ناونیشانی بابەت: موساسیر... شارە ونبووەکەی پەرستگای خواوەندی خالیدی
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەشێک لە شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەم شارە ونبووە لە سنووری شارەدێی #سیدەکان#ە
زۆرێنەی مێژووناس و شوێنەوارناسە بیانییەکان پێیان وایە، شوێنەواری ونبووی شاری #موساسیر#، یان شاری خۆر، لە باشووری کوردستانە. بەمەش چەندین تیمی شوێنەواریی بیانی کاری هەڵکۆڵینیان لە سنووری گوندی مجێسەر، سەربە شارەدێی سیدەکان لە ئیدارەی #سۆران# کردووە.
لای خۆیەوە د.زێدان ڕەشید برادۆستی، پسپۆڕ و شوێنەوارناس دەڵێت: ”پەرستگای موساسیر یەکێکە لە گرنگترین شوێنە مێژوویی و شوێنەوارییەکان، کە ماوەیەکی زۆرە شوێنەوارناسان و مێژووناسان بەدوای شوێنی ئەم پەرستگایەدا دەگەڕێن، ئەگەر دڵنیابووین گوندی مجێسەری سنووری ئیدارەی سۆران موساسیری کۆنە، ئەوا ئەم پەرستگایەش لەوێ هەڵکەوتووە.“
عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: موساسیر یەکێکە لە شار و سایتە هەرە گرنگانی جیهان، مێژوونووسان و شوێنەوارناسان چەندان ساڵە بەدوای دۆزینەوەی ئەو شارە ونەدا دەگەڕێن، کاتی خۆی موساسیر بۆ ئۆڕاڕتییەکان پەرستگا و شوێنێکی پیرۆز بووە، بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، کە گوندی مجێسەری سەربە شارەدێی سیدەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەوپێیەی پاشماوەی ژیانی شانشینیی #ئۆڕاڕتییەکان# لەو دەڤەرە نزیکە و بەردەنووسی #کێلەشین# و #تۆبزاوە# و چەند شوێنەوارێکی دیکە لە ناوچەی برادۆست دۆزراونەتەوە، هەروەها لە ڕووی زمانەوانییەوە، ناوی گوندی مجێسەر نزیکە لەناوی مەساسیر، بەمەش گومان دەکرێت ئەو شارە ونبووە لەو ناوچەیە بووبێت. بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران وتیشی: بۆ دۆزینەوەی شاری موساسیر، چەندین تیمی شوێنەوارناسانی زانکۆکانی وڵاتانی بیانی، ڕوویان لە سنوورەکەمان کردووە و بە هاوکاریی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری #هەولێر# و بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کاری کنە و پشکنینیان لە گوندی مجێسەر و چەند ناوچەیەکی دەڤەری برادۆست کردووە، بۆ دۆزینەوەی ئەو شارە ونبووە.“
د. زێدان ڕەشید برادۆستی، پسپۆڕ و شوێنەوارناس، لە لاپەڕەکانی (55-56-57-58-59-158) لە پەرتووکی (دەڤەری برادۆست، جوگرافیا، مێژوو، شوێنەوار، کەلەپوور) لەبارەی شوێنەواری موساسیر دەینووسێت: دەڤەری برادۆست لەکۆنەوە هەرێمێک بووە و پێیگوتراوە (موساسیر)، یاخود ئاردینی، کە سەربە هەرێمەکانی دەوڵەتی ئۆرارتۆ بووە، پایتەختی هەرێمەکەش هەر بە موساسیر ناو دەبردرا. هەرێمی مەساسیر لەپاڵ هەریەکە لە هەرێمەکانی (خوبوشکیا، شوبریا، گوممی، ئۆککو) بریتی بوون لەو هەرێمە سەربەخۆیانە، ی کە دەکەوێتە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئۆراتی و ئاشووری، موساسیر وەک مەملەکەتێک بووە، کە پایتەختەکەشی هەمان ناوی هەبووە، بۆیە وەک شانشین دەکەوێتە گۆشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئاشوور و ڕۆژاوای کێلەشین، ئەو شانشینە دەکەوێتە نێوان شاری #شنۆ# و #گەلی عەلی بەگ# و بەرزاییەکانی چیای سپیلک، ئەمە وەک شانشین، شاری موساسیریش گومان دەکرێت گوندی مجێسەری ئێستا بێت، کە دەکەوێتە باشووری شارەدێی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست.
