پووتین لەبارەی پرسی کوردەوە دەڵێت: هەرکاتێک هاوسەنگی لە بەرژەوەندییەکاندا درووستبوو، ئەوکات جیهان و گەلی کوردیش سەقامگیریی بەخۆیانەوە دەبینن.
ڕۆژی پێنجشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2022 ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی #ڕووسیا# لە کۆڕبەندی ئابووریی ڤاڵدای لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی لەبارەی پرسی کوردەوە گوتی: لەسەر بابەتی کورد، چەند جارێک گوتوومە، نەک تەنیا لەبارەی کورد و گەلی کوردەوە، بەڵکوو لەبارەی هەموو گەلانی جیهانەوە، پێویستە هاوسەنگییەکی بەرژەوەندیی درووستبکەین. تەنیا ئەو کاتەی هاوسەنگیی لە بەرژەوەندییەکاندا بەدەستدەهێندرێت، جیهان سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت. هەمان شتیش بۆ گەلی ڕووسیا و گەلی کوردیش ڕاستە.
پووتین ئەم گوتانەی لە وەڵامی پرسیارێکی محەمەد ئیحسان، سەرپەرشتیاری دۆزینەوە، هەڵدانەوە و گەڕاندنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بیابانەکانی باشووری ئێراق لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کاتێک لێی پرسی: ناونیشانی ئەم کۆڕبەندە 'جیهانی دوای هەژموون: دادی و ئاساییش بۆ هەمووانە'. ئایا پێتوایە کە کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لە داهاتوودا ئاساییشێکی باشتر و دادپەروەرییەکی زیاتریان دەبێت؟
کاتێکیش محەمەد ئیحسان، کە پێشتر وەزیری مافی مرۆڤ بوو، ئاماژەی بە هەژموونی ڕووسیا و بوونی ئاڵای ڕووسیا لە ئەمریکای نێوەڕاست و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و گوتی کە خەڵکێک هەن ڕووسیا و ڤلادیمیر پووتینیان خۆشدەوێت و پشتگیریی لێدەکەن، پووتین لە وەڵامدا سوپاسی کرد و گوتی: سوپاس، بەتایبەتی بۆ دوا شت کە باستکرد. بەڵێ، ئاڵاکانمان هەروەها لە وڵاتانی ئەوروپاش و ئەمریکاش دەشەکێنەوە. ئێمە پاڵپشتیکارێکی زۆرمان لەوێش هەیە. لە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆری خەڵکی هەیە کە خۆیان بەبەها نەریتییەکانەوە گرتووە و لەگەڵ ئێمەدان.
کۆڕبەندی ئەمساڵی ڤاڵدای لەژێر ناونیشانی جیهانێکی دوای هەژموون؛ دادپەروەری و ئاساییش بۆ هەمووان لە ڕۆژی 24ی تشرینی یەکەم تاوەکوو 27ی هەمان مانگ بەڕێوەچوو و تێیدا پێنج پرس تاوتوێکران کە بریتین لە: ئابووریی جیهان، ئاسیا و یۆرۆئاسیا، دیپلۆماسییەتی مۆدێرن، هونەری دەسەڵاتی ئابووری؛ نەریت و بەهاکان.
جگە لە ڕووسیا، شارەزایانی بوارەکان لە چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، هیندستان، ئێران، میسر، بەرازیل، ئەفریقای باشوور، ئەفغانستان و 30 وڵاتی دیکەی جیهان لەم کۆنفرانسە ئابوورییەدا بەشداربوون. [1]