نوسینی/ عوسمان عومەر
34 ساڵ بەر لەئێستا واتە سالی 1988 و بەتەواوی شەوێ 21/22- 2- 1988 لەدۆڵی جافایەتی و سنوری سەرکردایەتی ی ن ک, کە چەند ماوەیەک پێشتر زانیاری هەبوو, سەرکردایەتیش بۆ هەموو ئەگەرەکان خۆی ئامادە دەکرد بۆیە, هەر لەدوای داستانی قەیوان ماوەتەوە وەک نەریتێک هەر مەلبەندە 200 پێشمەرگەی دەناردە سەرکردایەتی, بەلام زانیاریەکان چڕ بونەوەو دڵنیابون کە هێرش دەکرێت, یەکدو ڕۆژ پێشتر زانیاری هەبوو چەندین کاتیوشای چڵ لولەیی کیمیاوی و پارچە هێنرابووە کارێزەوە, هێزێکی زەبەلاح مۆلدرا بوو بۆ هێرش و پەلامار, شەوێکی درەنگ گرمەو نالەی تەقینەوەی ڕۆکێتی ئەو کاتیوشایانە لە یاخسەمەرو بەرگەرلو و سەرتاسەریی گوندەکانی دۆلی جافایاتی کە پێشمەرگەی وەئاگا هێنایەوە هەرچەندە لەسەنگەرەکانی پێشەوە خەو نەبوو بەهۆی تۆپبارانی بەردەوامی سەنگەرەکان کە پێمان دەگوت ئیزعاج لەیلی.
بۆ تێگەیشتن لە ئەنفال دەبوایە لەبەعس تێبگەین, تالەبەعس نەگەین ناتوانرێ ئەنفال بەکۆی دیاردە مێژوویی و کۆمەلایەتی و دەرونیەکانی دیکەوە گرێ بدەینەوە, #ئەنفال# هەر ڕەگ و ڕیشەیەک یا سەرچاوەیەکی مێژوویی یا ئایدۆلۆژی هەبێ لەناو هەناوی بەعسەوە هەڵقولاوەو بوو بەکەلتوری بەعسیزم, ئەنفال لەدیدی بەعس دروستکردنی جیهانێکی نوێ بوو لە سیستەمی فاشستیەتدا و ئەنفال لەباشترین بارودۆخی بەعس دا ئەنجام دەدرێت و بەبەشێک لەمافەکانی خۆیان سەیریان دەکرد. بەعس ئەنفالی وەکو پڕۆژەیەکی کوشتن لەناخی دا چەکەرەی کردبوو. ئەنفالیەکان خەلکێکن نە لەحالەتی بەرگرین نە لەسەنگەرەکانی شەردان، بۆیە هەر دەکوژرێن ئەو مەرگەش لای کورد مەرگێکی پیرۆز و قارەمانانەیە.
ئەم کردەیەی بەعس زۆر بەوردیی لەهەموو لایەنێکی سەربازی و سیاسییەوە داڕێژرابوو, بووە تاوانێکی گەورەی سەردەم بە بەرچاوی زلهێزەکانی ڕۆژاوا و دەوڵەتانی بەناو ئیسلامی و عەرەبی هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراوی وەکو کێمیاوی و ناپاڵم و بۆمبای هێشویی و فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو تیابەکارهێنرا.. ئیتر بەبێدەنگی بەعس دەیەویست گەلی کورد جینۆ ساید بکات.
ئەنفال. لەڕووی زمانەوە وشەیەکی عەرەبییە، لەقورئاندا ناوی سورەتی هەشتەمە کەلە 75 ئایەت پێکدێت.. یەکەم ئایەت دەڵێ : يَسْأَلُونَکَ عَنِ الْأَنْفَالِ قُلِ الْأَنْفَالُ لِلَّهِ ۆالرَّسُولِ فَاتَّقُوا اللَّهَ ۆأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِکُمْ ۆأَطِيعُوا اللَّهَ ۆرَسُولَهُ إِنْ کُنْتُمْ مُؤْمِنِين.ئەم سورەتە بەمەبەست وەرگیراوە، کە کۆمەڵێ شتی بەرامبەر بەبێ باوەرەکان تێدایە، لەم سۆنگەیەوە بەعس ڕێگەی بەخۆی دا وەکو بێباوەر لەگەڵ کورددا مامەڵەبکات و بەپێی دەقی قورئان شەرکردنی بە ئەرکێکی نەتەوەیی دانا.
