$ماشێنت کات لەنێوان ڕاستی و خەیاڵدا$
نووسینی: #ڕەوا زەیدان#
ئایدیای گەشکردن بە کاتدا توخمێکی بیرکردنەوەی مرۆڤە، دەکرێت مرۆڤ هەر لەسەرەتای بوونەوە تاوەکو ئێستا، هەمیشە حەز و ئارەزووی بۆ ئەوە هەبووبێت کات بگەرێنێتەوە ڕابردوو، هەر لە سەرەتاکانی بیرکردنەوە و ڕامان و وردبوونەوە لە ژیان بیرۆکەی گەشتکردن بە کاتدا لای گەڵاڵە بووە. هەر لەو چرکە ساتەوە کە مرۆڤ بیر لە ڕابردووی خۆی دەکاتەوە، ڕووداوەکانی پێشووی خۆی وە بیرهێناوەتەوە، هەندێ جار ئاواتی گەرانەوەی ئەو کاتە خۆشانە بووە کە تێیدا بووە، هەندێ جاریش حەزی کردووە ڕابردووی خۆی بگەرێنێتەوە و گەنج بێتەوە، هەڵەکانی چاک بکاتەوە و گۆرانکاری لە ژیانیدا بکات و توانای ڕاستکردنەوەی ڕابردووی هەبێت، ئەمە یەکێکە لە بنچینەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤە بۆ گەرانەوە بۆ ڕابردووە.
جگە لەمەش مرۆڤ هەمیشە خولیایی ئەوەی هەبووە داهاتووی خۆی بزانێت و ئاگاداری ڕووداوەکانی داهاتوو بێت ئەمەش یەکێکی تر لە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ بووە سەبارەت بە سەفەرکردن بە کاتدا. بنچینەی ئایدیای سەفەرکردن بەکاتدا، تایبەت نییە بە سەردەمی ئێمە، بەڵکوو مێژوویەکی زۆر کۆنتری هەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین لە سەردەمی ئێمەدا لەرێگەی یاسا فیزیاییەکانەوە پاساو دەدرێت کە ئەو سەفەرە لە فیزیای تیۆریدا مومکینە. لەسادەترین پێناسەدا ماشێنی کات بریتییە لەو ئامێرەی کە دەتوانیت لەرێگەیەوە سەفەر بەرەو ڕابردوو یاخود داهاتوو بکەیت.
یەکێک لەو پرۆفیسۆرە فیزیایەنەی خەونی گەشتکردنی بە کاتدا و ئارەزووی گەرانەوەی بۆ ڕابردوو هەبووە، پرۆفیسۆر ڕۆن ماڵت بوو، باوکی ڕۆن جگەرەکێشێکی سەرسەخت دەبێت، کاتێک تەمەنی دەگاتە 33 ساڵ بەهۆی جەڵدەی دڵ کۆچی دوای دەکات، لەوکاتەدا ڕۆن تەنها تەمەنی 10 ساڵ دەبێت. کاتێک ڕۆن دەگاتە تەمەنی 11 ساڵی چاوی بە پەڕتووکی ماشێنی کاتی هێربێرت وێلز دەکەوێت، دەربارەی پەڕتووکەکە دەڵێت: (کاتێک چاوم بە ناونیشانەکەی کەوت زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بەڵام کاتێک ناوەرۆکەکەیم خوێندەوە سەرنجراکێشتربوو لام بەتایبەت کاتێک دەڵێت: زانستخوازان زۆر باش دەزانن کات چەشنی بۆشاییە، چۆن دەتوانین لە بۆشایدا بۆ پێشەوەوە دواوە برۆین لە کاتیشدا بەهەمان شێوە دەتوانین بۆ ڕابردوو و داهاتوو برۆین). ڕۆن دوای خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە بیرۆکەی دروست کردنی ماشێنی کات لە مێشکیدا دروست دەبێت و بیرۆکەی گەرانەوەی بۆ ڕابردوو لا گەلاڵە دەبێت، ڕۆن دەیویست لە ڕێگەی ماشێنی کاتەوە بگەرێتەوە ڕابردوو، تاوەکو دووبارە باوکی ببینێت و باشتر ئاگاداری تەندروستی باوکی بێت و ڕێگر بێت لەجگەرە کێشانی بەرێژەیەکی زۆر.
