ناونیشانی بابەت:کێشەی کورد لە ئەتاتورکەوە تا ئەردۆغان
نووسەر: کارزان گلی
لە ساڵی 1961 چوارەم سەرکۆماری تورکیا #جەمال گوسەل#، کە بەداخەوە بەڕەگەز کوردە، لە وتارێکی دا لە ئامەد گوتی: لەم وڵاتەدا تەنیا تورک هەیە و ئەوەی بڵێت من کوردم تفێک بکەنە نێوچاوانییەوە.
#عیسمەت ئێنۆنو# کە ئەویش سەرکۆماری تورکیا بوو، دەڵێت: لەم وڵاتە شتێک نییە بە ناوی کێشەی کورد، چونکە تەنیا تورک لە تورکیا دەژی'' ئەگەرچی خۆیشی بە ڕەگەز کورد بووە.
کەنان ئێڤرەن، سەرکۆماری تورکیا لە دوای کودەتاکەی 1980 گوتی: لەم وڵاتە تەنیا تورک هەیە، ئەوەی بڵێت من تورک نیم دەتوانێت ئەم وڵاتە جێ بهێڵێت.
بەڵام لە ساڵی 2005 بۆ یەکەم جار سەرکۆماری ئێستای تورکیا #ڕەجەب تەییب ئەردۆگان# لە ئامەد بە دەنگی بەرز گوتی: لەم وڵاتە کێشەیەک هەیە بە ناوی کێشەی کورد، دەبێت هەر لە سەردەمی مندا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
ئەردۆگان تا ساڵی 2014 هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی پرسی چارەسەری لە تورکیا برە و پێ بدات و کێشەی کورد چارەسەر بکات، بەڵام بەرپابوونی شەڕ کە دەستی #پەکەکە# و دەوڵەتی تورکیای لە پشت بوو، کێشەی کوردی لە بار برد و نەتوانرا سوود لە و گوتەیەی ئەردۆگان وەربگرن.
بە داخەوە ئێستا ئەردۆگان وەکوو ساڵی 2005 بیر ناکاتەوە، ئەگەرچی زۆر لە سەرۆکە پێشووترەکانی تورکیا باشتر بووە بۆ کورد، بەڵام ئەویش ئێستا بە دەنگی بەرز دەڵێت: یەک وڵات، یەک ئاڵا، یەک میللەت، یەک زمان.
پرسی کورد لە تورکیا پرسێک نییە دەوڵەت بتوانێت بەئاسانی فەرامۆشی بکات، چونکە زیاتر لە 100 ساڵە لە تورکیا کورد هەوڵی داوە مافەکانی وەدەست بهێنێت و تاوەکوو ئێستایش هەر هەوڵی بۆ دەدات و ماندوو نەبووە. ئەگەرچی نەتوانراوە لە بەرانبەر ئەو سەرۆکانەی دەسەڵاتی تورکیایان گرتووەتە دەست، کورد مافەکانی خۆی مسۆگەر بکات، بەڵام ئەوەی گرنکە بەردوام ئیرادەیەک هەبووە بۆ ئەوەی لە خەبات بەردەوام بن.
هەندێک پێیان وایە کە بوونی پەکەکە، یاخود دروستبوونی پەکەکە وای کردووە لە تورکیا کێشەی کورد هەبێت، واتە ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئیدی لە تورکیا شتێک نەبووە بە ناوی کێشەی کورد، کە ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیه.
نووسەر و سیاسەتمەداری کورد #کەمال بورکای#، کە بەر لە دروستبوونی پەکەکە سەرۆکی پارتی سۆسیالیست بووە لە تورکیا، هەروەها خەباتی زۆری کردووە بۆ ناساندنی کێشەی کورد بە دنیا و ڕای گشتیی تورکیا، دەڵێت: ئەوە بوونی پەکەکە نییە کێشەی کوردی لە تورکیا دروست کردووە، بەڵکوو ئەوە کێشەی کوردە پەکەکەی دروست کردووە.
بەداخەوە تاوەکوو ئێستاش پەکەکە پێی وایە کە ئەگەر پەکەکە نەبوایە لە تورکیا شتێک نەبووە بە ناوی کێشەی کورد. لە کاتێکدا سۆسیالیست و چەندین کەسایەتیی کوردی لیبراڵ لە تورکیا بە خەباتی قەڵەم و خۆپێشاندان توانیبوویان لە تورکیا کێشەی کورد زیندوو بکەنەوە. ئەوان بەردەوام لەلایەن سەرۆکەکانی تورکیاوە وەکوو هەڕەشە بۆ سەر خاکی تورکیا تەماشا کراون، کە ئەوکات پەکەکە هەر بوونی نەبووە.
