$دەربارەی کات$
نووسین و ئامادەکردنی: ڕاستی سەلام
” ئەمڕۆ و ئێستا و داهاتوو، لە ئێستاوە تا داهاتوو”
ئەمانە هەموو ئەو وشە و دەستەواژانەن کە ڕۆژانە بە بەردەوامی بەکاریان دەهێنین، بۆ گوزارشت کردن لە “کات”، و شێوەی بەدوای یەکدا هاتنی ڕووداوەکان. ” ئەم ڕووداوە لە پێش ئەمەوە بووە، ئەمەشیان لە دواتر بووە”، بەڵام؛ با هەندێک بوەستین و ئەو پرسیارە بکەین، بۆچی ئەم ڕووداوە لە پێشترەوە دێت؟ بۆچی دوێنێ لە پێش ئەمڕۆوەیە ؟
وا دابنێ یەکێک پرسیارێکی لەم شێوەیەت لێدەکات، لەوانەیە هەندێک سەرسامی خۆت دەرببڕیت بۆ پرسیارەکەی، لە پاشاندا کاتژمێرەکەت دەربێنیت و بڵێیت: ” سەیرکە، بە پێی کاتژمێرەکەم، دوێنێ دوێنێیە و ئەمڕۆش ئەمڕۆیە.”، بەڵام؛ وا دابنێ هیچ کاتژمێر و ئامڕازێکی پێوانەکردنی کاتت لا نییە. لەوانەیە ئەمەش جیاوازییەکی وا درووست نەکات، چونکە هێشتاش دەتوانیت کە “کات” دیاریبکەیت، بەوەی لە کەیدا خۆر هەڵدێت و ئاوا دەبێت. ئەمەش شتانێکە کە مرۆڤ هەر لە زووەوە کردوێتی؛ کاتەکانی ڕۆژ بناسێتەوە بە هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر، و مانگێک بناسێتەوە بە شێوە و درکەوتەی مانگ، وەرزەکانی ساڵیش بناسێتەوە بە گۆڕانی شوێنی ئەستێرەکان لە ئاسماندا. چی دەبێت ئەگەر هەموو شتێک لە جوڵە بوەستێت؟ (بێگومان ئەمە مەحاڵە) بەڵام؛ ئایا دەتوانین کات دیاری بکەین؟ یان دەتوانین بڵێین کات بریتییە لە جووڵە؟
بەڵام؛ شتەکە هەر بەم شێوەیە نییە، گەر زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەین، نابینایەکیش کە هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر، شێوەی دەرکەوتەی مانگ نابینێت، هێشتا دەتوانێت ئەوە جیا بکاتەوە کە دوێنێ ڕوویداوە لەوەی کە ئەمڕۆ ڕوودەدات. هەر بۆیەش دەکرێت بڵێین کە شتەکە زیاتر پەیوەندی بە ناوەوەی خۆمانەوە هەیە وەک لەوەی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە هەبێت. ئێمە خاوەنی ئەو هەستەین بەرانبەر بە کات و ئەو گۆڕانانەشی کە بەسەریدا دێت، بەڵام؛ با هەندێک وردتر بابەتەکە بخەینە ژێر گومانەوە.
هەستکردن بە کات
هەستکردنت بە کات دەرەئەنجامی کارلێک کردنتە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەم ساتەی ئێستادا، کات شتێک نییە کە ببینرێت یان ببیسترێت؛ گرێ نەدراوە بە شتێکەوە تا لە ڕێی یەکێک لە هەستەوەرەکانەوە هەستی پێ بکەین، وەکو چۆن ڕووناکی بە چاوەکانمان دەبینین، بەداخەوە ئەم هەستکردنە قوڵەشت هەندێکجار متمانەی پێ ناکرێت. چەند کاتێک هەیە لە ژیانی هەمووماندا کە بە سەختی لە چاوەڕوانیداین، لە چاوەڕوانی کوڵانی ئاوەکەمان هەتاوەکو چاوەڕوانی هاتنەوەی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوە، ئەم چاوەڕوانییانە وا دەردەکەون کە هەمیشەیی بن و کات زۆر بە هێواشی تێبپەڕێت، بەڵام؛ کاتێک لەگەڵ هاوڕێیەک یان کەسێکی خۆشەویستتدا کۆدەبیتەوە، هەست دەکەیت کە کات بە شێوەیەکی خێراتر تێدەپەڕێت. هەستکردنمان بە تێپەڕینی کات و پێزانینمان بۆی، پەیوەندی بە ماوەی ئاگاداری و چێژ وەرگرتنمانەوە هەیە بۆ ئەوەی کە ڕوودەدات، هەروەها هەستپێکردنی کات دەگۆڕێت لەگەڵ خێرایی کارکردنی مێتابۆلیزمی(1) زیندەوەرەکە، مێتابۆلیزمیش بیریتییە لە: هەندێک کارلێکی کیمیایی کە لەناو خانەکاندا بەسەر ماددەدا دێت و خانەکە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، تاوەکو کارلێکەکانی مێتابۆلیزم خێراتر ڕووبدەن، کات هێواشتر لە لامان تێدەپەڕێت، بەڵام؛ ئایا چۆن دەکرێت، “کات” شتێک بێت سەربەخۆ بێت لە درکپێکردنەکەی؟ لە ڕاستیدا ئەمە جۆرێک لە کێشەی ناوەتەوە. هەندێکجاریش دژ بەو ڕۆتین و خووە دووبارەیانەیە کە ڕۆژانە ئەنجامیان دەدەین، هەر بۆیە کاتێک کە باسی سرووشت دەکەیت، ئەوە بە مێشکتدا نایەت، سرووشت شتێک بێت پێچەوانەی هەست و بینینەکانت بن، لەبەر ئەمەشە کاتێکی زۆری دەوێت بەوە بزانیت کە بە شێوەیەکی هەڵە لە شتەکەت ڕووانیوە.