کات بە ڕەهەندی چوارەم دادەنرێت لەدوای سێ ڕەهەندەکەی تر، زۆر کەس پێیان وایە ئەلبێرت ئەنیشتاین یەکەم کەس بووبێت باسی کاتی وەک ڕەهەندی چوارەم کردبێت بەڵام ئەمە بە تەواوی هەڵەیە. یەکەم کەس دەربارەی ماشێنی کات دووا، نووسەری ئینگلیزی هێربێرت وێڵزە کە لە پەڕتووکی ماشێنی کاتدا بۆ یەکەم جار کاتی وەک ڕەهەندی چوارەم دە ساڵ بەر لە ئەنیشتاین باسکردووە، پەڕتووکی ماشێنی کات پەڕتووکێکی زانستی خەیاڵییە، لە ساڵی 1895بڵاوکراوەتەوە بەشێوەی تەکنیکی چیرۆک لەناو چیرۆکدا، لەچیرۆکەکاندا بیرۆکەی گەشتکردن بە کاتدا لە ڕێگەی ئامێرەێکەوە بەکارهێنراوە، وێڵز لە پەڕتووکەکەیدا لەرێگەی کارەکتەرێکی چیرۆکەکەیەوە بەم شێوەیە باسی کات دەکات: (لەنێوان کات و سێ ڕەهەندەکەی تری فەزایی جیاوازییەک نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئێمە بەدرێژای کات دەجوڵێین). زۆرێک لە فەیلەسوفان ئەو پرسیارە دەوروژێنن کە بۆچی لە فەزادا تەنها سێ ڕەهەند هەیە، بۆچی ئاڕاستە یان ڕەهەندێکی تر ستون بۆ سەر ئەو سێ ڕەهەندە بوونی نەبێت؟ وێڵز لە زمانی کارەکتەری چیرۆکەکەیەوە دەڵێت دەکرێت ڕەهەندی چوارەم هەر ئەو شتە بێت کە ئێمە پێی دەڵێین کات. بەر لە چەند سەدەیەک ئیسحاق نیوتن باسی لە هێزێک کرد کە تەنەکان بەرەو زەوی ڕادەکێشێت و وادەکات زەوی بەدەوری خۆردا بسورێتەوە، ئەم هێزەی بە هێزی کێشکردن ناوبرد بەڵام نەیتوانی شێوازی کارکردنی ئەم هێزە ڕوونبکاتەوە، کاتیش لە بیردۆزەکەی نیوتندا شتێکی ڕەهابوو. خێرایش بەپێی تەنەکانی تر دیاری دەکرا، ماسکوێڵ'یش لە کارۆموگنەکاریدا پێچەوانەی نیوتن دەیگوت خێرای دیاریکرا و نەگۆرە.
لە ساڵی 1905 ئەنیشتاین توانی چارەسەری ئەم جیاوازییەی بەینی ماکسوێڵ و نیوتن بکات، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیردۆزی ڕێژەیی تایبەتەوە، ئەنیشتاین سەلماندی کە کات ڕێژەییە و کاتێک بە خێرایەکی زۆر بەناو بۆشایدا تێپەردەبین کات خاو دەبێتەوە، لەمەشەوە کات لە شتێکی ڕەهاوە کرد بە شتێکی ڕێژەیی. تیۆری ڕێژەیی تایبەت تەنیا لەبارەی ئەو تەنانەوەیە کە لەسەر هێڵێکی ڕاست و بەخێراییەکی جێگیر دەجوڵێن هەروەها ڕەفتاری ئەو تەنانە لەگەڵ یەکتر لێک دەداتەوە، کاتێک ئەنیشتاین تیۆرییەکی گشتی تری دۆزییەوە، لۆژیکی بوو ناوی بنێت تیۆری ڕێژەیی گشتی ئەم تیۆرییەیان زیاتر ڕوونکەرەوەی سەفەر کردن بوو بە کاتدا. زانای فیزیای میچیۆ کاکو پێی وابوو بیردۆزی ڕێژەیی گشتی ئەنیشتاین لە دوورەوە بیردۆزێکی قەشەنگ و جوانە، بەڵام ناوەرۆکەکەی پرە لە شەیتان و خەونی ترسناکی وەک کوونە سپییەکان و کونەرەشەکان و کونەکرمییەکان و ئامێری کات.
