$بۆچی ئاو گرنگە بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی ژیان$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
بۆچی هیچ خانەیەکی زیندوو بەبێ ئاو دروست نابێت و ناتوانێت بژییت؟
ئاو سەرنج ڕاکێشترین و سەرسوڕهێنەرترین ئاوێتەی نێو گەردوونە، لە هەردوو توخمی هایدرۆجین و ئۆکسجین پێک دێت، هایدرۆجین توخمە باو و سەرسوڕهێنەرەکەی گەردوونە، لە هەموو کونجێکی گەردوون هەیە، ئۆکسجینیش لەنێو چەقی ئەستێرەکان بەزۆری لە کۆتایی تەمەنی ئەو ئەستێرانە دروست دەبێت، دوای تەقینەوەی ئەو ئەستێرانە ئۆکسجین لەگەڵ توخمە قورسەکانی تر بڵاو دەبێتەوە لە بۆشایی ئاسمان بەنێو تەمە هایدرۆجینیەکانی تر، دواتر لە هایدرۆجین و توخمە قورسەکانی تری ئەو تەمە هایدرۆجینیە نەوەیەکی نوێ لە ئەستیرە و کۆمەڵەی خۆری تر دروست دەبێت، هەر لەبەر ئەمەیە ئۆکسجین و توخمە قورسەکانی تریش لەنێو ئاوێتەکانی سەر ڕووی زەوی هەن، یەکێک لەو ئاوێتانەش ئاوە کە لە دوو گەردیلەی هایدرۆجین و یەک گەردیلەی ئۆکسجین پێک دێت.
ئاوی گۆی زەوی چۆن و لەکوێ دروست بووە..؟ چۆن ئاو لە گەردوون دروست دەبێت؟
ئێستا دەزانین کە لەکاتی دروستبوونی ئەستێرەکان بەشێک لەو تەمەی ئەستێرەکە دروست دەکات بەشێوەی دیسک بە دەوری ئەستێرەکەدا دەمێنێتەوە، دواتر ئەو دیسکە بەش بەشەی چڕ دەبێتەوە و هەسارۆکەکان و کلکدارەکان دروست دەکات، لەگەڵ چڕبوونەوەی ئەو بەشانە لەژێر بارودۆخێکی گونجاودا ئەگەر توخمی ئۆکسجین لە تەمەکە هەبوو ئەوا بڕێکی لەگەڵ توخمی هایدرۆجین یەکدەگرێت و ئاوێتەی ئاو دروست دەکەن، ئەو ئاوەش لەنێو ئەو هەسارۆکە و کلکدارانەدا چڕ دەبێتەوە کە لەناو دیسکەکەدا دروست دەبن، بەپێی دوری ئەو هەسارۆکە و کلکدارانە لە ئەستێرەکانیان دەشێت ئەو ئاوە بەشێوەی شل یان بەستوو بمێنێتەوە، دواتر لەتۆپەڵ بوون و بەریەککەوتنی ئەو هەسارۆکانە هەسارەکان دروست دەبن، ئەو ئاوەی لەنێویاندایە دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو هەسارانە، بڕی ئاو لەسەر هەسارەکان لەگەڵ بەرکەوتنی کلکدارەکان و هەسارۆکەی تریش ڕوو لە زۆربوون دەکات، بەپێی نوێترین لێکدانەوەش دەشێت بڕێک لەو ئاوەی سەر گۆی زەوی لەسەرەتای تەمەنی گۆی زەوی بەهۆی گۆڕانکاریە جیۆلۆجیەکانیش دروست بووبێت، بەکورتی ئەو ئاوەی لەنێو کۆمەڵەی خۆر هەیە و لەسەر هەسارەی زەوی هەیە تەمەنی نزیکەی ئەوەندەی تەمەنی کۆمەڵەی خۆرە کە پترە لە 4.5 بلیۆن ساڵ واتە 4500 ملیۆن ساڵ.
