دەکەیت لەبارەی ئەو کوشتنانە؟
فەرهان هەق: هەر کێ ئەنجامی دابێت. وەکو گوتم، کە ئێمە نیگەرانین لەبارەی بەکارهێنانی هێزی زیادە لە دژی خۆپێشاندەران و پێویستە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر ئەنجام بدرێت.
ڕووداو: بەڵام لێکۆڵەری تایبەتی خۆتان پێش 20 خولەک لەسەر ئەو کورسییە دانیشتبوو و، ڕایگەیاند کە حکومەتی ئێران بەرپرسیارە لەسەر کوژرانی ئەو خۆپێشاندەرانە. کەواتە بۆچی ناوی ئێران و حکومەتەکەی ناهێنن؟
فەرهان هەق: لێکۆڵەری تایبەت بەپێی دەسەڵاتی خۆی قسەدەکات و مافی خۆیەتی ئەوە بکات. من هەڵوێستی خۆمانم ڕاگەیاند.
هۆکاری پشت ئەم بێدەنگییەی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە ئێران، پێویستیی نووسینگەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانە بە تاران لە بابەتی ئاگربەست لە یەمەن کە سەرچاوەیەکی باڵای ئەو ڕێکخراوە ئەوەی بە ڕووداو ڕاگەیاند. [1]