پارتی کاری بەریتانیا دەڵێت: هەر کاتێک لە حکومەتدا بین، پشتیوانیی هاوڕێ و هاوپەیمانە کوردەکانمان دەکەین.
رێکخراوی دامەزراوە بچووک و مامناوەندەکانی سەر بە پارتی کاری بەریتانیا ڕاپۆرتێکی تایبەت بە کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە کە 25 تا 28 ئەیلوول بەڕێوەچوو. ڕاپۆرتەکە دەڵێت، یەکێک لە بابەتەکانی کۆنفرانسەکە، پەیوەندییەکانی ئەو پارتە بووە لەگەڵ کوردانی بەریتانیا و چوار پارچەی کوردستان.
لە پانێڵێکدا لە ژێر ناونیشانی مافەکان، دیموکراسی و ئاساییش لە تورکیای خۆسەپێنی سەردەمی #ئەردۆغان# - بۆچی پێویستە پارتی کار لەگەڵ کورد کاربکات؟، کە بە بەشداریی هشیار ئۆسزۆی، ئەندامی #هەدەپە# بەڕێوەچووە، باس لە پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا لە قۆناخی دوای ئەردۆغان کراوە.
مات بلومفێڵد، ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی کوردانی بەریتانیا باسی لەوە کردووە کە ڕاپرسییەکان پێشانیدەدەن، دەکرێت لە ساڵی 2023دا بۆ یەکەمین جار دوای زیاتر لە 20 ساڵ، حکومەتی تورکیا لە دەستی ئەردۆغان و ئاکپارتییدا نەمێنێت و ئۆپۆزیسیۆنی ئێستا ببێتە دەسەڵاتدار، کە بە گوتەی خۆی، هەدەپە یەکێک دەبێت لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی.
وێڕای ئەوە، نوێنەری ڕێکخراوی کۆمەڵەی کوردانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، چانسەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا سنووردارن، چونکە دەوڵەت و میدیا لە ژێر کۆنترۆڵی ئەردۆغان دان؛ باسی لەوەش کردووە، هۆکارێک هەیە بۆ گەشبینبوون بەرامبەر دۆخی تورکیا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە ئەردۆغان پشتیوانییەکی گەورەی لەدەستداوە. ئەمە لەکاتێکدایە، 18ی حوزەیرانی ساڵی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
ناوەندیی ڕاپۆرتی تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، مانگی ڕابردوو بڵاویکردەوە، سەرجەم ڕاپرسییەکانی شەش کۆمپانیا و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەناوبانگی تورکیا لە مانگی ئەیلوول دەریدەخەن، دەنگی هاوپەیمانیی میللەت کە بەشێک لە پارتە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وەک جەهەپە و ئی پارتی تێدایە، لە پێش دەنگی هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکیانهێناوە، دێت.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی ناوەندیی ڕاپۆرتی تورکیا، بە پشتبەستن بە ئەنجامی ڕاپرسیی ناوەندەکانی ئاکسۆی، ئۆپتیمار، مێترۆپۆل، ئارێیا، یۆنئەیلەم و ئۆ ئار سی کە بەناوبانگترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ڕاپرسین لە بوارەکانی خۆیاندا، دەردەکەوێت کە دەنگی هاوپەیمانیی میللەت لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و هاوپەیمانیی جمهووریش کە بەرەی دەسەڵاتە دەنگیان ڕوو لە دابەزینە.
مات بلومفێڵد کە هاوکات یەکێکە لە ئەندامانی پارتی کار، ئاماژەی بەوە کردووە، جارێ نازانرێت دوای ئەردۆغان چ شێوازێکی دیموکراسی لە تورکیادا پێکدەهێندرێت، بەڵام کاری لە پێشینە ئەوەیە ڕێز لە خواستەکانی کورد بگیرێت.
کیم جۆنسن و کریستیان وەیکفۆرد، ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر پارتی کار، جەختیان لە پاڵپشتیی بەهێزی پارتی کار بۆ خەڵکی کورد لە بەریتانیا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتەوە.
پارتی کاری بەریتانیا یەکێکە لە پارتە هەرە دیارەکانی ئەو وڵاتە کە لە کۆی 650 کورسی، 196 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا هەیە.
هشیار ئۆزسۆی، ئەندامی هەدەپە لە پانێڵەکەدا کە 27ی ئەیلوول بەڕێوەچووە، قسەی لەسەر دۆخی پارتەکەیان لە تورکیا و باکووری کوردستان کردووە کە بە گوتەی خۆی ئەوان دەچەوسێندرێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویانە بەردەوام بن لە کارکردن؛ جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەدەپە پارتێکی تەواو کوردی نییە، بەڵکو ئەوان پابەندن بە داکۆکیکردن لە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا بۆ ئەوەی لە زۆرداری ڕزگاریان بێت.[1]