ئەنفال بە هەشت قۆناغ جێبەجێکرا، دێ بەدێ و ناوچە بەناوچە تا هەناسەی شۆڕش ببڕێ و هیچ دەرفەتێک بۆ دەربازبوون نەهێڵێ. هەرچەندە سەرەتا ناوی ئەنفاڵ نەبوو تا نەخشەو پلانی شەرەکە لەلایەن پێشمەرگەوە گیراو هێنرایە لای ڕەوانشاد کاک نەوشیروان ئەوکات زیاتر پلانەکە ڕوون بۆوە. بەپێی زانیاریەکانم هەرلە سەرەتای دەست پێکی شەرەوە بەعس نامەیەکی بەکەسێکی خۆی دا ناردبوو بۆ لایەنە سیاسیەکانی کورد، بەلام بەداخەوە دەلێم ئەونامەیە لە ی ن ک شاردرابۆوە تاکشانەوە واتە بەعس لەگەل ئەوەی شەری یەکیتی دەکرد, هێشتا بەهێزێکی سەرەکی وخاوەن ناوچەی ئازادکراوی فراوان دەزانی. دیاربوو ئەونامەیە گەیشتبوە دەستی ئێرانیەکان جا هەر لایەنێک بوبێ, بۆیە ئێرانیەکان وا تێگەیشتبون کە ی ن ک کلاویان دەکاتە سەر بۆیە کۆپتەرە ئیرانیەکان بە ئەنقەست لەنزیک شاخی قەرە سردەوە دادەبەزین بۆ بەرگەلوو, ئەویش سوپای داگیرکەری پێوە بوو مەترسی خستە دلی سەرکردە سەربازیەکانی بەعس بۆ سەر کەرکووک و سلێمانی و بەنداوی دوکان و تەنانەت زانیاری هەبوو کە هێلی بەرگری لەهەیبەت سولتان بەهێز بکەن. هۆکارێکی دیکەش, سەرکردایەتی ی ن ک گەورەترین تەحەدای سەربازی بوو بۆ سەرکردایەتی گشتی سوپای عیراق و تاکە سەرکردایەتی شۆرش بوو لە دووری 40تا 50 کم لە سلێمانیەوە نزیک بێت لەناوجەرگەی کوردستان. هۆکارەسەرەکیەکەش ستراتیژی حیزبی بەعس بوو کە کورد میوانە لەسەرخاکی عەرەب و مەغزای بیری میشیل عەفلەقی دامەزرێنەری بەعس بوو.
قۆناغی یەکەم لەسەرکردایەتیەوە دەستیپێکرد تا بەئاسانی بتوانێ خوارەوە کۆنترۆڵبکات، بەبیرو هزری شۆڤێنیەیان کە سەرکردایەتی وپێشمەرگە نەما خەلک سەرگەردان دەبێ، وەک پێشمەرگەو شایەد حالێک لەسەرکردایەتی ی ن ک پێش هەموو شتێک مشوری خەلکی ناوچەکە خورا هەر زوو کۆبونەوەیا لەگەل کرا و وشیار کرانەوە ئەوکۆبونەوەیە لەلایەن ڕەوانشاند نەوشیروان مستەفاوە ئەنجام درا. چونکە جەنابی مام لەدەرەوەی ولات بوو, کەسەرکردایەتی گیرا هێزەکانی خوارەوە هیچیان پێناکرێ، بەڵام لەمەلبەندی 3و4ی ی ن ک باشترین و قارەمانترین بەرگری کرا تا دەربازبوون.زۆربەی هێزە شەڕکەرەکانی سەرکردایەتی بریتی بوون لەهێزی مەلبەندەکان و زۆربەی تتێپەکان, ئەو هێزانەی لەخوارەوە مابونەوە متفرقەو نەخۆش و بریندارەکان بوون.
