یادت بەخێر پیاوە سپی و ناخ پاکەکەی نیشتیمان
ئەمەوێ لەم یادەدا بیرەوەرییەک لەگەڵ کەڵە پیاو و سەرکردەی مێژووی گەلەکەمان خوالێخۆشبوو کاک #قادر حاجی عەلی# بگێڕمەوە کە زیاتر مەبەستمە بزانن ئەو پیاوە چەند نیەت پاک بوو، کاک قادر سەرەڕای یاخی بوونی لە دەسەڵات و ناڕەزایەتی توندی لە شێوازی حکومڕانی لە کوردستاندا زۆر لە خەمی پاراستنی نیشتیمان و قەوارەی هەرێمدا بوو، بەهیچ شێوەیەک بڕوای بە شەڕی براکوژی و یەکتر سڕینەوە نەبوو.
لە هاوینی ساڵی 2019دا پێکەوە لە ئەوروپا بووین، چەند کۆبونەوە و چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ ناڕازییەکانی نێو ڕەوەندی کوردی ئەنجامدا لە سوید و نەرویج، ڕۆژێک پێمی وت من بۆم ناکرێ دەبێت تۆ بچێت بۆ بەلجیکا، لەوێ لە شاری برۆکسل هەنێک خەڵکی ناڕازی هەیە بیانبینە و بزانە نیەت و بیر و بۆچوونیان چییە، منیش وتم یەکدوو برادەری تریش ئەوەیان پێم وتووە، بەڵام کاک قادر ئەوە بینینی بۆچییە، ئەوانیش وەکوو ئێمە ناڕازین لەو نادادی و بەهەدەردان و خراپ ئیدارەدانەی حکومەتی هەرێم، وتی نا ئاخر با بزانین خۆماڵین یان دەرەکین، ڕوخێنەرن یان بونیاد نەرن، ڕاستی من زۆر باش لە قسەکانی تێنەگەیشتم و چوم بۆ بەلجیکا، لەوێ چاوم بەو کۆمەڵە کەوت و لەگەڵیان دانیشتم، دوای گوێ گرتن لێیان من چومەوە بۆ هوتێلەکەم و بە نامەیەکی ڤایبەر داواکاری ئەوانم نارد بۆ کاک قادر.
سڵاو کاک قادر، ئەو کۆمەڵە نزیکەی یازدە کەس دەبن، دووانیان لە بەریتانیاوە هاتوون، دانەیەکیان لە کوردستانەوە و پێدەچێت دوو سێیەکیشیان سەر بە پەکەکە بن و چەند کەسێکیشیان پێشتر گۆڕان بوونە لە بەلجیکا دەژین، ئەمڕۆ لەگەڵیان دانیشتم و قەرارە بەیانیش یەکتر ببینینەوە و مقابەلەیەکیشیان بۆم ڕێکخستووە لە تەلەفیزیوێنی سەر بە پەکەکە، قسەمان زۆر کرد، بەڵام پوختی قسە و داواکاریان ئەم دوو خاڵەیە و بەم مەرجانە لەگەڵمان دەبن
1-نابێت لەگەڵ #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بچنە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە.
2-پێویستە گروپی چەکدار دروست بکەن بە نهێنی و ئێمەش یارمەتی مادی و لۆجستیتان ئەدەین.
تەبعەن خۆی پێنەگیرا و تێلی بۆم کرد، بە زمانەکەی خۆی و بە توڕەیی وتی ئەمە قسەی قۆڕە ئەوان دەیکەن، ئێمە چەندین ساڵ بەو شاخانەوە بووین و ڕووبارێک خوێنمان داوە و ماڵ نەماوە قوربانی نەدابێت تا ئەم کیانەمان پێکەوە ناوە ئێستا ئەمانە ئەگەر دەستیشیان لە پشتەوە نەبێت بە بێ ئەقڵی خۆیان دەیانەوێت هەموو شتێک لە ناو ببەین، وتی ئێمە بەهیچ شێوەیەک دژی کیان و حکومەتی هەرێم نین، ئەوەنەش دژی یەکێتی و پارتین هەتا خۆیان چاک دەکەن و نادادی و گەندەڵی نامێنێت، دوای ئەوە وەکوو برا پێکەوە دەژین و شەریکی یەک دەبین لە حکومڕانی کوردستاندا، وتی دوای ئەوە من کاری حیزە فێڵ و نهێنیم نیە، ئەگەر قەرار بێت چەک دژی یەکێتی و پارتی هەڵبگرم بە ئاشکرا ئەچینەوە چیاکان و شۆڕشێک بەرپا دەکەین، نەک گروپی چەکداری نهێنی دروست بکەین، بە توڕەیشەوە بە منی وت هەر ئێستا بگەڕێرەوە و لەوێ نەمێنی و من هەڵە بووم تۆم نارد بۆ ناو ئەو جۆرە خەڵکە تێکەڵ و پێکەڵە، دوای ئەم قسانەی ئینجا تێگەیشتم لە قسەکانی پێشتری و بەیانی زوو بەبێ ئاگادار کردنەوەی ئەو کۆمەڵە بەلجیکام جێهێشت. [1]