$ لێکدانەوەیەکی زانستی بۆ دروستبوونی گەردوون و هاتنەکایەوەی بوون$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک لێکدانەوە و بۆچوونی زانستی نوێ لەسەر چۆنیەتی دروستبوون وهاتنەکایەوەی گەردوون کە لە خوارەوە بەکورتی وردی دەکەمەوە بەتایبەتی ئەوانەی زانا و پرۆفیسۆری فیزیا پاوڵ ستێنهارت لە زانکۆی پرینستۆن لە ئەمەریکا، بە بڕوای من هەموو بوون بێ کۆتایە، گەردوونی ئێمەش تاکە گەردوون یان تاکە گیرفانە گەردوون نیە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی بێ کۆتا لە دروستبوون و هاتنەکایەوەی بوونی نوێ هەیە، ئەمەش بەبەردەوامی ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوونی تر یان گیرفانە گەردوونی تری دروستکردووە و دروست دەکات، کەواتە هەموو بوون بێ کۆتایە و نەبوونیش یان نەبوونی پەتی لە فەرهەنگی گەردووندا نیە، چەمکی نەبوونی پەتی یان نەبوونی تەواو تەنیا دروستکراوی هزر و بەئاگایی ئێمەیە!
هەموو بوون بێ کۆتایە و نەبوونیش یان نەبوونی پەتی لە فەرهەنگی گەردووندا نیە، چەمکی نەبوونی پەتی یان نەبوونی تەواو تەنیا دروستکراوی هزر و بەئاگایی ئێمەیە!
لەگەڵ ئەوەی کە گەردوونی ئێمە بە نیمچە دڵنیاییەوە سەرەتای هەبووە و لەوانەشە سنوردار بێت، بەڵام مەرج نییە ئەم گەردوونە هەموو بوون بێت، مەرجیش نییە هەموو بوون سنوردار بێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، نوێترین لێکدانەوەی زانستی بە سوود وەرگرتن لە بواری کوانتەم بۆ تەقینەوە گەورەکە و چۆنیەتی دروستبوونی گەردوونی ئێمە کە دەیبینین و چاودێری دەکەین ئاماژە بەوە دەکات هەموو بوون بێ پایان و بێ کۆتایە!
نوێترین لێکدانەوە و بۆچوون بۆ دروستبوونی گەردوون یان هاتنەکایەوەی بوون چییە؟
لە ئێستادا باشترین لێکۆڵینەوە بۆ ڕوودانی بیگ بانگ یان تەقینەوە گەورەکە ئەوەیە کە گەردوونی ئێمە تاکە گەردوون یان تاکە گیرفانە گەردوون نەبووە و نیە، هەموو بوون بریتییە لە ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوون بە هی ئێمەشەوە، واتە دەریای بوون دەریایەکی بێ کۆتایە!
فیزیای کوانتەمی پێمان دەڵێت دەشێت لەنێو بۆشایی یان بڕێک وزە و تەنۆچکە فلەکچوەیشن ڕووبدات، ئەو گەردوونەی ئێمەش کە تیایداین تەنیا یەکێکە لەو گیرفانە گەردوونانەی کە دروستبوون و بەردەوام دروست دەبن!
کەواتە گەردوونی ئێمە چۆن دروست بووە؟
گەردوونی ئێمە لەنێو ڕوودانی ئینفلەیشنێکی بێ کۆتادا دروست بووە، بە پێی ئەم لێکداوەنە لەنێو ئەو ئینفلەیشنە بەردەوام و بێ کۆتایەدا لەهەر کوێیەک کوانتەم فلەکچوەیشن ڕوویدابێت یان ڕووبدات ئەوا گەردوونێک یان گیرفانە گەردوونێک دروست بووە یان دروست دەبێت بە خەسڵەت و یاسای فیزیایی جیاواز لەوانەی تر، فیزیای کوانتەمیش پێمان دەڵێت دەشێت لەنێو بۆشایی یان بڕێک وزە و تەنۆچکە فلەکچوەیشن ڕووبدات، ئەو گەردوونەی ئێمەش کە تیایداین تەنیا یەکێکە لەو گیرفانە گەردوونانەی کە دروستبوون و بەردەوام دروست دەبن!
ئەی ئینفلەیشن چییە؟ کوانتەم فلەکشوەیشن چییە؟ بەڵگە چییە بۆ ئەم لێکدانەوە نوێیە؟
بەسادەیی ڕوونی دەکەمەوە، ئینفلەیشن واتە کشانێکی ئێجگار کتوپڕ و زۆر زۆر خێرا لە بڕێکی زۆر کەم لە بۆشایی یان بڕێک لە تەنۆچکە و وزە، ئەگەر کشانێک پێی بووترێت ئینفلەیشن دەبێت ئەوەندە خێرا بێت کە مەزەندەکردنی زۆر ئەستەمە، بۆ نموونە ئەوەندەی کشانی بڕێک لە بۆشاییە کە هێندەی تۆپێکی پێ بێت بۆ قەبارەی گەردوونی بینراوی ئێستامان لە ماوەیەکی ئەوەندە کەم کە بڕی کاتەکە کەمتر بێت لە یەک لەسەر ترلیۆنەها ترلیۆنەها چرکە، کاتەکە هێندە کەمە لە بیرکاری یەکسانە بە 10 توان نێگەتیڤ 36 چرکە.