قۆناغی دووەم بەرەو #قەرەداغ# ئەنجام درا کە بارەگاکانی مەڵبەندی یەکی لێبوو.
قۆناغی سێیەم بەرەو گەرمیان کەزۆرترین گوندی ئازاد کراوو خەلکی قارەمان و پێشمەرگەی چاونەترسی تیپەکانی 51 و53 و55 و59 و57 چەندین فەرماندەی تێکۆشەر و کادیری ڕێکخستن و هێزی بەرگری لێبوو.
قۆناغی چوارەم لە هەردوو بەری سنووری زێی بچووک کرا تا بەتەواویی مەترسییەکانی بەرگریی نەما و بەشێکی زۆری خەڵکی ئه و سنوورانە بەر شاڵاوی گرتن و ڕاماڵینی هێزە ئەنفالچییەکان کەوتن و بەره و چارەنووسی نادیار بران.
قۆناغی پێنجەم لە خۆشناوەتی بوو کە هێزی پێشمەرگە ئامادەکاریی پێشوەختەیان کردبوو، زۆرێک لەهێزەکانی مەلبەندی یەک و هێزەکانی مەلبەندی 2 و ئەوهێزانەی لەسەرکردایەتی بوون بەرەو ئەوێ کشانەوەو و بەشێکی زۆری خەلکی ناوچەکە دەربازیان بوو.
قۆناغی شەشەم لە دەڤەری بالەکایەتی بوو.
قۆناغی حەوتەم لە بناری قەندیل بوو، لەوێوە ئیتر هێزەکانی پێشمەرگە دوای بەرەنگاربوونەوەی توند و شەهید و بریندار ئاودیوی ئێران بوون.
قۆناغی هەشتەم لە بادینان بوو، بەعس سەرکەوتنی سەربازیی تۆمارکرد کۆتایی بەکردەی ئەنفال هێنا.
هەر لەچوارچیوەی زنجیرەی ئەنفال دا لە16ی ئادار کیمیابارانی هەڵەبجە کرا و شاناخسێ لە 23ی شوبات گەر هەلەنەبم لە ڕۆژەکە و سێوسێنان و گۆپتەپە و سنووری بادینان کراو..
لەدرەنگوەختدا بەرەی کوردستانی ڕاگەیەنرا.
هەلهێنجان و دەرەنەجامەکان
شکان و چۆڵکردنی بەرەکانی شەڕ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە.
ڕاپێچکردنی 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان و سەرنگومکردنیان.
ڕووخاندنی 4هەزار دێ و چەندین شار و شارۆچکە.
تێکوپێکدانی هەزاران قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و پرۆژەی ئاو و کارەبا.
بەتاڵانبردنی سامانی خەڵکە بێسەروشوێنەکە و داروخاندنی ژێرخانی ئابوری کوردستان.
ئابڵۆقەدانی پاشماوەی ئەنفالەکان لە ئۆردوگا زۆرەملییەکان و خەڵکی شارەکان بە دەیان سزای ترس و تۆقاندن و شڵەژان و پشێویی دەروونی.
• هێزەکانی ی ن ک تا شەرەکان م 3 وم4 و کشانەوەیان و بەرەو قەندیل و لەویش بەرەنگاری هێزەکانی سوپای داگیرکەری بەعس بوونەوە.
• هەر لەدوای پرۆسەی ئەنفالی گەرمیان دوای دەرباز کردنی هێزەکانی م1بەرەو م3 وم4 چەند مەفرەزەیەک وەک پارتی زانی گەرانەوە ناوچە خاپورکراوەکان و جێگیر بوون تاراپەرین.
• پارتی و لایەنە سیاسیەکانی تر بارەگایان بارەگاو هێزیان لەکوردستان، بەلام هەرزوو کشانەوە بەرەو بارەگا سەرەکیەکانیان لەناو ئێران.
