سەرەتای بانگەشەکردنی #زەردەشت#
پەیامهێن زەردەشت کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، لە تەمەنی گەنجیدا بانگەشەی بۆ ئەوە کردووە، کە لە لایەن (#ئاهوورامەزدا#) سرووشی بۆ هاتووە و بووەتە پەیامهێن و لە ماوەی حەفتا و حەوت ساڵی تەمەنیدا، نزیکەی چل و حەوت ساڵ بانگەشەی بۆ ئایینی زەردەشتی کردووە، لە سەرەتای بانگەشەی زەردەشت بۆ ئایینەکەی، بەپێی وتەی سەرچاوەکان، یەکەم کەس کە قسەکانی زەردەشتی قبووڵ کرد و ئایینەکەی وەرگرت (مدیوما)ی ئامۆزای بوو، دواتر چەندین کەسی دیکە لە بنەماڵە و خزمەکانیان لەسەر بانگهێشتی زەردەشت بوون بە پەیڕەوی ئەم ئایینە، پاش ماوەیەک زەردەشت کە بەهۆی بەرەنگاریی کۆمەڵگا و دژایەتیکردنی بانگەوازەکەی، ڕووی لە هەرێمی (باختر) کردبوو، لەوێ هەوڵی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی داوە، چونکە بەوەی زانیبوو کە لەوێ پادشایەکی دادپەروەر هەیە و ڕێز لە هەموو باوەڕ و ئایینە جیاوازەکان دەگرێت و ناوی (#گوشتاسپ#)ە.
گوشتاسب بە دادپەروەری و ڕێزگرتن لە ئایینە جیاوازەکان بە ناوبانگ بوو، بۆیە زەردەشت بۆ ڕزگاربوونی لە دەست بەرەبگارەکان و دژەکانی، دەبا ڕوو لەم کەسایەتییە بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئەرکەی خراوتەوە سەر شانی (وەک کەسێکی سیقە پێکراوی ئەهورامەزدا) بۆ بانگەشە و بلاوکردنەوەی ئایینی یەکتا پەرەستی جێبەجێ بکات.
گوشتاسپ کە پاشایەکی دادپەروەری سەردەمی #کیانییەکان# بوو، بە ڕوویەکی کراوە پێشوازیی لە زەردەشت کرد، گوێی لێگرت و پەیامەکەی لێ وەرگرت و بڕیاری پشتگیری و بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی دا.
گوشتاسب بۆ خۆی و خێزانەکەی بڕوایان بە ئایینەکەی زەردەشت کرد و بوون بە پەیرەوی ئەم ئایینە ئیلاهییە، هەر لە ژێر کاریگەری ئەم هەڵبژاردەیە پاشا گوستاب، خەڵکی ناوچەکەش گوێیان لە قسەکانی زەردەشت گرت و بەرەبەرە هاتنە سەر ڕێبازی ئەم ئایینە و بەم شێوازە ئایینی زەردەشت لە و سەردەمە بە پاڵپشتیی پاشا گوشتاسب پشتگیریی لێ کرا و بڵاو بووەوە. هەڵبەت نابێت ئەمەمان لەبێر بچێت کە وەرگرتن و قبووڵکردنی ئایینی زەدەشتی لە لایەن پاشا گوشتاسب کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر خەڵکەکە هەبوو، بەڵام قەت بە شێوازی زۆرداری و دیکتاتۆری نەبوو کە ئەم ئایینە فەرز بکرێتە سەر خەڵک.
ئامادەکردنی: سارا سەردار
[1]