جگە لە پەڕتووکەکەی هێربێرت وێلز لە چەند فیلم و کارێکی ئەدەبی تردا ئامێری کات بەکارهاتووە. لەم دواییانەشدا زنجیرەیەکی ئەڵمانی بەناوی دارک بەرهەمهێنرا کە سوودی لە زۆرێک لە بیردۆزە فیزیایەکان وەرگرتبوو، سەرەتای زنجیرەکەش بە وتەیەکی ئەلبێرت ئەنیشتاین دەستپێدەکات کە دەڵێت: (جیاکردنەوەی نێوان ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو تەنها وەهمێکی عینادانەی هەمیشەییە). کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕێژەیبوونی کات کە ئەنیشتاین لە بیردۆزی ڕێژەیی گشتیدا باسی دەکات، وەک پێشتر باسم کرد، ئەنشتاین لە ساڵێ 1905 بیردۆزی ڕێژەیی تایبەتی بڵاوکردەوە کە سەلماندی کات ڕێژەییە و کاتێک بە خێراییەکی زیاتر بەناو بۆشاییدا تێدەپەرین کات خاو دەبێتەوە بەمەش کات لە شتێکی ڕەهای نەگۆرەوە بووە شتێکی ڕێژەیی. لە زنجیرەکەدا چەند کەسێک لەو ساڵانەی ڕووداوەکانی تێدا ڕوودەدەن گەشت دەکەن لەرێی کونێکی کرمی ناو ئەشکەوتێکەوە کە بەهۆی ڕووداوێکەوە لە وێستگەی وزەی ئەتۆمی ڤیندن لە ساڵی 1968 دروست بووە. کونی کرمی کەپێشی ئەوترێت پردی ئەنیشتاین-رۆوزن لە ساڵی1916 بە تیۆریی باس کراوە و لە ساڵانی 1930 بەدواوە زیاتر پەرەی پێدراوە. ئەم کونانە لەگەڵ بیردۆزی ڕێژەیی ئەنیشتاین گونجاون، ئەشکرێ ئەم کونانە بوونیان هەبێت بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە، ئەم کونانە وەک ڕێگایەکی قەدبر لە نێوان دوو خاڵی بۆشایی و کاتە کە دەتوانێت بە دووریەکی زۆر کاتێکی زیاتر کورت بکاتەوە. یەکێکی تر لەو ڕێگایانەی کە لەفیلمەکەدا بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی کونە کرمییەکان، بەکارهێنانی تەنۆلکەی خودایە کە لە زانستدا بە بۆزۆنی هیگز ناسراوە، تەنۆلکەی خودا ئەو تەنۆلکەیە کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی تەنۆلکەکانی تر بارستە وەربگرن، بۆیە پێشی دەوترێت تەنۆلکەی خودا چونکە زانایان پێیان وابووە هاوشێوەی خودا زۆر قورسە بدۆزرێتەوە و کەشف بکرێت، لەبەشێکی زنجیرەکەدا تەنۆلکەی خودا لەرێگای تێسلا کۆیلەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دروست کردنی کونی کرمی. بۆزۆنی هیگز لە ساڵی 2012 لە تاقیگەی سێرن لەسەر سنوری نێوان سویسرا-فەرەنسا سەلمێنرا و دوای ئەم سەلماندنەش ساڵی 2013 نۆبڵی فیزیا بەخشرایە هەریەک لە پیتەر هیگز و فرانکۆس ئینگلێرت.
