ناونیشانی بابەت: یادێک لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە
ناوی نووسەر: #سەباح عەلی جاف#
$دەستپێک:$
هەموو ساڵێک لە سێیەم پێنجشەممەی مانگی نۆڤەمبەردا (تشرینی دووەم) ئەم یادە بەڕێوەدەچێت. ئەمساڵ 2022 ڕۆژەکە دەکەوێتە 17 ی تشرینی دووەم. فەلسەفە باس لە کارلێکە جیاوازەکانی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتی و کولتووری و جوگرافی و سیاسییەکان... دەکات، بە ئامانجی بنەڕەتی باشتر تێگەیشتن لە بەشداریی فەلسەفە لە کۆمەڵگا هاوچەرخەکان و ئەو ئاڵانگارییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
$مێژووی ڕۆژەکە:$
ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە ساڵی 2002 لە لایەن یونسکۆوە ناسێندرا. لە ساڵی 2005 کۆنفرانسی گشتی یونسکۆ ڕایگەیاند کە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە هەموو سێیەم پێنجشەممەی مانگی نۆڤەمبەر بەڕێوەدەچێت.
$فەلسەفە چییە؟$
فەلسەفە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە سروشتی واقیع و بوون و ئەوەی کە دەتوانرێت بزانرێت لە دەرووبەر. بنەڕەتی چەمکەکە لە وشەی یۆنانی phílosophía هاتووە کە بە واتای 'خۆشەویستی حیکمەت' دێت. یەکێکە لە گرنگترین بوارەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ، بەو پێیەی ئاواتەخوازە بگاتە خودی مانای ژیان.
$محازەرەکانی فەلسەفەی مێژوو:$
خۆشبەختانە لە پاش بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، پار ساڵ لە بەشی مێژوو لە کۆلێژی پەروەردە - زانکۆی گەرمیان دەستم بە وتنەوەی بابەتی (فەلسەفەی مێژوو) کردووە و بە هاوکاری بەشی مێژوو ئەمساڵیش بەردەوامم لەسەر وتنەوەی محازەرەکان بە میتۆد و ڕێگای نوێ، بەندە ئاشنایەتی و خوێندنەوەم بۆ فەلسەفە باگراوندێکی تاڕادەیەک مێژووی هەیە، یەکەم بابەت بیرم دێت لەسەر فەلسەفە لە پۆلی چوارەمی ئامادەی لە ساڵی 1997 بووە، ئەویش بابەتێکی وەرگێڕداوی ڕەوانشاد جەلال تەقی لەسەر فەلسەفە لای گریک بوو، پاشتر چەند لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر چەمکی (فەلسەفەی مێژوو) نووسیوە و بڵاوکراوەتەوە، هەمیشە لای خوێندکاران جەخت لەوە دەکەمەوە کە فەلسەفە بە تایبەت فەلسەفەی مێژوو بابەتێکی ڕابردوو و دوور لە ژیان و واقیع نیە، بەڵکوو دەبێت بۆ ژیانی ڕۆژانە و ئەکادیمی سودی لێوەر بگرین، هەر لە پەراوێزی ئەم یادەدا دەکرێت بە جدی هەموو لایەک خەمێک لە ئاریشەی دروستکراوی (زانستە مرۆڤاییەتیەکان) بخۆین و ڕێگا چارەی زانستی و فەلسەفی واقیعی دوور لە چەواشەکاری بۆ بدۆزێتەوە. [1]