ئەو کارتە فشارەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لەدژی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بەکاریدەهێنێت
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو، یەکێک لەو هەڕەشە جیدییانەی بەردەوام سێبەری بەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە، هەڕەشەی دوو ئیدارەییە، کە زۆر جار وەک کارتی فشار لەلایەن یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات دژ بەیەکتر بەکاردێت.
ئەوەی ئەم جارە ئەو کارتە فشارەی بەرزکردووەتەوە، یەکێتی نیشتمانییە کە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموکرات کێشەی هەیە لە چەند پرسێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئێڕاق وەک کارتێکی فشار لەدژی ئەو حیزبە بەکاری هێناوە.
لە دواین گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی، کە بەشێکیان بەشێوەیەکی نافەڕمی بەرێوەچووە، بەرپرسانی یەکێتی هەڕەشەی گەڕانەوەیان بۆ دوو ئیدارەیی کردووە.
بەرپرسانی یەکێتی جەختییان کردووەتەوە، کە ئەگەر پارتی لەسەر فشارەکانی بەردەوام بێت، ئەوە ئەوانیش ناچارن بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.
دوو ئیدارەیی، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکانی ڕابردوو، ئەو کات پارتی و یەکێتی کەوتنە شەڕێکی سەخت و بەو هۆیەوە، دوو ئیدارەی جیاوازییان لە #سلێمانی# و #هەولێر# دامەزراند، کە کاریگەری ئەو دوو ئیدارەییە تائێستا ماوە.
یەکێتی ئەو هەنگاوە وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت، تا ئەوەی بەرپرسانی پارتی کۆتایی بەو فشارانە بهێنن، ماوەیەکە بەهۆی چەند پرسێکەوە دروستیان کردووە.
یەکێتی، بەهۆی ئەوە لەگەڵ پارتی ناگاتە ڕێککەوتن، کە پێیوایە ئەو حیزبە دەستی بەسەر تەواوی جومگە ئیدار و ئەمنییەکان گرتووە و ئەوەش وا دەکات، ئەوان لە هەرێمی کوردستان پەراوێز بخرێن بۆیە داوای ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتەکان لە نێوانیان دابەش بکرێت. [1]