ئاشکرایە لەبەر چەندین هۆکار تاکو ئێستا مێژووی #کور#د وەکوو ئەوەی پێویستەو وەکوو ئەوەی ڕوویداوەو هەبووە نەنووسراوەتەوە. بەتایبەتی ڕووبەرێک زۆر فەرامۆشکراوە ئەویش مێژووی ڕەگوڕیشەو کۆمەڵایەتیبوونی کوردە. بەگشتی ئەوەی لەبارەی ڕەگوڕیشەی کورد یان ڕەچەڵەکی کوردەوە نووسراوە زیاتر لەوەی بەرهەمی توێژینەوەی ئەنترۆپۆلۆجی و ڕەچەڵەکناسی بێت، زیاتر بەرهەمی خەیاڵ و لێکدانەوەی مێژووی زارەکیە، ئەوەش وایکردووە باسکردن لە ڕەچەڵەک و ڕەگوڕیشەو ئەسڵی کورد وەکوو گێڕانەوەی ئەفسانە بێت. ڕابردووی کورد نەبووەتە جێگاسەرنجی ئەنترۆپۆلۆبیستەکان و ئەوەش وایکردووە بەو ئەندازەی ڕەگوڕیشەی کورد تەمومژاویە، مێژووی کۆمەڵایەتیبوونی کوردیش نادیارو نەزانراوبێت. ئەمەش هاوشانی نەبوونی تۆماری ڕابردوو لەبەر ئەوەی کورد کۆمەڵگای دەرەوەی نووسین بووە، ڕەنگە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ نەبوون یان لاوازی یادەوەری کوردی و تەنانەت بۆ نەبوونی کۆنەستی کوردی، کە ئەوەش دەشێ پەیوەندی بە فرە سەرچاوەیی ڕەچەڵەکی کوردییەوە هەبێت کە لە بنەڕەتدا کورد بەرهەمی یەک خوێن و یەک دەمارنەبێت، بەڵکوو کۆکراوەی چەند ڕەگەز یان خوێن و دەمارێک بێت. ئەوەش هۆکارێکی پەرتبوون و بەرتەوازەیی هەمیشەیی بێت لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و فرە زاریی قسەکردن و تەنانەت فرە ئایینی و فرە مەزهەبیشدا، کە هەموو ئەمانەش نیشانەی لاوازین بۆ کورد. ئەو هۆکارانەش تێکڕا دەوریان هەبووە لەوەدا کە کورد خاوەنی دەسەڵات و دەوڵەتی خۆی نەبێت و هەمیشە ژێردەستەو ژێرچەپۆکی دەوڵەتانی دەوروبەر بووە لە مێژووی کۆن و نوێدا.
ئەوەی لە مێژووی کورددا نووسراوەتەوە کە بەشێوەیەک دیارو تا ئەندازەیەک گشتگرو هەمەلایەن بێت و وەکوو سەرەتای نووسینەوەی مێژووی کورد دابنرێت شەرەفنامەی شەرەفخانی بەتلیسیە، ئەگەرچی ئەم مێژووە بە زمانی کوردی نەنووسراوە، بەڵای سەرەتاو دەستپێکێکی بەهێزە، کە بەداخەوە درێژەی مێژوونووسی مێژووی کورد بەراورد بەو دەستپێکردنە بەهێزە دواتر بەهەمانی ئاست بەرەوپێشەوە نەچووە. لەدوای شەرفنامە نووسینی مێژووی کورد کەم تا زۆر بەردەوامبووە. کە ئەویش یان لە لایەن مێژوونووسانی ئیسلامەوە نووسراوە یان لە لایەن کوردناسانەوەو دواتریش مێژوونووسانی کورد دەرکەوتوون و هەریەکە بە ئاستێک بەشدارییان لە نووسینەوەی مێژووی نەتەوەکەیاندا کردووە.
