ئەوەی دەیبینن بە دەستی منەوەیە کفنی #شێخ مەحمودی حەفید#ە، کە شوێنی دوو فیشەکی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێڕاقی پێوەیە.
کاتێک شێخ مەحموودی حەفید لە#09-10-1956# لە نەخۆشخانەی حەیدەریی لە شاری #بەغدا#، بە دەسیسەی ڕژێمی پاشایی ئێڕاق و ڕەنگە بە ئامۆژگاریی ئینگلیزەکان بووبێت، بە دەرزی ژەهر کۆچی دوایی دەکات، بۆ ڕۆژی دواتر کە تەرمی شێخی گەورە هێنرایەوە بۆ شاری #سلێمانی#، لەوکاتەدا شێخ لەتیفی کوڕی زیندانیی کرابوو، خەڵک داوایان کرد شێخ لەتیف تەرمی باوکی بۆ دواجار ببینێت و دوا ماڵاوایی لێبکات، کەچی ڕێگەیان نەدا.
خەڵکی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد و هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی پاشایی ئێڕاق تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، دوو فیشەک بەر تەرمی شێخ مەحموود کەوت و خوێنێکی زۆر لە تەرمەکەی هاتە دەرەوە، ئیتر تەرمەکەیان بردە مزگەوتی گەورە و لەوێ تەرمی شێخیان شۆردەوە و دووبارە کفنیان کردەوە و ئاوەکەشیان نەڕشتە ئاوەڕکە، بەڵکە چاڵیان هەڵکەند و کردیان ئەو چاڵە و پاشان لە تەنیشتی حاجی حاک ئەحمەدی شێخی باپیرە گەورەیەوە ئەسپەردەی خاکی دایک کرا.
حاجی عوسمانی حەمەی نادر، کە شێخ مەحموودی زۆر خوشوسیتووە زۆر بۆی گریابوو، خۆی دووبارە لەگەڵ محێدینی سالەسوور، تەرمەکەیان شۆرد و کفنیان کردەوە، پاشان حاجی عوسمان بە نهێنی ئەو کفنە خوێناوییە دەباتەوە بۆ ماڵەوە و بە خێزانی دەڵێت: ئەمە یادگاریی شێخ مەحموودە بۆ ئێمە بیشۆرە و بیپارێزە، ئیتر ئەو بەشەی کە شوێنی هەردوو فیشەکەکەی پێوەیە تا ئەمڕۆ پاراستوویانە.
ئێستا 66 ساڵە ئەو کفنە لای ئەوان بە باشیی پارێزراوە و پاش کۆچی دوایی حاجی عوسمانیش، بنەماڵەکەی پاراستوویانە و دەڵێن: لای خۆمان دەیپارێزین.
پاش هەوڵێکی زۆر ئەوەم دۆزییەوە و ئەمڕۆ بۆ ئەنجامدانی بەرنامەیەکی دۆکیومێنتاریی لەسەر شێخ مەحموودی حەفید، سەردانی ماڵی کاک فوئادی کوڕی حاجی عوسمانمان کرد و باس و خواسی ئەو کفنەمان کرد. [1]
سەڵاح ساڵار
#28-10-2022#