$یەکەم/ چۆنیەتیی نووسینی (هاوەڵناوی بکەریی داڕێژراو و لێکدراو)$
وشەیەکە بەهۆی چاوگەوە لەگەڵ پیشگر و پاشگر دێتە درووستکردن (هاوەڵناو وشەیەکی واتادارە، پێکەوە دەنووسرێت، بە وشەی پێش و پاش خۆیەوە نالکێندرێت).
$هاوەڵناوی بکەری داڕێژراو:$
نموونە بۆ قەدی چاوگ: نووستوو، مردوو، فڕیو، بەزیو، خوێندەوار. وەکوو: کەڵەشێری بەزیو شەڕناکات. منداڵی نووستوو بەخەبەر مەهێنە.
نموونە بۆ ڕەگی چاوگ: نووسەر، خوێنەر، فرۆشیار، گەڕۆک، کوشندە. بخۆر. وەکوو: مرۆڤی نووسەر خوێنەر و ڕووناکبیرە. دەردی کوشندە دەرمانی نییە.
نموونە بۆ ناوی واتایی و پاشگر: تاوانبار، ستەمکار، پەروەردگار، ترسناک، خەمناک. وەکوو: پەروەردگار مرۆڤی ستەمکار نابەخشێت.
نموونە بۆ ناوی بەرجەستە و پاشگر: نانەوا، شاخەوان، باڵندە، سەروەر. وەکوو: مرۆڤی سەروەر سەربەرزە.
$هاوەڵناوی بکەری لێکدراو:$
نموونە بۆ ناو و ڕەگی چاوگ: پیاوکوژ، خواپەرست. وەکوو: مرۆڤی پیاوکوژ تاوانبارە.
نموونە بۆ هاوەڵناو و ڕەگی چاوگ: کەچبین، تیژڕەو. وەکوو: شۆفێری تیژڕەو تووشی زیان دەبێت.
نموونە بۆ هاوەڵکار و ڕەگی چاوگ: کەمخۆر، زۆرخۆر. وەکوو: کەسی زۆرخۆر لە ژیاندا شکستدەخوات.
نموونە بۆ ناو و ڕەگی چاوگ و پاشگر: نانخۆر، خەباتکەر. وەکوو: مرۆڤی خەباتکەر ورە بەرنادات.
نموونە بۆ جێناوی خۆیی و ڕەگی چاوگ: خۆبیین، خۆڕاگر، خۆهەڵکێش، خۆلەناوبەر. وەکوو: کەسی خۆهەڵکیش کەس گوێی بۆ ناگرێت.
$دووەم/ چۆنیەتیی نووسینی (هاوەڵناوی کراوی داڕێژراو و لێکدراو)$
وشەیەکە بەهۆی چاوگەوە لەگەڵ پیشگر و پاشگر دێتە درووستکردن (هاوەڵناو وشەیەکی واتادارە، پێکەوە دەنووسرێت، بە وشەی پێش و پاش خۆیەوە نالکێنرێت).
$هاوەڵناوی کراوی داڕێژراو:$
نموونە بۆ ڕەگی چاوگ و پاشگر: خنکێنراو، هەڵواسراو، سەپێنراو. وەکوو: نامەی نووسراو کۆدەکاتەوە.
نموونە بۆ قەدی چاوگ و پاشگر: هەڵبژاردە، کردە، خواردە. وەکوو: مرۆڤی هەڵبژاردە بۆ هاوڕێیەتی باشە.
$هاوەڵناوی کراوی لێکدراو:$
نموونە بۆ ناو و ڕەگی چاوگ: سەرتاشراو، سەربڕاو.
نموونە بۆ هاوەڵناو و ڕەگی چاوگ: ماڵسووتا و ڕەشهەڵگەراو.
نموونە بۆ قەدی چاوگ و پاشگر: کۆچکردوو، سەرکەوتوو، سەرخستوو.
نموونە: (دڵشکاو) مرۆڤی دڵشکاو غەمبارە.
نموونە: (جەرگبڕاو) دایکانی جەرگبڕاو جێگەی بەزەیین.
نموونە: (ماڵسووتاو) پیاوی ماڵسووتاو دەبێت لە سەرەتاوە دەستپێبکاتەوە.
ئامادەکردنی: #ڕێبوار جەمال سەگرمه#[1]