گەر بێت و ڕۆژێک ماشێنی کات بدۆزینەوە، یاخود دروستی بکەین ئەوا ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی کۆمەڵێ پارادۆکس دەبینەوە کە هەوڵمداوە بە کورتی باس لە هەندێکیان بکەم، گرنگترین و دیارترین پارادۆکس بریتییە لە پارادۆکسی دایەگەورە و بابەگەورە، کاتێک تۆ بەکاتدا دەگەرێیتەوە بۆ ڕابردووە، دەگەیتە کاتێک هێشتا دایکت یاخود باوکت لە دایک نەبووە، بەرێکەوت لە ڕووداوێکدا دایەگەورەت یاخود بابەگەورەت دەکوژیت، بەمەش هیچ کات دایکت لە دایک نابێت، سەرنجام تۆش لە دایک نابیت و بوونت نابێت، کاتێکیش تۆ بوونت نەبێت و لەدایک نەبێت، دایەگەورەت هیچ کات نامرێت. قوفڵی هۆیەتی یەکێکیترە لەو پارادۆکسانەی کە ڕووبەرووی دەبینەوە لە کاتی سەفەرکردن بە کاتدا، قوفڵی هۆیەتی واتە ئەو شتانەی لە داهاتوو ڕوودەدەن کار لە ڕابردوو دەکەن هەروەک چۆن ڕابردوو کار لە داهاتوو دەکات، بۆیە ڕووداوەکان قوڵفەیەکی داخراوی بازنەیدان و کار لە یەک دەکەن. دەتوانین بە نموونەیەکی باو و سادە ئەم قوڵفەی داخراوە ڕوونبکەینەوە: بۆ نموونە برایەکی تۆ لە تەمەنێکی هەرزەکاریدا توشی ڕووداوێکی نەخوازراو دەبێت، لەسەر شەقامێک سەیارە لێی دەدات و دەمرێت، دوای چەند ساڵێک ماشێنی کات دروست دەکەیت و دەگەرێیتەوە بۆ ڕابردوو تاوەکو لەو ڕۆژەدا ڕێگە لەو ڕووداوە بگریت و نەهێڵیت براکەت توشی ئەو ڕووداوە بێت و بمرێت، کاتێک دەگەرێیتەوە ئەو ڕۆژە سواری سەیارە دەبیت بە خێراییەکی زۆر دەرۆیت تاوەکو فریای براکەت بکەویت، لەرێگەدا توشی ڕووداوێک دەبیت و خۆت دەکێشی بە کەسێکدا، کاتێک دادەبەزیت دەبینیت براکەتە، ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە شتەکان ناگۆردرێن و لە قوڵفەیەکی داخراودا داهاتوو و ڕابردوو کار لە یەک دەکەن و پێکەوەبەستراون و پێشتر بریاریان لێ دراوە. ئەمەش لە زنجیرەکەدا زیاتر ڕوونکراوەتەوە، کاتێک جۆنەس دەیەوێت بگەرێتەوە ڕابردوو ڕێگە لە خۆکوشتنی باوکی بگرێت، بەڵام بۆی دەردەکەوێت ئەوە خۆیەتی وا لە باوکی دەکات کە خۆی بکوژێت ئەمەش دووبارە سەلمێنەری قوڵفەی هۆیەتییە جگە لەوەش لە چەند ڕووداوێکی تری زنجیرەکەدا باسی ئەم قوڵفەیە کراوە. یەکێکی تر لەو پارادۆکسانە بریتییە لە خۆیە هاوکاری، ئەم پارادۆکسەیان بریتییە لە نەدۆزینەوەی بنچینە، واتە کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات نازانرێت کامیان هۆکاری کامیانە و بنچینەکەی دیار نییە، بۆ نموونە تۆ ئەمرۆ هەر سێ یاساکەی نیوتنت لەبەردەستە، لەرێگەی ماشێنی کاتەوە سەفەر دەکەیت و هەر سێ یاساکە دەدەیت بە نیوتن و نیوتنیش هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەیان و بەناوی ئەوە ئەناسرێ و پێی بەناوبانگ دەبێت واتە نیوتن بەم جۆرە گەیشتۆتە سێ یاساکەی، ئایا ئێستا خاوەنی یاساکان تۆیت یان نیوتن؟ خۆ هەردووکتان یاساکانتان کۆپی کردووە! کەواتە نازانرێت بنچینەی یاساکان چییە و کێ خاوەنیەتی.
