$ئایینی #زەردەشت#ی لە دەوڵەتی ماد$
لە ساڵی 630ی پێش زایین، کاتێک زەردەشت دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی و بانگەوازی کردن، دەوڵەتی ماد کە بەپێی زۆر لە سەرچاوە مێژووییەکان دەوڵەتێکی کوردی بووە و بەشێکی زۆری ئیمپراتۆریای ماد، خاکی کوردستانی مەزنی ئێستا بووە، بە سەرکردایەتیی (#هوخشترە#) ڕووبەڕوووی هەندێ کێشەی دەرەکی و ناوخۆیی هاتبوو، لەوانە لێدانی (سکیسکەکان) کە بۆ ماوەی بیست ساڵ کودەتایان بەسەر دەوڵەتی ماددا کردبوو، بەم هۆیەوە کۆمەڵێک کێشە درووست بووبوو، کە هوخشترە خەریکی چارەسەرکردنی ئەوان بوو، پاش ئەوەی کە هوخشترە توانی بەسەر کێشەکاندا زاڵ بێت و چارەسەریان بکات، ئینجا بیری لەوە کردەوە کە لە ڕووی ئایینی، پێویستی بە یەکخستنەوە هەیە، بۆیە بیری لێ کردەوە کە بە ئایینێکی بەهێز ڕووبەڕووی ئاشوورییەکان ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئایینی زەردەشتی قبووڵ دەکات. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە وڵاتی ماد و بەهۆی پشتگیریی پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە دەوڵەتی ماد ل شەڕ بەرانبەر بە دەوڵەتی ئاشوور، دەوڵەتی میدیا توانی سەرکەوتنێکی یەکجار گەورە بەدەست بهێنێت، بۆیە هوخشترە لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا داوای لە کوڕەکەی (#ئاستیاگ#) کرد، کە پشتیوانیی ئەم ئایینە و پەیڕەوانی بکات.
هوخشترە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئایینی زەردەشتی و قبووڵکردنی، ڕێزی لە ئایینەکانی تر دەگرت و ئازادیی تەواوی دابووە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر، تەنانەت بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی ئایینییان.
$مامەڵەکردنی #ئەخمینییەکان# لەگەڵ ئایینی زەردەشتی$
لەدوای کۆتایی پێهاتنی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ماد لە لایەن کچەزاکەی (هوخشەترە)ی پادشای ماد بە ناوی (کوروش) کە دواتر بە (کوروشی مەزن) ناوی دەرکرد، دەسەڵات کەوتە دەست پارسەکان و ناوی ئیمپراتۆرییەت لە مادەوە گۆڕا بە (هەخامنشی یان ئەخمینی) و درێژەیان بە دەسەڵات و حوکمڕانییەکە دا، کە لە باپیری بەدەستی هێنابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی سیستەمی ئالۆگۆڕی سیاسی لە ڕێگای سەربازییەوە ڕووی دا و بناغەی دەوڵەتێکی نوێ و جیاواز دانرا، ئەمە وای کرد کە ئەخمینییەکان ڕووبەڕووی مەترسی و هێرشی ناوخۆیی بێبێتەوە، بۆیە کوروش بیری لێ کردەوە کە لە ڕێگای سوودوەرگرتن لە ئایینێک، کە تازە بە تازە لایەنگر و پەیڕەوکاری زۆر بووە، بارۆدۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی باشتر ببات، بۆیە بڕیاری دا کە دان بە ئەم ئایینەدا بنێت و قبووڵی بکات.
بەم بڕیارەی کوروش، دەوڵەتە تازە درووستبووەکەی ئەخمینییەکان لە شەڕ و کێشەی ناوخۆیی ڕزگاری بوو، بگرە پەیڕەوانی ئەم ئایینە گوێڕایەڵی دەوڵەتی تازە بوون.
لە پادشاکانی تری ئەخمینی و چۆنیەتیی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئایینی زەردەشتی، دەتوانین بڵێین داریوشی هەخامەنشی وانە سەرەکییەکانی زەردەشتی قبووڵ کرد و (خەشایارشا) بە فەڕمی لایەنگریی لە دینەکەی زەردەشت کردووە و (ئەردەشێری یەکەم) بۆ یەکەم جار ڕۆژژمێری زەردەشتیی قبووڵ کردووە.
لە کۆتایی سەردەمی ئەخمینییەکان، ئایینی زەردەشتی گەیشتبووە لووتکەی ناوبانگ و گەشەکردنەوە و زۆرترین پەیڕەوکاری هەبوو، هەر لە و کاتەدا بوو کە کوردستان و وڵاتی ئێرانی کەونارا تووشی هێرشی سوپای یۆنانی، بە سەرکردایەتیی (#ئەسکەندەری مەکدونی#) هات و کاولکاری و خراپەکارییی یەکجار زۆر تووشی کۆمەڵگای ئێرانی کەونارا هات، ئەمانە هەمووی مەترسیی گەورە بوون لەسەر ئایینی زەردەشتی.
لەدوای تێکەڵبوونی ئەسکەندەر بە کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت شارەزابوونی بە ئایینی زەردەشتی و دەرکەوتنی لایەنە چاکە و باشەکانی ئەم ئایینە، ئەسکەندەر بڕیاری دا بە کۆکردنەوەی دەقەکانی ئەم ئایینە.
لە سەرچاوە جیاوازەکاندا وەکوو پەڕتووکی (دینکرد) و نامەی (تنسر) باس لەوە دەکەن، کە ئەسکەندەر لەدوای داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی شاری (ئیستەخر) دەستی کرد بە کۆکردنەوەی دەقەکانی پەڕتووکی ئاڤێستا، کە یەکەم جار لەسەر 12 هەزار پێستی گا نووسرابوو و کۆ کردەوە و بابەتە زانستی و پزیشکی و ئەستێرەناسی و فەلسەفییەکانی وەرگێڕایە سەر زمانی یۆنانی و ناردی بۆ وڵاتەکەی خۆی و دواتر دەستووری سووتاندنی هەموو نووسخەکانی ئەم پەڕتووکە پیرۆزەی زەردەشتیانی دا، تەنانەت گەورەترین پەرتووکخانەی ئەخمینییەکانیان لە شاری (پارسی پۆلیس)دا سووتاند.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]