ناونیشان: پێشکەوتن بەرەو دواوە
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
تا سەدەی 18، یا ڕونتر تا سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا، زۆربەی خەڵکی باوەڕیان بە پێشکەوتن نەبوو. ئەوان باوەریان بە پێشکەوتن نەبوو بۆیە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو تا ئەو ساتە لەجیهان ڕوی نەدا.
زۆرینەی خەڵکی پێیان وابوو چاخی زێرین ئەوەیە کە ڕابردووە و ئیتر ناگەڕێتەوە، لای ئەوان جیهان چەقبەستوو بوو (یا ڕونتر بڵێین بەرەو دواوە هەنگاوی دەنا) هەرچەندە ڕەنگە بە پشتبەستن بە ژیریی چاخەکۆنەکان لایەنێک لە سەردەمە زێڕینەکان بگەڕێنینەوە یا چارەسەریی هەندێک گرفتی سادە بکەین، بەڵام ئەستەمە بە ژیریی چاخەکۆنەکان ڕوبەڕوی گرفتەکانی ئەمڕۆ ببینەوە، چونکە ئێستا جیهان سەدان جار بگرە هەزاران جار ئالۆزترە لە جیهانی جاران.
مرۆڤایەتی، بەتایبەت ئەوروپا لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆرشی پیشەسازی لە خەوی قوڵی وابەستەبوون بە ڕابردوو خەبەری بوەوە، ئەوان دانیان نا بە نەزانی خۆیان و لەوەش تێگەیشتن ڕوکردنە ڕابردوو نە ئێستا باشتر دەکات و نە داهاتووش بنیات دەنێ، ئەوان تێگەیشتن کە شەمەندەفەری جیهان ڕووی بەرەو پێشەوەیە، ئەگەر زوو فریا نەکەون بەجێ دەمێنن، ئەوان دەستیان گرت بە زانست و پێشکەوتنی زۆر سەرسورهێنەریان بەدیهێنا.
لە بەرانبەردا میللەتانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست ئێستاشی لەگەڵدابی هەر ڕوویان بەرەو دواوەیە و ئاوات بە سەردەمە زێڕینەکان دەخوازن، بە داخەوە لە کلتووری ئیسلامیش ئەو دیاردەیە زۆر بە زەقی بە دی دەکرێ، کارەسات ئەوەیە ئەم ڕووکردنە ڕابردووە پیرۆزکراوە و بەرگێکی موقەدەسی بەبەرداکراوە وەک لەم فەرمودەیە:
خَیْرُکُمْ قَرْنِی، ثُمَّ الَّذِینَ ێلُونَهُمْ، ثُمَّ الَّذِینَ ێلُونَهُمْ - قالَ عِمْرانُ: لا أدْرِی: ذَکَرَ ثِنْتَیْنِ أوْ ثَلاثًا بَعْدَ قَرْنِهِ - ثُمَّ ێجِیءُ قَوْمٌ، ێنْذِرُونَ ولا ێفُونَ، وێخُونُونَ ولا یُؤْتَمَنُونَ، وێشْهَدُونَ ولا یُسْتَشْهَدُونَ، وێظْهَرُ فِیهِمُ السِّمَنُ.
واتە:
ئێوە باشترین خەڵکن، پاشان نەوەی دوای ئێوە، پاشان نەوەی دواتر....
ئەگەر سەرنجی مێژوو بدەین دەبینین کریستیانەکانیش بۆچونی هاوشێوەیان هەبووە، بەڵام دوای شۆڕشی فەرەنسا و بڵاوبونەوەی هۆشیاری و لاوازکردنی دەسەلاتی کڵێسە و دوورخستەوەی لە شانۆی ژیان، تا ڕادەیەک هۆشیار بوونەوە، بەڵام تێگەیشتنی خەڵک بە تایبەت دیندارەکان زۆر نەگۆراوە، ئەوەتا زۆرێک لە پەیرەوانی مەسیح و مسوڵمانانیش بروایان وایە کە ڕۆژێک (مەسیح) دەگەڕێتەوە و کۆتایی دێنی بە ناخۆشیەکان و ستەمکاران لەناودەبات،
لەناو مسوڵمانان ڕزگارکەری تریش هەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دێن و کۆتایی دێنن بە هەموو مەینەتییەکان، وەک (مەهدی).
من هاتنی (مەسیح و مەهدی) ڕەت ناکەمەوە، بەڵام کاتێک تۆ چاوەڕوانی ڕزگارکەرێک بیت کە لەلایەن خوداوە بێت ئەوا پێویست ناکات خۆت هیلاک بکەیت، چونکە ئەو دێت و ڕزگارت دەکات و هەموو کێشەکانت چارەسەر دەکات، هەر ئەوەشە زیاتر کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە کۆمەڵگەی تەمبەڵ و چاولەدەستی قەدەری نادیار و خەیال و ئەفسانە.
ئاخر ئەگەر تۆ خەیاڵت هەر لە ڕابردوو بێت و وابزانی ڕابردوو باشتر و خۆشتر بووە چۆن دەتوانی پێش بکەوی؟ ئەگەر زاناکانی 10 سەدە لەمەوبەر بە زاناتر بزانی لە زاناکانی ئەمڕۆ چۆن دەتوانی داهێنان بکەی؟ ئەگەر ڕووت لە دواوەبێت چۆن دەتوانی بەرەوپێشەوە هەنگاوبنێیت؟
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە ساڵی 1982 ئەنجامدراوە لەلایەن (R. Buckminster Fuller)، شارەزایی مرۆڤ تا ساڵی 1900، هەر 100 ساڵ جارێک دوهێند دەبێت، بەڵام لە ساڵی 1945 بەرەوژور بوو بە 25 ساڵ جارێک، لە ساڵی 1982 بوو بە یەک ساڵ، بەڕای زۆرێک لە پسپۆڕانی سەردەمیش ئێستا هەر 12 کاتژمێر جارێک شارەزاییەکان دووهێند دەبن.
خێراییەکی ترسناکە بەڕاستی، هەر بەم پێوەرە ئێستا ئەگەر ئێستا داناترین بیرمەندی 10 سەدە لەمەوبەر بێتەوە سەر شانۆی ژیان دەبێت لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێبکاتەوە چونکە شارەزاییەکانی ئەو ئێستا بەڕادەیەک کۆنن ڕەنگە تەنها بەکەڵکی مۆزەخانەکان بێت.
تا لە کۆتی ڕابردوو دەرنەچین لە خەیاڵی خۆمان بەرەوپێش دەچین بەڵام لەڕاستیدا بەرەو دواوە هەنگاو هەڵدەگرین. [1]