یەکێکی تر لەو شتە باوانەی کە باس دەکرێ بریتییە لە پشیلە بەناوبانگەکەی شرۆدینگەر، لە ساڵی 1935 ئیروین شرۆدینگەر لە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەنیشتاین باسی کردووە. کورتەی باسەکە ئەوەیە گەر بێت و پشیلەکە بخەینە نێو سندوقێکی داخراو، لەگەڵیدا هۆکارێک بۆ مردنی پشیلەکەش دابنێین، بۆ نموونە پارچە گۆشتێکی ژەهراوی، پاشان سەری سندوقەکە دابخەین، لێرەدا ئەگەرێک دادەنێین کە ٪50 بە ٪50 یە ئەویش ئەگەری ئەوەی پشیلەکە گۆشتەکە بخوات یان نەیخوات، کەواتە پشیلەکە یان زیندووە یان مردوو، شرۆدینگەر دەڵێت تا ئەو ساتەی سەری سندوقەکە لانەبەین و سەیری پشیلەکە نەکەین، ئەوا پشیلەکە لە دۆخێکدایە هەم زیندووە و هەم مردوو کە ئەمەش پێی دەوتریت دۆخی چونەسەریەک، دۆخی چونەسەریەک کۆکراوەی هەموو ئەو دۆخانەیە کە ئەگەریان هەیە. ئەوە ئێمەین بە تێروانیمان پشیلەکە ناچاردەکەین بچێتە دۆخێکیانەوە، مردن یان زیندوومانەوە، شرۆدینگەر ئەم نموونەیەی بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو کێشەیەی کە لە لێکدانەوەکانی کۆپنهاگندا هەبوو لە فیزیای کوانتەمدا و کاریگەری کەسی سەیرکەر لەسەر دۆخی شتێک. یەکێکی تر لەو بابەتە باوانەی لە زنجیرەکە باسی دەکرێت گەردونی هاوتەریبە واتە لەپاڵ ئەم گەردوونەی ئێمە چەندین گەردوونی دیکەش هەن بە هەمان یاسا و جیاوازییەکی کەمی ڕووداوەکان، گەردوونە هاوتەریبەکان بەشێکن لە فرەگەردوونی، هەر گەردوونێکی وەک ئێمە، گەردوونێکی تری هەیە لەگەڵیدا کە بۆ نموونە ئەگەر تۆ لێرە کارێک ئەنجام بدەیت لەوێ پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەیت، لێرە گەر تۆ ناوێکت هەبێت لەوێ ناوێکی جیاوازتر هەیە، لێرە گەر تۆ سەر بەخێزانێک بیت لەوێ سەر بە خێزانێکی جیاوازتری. کۆی ئەم گەردوونە هاوتەریبانە پێیان ئەوترێ فرە گەردوونی، فرە گەردوونی تیۆرییەکی نەسەلمێنراوی بێ بەڵگەیە و هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەش لە دژی نییە. کیپ تورن لە پەڕتووکی کونە ڕەشەکان و چەمانەوەی کاتدا دەڵێت؛ دروست کردنی ماشێنی کات لەئاستێکی زۆر بەرزتر دایە بەراورد بەو دەستکەوتە تەکنەلۆجیایانەی ئێستا، وەک چۆن سەفەرکردن بۆ بۆشایی ئاسمان زۆر بەرزترە لەتوانای مرۆڤی ئەشکەوت. لێرەدا مەبەست لەوەیە گەرچی سەفەرکردن بە کاتدا لەروانگەی یاسا فیزیاییەکانەوە مومکین بێت، ئەوا دروست کردنی ماشێنی کات لەم زەمەندا ئەستەمەو مومکین نییە. ئارسەر سی کلارک نووسەری چیرۆکە خەیاڵییە زانستییەکان بەم شێوەیە کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنێت. [1]