عوسمان عومەر
یەک دوو ڕۆژێکی تر مانگی سپتەمبەر(ئەیلول) 2015 دەست پێ دەکات و ئەو ئەیلولەی لە شۆرشێکی دەرەبەگایەتیەوە کرا بە شۆرشێکی ڕزگاریخواز تیکۆشەران و سیاسەتمەدارەکانی ئەوکات هەلیان گیرساند بەلام مخابن دواتر بۆبنەمالەیەک قۆرخ کرا و لە ئازاریکدا ئاشبەتالی پێ کرا خۆین ڕەنج و خوێنی هەزاران شەهیدی بەفیرۆدا.
ڕەنگبێ زۆر لەفەرماندەوسەرکردەکان یاداشتەکانی خۆیان نوسیبێتەوە و باسیان لەو داستانانە کردووە کە بەشداریان تێدا کردووە باسی وردەکاری و چۆنیەتی بەشداربون و ژمارەی هیزەکانیان و ڕۆلی هەر کەرتێک یا مەفرەزەیەکیان باس کردبێ هەریەکە بەشێوەی خۆی نوسێبیتیەوە بەلام هەموی سەرچاوەی میژوی خەباتی ی ن ک و بۆتە بەشێک لەمیژوی گەلەکەمان دژی دیکتاتۆریەت هەموان شانازی پێوەدەکەین و وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بەشداریمان لەو شۆرشە ڕزگاریخوازە کردووە. ئەوەی لێرەدا تومارم کردووە بیرەوەری عەدەد بێتەلێکە لەو داستانەدا لەگەل هاورێکانم و گشت ئەوبێتەلانەی بەشدار بون چ لەسەرشاخەکان چ لەبارەگا خەلفیەکان دا.
بیرەوەری شەرو داستانەکانی هێزی پێشمەرگەی ی ن ک زۆرن و هەریەکەیان وانەیەکی خۆراگری و بەگژاچونەوەی سوپایەکی پڕچەکی مۆدێرنی ڕاهێنراو بە زانستی سەربازی و پیلانە گڵاوەکانی #بەعس# و ڕژێمە تۆتالیتاریەکەی پاش ڕێککەوتنامە شومەکەی جەزائیر و ئاشبەتالی 1975 و هەلسانەوەی شۆرش بۆ بەرەنگاربونەوەی چۆڵکردن و سوتماک کردن وتەعریب و تەبعیس کردن.
زۆر لەنەیاران و ناحەزانی ی ن ک پێیان وابوو هەندێ لەو داستان و نەبەردیانە دروستکراون و هەلبەستراون , زۆرجار ئەو داستان و نەبەردیانە بە بەرچاوی جەماوەرو خەلکی ناوچەکان بووەو بەچاوی خۆیان قارەمانیەتی و لەخۆبوردوویی کورە پێشمەرگەکانیان دیوە.
پاش کۆتایی هێنان بەگفتوگۆکانی سالی 1984 لەگەل ڕژێمی بەعس زۆریک لە پێشمەرگەو کادیرانی ی ن ک پێمان وابوو ئەمجارە ڕژێمی بەعس بێ بەزییانەترو دراندانەتر ڕوبەروی خەلکی بێ دیفاع و سیڤیلی ناوچە ئازادکراوەکان دەبێتەوە هەر لەئابلوقەی ئابوری و بەکارهێنانی زیاتری فرۆکەمەرگ چێنە پێشکەوتوەکانی و چەکی تری قەدەغە کراو، ئەمانە لەلایەک لەلایەکی ترەوە هەرنەیارەکانمان پێیان وابوو بەهۆی گفتوگۆکانەوە هێزی پێشمەرگە پشتیان لە خەبات و چالاکی سارد بۆتەوە و بەماوەیەکی کەم هەموو ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەلاتیان لەدەست ئەچێت و وەک ئەوان بنکەو بارەگاکان دەبەنە خاکی ئێرانەوەو شۆرشەکە دەپوکێتەوەو، بەلام پیچەوانە ڕاست دەرچوو گیانی بەرەنگاری و بەگژاچونەوە زیاتر بوو هەندێ ناوچەی گرنگ ئازادکران و بەرەنگاری تێداکرا تا #ئەنفالەکان#.