بۆچی ئاو گرنگ بووە بۆ سەرهەڵدان و دروستبوونی ژیان؟
بەپێی هەموو لێکۆڵینەوەکان ژیان لەسەر ڕووی زەوی دروست نەدەبوو و نەدەمایەوە بەبێ بوونی ئاو، لەبەر ئەوەی ئاو بەشێوەی شل هەبووە و هەیە لەسەر گۆی زەوی بۆیە وەکو ناوەندێک گرنگ و پێوست بووە بۆ ڕوودانی ئەو هەموو ئەو کارلێکە کیمیاویانەی کە ڕوویانداوە لەسەرەتاکانی تەمەنی گۆی زەوی کە پێویست بوون بۆ دروستبوون و سەرهەڵدانی ژیان، دوای دروستبوونی ژیانی سەرەتاییش ئاو گرنگ و پێویست بووە بۆ گۆڕینەوەی توخم و ئاوێتە پێویستەکان لە نێوان خانە زیندووەکان و گەیاندنی ئەو توخم و ئاوێتانە بەو خانانە.
بۆچی هیچ زیندەوەرێک و هیچ خانەیەکی زیندوو بەبێ ئاو ناتوانێت بژییت؟
هەموو زیندەوەرێک و خانەیەکی زیندوو لە بەکتریایەک تاوەکو نەهەنگێک پێویستی بە ئاوە بۆ ئەوەی بژییت و بەردەوام بێت لە ژیان، هەندێک لە زیندەوەران بەبێ ئۆکسجین دەتوانن بژیین بەڵام ناتوانن بەبێ ئاو هەبن و بژیین، بەبێ بوونی ئاو هەموو ژیان بەو شێوەیەی دەیزانین لەسەر گۆی زەوی نەدەبوو و ناتوانێت بەردەوام بێت، هەموو کار و زیندەچالاکیەکانی ناو خانە زیندووەکان پێویستیان بە ئاوە بۆ بەردەوام بوون لەژیان هەر لە گواستنەوەی خۆراک بۆ ئەنجامدانی زۆربەی کارلێکە کیمیاویەکان لە نێو خانەکان تاوەکو شیکردنەوەی ئەو خۆراکانە و گۆڕینیان بۆ وزە.
هەموو ئاوی سەر ڕووی گۆی زەوی و ژێر زەوی لەسوڕێکی بەردەوامدایە، بۆ ئەوەی هەموو ئەو بڕە ئاوەی لەسەر هەسارەی گۆی زەویە یەک جاری تەواو بەو سوڕەدا تێبپەڕێت پێویستی بە نزیکەی 11.2 ملیۆن ساڵە، کەواتە ئەو بڕە ئاوەی لەنێو لەشی هەریەکەمانە و بۆ ماوەیەکی کەم لەوێیە و دەمێنێتەوە، دوایی بەردەوام دەبێت لەو سوڕە، بۆیە هەر دڵۆپە ئاوێک کە لە لەشی هەریەکەماندا هەیە یان کە دەیخۆینەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەوانەیە لەنێو لەشی داینەسۆرێک بووبێت..! یان دڵۆپە ئاوێکی ناو بارانێک بووە، بە دڵنیاییەوە شەپۆڵەکانی زەریاش بووە، لەژێر زەوی یان لەناو قەد و گەڵای درەختێک بووە.
هەموو ئەو ئاوەی ئێستا لەسەر ڕووی گۆی زەوی و بەرگە هەوا و چینەکانی ژێرەوەی زەوی هەیە بڕەکەی نزیکەی 1385 ملیۆن کیلۆمەتر سێجایە، نزیکەی 96.5% لەو بڕە لە زەریاکانە بەشێوەی ئاوی سوێر، ئەوەی تریش کە دەمێنێتەوە ئاوی شیرین و سازگارە لە دەریاچە و ڕووبارەکان و ژێر زەویە، هەندێکیش لەو ئاوە سازگارە بەشێوەی بەفرە لە دۆخی بەستوو دایە لە جەمسەرەکانی گۆی زەوی، بڕێکی زۆر کەمیش لەنێو بەرگە هەوادا هەیە بەشێوەی هەڵمی ئاو و هەورەکان.[1]