#عەلی عەونی#: #بافل تاڵەبانی# دەتوانێت بێتە #هەولێر# و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆکردنی هاوکار جاف بکات
عەلی عەونی ڕایگەیاند، بردنی دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقیدەکەی دەزگای دژەتیرۆر بۆ لای کونسوڵخانەکان لە جێی خۆی نییە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە دادگاوە هەیە.
عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتی نییە، بەڵام یەکێتی لەخۆڕا ناکۆکی دروستکردووە، ئێمە و یەکێتی شەریکی سەرەکین، یەکێتی هێزێکی گرنگی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە، یەکێتی تووشی هەڵچوون بووە لەسەر ئەو کارە تیرۆرستیەی لەناو شاری هەولێر بەدەستی کۆمەڵێک کادیری ڕویداوە و تۆمەتبارەکان داواکراون لەلایەن دادگاوە.
عەونی ڕوونیکردۆتەوە سەرۆکی حکومەت و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، یەکێتی کام دەزگای هەواڵگیری دەوێ، ئەمەریکا، یاخود چین و ژاپۆن هەر وڵاتێکی دەوێ، با بێن شاهیدی لێکۆڵینەوەکان بن، بەڵام ئەوان لەوە نیگەران بوون، بابەتەکە لە میدیا بڵاوکرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ کونسوڵی هەندێک لە وڵاتاندا کۆبوەوە، ڕوونکردنەوەی پێدان لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆرەوە و هەندێک لەو فەرماندانەی دژە تیرۆریشی لەگەڵ بوو کە تۆمەتبار دەکرێن، لەو بارەیەوە عەلی عەونی وتی ئەم کێشەیە لای کونسوڵ و ڕێکخراوی خێرخوازی نییە، ئەم کێشەیە لای دادگایە، جەنابی بافڵ تاڵەبانی یان تیمێکی باوەڕپێکراوی یەکێتی دەتوانن بێنە هەولێر و چاودێری لێکۆڵینەوەکان بکەن.
وتیشی کاک بافڵ بە تۆمەتبارەکان دەڵێت لەگەڵم وەرن بۆ هەولێر، ئەمە کێشە دروست دەکات، بەڵام حکومەت بە سنگفراوانییەوە مامەڵە دەکات، ئەوانە داواکراون لەلایەن دادگاوە و دە ساڵی تریش بێت، دەبێت بێنە دادگا، با بێنە دادگا و بیسەلمێنن بێ تاوانن. [1]