هەر لەکاتی کفتۆگۆکاندا مەرامی بەعس زیاتر ڕونبۆوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی و پێشوەخت بیر لەناوجەیەکی گرنگ کرابۆوە بۆ شوینی سەرکردایەتی ئەویش دۆلی جافایەتی بوو کە پیشتر لە سێروان و ئاوەژێ بوو , تازە بەتازە بنکەو بارەگاکان گواسترابونەوە دۆلی جافایەتی ستراتیژیەتیکی تایبەتی بۆ ی ن ک هەبوو , لەچەند شوێنێ بنکەو بارەگاکان دادەمەزران لە بەرگەلو , سەرگەلو , هەلەدن , گویزیلە , چاڵاوە , چۆخماخ و مالومەو جگە لەوەی بارەگای تیپی 47ی پیرەمەگرون لەگاپیلۆن بوو , یەکێ لەو بارەگایانە لەگوندی یاخسەمەر / کانی موراد، کانی ئاوێکی خۆش و سازگار بوو لە هەموی گرنگتر بارەگای تاکە لایەنی کوردستانی بوو کە لەبنەوپالی شاری سلێمانیەوە بە 30 تا 40 کم دووربێ و تاکە سنورێک تارادەیەک لە ئیرانەوە نزیک بێ و , هێشتا بنکەوبارەگاکان بەتەواوی جێگیر نەبوبون ڕژێمی بەعس کەوتە تۆپباران کردن و هێرشکردنە سەریی بەفرۆکە جەنگیەکانی. ئێمەش وەک بەشی بێتەل بەردەوام بوین لەکارەکانمان و سڵمان نە لەفرۆکە نە تۆپباران نەدەکردەوە , پەیتا پەیتا زانیاریمان بۆ دەهات چ لەریکخستنەکانەوە , چ لە تیپەکانی هێزی پێشمەرگەوە جەختیان لەوە دەکرد کە ڕژێمی بەعس بەنیازی هێرشێکی بەرفراوانە بۆ سەر ناوچەکەو سەرکردایەتی ی ن ک و پێشوەخت وەک مەسەلە کوردیەکە ئەڵێت : (پیش تا بەڕەکەی بەخۆی دادا) بروسکە نێردرا بۆ هەرچوار مەلبەندەکە هەریەکەیان 200 پێشمەرگە بنێرن بۆ سەرکردایەتی بۆ پارێزگاری لە هێرشی لەناکاویی دوژمن , ئەورۆژانە شەومان ئەخستە سەر ڕۆژ بەکردنەوەو ناردنی بروسکە زانیاریە شیفرەکراوەکانی دەهاتن لە مەلبەند و سەرچاوە تایبەتی و ڕیکخستنە نهێنیەکانی ناو سوپاو فەوجە چەکدارەکان و، ئەو سەرچاوانەی پەیوەندی تایبەتیان بە سەرکردەو فەرماندەکانەوە هەبوو , هەروەها پێداویستی و داواکاری هێزەکانی دەگەیشتن و شوینی جێگیر کردنیان و ڕینماییەکانی جەنابی مام وەک فەرماندەی گشتی هێزەکانی ی ن ک بۆ فەرماندەکان سەبارەت بەدابەشی هێزەکان لە سەرشاخەکان و سەنگەر لێدان چونکە یەکەم شەری بەرەیی بوو، کە توشی هێزی پیشمەرگە ببێ و یەکەم ئەزمونی ڕاهێنانی خۆراگری بەرەیی بوو. شەرەکان لە 1/9/1986 دەستی پێکرد و نزیکەی 102 تا 103 ڕۆژی خایاند و شەوانە ڕۆژانە جەنابی مام بەردەوام موتابەعەی بەرەکانی دەکرد لەرێی بیتەلەکەی ئێمە و بیتەلە prc , بیتەلەبچوکە (تەلەفۆکنەکان کە دروستکراوی ئەلمانیا بوو) زۆرباش لەیادمە قسەی لەگەل فەرماندەیەک کرد گەر هەلە نەبم کاک عەبدولا بۆر بوو پرسی وەزعتان چۆنە ؟ چیتان پێویستە ؟ وەزعی جەبهەکەتان چۆنە ؟ لەوەڵامدا وتی زۆر باشین و هەرچی هێرشیکیان هێناوەتە سەرمان تێکمان شکاندون و وەلامێکی زۆرگرنگی دایەوە (ئەبێ شاخەکان برۆن ئیمە چۆلی ناکەین)، لەوکاتەدا جەنابی مام دەیانجار خۆی قوربان دەکردن و لەولاشەوە تۆپباران و کاتیوشا باران و هێرشی فرۆکە پیلاتۆسەکان و کۆپتەرەکان لەبەر چەکە دژەئاسمانیەکان بەقەدەر بیست و پێنج فلسیەک لەئاسمان دیار بوون و کوێرانە بۆردومان ناوچەی بەرەکەیان دەکرد و بەتۆپی قورس و دوورهاوێژ و فرۆکەی جەنگی بۆردومانی ناوچەکانی سەرکردایەتی دەکرد، کە هێلی دوواوەی بەرەکە بەمەبەستی پچرانی پەیوەندی سەرکردایەتی و سەرکردایەتی بەرەکانی شەرەکە بوو.
کاری بەندەو هاوریکانم لای خۆمان مەلبەند و تیپەکان 24 کاتژمێر بەردەوام بوو لەگەل بەرەکانی شەردا و هەرهەوالێک و تێکشانێکی دوژمن ئەنوسرایەو ئەگەیەنرایە جەنابی مام و مەکتەبی سیاسی و ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان بۆ بلاوکردنەوەی. لەیادمە جارێ لەو جارانە بروسکەکانم ئەگەیاندە جەنابی مام، کە لەبەردەم مالەکەی دا پیاسەی دەکرد فرۆکەجەنگیەکان دەستیان کرد بەبۆردومان لەولاشەوە تۆپباران کەچی خۆی لێ تورەکردم فەرموی (ترسنۆکی نییە خۆتان لە فرۆکەو تۆپ نەپارێزن) لەگەل ئەوەی لەبەردەم بەردەرگاکەی خۆی بوو نەدەچوە ژوورێ باکی نەبوو، کە گەیشتمە نزیکی پێم وت دەفەرمو جەنابیشت بچۆ مەلجەئەکەوە کەچی لێم توورە بوو. دوای وەلامدانەوەی بروسکەکان دلخۆشی سەرکەوتنەکان لیرە نارۆین. لیرەنارۆینی ئەوتەوە کەچوینە پەناگەکەوە. ئەنجامی شەرەکانیش شەهید بونی چەندین پیشمەرگەو کادیرو فەرماندەی کەرت و مەفرەزە بوون، گەر بەهەلەدا نەچوبم مەلا هاورێی پاسۆک لەوشەرانەدا شەهید بوو. سەرشۆریش بۆ جەنەرالەکانی بەعس و چلکاو خۆرەکان و نۆکەرانیان مایەوە سەربەرزی بۆ هیزی پێشمەرگە.
زۆرجار ئیزگە بە سرودی کەلکی قەیوانی هونەرمەندی دەنگ خۆش ئازاد خانەقینی ئەکرایەوە. دواتر ئابلوقەی سەرناوچەکە بەرە بەرە توندترکران و تا شەرەکانی ئەنفالی یەک ئینجا ئەوناوچەیە چۆڵکرا. دوای ئەنفالیش هەر لەپێشمەرگە چۆل نەکرا بەلکو شەهید غەریب هەلەدنی و ڕەتلی پارتی زانەکان هەر لەناوچەکە بوون تا ڕاپەرین.
تێبینی
پیلاتۆس جۆرە فرۆکەیەکی کشتوکاڵی بەپێی زانیاریەکان دروستکراوی سویسرا بوو، بەلام ڕژێمی بەعس گۆڕانکاریی بەسەردا هێنا بوو، کردبووی بەسەربازی و کاتوێشای لەبن بالەکانی بەستبوو دژی شەری پارتی زانی لەکوردستان بەکاری دەهێنا.[1]