$بۆچی هەموویان خڕ و گۆیین هۆکارەکە چییە؟$
نووسینی: #لوقمان حەوێز#
شیکارێکی زانستی زۆر کورت...
ئەی بۆچی هەسارۆکەکان و کلکدارەکان وبەردە نەیزەکەکان کە زۆر بچوکترن لە هەسارەکان و ئەستێرەکان خڕ و گۆیی نین..؟ بۆچی ئەوان شێوەی جیاوازو ناڕێکیان هەیە..؟
بۆچی ئاوی زەریاکان بە ڕووی زەویەوە نووساوە و بە بۆشایی ئاسماندا بڵاونابێتەوە..؟
یەکێک لە هێزە هەرە گرنگ و کاریگەرەکان لە گەردوون هێزی کێشکردنە، هێزی کێشکردن یەکێکە لە ڕەفتارەکانی هەموو تەن و ماددە و بارستەکان لە گەردوون هەرچەندە بارستە و قەبارەکانیشیان بچوک بێت...
هێزی کێشکردنی هەر تۆپەڵە بارستەیەکی جیا لە گەردوون بە بەردەوام هەوڵ دەدات هەموو گەردیلەکانی ئەو بارستەیە لە هەموو ڕووەکانیەوە بەرەو چەقەکەی ڕابکێشێت و بەرەو ئەوێیان ببات، ئەگەر تەنەکە واتە هەسارەکە یان مانگەکە یان قەزەمە هەسارەکە بەردینی وڕەقیش بوو و لە کانزاکانیش پێکهاتبوو هەروەها تیرەکەی لە نزیکەی 600 کیلۆمەتر یان بەسەرەوە بوو ئەوا بڕ و کاریگەری هێزی کێشکردنەکەی ئەوەندە زۆر دەبێت تا ڕادەیەک شێوەی ئەو بارستە یان ئەو تەنە خڕ و گۆیی دەکات، ئەگەر ئەو تەنە لە ئاوی بەستوو یان گازی میسانی بەستووی ڕەق پێکهاتبوو کە ڕەقیەکەی کەمترە لە بەرد و کانزاکان، ئەوا پێویستە تیرەکەی لایەنی کەم نزیکەی 400 کیلۆمەتر بێت یان زیاتر بۆئەوەی شێوەکەی گۆیی و خڕ بێت...
ئەگەر بارستەو تەنێکیش شل بێت وەکو ئاو بۆ نموونە، بارستە و قەبارەکەی هەرچەندە بچوک بێت یان زۆر بێت ئەوا شێوەی نیمچە گۆیی وەردەگرێت لە بۆشایی ئاسمان، ئەم تاقیکردنەوە چەند جارێک لەسەر بڕێکی بچوکی ئاو ئەنجامدراوە لەناو وێستگەی ئاسمانی لە بۆشایی ئاسمان کە هێزی کێشکردنی زەوی لەوێدا زۆر زۆر کەمە، بڕە ئاوەکە بە بەردەوامی لە تاقیکردنەوەکان شێوەیەکی خڕ و گۆیی وەردەگرێت...
هەسارۆکەکان و کلکدارەکان تیرەکانیان زۆر کەمترە لەبەر ئەوە هێزی کێشکرنیان بە بەراورد ئەوەندە زۆر نییە و ناگاتە ڕادەیەک شێوەکانیان خڕ و گۆیی لێبکات، بۆیەش هەسارۆکەکان و کلکدارەکان و بەردە نەیزەکەکان شێوەی ناڕێک و جیاوازیان هەیە...
ئەم لێکدانەوەیە زانستیە بۆ ئەستێرەکانیش ڕاستە، هەر بۆیەش ئەستێرەکانیش هەموویان خڕ و گۆیین...
کەواتە بۆ نموونە هێزی کێشکردنی زەوی هەموو گەردیلەکانی هەسارەی زەوی و ئەو تەنانەی کە لەسەر ڕووی زەویشن بەرەو چەقەکەی ڕادەکێشێت، کاتێک بەردێک دەهاوێژین بۆ ئاسمان زەوی بەردەکە ڕادەکێشێتەوە بەرەو چەقی گۆی زەوی بۆیە لە ئاسمانەوە دێتەوە خوارەوە، لەبەر ئەوەی ڕووی زەوی ڕەقە دەکەوێتە سەر ڕووەکەی و وەکو ئەوەیە پێوەی بنووسێت، بەهەمان شێوە هێزی کێشکردنی گۆی زەوی ئێمە و خانووەکان و ئۆتۆمبێلەکان و هەتا شاخەکان و هەموو تەنەکانی سەر ڕووی زەوی لەسەر ڕووەکەی جێگیرکردووە، وەکو ئەوە وایە ئێمە و هەموو ئەو تەنانە بە گۆی زەویەوە نووسابین...
بەهەمان شێوە هەموو ئاوی زەریاکان بەزەویەوە نووساوە و لەسەر ڕووەکەی جێگیر بووە و پەرش و بڵاونابێتەوە بە بۆشایی ئاسمان، بەرگە هەوا و گازەکانی ناو بەرگە هەواش لەبەر هەمان هۆکار بەزەویەوە نووساون و هەوای دەوری گۆی زەوی ناڕوات بۆ بۆشایی ئاسمان.. [1]