لە ڕەها بەرەو ڕێژەیی
هەتا سەدەی نۆزدەهەمیش، بیروڕای باو لە نێو زانایاندا ئەوە بوو کە “کات” ڕەهایە، بەو واتایەی کە کات جودایە لە مرۆڤ و تایبەتمەندییەکانی، بەردەوام وەکو تاڤگەیەک دەڕژێت و تێدەپەڕێت، بڕوایان وابوو کە کات لای ئێمە چۆن تێدەپەڕێت لە هەموو شوێنێکی گەردوونیش بە هەمان شێوەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کات تەنیا قاڵبێکی بابەتییە(2) ڕووداوەکانی تێدا ڕوودەدات، ئەم لێکدانەوەیەش لەگەڵ ئەزموونەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا بەباشی یەکی دەگرتەوە. نیوتن دەڵێت: “کات ڕەها و ڕاستییە، و بەردەوامە لە تێپەڕین بە بێ بوونی هیچ پەیوەندییەک بە شتە دەرەکییەکانەوە”.
بیرۆکەی کاتی ڕەها بەردەوام بوو هەتاوەکو نزیکی سەدەی بیستەمیش، کاتێک “ماکسوێڵ” خێرایی ڕووناکی دۆزییەوە و ئەوەی ڕاگەیاند کە نەگۆڕە، ئەوەش دەستپێکی سەرهەڵدانی بیرۆکەی ڕێژەیی بوو، ڕێژەییەک کە بیرۆکەکانمانی سەبارەت بە بۆشایی و کات و کێشکردن پێچەوانە کردەوە، و ڕەهایبوونی کاتیشی تێکشکاند؛ ئەگەر خێرایی ڕووناکی نەگۆڕبێت (300، 000 کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا)، نە کەم بکات نە زیاد بکات، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو ڕووناکییەی لە تەنێکەوە دەردەچێت هەندێک کاتی دەوێت تاوەکو بە ئێمە دەگات، بۆ نموونە؛ تیشکی خۆر هەشت خولەکی دەوێت تا دەگاتە ئێمە، هەر کاتێک سەیری خۆر دەکەین، لە ڕاستیدا ئێمە سەیری ڕابوردووەکەی دەکەین نەوەکو ئێستای. وادابنێ دەتەوێت قسە لەگەڵ هاوڕێیەکت بکەین کە لە “گەلەئەستێرەی ئەندرۆمێدا”یە(3)، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نادۆزیتەوە جگە لە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان بۆ ناردنی نامەکەت، ئەمەش دووری 2.54 ملیۆن ساڵی ڕووناکی پێدەچێت بۆ ئەوەی نامەکەت بگاتە دەستی هاوڕێکەت، بەداخەوە بەڵام؛ هیچ یەکێکتان ئەوەندە نامێننەوە تا نامەکانی یەکتریتان بە دەست بگات. ئێستا وادابنێ ڕووداوێک لە بۆشاییدا ڕوویداوە، بۆ نموونە؛ ئەستێرەیەک تەقیوەتەوە، ئایە تۆ و هاوڕێیەکەت دەتوانن لەسەر کاتی ڕوودانی تەقینەوەکە کۆک بن؟ بێگومان نەخێر، هەر یەکێکتان نزیکتر بووبێت لە تەقینەوەکە زووتر پێی دەزانێت.
