$چۆنیەتی نووسینی (هاوەڵناوی ژمارەیی)$
ئاوەڵناو وشەیەکە وەسفی ناو دەکات، لەناو ڕستەدا دەبێتە دیارخەری ناو و گرێ درووستدەکات (هاوەڵناو وشەیەکی واتادارە، بە وشەی پێش و پاش خۆیەوە نالکێت) .
هاوەڵناوی ژمارەیی دابەش دەبێت بۆ سێ بەش:
$یەکەم/ هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی$:
بریتییە لەو ژمارەیەی کە ناوێک دەژمێرێت، لەگەڵ ناوەکەدا گرێ درووستدەکات، هاوەڵناوە ژمارەییەکە وەک وشەیەکی واتادار سەربەخۆ دەنووسرێت و نالکێت بە وشەی پیش یان پاشی خۆیەوە.
ژمارە یەک تا نۆ پێیان دەوترێت هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی سادە، لەناو ڕستەدا سەربەخۆ دەنووسرێن. نموونە: چوار قەڵەم دەکڕم.
ژمارە دە و چەندجارەکانی وەکوو دە، بیست، سی، .... پێیان دەوترێت هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی سەرەگرێ، لە ڕستەدا سەربەخۆ دەنووسرێن. نموونە: بیست پەرتووکی کڕی.
ژمارە یازدە تا نۆزدە پێیان دەوترێت هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی تێکەڵ، بەم شیوەیە دەنووسرێن: (یازدە، دوازدە، سیازدە، چواردە، پازدە، شازدە، حەڤدە، هەژدە لەگەڵ نۆزدە) .
ژمارە بیست و یەک بۆ سەرەوە، پێی دەوترێت هاوەڵناوی ژمارەیی بنجی لێکدراو، لەبەر ئەوەی ژمارە لێرەبەدواوە گەورە دەبێت، هەر ژمارەیەک ببژێردری، ئامرازی لێکدەری (و) دەخرێتە نێوانی ژمارەکان، نموونە: چوار سەد و هەشتا و شەش پەرتووکی هەیە.
$دووەم/ هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن$:
بەو هاوەڵناوە ژمارەییانە دەوترێت کە جۆرێک ڕیزبەندی بە بژاردنی ناوەکان دەدەن، ژمارە و پاشگرەکان پێکەوە دەلکێن.
هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن بەپێی دوو یاسا درووست دەبێت:
هاوەڵناوی ژمارەیی+ەم = هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن. نموونە: خوێندکاری یەکەم زیرەکە.
هاوەڵناوی ژمارەیی+ەمین = هاوەڵناوی ژمارەیی ڕێکخستن. نموونە: یەکەمین مرۆڤ کێ بوو کە چووە سەر مانگ.
$سێیەم/ هاوەڵناوی ژمارەیی کەرتی$:
بریتییە لەو ژمارەیەی کە بەشێک لە ژمارەیەکی تەواو نیشاندەدات، وشەیەکی واتادارە و بەتەنیا دەنووسرێت، نالکێت بە وشەی پێش یان پاشی خۆیەوە. نموونە: نیوەی نانەکەم خوارد.
ئەگەر ژمارە کەرتییەکە سەرە یەک و ژێرە سێ بۆ نۆ بێت، ژمارەکە سەربەخۆ دەنووسرێت. نموونە: دوو لەسەر شەش دیوارەکەم ڕەنگ کرد.
ئەگەر ژمارەکە کەرتی دەیی بوو، بەم شێوەیە دەنووسرێت. نموونە: لەسەدا هەژدەی کارەکانم ئەنجامدا.
$تێبینی$
ئەم بابەتە وەک ماستەرکڵاس بە ڕێگەی ئۆنڵاین، لە شەوی 12-11-2022 کاتژمێر 9 بۆ 11:30 شەو، بە کاتی کوردستان بە نووسەران و ئەرشیڤوانانی کوردیپێدا پێشکەشکرا.
ئامادەکردنی: #ڕێبوار جەمال سەگرمه#[1]