شارێکی دڵگیر پڕ نرخ و جوانی شاری هەڵمەت و شاری قوربانی
کانی زیرەکیی و زمان ڕەوانی هاوتایە نەبوو بۆ #سلێمانی#
هەزار و حەوسەد لەگەڵ هەشتا و چوار مێژووی میلادە کە بۆت بوو بە شار
ڕاستییە دیرۆکییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە لە وڵاتی کوردەواردا درووستبوونی شار پێویستییەکی بابەتی بووە، لەئەنجامی پەرەسەندنی لایەنی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، فەرهەنگیی، کەلتووریی، بازرگانیی و سیاسیی کۆمەڵگە وایکردووە کە پێویستە شارێکی گەورە و پیشکەوتوو بنیات بنرێ کە ببێتە پایتەخت. نەک بە حەز و ئارەزووی تاکەکەسێک.
برایم پاشای بابان لە دیگەی ئەم تێڕوانینەوە، بڕیاری بنیاتنانی شارێکی گەورەی دا، لەپێناوی بەرەوپێشچوونی پەرەسەندنی هێز و توانای کۆی کۆمەڵگە، شاری سلێمانی بنیاتنرا. بەهیوای ئەوەی ئەم پایتەختە نوێیە، میرنشینی بابان بەهێزتر و پڕتواناتر بکات، بۆ ئەوەی ئاواتی لە مێژینەی کوردان کە لە میرنشینەکانی تردا نەهاتەدی، بهێنێتەدی و پایەکانی دەوڵەتداری دابنێ و کورد بگەیەنێتە کەناری ئارامیی.
لەو سەردەمەدا هەڵکەوتەی جوگرافیای قەڵاچوالان لەو ئاستەدا نەبوو کە بتوانێت ئەم پایتەختە گەورەیەی تێدا بنیاتبنرێ، هەر بۆیە بڕیاردرا لە پایتەخت بگوێزنەوە بۆ نێوان گلەزەردە و گۆیژە، میرانی بابان بەئاگایی و زیرەکانە شوێن و جێگەی پایتەختیان هەڵبژارد. لە ساڵی 1780 دەست بە بنیاتنانی شار کرا، دوای چوار ساڵ واتە: لە ساڵی 1784 بنیاتی شار کۆتایی هات.
سلێمانی لە ڕووی ڕووبەری ئەسترۆنۆمییەوە دەکەوێتە سەر هێڵی 35.5 پانی و هێڵی 16 درێژیی، نزیکەی 853م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، تۆبۆگرافی شار بە جۆرێکە کە چەندین چیای بەدەورەوەیە. لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتەوە زنجیرە چیاکانی #گۆیژە# و #ئەزمڕ# هەروەها لە باشوورەوە زنجیرە چیاکانی #گڵەزەردە# و بەرانانە، لە ڕۆژاواوە چیاکانی #پیرەمەگروون# و #تاسڵوجە# دەوریان داوە، تەنیا لە لای ڕۆژهەڵاتەوە بەڕووی دەشتی #شارەزوور#دا کراوەیە.
نەخشەسازی شار بە جۆرێک بوو کە تەواو سیمای شارێکی پیشکەوتووی پێوەدیاربوو، حەوت گەڕەکی سەدان ماڵیی، سەدان دووکان و بازاڕ گەورە، چەندین حەمام، خان، ئاش، ڕێگەوبان، باخ و مزگەوتی تیابنیاتنرا، میرانی بابان لە شوێنی ئێستای بازاڕی دەبۆکە کە ناسرابوو بە گردی قشڵە، بینای حوکمڕانییان دانا و دەستیان بە بەڕیوەبردنی پایتەختی نوێ کرد.
$گەڕەکەکانی شار پێکهاتبوون لە:$
$یەکەم/ #مەڵکەنی#:$
یەکەم گەڕەکی شار بووە، چونکە پێشتر گوندێکی ئاوەدان بووە، ئافرەتێکی بەناوبانگی نانبدەی لێبووە بە ناوی مەلەک خان، هەر بە ناوی ئەوەوە ناونراوە، پێکدێ لە دوو گەڕەک (پیرمەسوور و حاجی حان) .
$دووەم/ #چوارباخ#:$
چوارباخ خانوویان نزم و یەک نهۆم دەرگای حەوشەیان کلیل و کڵۆم
جێ نزرگەی وەیس لە قۆڵی ئەودیو پشت دەباخانە هەموو چەم و شیو
بریتی بووە لە چوارباخی پڕ لە میوەی جوان، ئەحمەد پاشای بابان درووستی کردووە. ئێستاش دوو باخی ماوە. پێکدێ لە (هۆڵی قەسابەکان)
$سێیەم/ #دەرگەزێن#:$
دەرگەزێن خەڵکی بە دیوەخانە بازرگان ئەشراف عەبا بە شانە
خانووی دوو نهۆم هەیوان سێ دەریی سەکۆ لە حەوشە باخچە لەوبەریی
لە ناوی دەرگەزێنی شاری هەمەدانەوە هاتووە، چونکە بەشێک لە دانیشتووانەکەی خەڵکی ئەوێن. پێکدێ لە دوو گەڕەک (سەرکارێز و سەرگوڵ)
$چوارەم/ #سەرشەقام#:$
گەڕەک پێچاوپێچ بەردەڵان و لێژ دیواری نزم و گوێسوانەی درێژ
حەوشیان بچووکە تووی تێدا ڕوواوە سەربانی ماڵیان بە چیغ گیراوە.