بەڵام جێگای خۆیەتی وەکوو پێشتریش باسمانکردووە ئاماژە بۆ شێوەی نووسینەوەی مێژووی کورد بکەین و ئەو پرسیارەش بەرزبکەینەوە، ئایا ئەوەی نووسراوەتەوە خوێندنەوەی واقیعیانەی مێژووی کوردو کۆمەڵگای کوردییە؟ بێگومان ڕەنگە ڕاستەوخۆ وەڵامی بەڵێی ئەم پرسیارەمان گوێ لێ بێت. بەڵام لە ڕاستیدا زۆرێکی ئەوەی وەکوو مێژووی کورد نووسراوەتەوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پەرەسەندنی ئەم کۆمەڵگایە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە باری کەلتووری و ئابووری و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە هەیە، بەشێوەیەکی ئاشکرا بێجگە لە شەرەفخان کە ڕاست و دروست باسی کۆمەڵگای کوردی دەکات، زۆرینەی ئەوانی تر بە هاوشێوەکردنی کوردو کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تردا نووسراوەتەوە. ئەویش لە دوو ڕوانگەوەو بەپێی ئینتیمای فیکری و ئایدیۆلۆجی ئەو مێژوونووسە، کە بە گوێرەی ئەوانەی خۆیان کوردبوون دوو ئاڕاستەیە. یەکەمیان کە لە ڕووی کاتیشەوە زووتر دەستیپێکردووە، نووسینەوەی مێژووی کوردە بە تێکەڵاوکردن یان بە پاشکۆکردنی مێژووی ئیسلام، واتە تێکەڵاوکردن و بە پاشکۆکردنی مێژووی کورد بۆ مێژووی عەرەبی ئیسلامی و مێژووی تورکی ئیسلامی. لەپاڵ ئەم ئاڕاستەیەدا، ئاڕاستەی تێکەڵاوکردن و بەپاشکۆکردنی مێژووی کوردو تەنانەت بەپاشکۆکردنی کورد خۆیشی بۆ فارس هەیە بەناوی ئێرانیبوون و هاونەژادی و ئاریبوونەوە، کە لەراستیدا ئەم ئاڕاستەیە بۆ خوێندنەوەی مێژووی کورد لە ڕووی زانستیەوە ناتەواوەو نەیتوانیووە ڕێگاو زەمینە بۆ جیاکردنەوەی کورد لە هەموو ئاستەکاندا لەوانی عەرەب و تورک و فارس خۆش بکات و بەوەش زەمینەسازی بۆ جیاکردنەوەی شوناسی کوردی لە ڕووی بەراوردەوە لەگەڵ شوناسی ئەوانی تر بە تایبەتی ئەو سێ نەتەوە بکات، کە ئێستا هەریەکەیان داگیرکەری بەشیکە لە #کوردستان# و عەرەب و تورک هاوئایینی و فارسیش هاو نەژادیان کردووە بە پاساوێک بۆ درێژەدان بە داگیرکردنی کوردستان بەدرۆ بانگەشەکردنی برایەتی لەنێوان خۆیان و کورددا. ئەوەی لە ڕووبەرێکی فراوانی بەرهەمی مێژوویی ئەو مێژوونووسانەدا نادیارە، تایبەتمەندی کوردییە لە هەموو ئاستەکاندا.
لەپاڵ هێڵی یەکەمی ئاڕاستە ئیسلامی و هاونەژادیدا لە نووسنەوەی مێژووی کورددا، هێڵی دووەم دێت لە تۆمارکردنی ئەوەی وەکوو مێژووی کورد نووسراوەتەوە، ئەویش بەرهەمی مێژوونووسانی ئاڕاستە چەپە، واتە ئەوانەی بڕواداری تێزی مارکسیزمن و لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووەوە خوێندنەوەی کۆمەڵگای کوردییان کردووە یان توێژینەوەی دەکەن، واتە بەهەمان ئەو پێوانانە کۆمەڵگای کوردییان خوێندووەتەوە یان دەخوێننەوە کە کۆمەڵگاکانی ڕۆژاوا یان ئەو کۆمەڵگایانەیان پێخوێندراوەتەوە کە پەرەسەندنی سرووشتی خۆیانیان هەبووەو ڕەوتی ئاسایی خۆیانیان کردووەو قۆناغی مێژوویی خۆیانیان بڕیوەو لە هەر قۆناغێکیشدا هەم ژێرخانی ئەو قۆناغەو هەم سەرخانی ئەو قۆناغە بە سرووشتی خەمڵیوون و بەو پێیەش دامەزراوەکانی ئەو قۆناغەو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ئەو قۆناغە پێگیشتوون و چینە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر قۆناغێکدا بە سرووشتی دەرکەوتوون و پێگەیشتوون و کارایانە ئەرکی مێژوویی خۆیانیان جێبەجێکردووە. ئەم ئاڕاستەی مێژوونووسی کورد بێ لەبەرجاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردی، بەهەمان پێوانەو بەهەمان میتۆدی خوێندنەوەی پەرەسەندن و مێژووی کۆمەڵگا بەسرووشتی پەرەسەندووەکان هەوڵی خوێندنەوەی کۆمەڵگای کوردیان داوەو لەسەر ئەو بنەمایەش مێژووی کوردیان نووسیووەتەوە. لە ڕاستیدا لەو ئاڕاستەی مێژوونووسی کوردیدا تایبەتمەندی کوردی نادیارو نائامادەیە. هەرەک خاڵێکی تری ئاشکرای ئەم ئاڕاستە لە مێژوونووسی کوردیدا، پێکەوەبەستنی کوردی هەربەشێکی کوردستانی دابەشکراوە بەو دەوڵەتەوە کە ئەو بەشەی پێوە لکێندراوە. بەواتایەکی تر تواندنەوەی گوتاری مێژوویی کورد لەناو مێژووی ئەوانی داگیرکەرانی کوردستاندا خاڵێکی دیارو لەبەرچاوی ئەم ئاڕاستەیە.
