شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئێڕاق ئاشکرای کرد کە شەوی ڕابردوو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەواڵی دەستگیرکردنی تاوانبارێکی مەترسیداری لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆک وەزیرانی ئێڕاق گەیاندووە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە: هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەند لە بوارە جیاجیاکانی ئەمنی و سەرجەم بوارەکانی تردا ئەنجامی ئەرێنی و باشی لێکەوتۆتەوە.
بڵاویشی کردەوە: لە ڕێگەی هەوڵی قارەمانانەی هێزەکانی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، توانرا ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکرێت کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دایکی و دوو خوشکی لە شاری کازمییە لە باکووری شاری #بەغدا#ی پایتەختی کوشت بوو.
ئاماژەی بەوەش دا: شەوی ڕابردوو #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێڕاق کردووە بۆ ئەوەی ئاگاداری بکاتەوە لە دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارەی کە ئەم تاوانە قێزەوەنەی ئەنجامداوە.
هەروەها پێی ڕاگەیاندووە کە تاوانبارەکە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستاندایە.
شانەی ئەمنی لە بەیاننامەکەدا ئاماژەشی بەوەداوە کە دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە لە ئۆپەراسیۆنێکدا پەیامێکی ڕوونە لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی نێوان ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێڕاق بۆ پاراستنی ئاساییشی وڵات بەگشتی.
جێی باسە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە میدیاکانی ئێڕاق بڵاویان کردەوە کە کەسێک بەهۆی کێشەی میراتەوە لەنێو ماڵەکەی خۆیان لە ناوچەی کازمییەی باکووری شاری بەغدا تەقەی لە دایکی و دوو خوشکی کردووە و هەرسێکیانی کوشتووە و دوای ئەنجامدانی تاوانەکەش بۆ شوێنێکی نادیار ڕای کردووه. [1]