$وردترین شیکاری زانستی دەربارەی کات$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
وشەی کات زۆرترین بەکارهێنانی هەیە لە هەموو زمانەکان!
هەریەکە لە ئێمە تێگەیشتنێکی خۆی هەیە بۆ کات، بەڵام ئایا بەڕاستی کەسمان بەتەواوی دەزانین کات چییە؟
هەریەکە لە (ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو) چین و پەیوەندیان چییە بە یەکتر؟
گرنگترین پێناسە زانستیە جیاوازەکان بۆ کات چین؟
لەوانەیە توشی جۆرێک لە سەرسوڕمان ببن ئەگەر پێتان بڵیم تا ئێستا ئێمەی مرۆڤ کەسمان لەڕووی زانستیەوە بە تەواوی و سەدا سەد نازانین کات چییە، چۆن دروستبووە وکەی دەستی پێکردووە، تا ئێستا پێناسەیەکی یەکگرتوومان نییە بۆ کات، هەر زانایەک یان فەیلەسوفێک لە چەند سەدە و هەزارەی ڕابردوو بە جۆرێکی جیاواز پێناسەی کردووە.
لە ئێستادا پێناسە گشتی و زانستیەکەی کات ئەمەیە: لە هەر شوێنێکی گەردوون بیت کات بریتییە لە بەردەوام بوونی ئێستا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی هەبوون و ڕووداوەکان، کات هەردەم بە یەک ئاڕاستە بەردەوام دەبێت، بە ئێستادا تێدەپەڕێت و دەبێتە ڕابردوو، ئێستاش بە بەردەوامی دەچیتە پێشەوە و بەرەو داهاتوو دەڕوات.
پێناسەیەکی زانستی فیزیای کلاسیکییش هەیە بۆ کات کە زۆر جار پێشی دەووترێت پێناسەکەی ئیسحاق نیوتن بۆ کات، ئەو دەڵێت کات سەربەخۆیە و ئەزەلیە، واتە بێ کۆتایە هەر هەبووە و هەر هەیە، پەیوەندی بە شوێن و بۆشایی ئاسمانەوە نییە و جیا لە گەردوون هەر هەیە و هەر هەبووە.
بەڵام ئێستا زۆربەی فیزیاناسان کۆکن لەسەر ئەوەی تا ئێستا پێناسەکەی ئایینشتاین بۆ کات وردترینانە لەگەڵ ئەوەی وەڵامی هەموو پرسیارەکان ناداتەوە دەربارەی کات، بەپێی هەردوو بیردۆزی ڕێژەیی ئایینشتاین کات بە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشەوە ئەزەلی نیە، کات لەگەڵ دەستپێکی تەقینەوە گەورەکە کە گەردوونی ئێمەی لێ دروستبووە لەگەڵ شوێن بەیەکەوە دروست بوون و دەستیان پێکردووە، بەپێی بیردۆزەکانی ئایینشتاین کات تێکهەلکێشی بۆشاییە واتە شوێنە، هیچ مانا و پێناسەیەکیشی نابێت بەبێ دیاریکردنی شوێن.
هەروەها بەپێی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئایینشتاین کات و بۆشایی ئاسمان هەردووکیان دەچەمێنەوە بەهۆی هێزی کێشکردن بەدەوری بارستەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی کات لەو شوێنانەی لێی دەچەمێتەوە، بۆ نموونە لەسەر سنوری ڕووداوەکان بەدەوری کونەڕەشەکان یان لێواری کونەڕەشەکان، ئەویش بەهۆی زۆری هێزی کێشکردن ڕوودەدات، واتە لەسەر لێواری سنوری نەگەڕانەوەی کونەڕەشەکان کات بەتەواوی دەوەستێت.
هەر بە پێی لێکانەوەکانی ئایینشتاین ئێستای ئێمە واتە ئێستای سەر گۆی زەوی دەشێت داهاتووی شوێنێکی تربێت، ئێستای خۆر دەبێتە داهاتوو بۆ ئێمە، ڕابردووی ئەستێرەیەکی تر یش بۆ نموونە ئێستایە بۆ ئێمە چونکە ئێستا تیشکەکان لەو ئەستێرەوە گەیشتون بە ئێمە، کەواتە هەموو چرکەیەک، ساتێک یان کاتێک دەشێت ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش بێت لە هەمان کاتدا، ئایینشتاین هۆکاری ئەمە دەگێڕێتەوە بۆ سنورداری خێرایی تیشک لە نێو گەردوون، ئەو سنورداریەش وای کردووە ئەگەر لە دوو شوێنی جیاوازی گەردوونەوە چاودێری یەک دیاردە یان هەمان ڕووداو بکرێت ئەوا لە هەر یەکێک لەم دوو شوێنە لە دوو کاتی جیاوازدا ئەو ڕووداوە دەبینرێت، ئەم دیاردەیە بە تاقیکردنەوەش سەلمێنراوە بۆ ئێمە.
کەم و کوڕی بیردۆزەکەی ئایینشتاین ئەوەیە کە لێکدانەوەکان و هاوکێشەکانی لە لێوار و چەقی کونەڕەشەکان، هەروەها پێش تەقینەوە گەورەکە کاریان پێناکرێت، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت بیردۆزی سترینگ چارەسەری ئەم کێشەیە بکات و لێکدانەوەیەکی زۆر گشتی پێ بێت بۆ کات و شوێن.
فەیلەسوفەکانیش بەدرێژایی مێژوو پێناسەی جیاواز جیاوازیان هەبووە بۆ کات، زۆربەیان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کات شتێکی بەردەوامە، سەرەتا یان وەستان یان چوونە دواوەی نیە، هەموو ڕووداوەکان تیایدا بە یەک ئاڕاستە دەڕۆن، کاتیش ڕابردووی دروست کردووە، کات ئێستایە و داهاتووش دروست دەکات.
هەروەها بەپێی هەندێک پێناسەی فەلسەفی تر ڕابردوو هیچ نیە، هەرگیز دووبارەش نابێتەوە، لەوانەیە بتوانین هەست بە هەندێک نیشانە بکەین لە ئێستادا کە ئێمەی مرۆڤ بە ئاماژەی دادەنێین بۆ ڕابردوو، ڕابردووش بۆ ئێمە تەنیا لە هزری ئێمەدا ماوە، داهاتووش نیە، ئێستا هەیە، هەموو بوونێک لە ئێستایە، ئێستا یانی بوون. [1]