هەرچەندە ناوبەناو باس لە یەکگرتنەوەی هەردوو هێزی 70ی سەربە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و 80ی سەر بە #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەکرێت، بەڵام یەکێتی ترسی لەو یەکگرتنەوەیە هەیە و بەجۆرێک کە ترسی یەکێتی لەوەیە لە دوای یەکگرتنەوەی ئەو هێزانە پارتی پەیوەندی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی هێزەکانی یەکێتی درووستبکات و ئەو هێزانە لە دەستی یەکێتی دەربهێنێت، دوێنێش لە کاتی سەردانی سەرۆکی یەکێتی بۆ هێزەکانی 70ی یەکێتی ئەمەیان بە ڕوونی بەو هێزە ڕاگەیاندووە کە بەتەمای یەکگرتنەوە نەبن.
هەر چەندە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە خواستێک هەبوو بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە کە سەر بە یەکێتین، بەڵام لە ئێستادا یەکێتی تەواو دژی ئەوەیە ئەو هێزانەی خۆی لەگەڵ هێزی 80ی پارتی یەکبگرنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سەرۆکی یەکێتی پێی وایە پارتی بە پیلان ئەم کارە دەکات و مەبەستیەتی هێزی چەکدار لە دەستی یەکێتی نەمێنێت و بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە سەردانەکەی دوێنێی #بافل تاڵەبانی# بۆ هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتی و کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی سەر بە ئەو هێزە، بەڕوونی بە فەرماندەکانی ڕاگەیاندووە کە پرسی یەکگرتنەوەی یەکەی 70 و 80 لە بیری خۆیاندا لابەرن و ئەوبابەتە بکەن بە ڕابردوو، چونکە پارتی لەم بابەتەدا نیەتی پاک نییە و بەدوای ئەوەوەیە کە یەکێتی هێزی سەربازی نەمێنێت.
خودی (بافل تاڵەبانی) زانیاری وردی پێگەیشتووە کە لە حاڵەتی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و80 بە پێدانی چەند پلە و پۆست و ئیمیتیازاتێک پارتی بەنیازی ئەوەیە فەرماندە سەربازییەکانی سەر بەهێزەکانی70ی یەکێتی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. بۆ ئەوەش پلانی وردی داناوە، دواجار ئەو هێزانە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکێتییەوە نەمێنێت، بەڵام ئەمە لایی یەکێتی قەبوڵ نەکراوە. [1]