$سەرەتایەک بەرەو فەلسەفەی زانست$
نووسینی: #ڕەوا زەیدان#
فەلسەفەی زانست وەک لقێکی گرنگی فەلسەفە، لە زانکۆکانی جیهاندا بایەخ و گرنگیی زۆر پێدەدرێ، چونکە ئەم لقە بریتییە لە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی وشیکاری بۆ زانست و میتۆدی زانستی و مێژووی زانست و لایەنەکانی ئیتیکی زانستی. بۆیە زاناکان بەردەوام لە چاوەڕوانیی بۆچوونی فەیلەسوفانی زانستن لە سەرجەم ئەو بوارانەی کە پەیوەستن بە پڕۆسەی توێژینەوەی زانستییەوە، چ لە بواری میتۆدی ولۆجیکی زانستییەوە یان تێگەی زانستی ئەو گوڕانکاریانەی بەردەوام ڕوودەدەن لە بواری زانینی زانستیدا ئەمانە. پێویستیان بە تێروانینی فەلسەفیی نوێ هەیە، بۆ ئەوەی کەم و کورتییەکانی تیۆرە زانستییەکان پر بکرێنەوە، یان ئەو کەلێن و جیاوازییەی لە نێوان زانست وفەلسەفەدا هەیە، ئەوە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە ئەوەی هەیە لە نێوان زانستەکاندا چارەسەر بکرێن. ئەم ئەرکە فەلسەفەی زانست ڕایدەپەرێنێ.
دەتوانین بڵێین دیاریکردنی سنور و سیمای فەلسەفەی زانست، وەک بەشێکی پسپۆری و سەربەخۆ و نایاب، وەک چالاکییەک ئامانج لێی پێکهێنانی زانینێکی دروستە دەربارەی زانینی زانستی یان تیۆری زانستی، لەگەڵ دارشتنی زاراوەی “ زانا” سەری هەڵدا، لە بیستەکانی سەدەی نۆزدەدا. ئەم داڕشتنە تەنها وشەیەک نەبوو، کە لە ئینسکلۆپیدیادا تۆمار بکرێ، بەڵکوو واتا وئاماژەی خۆی هەبوو بەوەی، کە توێژینەوەی زانستی خاوەنی سیماو تایبەتمەندی خۆیەتی و چالاکییەک خاوەنی ئامراز و شێوازی خۆیەتی لە پڕۆسەی بەرهەم هێنانی زانینیدا. لێرەوە فەلسەفەی زانستیش خۆی وەک هەمان ئامرازی زانین خستەڕوو” میتۆدی زانستی”. بەڵام دەکرێ بڵێین لە دایکبوونی ڕاستەقینەی فەلسەفەی زانست لەگەڵ فەیلەسووفی پۆزەتیفیزم “ ئوگست کونت” دەست پێدەکا، کاتێ باس لە گرفتی سەرەکی زانست دەکا، بەوەی کە بریتییە لەوەی گرفتەکە هەڵگری مۆرکی پۆزەتیفیزمییە. بۆیە فەلسەفەی پۆزەتیفیزم بریتی نییە “ لە زانستە پوزتیفیزمییەکان، بەڵکوو خوێندنەوەیە، بۆ مێتۆدی ئەو زانستانە و ئەو میتۆدە، میتۆدی پۆزەتیڤیزمە، کە بریتییە لە دوا قۆناغەکانی گەشەی هزری مرۆیی”. ئەوەی گرنگە لێردا ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، پۆزەتیڤیزم، نەوەک فەلسەفە و نەوەک میتۆد، دوا قۆناغی فەلسەفەی زانست نەبوو، بەڵکوو کۆمەڵێ ڕێبازی تر پەیدا دەبن پێیان دەوترێ “ڕێبازی دوای پۆزەتیفیزم” و فەیلەسوفانی ئەم ڕێبازە نوێیە لە ئاستی فەلسەفەی زانستدا ناسراون ئەوانیش ” کارل پۆپەر – تۆماس کون – ئمری لاکاتوش – پاول فیرابند- لاری لودان.” لە گریکی کۆندا چەند قوتابخانەیەکی فەلسەفەی زانست هەبوون لێرەدا بە کورتی باسی هەندێکیانم کردووە. قوتابخانەی فیساگۆرسییەکان: ئەمانە کۆمەڵەیەکی زانستیی ئایینی سیاسیی بوون، لە ژێر سیستەمێکی هاوبەشدا، لە بواری ماتماتیک و مۆسیقا و گەردوونناسی کاریان دەکرد. پێیان وابوو، زانست چاکترین ئامرازە بۆ خاوێنکردنەوەی دەروون و ئەخلاق. ئەم کۆمەڵەیە لە لایەن فیساگۆرسەوە دامەزرا و گرنگی زۆریان بە ماتماتییک دا، لە فەلسەفەکەیاندا، بۆیە بە میتۆدی ماتماتیکییانە، بوون و سرووشتیان ڕاڤە دەکرد لەڕێگای ژمارەکانەوە، چونکە ئەوان لە ژمارەکاندا بە دوای ڕەسەنایەتی بووندا دەگەڕان نەک لە ڕێگەی کەرستەوە. بۆیە بەوە گەیشتن، کە جیهان ژمارەیە، ئەو ژمارەیە کە سەرجەم بوونەوەرانی تر پێکدەهێنی. قوتابخانەی ئیلیاییەکان: لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە بڕوایان بەوە هەیە کە بوون چەسپاوە و گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەم بوونە سنوردارە هەر شتێک سنوری نەبوو ئەوە نەبوونە بەڵام ئێمە بەردەوام لە ڕێگای هەستەکانەوە دەیبنین کە جیهان لە گۆڕاندایە، بۆیە ئەوان دەڵێن هۆکاری ئەوە پەیوەستە بە هەستە هەڵخەڵەتێنەرەکانەوە. چونکە ئاوەز دەرک بە دۆخی چەسپاوی جیهان دەکا، نەک هەست.
لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە:
1- ئەکسینیافون: دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیەیە و دەڵێت: جیهان یەک پارچەیە، ئەویش بریتییە لە یەزدان، ئەم خوایەتییە ئەزەلییە و گۆڕانی بەسەردا نایە و نابێ بە نەبوون و فۆڕمی سەرجەم شتەکان لە ئەزەلدا لەگەڵیدا هەبووە.
2- پارمێنیدس: ڕێکخەری ڕێبازەکەیە و دەڵێت: بوون هەبووە و ناکرێ نەبوون بێ، نەبوونیش بوونی نییە و ناکرێ هەبێت، بۆیە ئەم بوونە پەرشوبڵاو نییە، بەڵکوو یەک پارچەیە، لە شێوەی جەستەیەکی خڕ، کە لە سەنتەرەوە بە هەموو ئاڕاستەکاندا دەکشێ.
قوتابخانەی سرووشتی نوێ: فەیلەسوفانی گریگی جارێکی تر بابەتی جیهان و کەرەستەیان کردە بابەتی دیالۆگ و گفتوگۆکردن، لە سەر بنەمای ئەوەی کە کەرەستە گۆڕانی بەسەردا نایە. دورستبون و نەبوونی ڕەها ڕەتدکەنەوە. ئەوان دۆخی گۆڕانیان تەنها لە فۆڕمی جەستەی نوێدا چڕکردووتەوە، کە لە جیهاندا ڕوودەدەن، بڕاویان وایە کە پڕۆسەی دروستبوونی جەستەکان لە ئەنجامی جیابوونەوە و کۆبونەوەی کەرەستەدا دروستبوون.[1]