کوانتەم فلەکچوەیشنیش لە فیزیای کوانتەم بریتییە لە گۆڕانی بڕی وزە لە بڕێک لە بۆشایی، ئەمەش کاتی خۆی لەلایەن زانای بەناوبانگ وانەر هایزنبێرگ پشتڕاستکرایەوە و بەو هۆیەوە لە ساڵی 1932 خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیا وەرگرت.
بەڵام بەهۆی وەستانی ئینفلەیشن لەکات و شوێنێک ئەوە ڕوویداوە کە ئێمە پێی دەڵێین تەقینەوە گەورەکە، بەوهۆیەشەوە ئەم گەردوونە یان ئەم گیرفانە گەردوونە دروستبووە کە ئێمەی تێداین و دەیبینین و چاودێری دەکەین، بێ گومان بۆ بەئاگایی ئێمە ئەم گەردوونەی ئێمە تیایداین هەموو بوونە.
ئایینشتاین بڕوای بە هاتنەکایەوەی گەردوون هەبوو لە خاڵی سینگولاریتیەوە چونکە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئایینشاین تەنیا ئەو چارەسەرەی پێیە، کێشەی بیردۆزەکەی ئایینشتاین ئەوەیە کە ناتوانرێت ئاشنا بکرێت لەگەڵ یاساکانی فیزیای کوانتەم، بۆیە تەنیا لە دۆخی سینگولاریتیدا ئەو بۆچوونەی ئەو ڕاستە، بەڵام ئەو لێکدانەوەی ئایینشتاین بۆ چۆنیەتی هاتنەکایەوەی گەردوون کۆمەڵێک پرسیاری وەڵام نەدراوەی پێیە!
مۆدێلی ئینفلەیشنی بێ کۆتا لە ساڵی 1983 هاتە کایەوە لەلایەن فیزیاناسان پاوڵ ستێنهارت و ئەلکسانەر ڤالانکین، بەپێی ئەم مۆدێلە گەردوونی ئێمە یان گیرفانە گەردوونی ئێمە و ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوونی تریش لە نێو ئەو ئینفلەیشنە بێ کۆتایە لەدایک بوون و بەردەوام لە دایک دەبن بەهۆی ڕوودانی دیاردەی کوانتەم فلەکشوەیشن لە کات و شوێنی جیاجیا لە نێو ئەو ئینفلەیشنە بێ کۆتایەدا، بەپێی ئەم مۆدێلەش کات و بۆشایی هەبووە پێش دروستبوونی گەردوونی ئێمە یان پێش ئەو ڕووداوەی ئێمە پێی دەڵێین تەقینەوە گەورەکە، لەسەرەتاش بۆچوونێک هەبوو کە ئینفلەیشنەکە سەرەتای هەبووە بەڵام بێ کۆتا دەبێت، بەڵام پاوڵ ستێنهارت لە نوێترین لێکۆڵینەوە و بۆچوونەکانیدا دەڵێت ئینفلەیشنەکە بێ کۆتا بووە واتە نە سەرەتا و نەکۆتایی نیە، ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا پێش ئەو ئینفلەیشنە چی هەبووە و لەکوێوە هاتووە؟ بێ گومان ئەگەر بێ کۆتا بێت ئەوا ئەم پرسیارەی سەرەوەش بێ مانا دەبێت.
بوون و پڕۆسەی بوون بێ کۆتایە، واتە نەبوونی تەواو یان هیچ یان هیچی پەتی بێ مانا دەبێت لەنێو بوون کە لەم دۆخەدا بێ کۆتایە.