ئاڕاستەی دووەمی نووسینەوەی مێژووی کوردو نووسین لەبارەی کۆمەڵگای کوردییەوە، ئاڕاستەی کوردناسیە، واتە کۆی ئەو نووسینانەی کە ئەوانی بیانی لەبارەی مێژووی کوردو کۆمەڵگای کوردییەوە نووسیوویانە. ئەویش دوو ئاستی هەیە، یەکەمیان کە زۆرینەی ئەو بەرهەمە نووسراونە دەگرێتەوە، نووسینی سادەو سەرپێین و هەندێکی بەرهەمی سۆزو بەزەیی و هەندێکی بەرهەمی تێنەگەیشتن و بێئاگایی و نەشارەزاییە و بێگومان بەرهەمی ڕق و کینەیشیان تێدایەو کەمتر خویندنەوەی زانستیانەی واقیعی کۆمەڵگای کوردی و مێژووی کوردن و ڕەنگە بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین لە پشتی کوردناسی ڕۆئاواو ڕۆژهەڵاتیشەوە ڕوانینێکی ئیدوارد سەعیدانە هەبێت کە مەبەستمان ئامانجەکانی چەمکی ڕۆژهەڵاتناسی و کاری ڕۆژهەڵاتناسیە و کوردناسیش دەشێت لەو چوارچێوەیەدا جێگای بکرێتەوە. ئاشکرایە سەرەتای کوردناسی لە ڕیگای هاتنی میشنەرەکان و ناردنی کەسانێک بە شوناسی گۆڕاو و شاراوەوە دەستی پێکردووە. بەڵام بەشەکەی تری ئەوەی کوردناسان نووسیوویانە چی کوردناسی ڕووسی یان سۆڤیتی، چی کوردناسی ڕۆژاوا توێژینەوەی زانستی و خوێندنەوەی واقیعیانەی کۆمەڵگەی کوردی و مێژووی کوردن. لە دوای ڕیچ و مینۆڕسکی، جێگای خۆیەتی لە ئاستی یەکەمدا ئاماژە بۆ ڤاسەلیڤیا و مارتین ڤان برۆنسین بکەین و دوای ئەوانیش کارەکانی لازارێف و دەیڤید ماکدۆواڵ و ئیسماعیل بێشکچی وەکوو نووسینەوەی مێژووی سیاسی و تا ئەندازەیەک مێژووی ڕاپەڕین و حیزبی کوردی جێگای بایەخن.
بەگشتی یەکێک لەو خاسێتە دیارانەی لە نووسینەوەی مێژووی کورددا باڵادەستە، خاسێتی وەسفیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە زۆرینەی هەرە زۆری بەرهەمی نووسراوی مێژووی کورد لە چوارچێوەی ڕێبازی وەسفیدایە کە ئەوەش لاوازترین شێوازی نووسینەوەی مێژووە، کە مەبەست لەوەش گێڕانەوەی ڕووداوەکان و وەسفکردنیانە بەبێ گەڕان بەدوای هۆکاری ڕووداوەکان توێژینەوەی ئەو واقیعەی هەر ڕووداوێک تیایدا ڕوویداوە، واتە گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیارەکانی بۆچی؟ چۆن ؟ کەی؟ لە کوێ؟ لە لایەن کێوە؟ چی ئەنجام هات؟ … نەبووە. ئەوەی جێگای سەرنجە نەک تەنیا خوێنەری ئاسایی بەڵکوو بۆچونێک لای دەستەبژێری ڕۆشنبیرو تا ئەندازەیەک لای ناوەندی ئەکادیمی کوردی و دەستەبژێری سیاسی خوێندەواری کورد هەیە کە هەرشتێک لە لایەن ئەوانی بیانیەوە نووسرا بێت یان بنووسرێت شتی دەگمەن و نایابن. بێگومان وەکوو لەسەرەوەش ئاماژەمان بۆ بەرهەمی دەگمەنی چەند کوردناسێک کرد، دەشێ بەرهەمی دەگمەنی تریش بنووسرێت، بەڵام کەمێکی ئەوەی کوردناسان لەبارەی کۆمەڵگای کوردی و مێژووی کوردەوە نووسیوویانە زانستیە و خوێندنەوەی واقیعانەی کۆمەڵگای کوردی و مێژووی کوردە. بۆیە لێرەدا جارێکی تر ئاماژەی هەست بەکەمیکردنی کەسێتی کوردی لەبەرانبەر ئەوی بیانی یان ئەوی ڕۆژاوایدا دەردەکەوێت، کە ئەوەش بەجۆرێک پەیوەندی هەیە بە کاریگەری هەژموونی عەقڵی ڕۆژهەڵاتناسی و چەمکی ڕۆژهەڵاتناسیەوە وەکوو هەوڵی ئەوی ئامادەو بەهێزو باڵادەست بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووبەری ئاگایی و نائاگایی ئێمە، کە دەرئەنجامەکەی ئامادەکرنی کەسیتێ لاوازی ئێمەیە لەبەردەم ئەوی کەسێت بەهێزی ڕۆژاوادا و ئەوەش وامان لێ دەکات خۆمان لەئاستێکی نزمدا دابنێین و بە ئاڕاستەی بەرەو سەرەوە سەیری ئەوی ڕۆژاوایی بکەین و خۆشمان لە پێگەیەکی نزمدا ببینین. ئەوەش وامان لێ بکات هەرشتێک ئەوی ڕۆژاوایی بەرهەمی بهێنێت یان ئەنجامی بدات بەڵامانەوە نایاب و دەگمەن بێت.[1]