چەند بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ناوی موساسیر، کە هەندێک پێیان وایە مەساسیر ناوێکی ئاشووری نییە، بەڵکوو ناوێکی خووری ئۆرارتییە، لەبنەچەکدا ناوەکە لەوانەیە لە موژاژیر یان موزازیرەوە هاتبێت و ئاشوورییە، بۆ یەکەم جار لە تێکستە مێخییەکانی پاشا ئاشوور ناسر باڵی دووەم (882-859پ.ز) بەشێوەی (kurmu -as-sir) هاتووە، بەڵام لە سەردەمی شەلمەنسەری سێییەم (824-858پ.ز) بەشێوەی (musasuru) هاتووە، ڕەنگە ئەمە دەربڕینێکی دیکەی ناوی موساسیر بێت، ئەم لێکدانەوەیەش ڕاستە ئەگەر بێتوو وشەی MUSASIR بە وشەیەکی لێکدراو دابنێین، کە لە دوو بەش پێکهاتووە، بەم جۆرەی خوارەوە (MUSU) واتە دەرچەکون دەرگاوە، بڕگەی دووەم (SIRU) واتا مار، بەڵام نەک مەبەست تیایدا خودی کونی مار بێت، بەڵکوو ئەمە تەنیا بریتییە لە ناسناوێک کە لایەنی جوگرافی و سیاسی و ئایینی لەبەرچاو گرتووە، هەرچیی شێوازی نووسینی ناوی موساسیرە، بە نووسینی مێخیی ئۆراتییەکان بە مەساسیریان دەوت (ئاردینی)، ئەم وشەیە لەبنەڕەتدا ئۆراتییە. بۆیە لێکدانەوەی مانای وشەی ئاردینی دەبێت لەسەر بنەمای لێکدانەوەی زمانەوانیی خورییەکان بێت، چونکە زمانی ئۆرارتۆ لەگەڵ زمانی خوری لە یەک خێزانی زمانەوانین، هەر بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە بۆمان دەردەکەوێت، کە وشەی ئاردینی لەبنەڕەتدا وشەی ئارتینی خورییەکانەوە و وەرگیراوە، کە بەو اتای (شار) دێت هەندێک لە توێژەرەکان پێیان وایە، کە ئاردینی شارێکی خووری بووە و لە سەردەمی بنەماڵەی ئوری سێییەم بەتایبەتیی سەردەمی پاشا شوڵگی بەناوی ئارینی هەبووە، ئەمەش لە تێکستێکی مێخی ساڵی (49)ی فەرمانڕەوای پاشا شولگی ناوی هاتووە، کە توێژەران پێیان وایە، ئەمە ناوێکی خوورییە و دواتر گۆڕاوە بۆ ئارتینی، پاشان لە سەردەمی ئۆراتییەکان نیوەی یەکەمی پێش زایین گۆڕاوە بۆ ئاردی، هەروەک لە تێکستە مێخەکییەکانی ئۆراتییەکان دەردەکەوێت، کەچی لە بەرانبەردا لە دەقە ئاشوورییەکان بە موساسیر هاتووە.
لە شاری موساسیر لە سەردەمی ئاشووری نوێدا (911-612 پ.ز) هەمیشە لە کێشە و ململانێدا بووە لەگەڵ ئاشوورییەکاندا، ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو پاشانشینە نزیکەی شەش سەدەی خایاند، ئەو هەرێمە پیگەیەکی ستراتیژی، ئابووری، ئایینی، جوگرافی هەبووە، زیاتر لە 400 بەردنووس لەبارەی ئۆراتۆ و موساسیر دۆزراونەتەوە، زۆربەشیان دەکەونە نێوان ڕووباری ئاراس و مجێسەر و شاری وان، گرنگترینیشیان کێلی تۆبزاوە و کێلی کێلەشین و پەرستگای خالیدی لە مەساسیر و تابلۆی (میهر) لە شاری وان، بەردنووسەکانی ئۆرارتی نووسینی مێخی (مسماری) و بە زمانی ئۆرارتی و زمانی ئاشووری نووسراون، موساسیر کۆنترین مەڵبەندی نیشتەجێبوونی خوداوەند و پەرستگای سەرەکیی خالیدی بووە.
ئەو شوێنەوارناسە لە نووسینەکەیدا باسیشی لەوە کردووە، شوێنەوارەکانی گوندی مجێسەر، یاخود مەساسیر، دەکەونە نزیک شارەدێی سیدەکان، ئەم گوندە مێژوویەکی کۆنی هەیە و چەندین شوێنەواری گرنگ لەخۆ دەگرێت.
بەگوێرەی نووسراوە مێخییەکان، موساسیر لە هەزارەی یەکەمی پ.ز پایتەختی ئۆرارتییەکان بووە، توێژینەوەکان بەردەوامن لەسەر زانینی شوێنی ڕەسەن و سەرەکیی موساسیر، چونکە تا ئێستا بەتەواوی یەکلا نەبووەتەوە. بە بۆچوونی بەشێک لە شوێنەوارناس و مێژووناسەکان، موساسیر دەکەوێتە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵام تا ئێستا بەڵگەیەکی سەڵمێندراویان لە بەردەسدا نییە. بەشی هەرە زۆری شارەزایانی مێژوو و شوێنەوار، موساسیر بە گوندی مجێسەری برادۆست دادەنێن. بۆ ڕاستی و ڕوونیی زیاتری ئەم بابەتە، پێویستی بە کاری زیاتری هەڵکۆڵین و ڕووپێوی مەیدانی و توێژینەوەی زانستیی چڕتر هەیە.
پەرستگای موساسیر: یەکێک لە گرینگترین شوێنە مێژوویی و شوێنەوارییەکانە، کە ماوەیەکی زۆرە شوێنەوارناسان و مێژووناسان بەدوای شوێنی ئەم پەرستگایەدا دەگەڕێن، ئەگەر دڵنیابووین گوندی مجێسەر ئێستا موساسیری کۆنە، ئەوە ئەم پەرستگایەش لەوێ هەڵکەوتووە.
[1]