گرتەیەکی ڤیدیۆیی #لەتیف ڕەشید# سەرۆک کۆماری ئێڕاق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و بەهۆی گرتە ڤیدیۆییەکەش کاردانەوەی زۆر دروست بووە.
گرتە ڤیدیۆییەکە تایبەتە بە وتارێکی سەرۆک کۆماری ئێڕاق، کە لە کۆنگرەی کەش و هەوا لە شەرەمولشێخ لە میسر پێشکەشی کردووە و لە وتەکەیدا دەردەکەوێت، زمانی لە کاتی قسەکردن دەیگرێت و چەند هەڵەیەکی زەقیش دەکات.
لە بەشێکی وتەکەیدا لەتیف ڕەشید، وشەی (الاحتساب) لەجێگەی (الاحتباس) بەکاردەهێنێت، کە ئەوەش پێچەوانە دەبێت و تەواوی واتای وتارەکەی دەگۆڕێت.
سەرۆک کۆمار، لەجیاتی ئەوەی بڵێ ئێڕاق یەکێکە لەو وڵاتانەی کاریگەری گەرمای زۆر بەسەرەوەیە، دەڵێت: ئێڕاق یەکێکە لەو وڵاتانەی بووەتە هۆی گەرم کردنی گۆی زەوی و کەش و هەواکەی.
ئەم ڕستەیە کاردانەوەی زۆری دروست کردووە و بەشێکی زۆر لە کاردانەوەکان ڕەخنەی توند لە سەرۆک کۆمار دەگرن و باس لەوە دەکەن، کە توانایەکی لاوازی هەیە لە وتاردان و تەنانەت ناتوانێت ئەو پەرەگرافەش بخوێنێتەوە، کە بۆی نووسراوە.
لەتیف ڕەشید، لە 10ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێڕاق هەڵبژێردرا، کە ڕکابەری #بەرهەم ساڵح# سەرۆک کۆماری پێشوو بوو.
جاری یەکەمی نییە سەرۆک کۆماری ئێڕاق بکەوێتە هەڵەوە و لە ڕۆژی دەستبەکار بوونیشی، لە 17ی تشرینی یەکەم لە کاتی ڕۆشتن بەسەر فەرشی سوور و جێبەجێکردنی مەراسیمی دەستبەکار بوونەکەی هەڵەیەکی کرد، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
لەو ڕۆژەدا لەتیف ڕەشید لەجیاتی ڕۆشتن بەسەر فەرشی سوور بۆ ناو کۆشکی سەلام، لایدا و ویستی بە نیوە بڕ بچێتە کۆشکەکەوە، تا سەربازێک هەڵەکەی بۆ ڕاستکردەوە و ڕێگەی نیشاندا.
ئەمەش کاردانەوەی زۆری دروست کرد و زۆرێک وا وەسفیان کرد، کە سەرۆک کۆمار هەر لە ئێستاوە دەیەوێت لە ڕێگەی قیر لابدات و لە خۆڵەکەوە لێبخوڕێت.
هەروەها کاتێکیش بەشداری لە لوتکەی عەرەبی لە مەغریب کرد، لە میانی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری ئێڕاق لەلایەن سەرۆکی مەغریبەوە، لەتیف ڕەشید دیسان کەوتە هەڵەو نەیزانی چۆن وەڵامی سڵاوی سەربازی بداتەوە و شوێنی خۆی لێ تێکچوو.
ئەم هەڵانە ئێستا کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە و ڤیدیۆ و وێنەکانی سەرۆک کۆماری ئێڕاق زۆرترین دەستا و دەست دەکەن و کۆمێنتی جۆراوجۆری لەسەر دەنووسرێت. [1]