بێ گومان ئەم لێکدانەوەی پاوڵ ستێنهارت پێچەوانەی بۆچوونی ئایینشتاینە کە دەڵێت کات و بۆشایی ئاسمان لەگەڵ دروستبوونی تەقینەوە گەورەکە دروستبووە، لەڕاستیدا ئایینشتاین بڕوای بە هاتنەکایەوەی گەردوون هەبوو لە خاڵی سینگولاریتیەوە چونکە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئایینشاین تەنیا ئەو چارەسەرەی پێیە، کێشەی بیردۆزەکەی ئایینشتاین ئەوەیە کە ناتوانرێت ئاشنا بکرێت لەگەڵ یاساکانی فیزیای کوانتەم، بۆیە تەنیا لە دۆخی سینگولاریتیدا ئەو بۆچوونەی ئەو ڕاستە، بەڵام ئەو لێکدانەوەی ئایینشتاین بۆ چۆنیەتی هاتنەکایەوەی گەردوون کۆمەڵێک پرسیاری وەڵام نەدراوەی پێیە، لەوانە بۆچی بۆ هەر لایەک بڕوانین لە گەردوون و چاودێری بکەین دەبینین دابەشکردنی بارستە و وزە بەشێوەیەکی ڕێکە، لە دۆخی تەقینەوەیەکی ڕاستەقینەی گەورەدا لە خاڵی سینگولاریتیەوە دەبووایە بارستەکان بە ناڕێکی بڵاوببنەوە و شوێن و بۆشایی زۆر زۆر گەورەی بەتاڵی دروستبکردایە لەنێو گەردوون، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە ئەوە نابینین، ئەم لێکدانەوە نوێیەی فیزیاناس پاوڵ ستێنهارت وەڵام و لێکدانەوەی بۆ ئەم کێشە و پرسیارە پێیە، هەروەها وەڵامیشی پێیە بۆ گەورەترین پرسیار و گومان لەسەر بۆچوونەکەی ئایینشتاین کە دەڵێت چی هەبووە پێش تەقینەوە گەورەکە؟ ئایینشتاین هیچ وەڵامێکی بۆ ئەم پرسیارە پێ نەبوو، لەڕاستیدا کێشەی ئایینشتاین تا مردنیشی ئەوەبوو کە ئاشناییەکی ئەوتۆی لەگەڵ بواری کوانتەم نەبوو، هەروەها ئارەزووی بەو بوارەش نەبوو، بەڵکوو خولیا و ئارەزووی ئەو زیاتر بۆ بواری فیزیای کلاسیکی بوو، هەتا ئەو وتەیەکی بەناوبانگیشی هەیە دەربارەی ئەمە و دەڵێت: خودا زار فڕێنادات، واتا خودا شتێک ناکات ئەنجامەکەی نەزانێت، ئەمەش ئاماژەیە بە دیاردەی نادیاری و ناڕوونی لە ڕووداوەکان و ئەنجامەکان لەسەر ئاستی تەنۆچکەکان لە چوارچێوەی ئەو تاقیکردنەوانەی کە لە بواری کوانتەمدا دەکرا و دەکرێت، وەکو ئەوەی بڵێت ئەو بڕوا بە ئەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوانە ناکات.
ئەم بۆچوونە نوێیەش بۆ هاتنەکایەوەی بوون دەگونجێت لەگەڵ بیردۆزی سترینگ کە دەڵێت ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوون هەیە، چونکە لە ژمارەیەکی بێ کۆتا لە کات و شوێنی جیاواز بەهۆی وەستانی ئینفلەیشن ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوون دروستبووە و دروست دەبێت.
بەڕاستی ڕەهەندی بیرکردنەوەی ئێمەی مرۆڤ ناتوانێت مەزەندەی دوو چەمک بە تەواوی و بە قووڵی بکات بەبێ سود وەرگرتن لە ماتماتیک، دوو چەمکەکەش نەبوونی پەتی و بێ کۆتایە.
ئەمە مانای چییە ئەگەر بوون بێ کۆتا بێت؟ لێکەوتە و ئەنجامەکانی چی دەبێت؟
بەبێ ماتماتیک ئێمەی مرۆڤ لەڕووی زانستیەوە ئیفلیج دەبین وهیچ نازانین، ماتماتیک پێمان دەڵێت و فێرمان دەکات کە لە نێو بوونێکی بێ کۆتا ژمارەیەکی بێ کۆتاش لە ئەگەر دروست دەبن. واتە دەشێت لەنێو ئەو بوونە بێ کۆتایە لە گەردوونی تر ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەبێت کە لەوانەبێت ڕووبدات، بۆ نموونە چونکە ئێمە لێرە هەین بۆیە دەشێت ئەمە لە ژمارەیەکی بێ کۆتا لە گەردوونی تریش ڕوویدابێت یان ڕووبدات، بەڕاستی ڕەهەندی بیرکردنەوەی ئێمەی مرۆڤ ناتوانێت مەزەندەی دوو چەمک بە تەواوی و بە قووڵی بکات بەبێ سود وەرگرتن لە ماتماتیک، دوو چەمکەکەش نەبوونی پەتی و بێ کۆتایە.
هەروەها بەپێی ئەم بۆچوون و لێکدانەوەش لەبەر ئەوەی پڕۆسەی هەموو بوون بێ کۆتایە بۆیە هەموو بوون هەر هەبووە و هەر دەبێت، واتە سەرەتا و کۆتایی نەبووە و نابێت، ئەمەش مەزەندەکرنێکی زۆر زۆر قوڵی دەوێت چونکە تێگەیشتمان بۆ هاتنەکایەوەی بوون بەتەواوەتی دەگۆڕێت.[1]