ئایە کێشەکانی #قوباد تاڵەبانی# کێشەی خەڵکە، یان کێشەی شەخسی؟
لە دوای توندبوونی ململانێکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، #شێخ جەعفەر# شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند ئەوەی لە بەرنامەی سیاسی سەرکردایەتی کورد دا نییە بریتییە لە خەڵک، کەواتە شێخ جەعفەر پێی وتین کێشە هەیە، بەڵام کێشەکان پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکانی پارتی و یەکێتیەوە هەیە نەک خەڵک.
یەکێتیی سەردانی لایەنەکانی کرد بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێ چیتر لە پارتی قبوڵ ناکەین، کۆمەڵێک کێشەمان لەگەڵ پارتی هەیە، پارتیش چووە لای لایەنە سیاسییەکان و وتی: کێشەکانی یەکێتیی پەیوەندی بە خەڵکەوە نییە.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک قۆناغی سەختدا تێپەڕی و کۆمەڵێک بارودۆخ هەبوون کە پێویستی دەکرد قوباد تاڵەبانی و یەکێتیی لە بەرانبەر حکومەت و پارتی هەڵوێستی لەبارەیەوە وەرگرن و قسەیان هەبێت، بەڵام نەکرا لە گرینگترینیان لێبڕینی موچە و پرسی لامەرکەزیەت و نەمانی پارە لە بانکەکانی #سلێمانی# و کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەنی نەوت غاز و پرسی پارێزبەندی پەڕڵەمان و گیراوانی بادینان و کەم کردنەوەی دەسەڵاتی وەزیرەکان.
هەموو ئەو پرس و کێشانەی باسکران هەم هی خەڵک بوون و هەمیش هی حزب، بەڵام قوباد تاڵەبانی، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، کێشەکانی بە هی خۆی نەزانی و تاوەکوو هێز نەهاتە سەر ماڵەکەی و لە دادگا داوا نەکرا هیچ قسە و هەڵوێستێکی نەبوو.
لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبەش لە 8ی 11ی 2022، قوباد تاڵەبانی لە زاری خۆیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکوو هێز لە دژی نەجوڵێندرا و دۆسییەی تێرۆرکردنی هاوکار جاف و موردا کانی کوردەیی نەجوڵێندرا و لە دادگا داوا نەکرا لە بەرانبەر پارتی و سەرۆکی حکومەت، ئارامی گرتووە.
ئەو بێ هەڵوێستییەی قوباد تاڵەبانی وای کرد #لاهور شێخ جەنگی#، هاوسەرۆکی پێشووی یەکیتیش لە چاوپێکەوتنێکدا ئەوەی خستەڕوو، تاوەکوو قوباد تاڵەبانی مەترسییەکان نەهاتە سەرخۆی هیچ هەڵوێستێکی نەبوو بەرانبەر پارتی.
ئەو جۆرە لە سیاسەت کردن دەرخەری ئەوەیە سیاسەتی بنەماڵەی تاڵەبانی هەموو شت لە پێناوی خۆیانە بۆ نموونە #شاناز ئیبراهیم ئەحمەد#، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نووسین و لێدوانە ئاگرینەکان بە ناوی بۆچوونی شەخسی زۆرترین گرژی لەگەڵ پارتی دروستکرد، بەڵام کە هاتە سەر پرسی وەرگرتنی سەرۆک کۆمار لەلایەن مێردەکەی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ پارتیدا نەماو هاوسەرەکەی بارزانی وەک مەرجەعی کورد ناساند. [1]