ناونیشان: وێنەی ژنی کورد لە سەردەمی #ئیلامییەکان#
نووسەر: #عەزیز مورادی#
وێنەی ژنانی کورد لە سەردەمی عیلامی یان ئیلامییەکان، وێنەی دەگمەنی مێژوویین، چونکە مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە. یەکێک لەو وێنانە، وێنەی ژنێکی کوردی سەردەمی ئیلامییەکانە، کە لەسەر جامێکی زیوین هەڵکەنراوە. ئەو ژنە کە پۆشاکێکی ڕازاوەی ئەو سەردەمەی لەبەرە، دوو کەرەستەی بەدەستەوە گرتووە، کە تائێستا بۆ شوێنەوارناسان دەرنەکەوتووە ئەو ژنە چی بەدەستەوە گرتووە.
لە بەشی سەرەوەی جامەکە، چەند دێڕێک بە خەتی ئیلامی نووسراون. ئەم جامە لە ناوچەی مەرودەشت لە کاتی هەڵکەندنی کارێزێک دۆزراوەتەوە و مێژووی بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە زایینی مەسیح، واتا چوار هەزار ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە.
یەکێکی دیکە لەو وێنانەی لە ژنانی کوردی سەردەمی ئیلامییەکان ماوەتەوە؛ پەیکەری شاژن ناپیرئاسۆ، هاوسەری ئۆنتاش ناپیری شا، پاشای ئیلامییەکانە، کە مێژووی بۆ هەزار و 250 ساڵ بەر لە زایینی مەسیح دەگەڕێتەوە. ئەم پەیکەرە لە مس و زێڕ و برۆنز دروست کراوە، بەرزییەکەی 130 سەنتیمەترە. ناوی یەزدانە گەورەکانی شووش و شاژن لە بەشی خوارەوەی کراسەکەی بە خەتی بزماریی ئیلامی هەڵکەنراوە. لە دەستی چەپی ئەو شاژنەدا، ئەنگوستیلەیەک هەیە، کە بە وتەی شوێنەوارناسان، کۆنترین ئەنگوستیلەی هاوسەرگیریی جیهانە، کە تایبەت بووە بە ئیلامییەکان لە کوردستانی کەونارا.
ئەو شوێنەوارە لە ساڵی 1903 لە لایەن ژاکوب دومرگان، شوێنەوارناسی فەرەنسی دۆزرایەوە و ئێستا لەناو مۆزەخانەی لۆڤەر دەپارێزرێ.
[1]