• هەندێ لەهێزەکانی مجلس ئەعلا و بەدر لەگەرمیاندا هەبوون، هەندێکیان لەگەل هێزەکانی ی ن ک دەربازبون بەرەو قەندیل و دواتر بەرەو ئێران و گوایە هەندێکیان بۆ بەرەنگاری لەو ناوچەیە ماونەتەوەو دیارە توندی هێرشەکانی بەعس لە ئەنفالی گەرمیان ئەوانیش تیاچوبن.
• ناچاربوونی گوندیەکان بۆ خۆدەربازکردن و چۆڵکردنی دێهاتەکانیان و بەجێهێشنی ماڵ و سامانیان کاتێ گوشارەکە لە سەریان توندبوو, بۆ دەربازبوون لە تەڵە سەربازییەکانی دوژمن کە پەیرەوی دەکرد بەشێک لە خەڵکەکە توانییان ڕزگاریان بێت و بەشەکەی تری لەڕێگەی پێوەندیکردن بە سەرانی جاشەکانەوە کەوتنەناو بازنەی گەمارۆدانەکە و بەکۆمەڵ بەره و توونی مەرگ بران. ئەوانەی گێران زۆربەیان کچە گەنج و ژن و مناڵ ولاوەکان و ژمارەیەکی پیر و پەکەوتەی ژن و پیاو ومناڵ بران بۆ نوگرە سەلمان ولەبرسان وتینویەتی زۆریان لەوێ گیانیان لەدەست داو ,دواتر هەندێکیان لەو پیرو پەکەوتانە ئازاد کران و ئەوانیش بە ئاهو حەسرەتی کورو کچ و منال و هاوسەرەکانیان گیانیان لەدەست و ئەوانی تریش لە بیابانەکانی خوارو ناوەراستی عیراق زیندە بەچاڵ کران وچەند کەسێکی کەم دەربازیان بوو لەوانە تەیمور عەبدولا و یەکدو کەسی دیکە.
• 8- 8- 1988 شەڕی هەشت ساڵی ئێران – عێراق وەستا و ئیمام ژەهرەکەی نۆشیی.
• لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا هەر هێزەکانی سوپای بەعس و عێراقی عەرەبی ئیسلامیی کە فەیلەقی دوو و پێنج و گاردی کۆماریی و جەیش ناشەعبیی بەشدارییاننەکرد، بەڵکو فەوجەکانی جاشی سووک و مەفرەزە تایبەتەکان و تەواریی کورد لە شەڕکردنی پێشمەرگە و ڕاوکردنی خەڵکیی و سووتانی دێهاتەکان و تاڵانکردنی سامان و ماڵاتەکانیان بەشداریی بەرچاویان کرد:
• بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەست بوون ژمارەی فەوجەکانی جاشی سووک بە 350 دەخەمڵێنرا و ئاماژە بەناوی 264 تاوانباری بەشداربووی شاڵاوەکانی ئەنفال دەکەن، کەچی سوڵتان هاشمی وەزیری بەرگری عێراق باسی ژمارەی 510 هەزار جاشی چەکداری کورد دەکات.
• ئەوەی بووە مایەی تێکشکاندن بەکارهێنانی بێدەربەستانەی چەکی کیمیاویی بوو نەک بەتەنیا دژی هێزی پێشمەرگە، بەڵکو لە زۆر شوێن بەرامبەر خەڵکی سڤیلیش، کە کاریگەریەتی مەترسیداری دانا و بەرنامەکەی بەعس بەباشیی سەریگرت.
ئەم جینۆ سایدەی کورد بێ دەنگ بوونی نەتەوە یەکگرتوەکان و زلهیزەکان وبێ دەنگی زانایانی جیهانی ئیسلامی، تەنانەت مەلاکانی خۆشمان لەئاست ئه و تاوانە, نەووتارێ نەکاردانەوەیەک نە هەلوێستێک.
ئەم بابەتەم بەناونیشانی (شەرەکانی سەرکردایەتی و دواتر ناونانی بەئەنفال) لە وتاری کورد لە 16- 3- 2016 بە چەند بەشێک بەدرێژی باسم کردووە.[1]