سەرەڕێگەی بازرگانی نێوان قەڵاچوالان، سەگەرمە و بەغدا بووە، بۆیە ناونراوە سەرشەقام. پێکدێ لە چوار گەڕەک (هۆمەرمەندان، گونجێ، حەوشی پەستەک سوور و شیوی قازی)
$پێنجەم/ #گۆیژە#: $
شەخسە فەقیرە لە گۆیژە دیارە لەویوە ئەڕوا بۆ مامەیارە
جێگەی هەڵپەڕکێی بەگلەر و ئاغا دەشتە پانەکەی ئەحمەدی ساغا
ناوەکەی لە داری گۆیژەوە هاتووە، چونکە ئەو کاتە بە شاخی گۆیژەوە زۆر بووە. پێکدێ لە چوار گەڕەک (سابوونکەران، قەزازەکان، گاوران و سەرچێمەن) .
$شەشەم/ #کانێسکان#: $
ڕووکە سەرچاوەی خوڕی کانێسکان پانیبەرز لەپێ پڕە ئێواران
ئەگریجە خاو و نەرم و چاو بە کل دەست بە سەتڵەوە دەڕۆن شل و مل
لە کانی ئاسکانەوە هاتووە، کە مەڵبەنی گەلەئاسک بووە، بێشەڵان و نشێوبووە و ئاوی زۆر تێدابووە. پێکدێ لە چوار گەڕەک (شێخان، بازاڕە بچکۆلە، ژاڵەییەکان و نووریاوا) .
$حەوتەم/ #جوولەکان#:$
داخزێ بەرەو شیوی جوولەکان کەنیشتە خواجە لە شوێنێکی پان
زەڕەنگەر پیشە و عەتاریی فێرن گەنجی بێ موویان بە ڕۆژ کۆڵگێڕن
بەناوی ئەو جوولەکانەوە ناونراوە کە ئەو گەڕەکەیان درووستکردووە.
$میستەر ڕیچ$ لە ساڵی1820دا لە شاری سلێمانی دەبێتە میوان و دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (دوای تێپەڕبوونی (36) سی و شەش ساڵ بە سەر درووستکردنی شاری سلێمانیدا، دانیشتووانەکەی پێکدێ لە (10000) دە هەزار کەس و (2144) دوو هەزار و سەد و چل و چوار خانوو، جگە لە کورد لەم شارەدا (130) سەد و سی ماڵی جوو و (9) نۆ کلدان و (5) ماڵی ئەرمەنی هەیە) ، ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کە شار دەرگای کراوەبووە بۆ چەندین نەتەوە و ئایینی جیاواز، بەشێوەیەکی تەبا پێکەوە ژیاون.
$پێکهاتەی خەڵکی شار:$
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان شار لە هەموو چین و توێژە جیاوازەکان خەڵکی بۆ هات، برایم پاشای بابان نامەی بۆ دەیان شار و سەدان گوندی ناوچەکانی دەوروبەر نارد، تێیدا بانگهێشتی خەڵکی کرد بۆ شار.
یەکەم: بەشێک لە خەڵکی شار کەسانی ئایینی و زانا و خوێندەواربوون وەکوو (#مەولانا خالیدی نەقشبەندی#) لەسەر دەستی ئەم کەسایەتییانە خانەقا و تەکییە دامەزرا و زانست و زانیایی و خوێندەواری بڵاوبووەوە.
دووەم: بەشێکی تر لە خەڵکی شار کەسانی بازرگان و پیشەوەربوون کە چەندین پیشەی جۆراوجۆریان هێنایە ناوشار و چەندین جێگە و دووکانی پیشەوەرییان دامەزراند. لەگەڵ ئەمانەدا چەندین پیشەی دەستی و کۆڵگێڕی و دەستگێڕی لەناو شاردا بوونی هەبوو.
سێیەم: بەشێکیتر خەڵکی شار شووان و جووتیار و پاڵە بوون، بە بەری ڕەنجی شانیان خۆراکی کۆی شاریان دابیین دەکرد.
چوارەم: بەشێکیتری خەڵکی شار پیاوانی پلەدار و سەرباز بوون، ئەرکیان پارێزگاریی بووە لە خەڵکی شار و دەسەڵاتی بابان.
$لەباری ڕووناکبیرییەوە:$
شار لە سەربنەمای زانست و زانیاریی بنیاتنرا، لەگەڵ درووستبوونی شاردا چەندین مزگەوتی تێدا بنیاتنرا، وەک مزگەوتی گەورەی شار، مزگەوتی خانەقا و حاجیحان و زۆری تر، لەگەڵ ئەوەدا چەندین کەسایەتی زانا و مامۆستای گەورە بۆ پایتەختی نوێ باگێشتکران، بەتایبەت (مەولانا خالیدی نەقسبەندیی، شێخ مەعروفی نۆدێی) لەسەر دەستی ئەم مامۆستا گەورانە، چەندین قوتابخانەی ئایینی دامەزران کە بووە هەوێنی پێشکەوتنی زانست و خوێندەواریی، چەندین خوێندکاری بلیمەت و بەناوبانگیان پێگەیاند، وەکوو (نالی) کە دواتر بووە هەوێنی دامەزراندنی شێوەزاری کرمانجی ناوەند، ئەو شیوەزارەی کە ئێستا ئێمەی گفتوگۆی پێدەکەین. ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی کە سلێمانی وەک شارێکی ڕۆشنبیریی بناسرێ، دوای دوو سەد و سی ساڵ وەک پایتەختی ڕۆشنبیریی ناسرا.
سەرچاوەکان:
شاری سلێمانی بەرگی یەک و دوو، ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە، 1987.
سلێمانی شارە گەشاوەکەم، بەرگی یەک و دوو. جەمال بابان، 2012.
شاری سلێمانی، لێکۆڵینەوە، هەوراز جەوهەر، 2012.
شاری سلێمانی، لێکۆڵینەوە، توانا ڕەشید، 2012.
ئامادەکردنی: #ڕێبوار جەمال سەگرمه#[1]