$چۆنێتیی ڕێنووسکردنی پیتی (و)$
پیتی (و) لە زمانی کوردییدا، لە هەندێک وشەدا بە یەک (و) لە هەندێک وشەدا بە دوو (و) ڕێنووس دەکرێ و دەنووسرێ کە پەیوەندیی بە پیتی بزوێن و نەبزوێنی پیتی (و)ەوە هەیە، واتە: بەپێی شوێنی لە سەرەتا و ناوڕاست و کۆتایی وشەدا هەروەها بە پێی یاساکانی ڕێنووس لە زمانی کوردیدا ڕێنووس دەکرێ، بەم شێوەیەی خوارەوە ڕوونکراوەتەوە.
$چۆنێتیی ڕێنووسکردنی (وو): $
$یەکەم$/ پیتی (وو) لە سەرەتای وشە:
پیتی (و) بە (وو) نانووسرێ، چونکە پیتی (وو) بزوێنە و پیتی بزوێنیش ناکەوێتە سەرەتای وشەوە. نموونە: وزە، وژە، وڕە، وشە، وتن، وتار لەگەڵ وڵات. (واتە هەموو پیتێکی (و)ی سەرەتا نەبزوێنە).
$دووەم$/ پیتی (وو) لە ناوڕاستی وشەوە:
ئەگەر هەردوو دیوی پیتی (و) نەبزوێن بێت، بە (وو) دەنووسرێ. نموونە: ڕوون، ژوور، چوون، پوول، بوون، سوور، لوول، نووسین، ئابووری، نووستن لەگەڵ نموونە. جگە لە وشەی (کووڕ) گەر بە (و) بنووسرێ واتاکەی دەگۆڕێ و دەبێتە (کوڕ).
$سێیەم$/ پیتی (وو) لە کۆتایی وشەوە:
پیتی (وو) گەر کەوتە کۆتایی وشە، بەمەرجێ لە پێشییەوە پیتی نەبزوێن هەبوو، بە (وو) دەنووسرێ. نموونە: بەڕوو، پەموو، توو، چوو، دوو، ڕابردوو، ڕوو، زوو، سنجوو، شوو، فوو، مازوو، لوو، موو لەگەڵ هەموو.
$چۆنێتیی ڕێنووسکردنی (و): $
$یەکەم$/ پیتی (و) لە سەرتای وشە:
ئەگەر وشەیەک بە پیتی (و) دەستپێبکات، دەبێ بە یەک (و) بنووسرێ چونکە سەرەتای هەموو وشەیەک دەبێ پیتی نەبزوێن بێت. نموونە: وەرە، وەرزش، وازی، وەستان، ویستن، ویژدان لەگەڵ واتا.
$دووەم$/ پیتی (و) لە ناوڕاستی وشەوە:
پیتی (و) لە ناوڕاستی وشەدا بە (و) دەنووسرێ گەر پیتی پێش و دوای خۆی بزوێن بێت، نموونە: ساوا، قەوی، ساواک، ساوەر.
$سێیەم$/ پیتی (و) لە کۆتایی وشەوە:
پیتی (و) لە کۆتایی وشە بە یەک (و) دەنووسرێ گەر پیتی پێشی بزوێن بێت. نموونە: ئاو، خاو، چاو، پڵاو، خۆشاو، ماستاو لەگەڵ سڵقاو.
$تێبینی$
ئەم بابەتە وەک ماستەرکڵاس لە شەوی 12-11-2022 کاتژمێر 9 بۆ 11:30 شەو بە کاتی کوردستان، بە نووسەران و ئەرشیڤوانانی کوردیپێدا پێشکەشکرا.
ئامادەکردنی: #ڕیبوار جەمال سەگرمه#[1]