لە ساڵانی شەست تاوەکوو حەفتا و هەشتاکان میللەتی کورد دووچاری زوڵم و ستەمکارییەکی زۆر بووبوووەوە. هەزاران گوندی کورد سووتان و ڕووخێنران، سەدان لاوی کورد بەبێ هیچ هۆکارێک و بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت خرانە زیندانەوە. ئەشکەنجەی ناو زیندانەکانی تورکیا هەزاران کوردی کردە قوربانی و سووکایەتی بە نامووس و کەرامەتی هەزاران کورد کراوە، کە ئەمانە هەمووی لەسەر دەستی سوپای تورکیا بووە بۆ بنبڕکردنی کورد. ئەمەیش نموونەیەکی زیندووە بەوەی بزانین کە بەر لە پەکەکەیش خەباتی سیاسیی کورد چەند جێگەی مەترسی بووە بە لای تورکیاوە، بۆیە بەردەوام هەڕەشەیان لێ کراوە و سووکایەتی بە میللەتی کورد کراوە.
سەرۆکەکانی تورکیا هەموویان یەک لە یەک خراپتر بوون بۆ کورد، بەڵێنەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد تەنیا ئەو کاتە بووە کە کورد بەهێز بووە و لە خۆئامادەکردنێکی باشدا بووە بۆ سەرهەڵدان و ویستوویانە بیانخافڵێنن و سەرهەڵدانەکانیان بتوێننەوە.
تاکە سەرۆک کە جێگەی ئومێدی کورد بووە و لە هەموو لایەکەوە پشتگیری کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد (رەجەب تەییب ئەردۆگان) بووە. لە سەردەمی ئەویشدا کوردانی باکوور توانییان هەناسەیەک بە ئازادانە هەڵمژن وەکوو قسەکردن بە زمانی کوردی و چاپکردنی پەڕتووکی کوردی و کردنەوەی تەلەڤزیۆنێکی تایبەتی دەوڵەت بە ناوی TRT کوردی، هەروەها کردنەوەی چەندین ڕۆژنامە بە زمانی کوردی کە ئەمانە هەمووی پێشتر وەکوو گوناحێکی گەورە تەماشا کراوە لە تورکیا. بەڵام بەداخەوە هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سەردەمی ئاک پارتیدا کە ماوەی 15 ساڵە بە تەنیا حکوومەتی تورکیا پێک دەهێنێت، نەیتوانیوە لە ئاست داخوازاییەکانی کورد بێت و بڕگەکانی پرسی چارەسەری تەنیا 20%ی جێبەجێ کراوە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە، ئەردۆغان دوای ئەوەی بووە کەسی یەکەمی تورکیا، وەکوو سەرۆکەکانی پێشووتری تورکیا، دەڵێت لە تورکیا شتێک نییە بە ناوی کێشەی کورد، ئێمە چارەسەرمان کردووە.
ئەردۆغان، ماوەی 20 ساڵ دەبێت پارتەکەی لە دەسەڵاتە، لەو ماوەیەدا نەیتوانی بە بڕیارێک خوێندن بەزمانی کوردی لە دەستووردا جێگیر بکات و بە یاسای تیرۆری وڵاتەکەیدا بچێتەوە. نۆتی قسەکردنی ئەردۆغان، وەکوو 2005 تا 2013 نییە، ئەو گوێ بە مافی کورد نادات و دەڵێت برای ئێمەن، بەڵام نازانێت برا دەبێت وەکوو یەک مافیان هەبێت و وەکوو یەک لە خێر و بێری دەوڵەت بخۆن، بەو مانایەی دەوڵەت وەکوو باوک سەیر دەکرێت.
ئەگەر ئەردۆغان، هەنگاوی کرداری نەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و جێگیرکردنی لە دەستووری تورکیادا، لەم هەڵبژاردنەدا، کۆتایی بە دەسەڵاتی دێت و ئیمپراتۆرییەتەکەی بە دەستی دەنگدەری کورد دەڕووخێت.
[1]