ناونیشانی بابەت: بیرۆکە و نووسینی دەقی ئەدەبی منداڵان
ناوی نووسەر: #کاروان عەلی محەمەد#
دەق بەگشتی لە پێنج ڕەگەزی سەرەکی پێکدێت، یەکێک لەوپێنج ڕەگەزانە بیرۆکەیە، کە هۆکاری لەدایک بوونی با بەتێکی سەربەخۆیە، چیرۆکی دەق و دیالۆگ و ئاماژەکانی دەق و تەنانەت ژینگە و شوێن و کاراکتەریش هەربەهۆی بیرۆکەوە چرۆ و گەشە دەکەن، دواتر بیرۆکە هێدی هێدی وەکوو ڕەگی دار شۆڕدەبێتەوە بەناو گشتی بابەتەکەدا، بێگومان ئەمەش بەهۆی چنینکارییەکی تۆکمەوە دەکرێت، چونکە چنینکارییەکی تەواو دەبێتە هەوێنی سەرکەوتنی دەقەکە بەگشتی و گەیاندنی بیرۆکە و بابەتەکە بەشێوەی دروست و گونجاو، یان پێویستی، لەبەر ئەوەیە لەدنیا و ئەدەبی منداڵاندا بیرۆکە لە پلەی یەکەمی ڕەگەزەکانی دەقە، دەق بەبێ بیرۆکە لەدایک نابێت، کەواتە بیرۆکە هۆی لەدایک بوونی هەموو بابەتەکانی ناو دەقەکەیە، ڕۆ دەچێتە ناو هەموو پێکهاتەکانی دەقەوە، هەربۆیە دەبێت بیرۆکەی نووسینی ئەدەبی منداڵان زۆر هەستیارانە هەڵبژێردرێت، چونکە لە سەرەتا و ناوەڕاست - لوتکە- و کۆتایی گرنگی خۆی زیاد دەکات و هیچ کاتێک کەم ناکات، لەبەر ئەوەی هەوێنی لەدایک بوونی هەموو پێکهاتەکانی ناو بابەتە ئەدەبییەکەیە،
هەربۆیە پێویستە بزانین چەند جۆری سەرەکی بیرۆکەمان هەیە، نەک بیرۆکەی چیرۆکی ناو دەقەکە، کاراکتەرەکان، چونکە ئەمە بابەتێکی جیاوازە، لەدنیاو نووسینی ئەدەبی منداڵان، بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر بیرۆکەی بابەتمان هەیە:
یەکەم: بیرۆکەی ساده- ئەم بیرۆکەیە دەبێت سادە و پێویست و گرنگ بێت، هەروەها زۆر سەرەنج ڕاکێش بێت، بەڵام نابێت هێندە سادەبێت هیچ زانیارییەک بەمنداڵ نەبەخشێت، هەروها پێویستە بیرۆکەکە لەگەڵ شوێن و کاراکتەرو ترۆپکی بابەتەکە و تەواوی دیالۆگ و تەنانەت جل و بەرگی کاراکتەرەکان و ژینگە و ئامانجی نووسەردا بگونجێت....هتد.
دووەم: بیرۆکەی ئاڵۆز- ئەم بیرۆکەیە زۆر گرنگ و تایبەتە و دەبێت نووسەران بە ئاگادارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرەی بیرۆکەیە بکەن، چونکە گومانی تێدا نییە ئەگەر بیرۆکەی ئاڵۆز بەکاربهێنرێت و تەواو زانستیانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت بۆشایی لە بابەتە ئەدەبییەکە دروست دەکات، ئەمەش منداڵ و مێردمنداڵ بەرەو ئاڕاستە و ڕێگای ناڕوون دەبات، بێگومان زیانی زیاتر دەبێت، هەربۆیە نابێت بیرۆکەی ئاڵۆز بەکار بهێنرێت لە دنیاو ئەدەبی منداڵاندا، ئەگەر بەیەک مەرج نەبێت، ئەویش شیکردنەوەی هەموو ئاڵۆزییەکانە، هەرچەندە بیرۆکەی ئاڵۆز لەدنیای منداڵان و گەوراندا جیاوازه، بەڵام واباشترە بیرۆکەی ئاڵۆزی بابەتی ئەدەبی منداڵان، شیکردنەوەی تەواوی بۆبکرێت لە بابەتە ئەدەبییەکان.
بێگومان ئەم بیرۆکانە کرۆکی نووسین و لەدایک بوونی بابەتێکی ئەدەبی سەربەخۆن، نەک بیرۆکە لاوەکییەکان یان خزمەتخوازەکانی ناو دیالۆگ و ویستی کاراکتەرەکان و نووسەر و بیرۆکە ئاماژەییەکان لەڕێگای جوڵەی کاراکتەرەکانی ناو بابەتەکە، چونکە چەندین بیرۆکەی لاوەکی پێویست هەن بۆ خزمەتی بیرۆکە سەرەکییەکان، دەبێت نووسەرانی ئەدەبی منداڵان زۆر بەهۆشیارییەوە دەست بۆ بیرۆکەکان ببەن و تەواو گونجان لەنێوان بیرۆکەکان دروست بکەن، بۆ ئەوەی بابەتەکانیان لەهزرو ئەندێشەی منداڵان بەهەمیشەیی و بەزیندووی بمێنێتەوە [1]