هەر بۆیە درککردنمان بە کاتی ڕووداوێک پەیوەست دەبێت بە شوێنەکەمانەوە، بەڵام؛ شتەکە هەندێک قوڵتریشە لەمە، هاوکێشەکانی ڕێژەیی پێشبینی زۆر سەیر و سەمەرە بەدەستەوە دەدەن سەبارەت بە ڕووانینمان بۆ کات، ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو کە جووڵەش کاردەکاتە سەر کات، وادابنێ ئێمە دوو کەشتیوانی بۆشایین و هەر یەکێکمان لەسەر کەشتییەکی زۆر خێرا کە نزیکە لە خێرایی ڕووناکی، جیا لە یەکتری گەشت بەرەو بۆشایی دەکەین، لەم حاڵەتەدا چۆن هەست بە کات دەکەین؟ ڕێژەیی دەڵێت: کات هێواش دەبێتەوە لەگەڵ زیادبوونی خێراییدا، و ئەگەر بگەینە خێرایی ڕووناکی، کات بە تەواوی دەوەستێت، هەرچەندە گەشتن بە خێرایی ڕووناکی ئەستەمە، بەڵام؛ خودی بیرۆکەکە هەندێک سەرلێتێکدەرە. وادابنێ کە یەکێکمان بڕیاری ئەوەماندا کە نەڕۆین و بمێنینەوە بۆ تەماشاکردنی ئەوەی دیکەمان کاتێک کە دووردەکەوێتەوە، ئەوەی کە تەماشا دەکات دەتوانێت ببینێت، کەشتییەکە بە خێراییەکی زۆر بەرز تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ تەماشاکردنی کەشتییەکەدا دوو کاتژمێری بەسەردا تێپەڕ دەبێت، لە کاتێکدا بۆ کەشتیوانی ناو کەشتییەکە تەنیا چەند چرکەیەکی پێچووە، چۆن ئەمە ڕوودەدات؟ چۆن دەکرێت کاتی یەکێکیان خێراتر تێپەڕ بێت لەوەی تریان؟ چۆن ساتێک لە من تێدەپەڕێت کە هێشتا بەسەر تۆدا نەهاتووە؟ ئەمەیە پێی دەوترێت ڕێژەییەتی کات.
ڕێژەیی گشتی و کات
ئەنیشتاین هەر بەردەوام بوو لە گەڕان، بەو ئەنجامانە قایل نەدەبوو کە ڕێژەیی تایبەت دەستەبەری کردبوون، هەر بۆیە دوای هەوڵێکی زۆر، ڕێژەیی گشتی هاتە کایەوە، کە ڕوانینێکی گشتگیرترە. باوەڕێک هەبوو، کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا ڕوودەدات، و کاتەکەی پەیوەندی بە شوێنەکەوە نییە، ڕێژەیی ئەم بیروبڕوایەی گۆڕی، کات هەرگیز شتێکی جودا نییە لە شوێن، بەڵکوو پێیەوە گرێ دراوە و پێکەوە تۆڕێکی چوار ڕەهەندی پێکدەهێنن(سێ ڕەهەندی شوێن، و ڕەهەندێکی کات) کە پێی دەوترێت “شوێنکات”(4)، زیاتر ناڕۆینە باسی ڕێژەیی گشتییەوە، بەڵام؛ ئەوەی پێویستە بیزانین سەبارەت بە کێشکردن و شوێن و کات، ئەوەیە؛ شوێنکات بە شێوەیەکی داینامیکی شێوەکەی دەگۆڕێت بە پێی ئەو ماددەیەی کە لەناویدایە، با بزانین ئەمە واتای چییە؟ هەموومان ئەو نموونەیەمان لەبەرچاوە کە پارچەیەک قوماش ڕادەخرێت و تۆپێکی قورس دەخرێتە ناوییەوە، تۆپە قورسەکە لە جێی خۆر دێت، و پاشان هەندێک تۆپی بچووکتریش زیاد دەکات، قوماشەکە دەچەمێتەوە کاتێک تۆپەکانی تێدەکرێت. مەبەستەکە ئەوە نییە کە ئەم نموونەیە لە ڕاستی ڕووداوەکە دەچێت، بەڵکوو مەبەست لەوەیە ئەوە بخرێتە ڕوو کە شوێنکاتیش هاوشێوەی قوماشەکە توشی چەمانەوە دەبێت، و دەکشێت و ئەم کشانەش دەبێتە هۆی هێواشبوونەوەی کات، ئەمە بەهۆی جووڵەوە نییە، بەڵکوو بەهۆی کێشکردنەوەیە، بۆ نموونە؛ کاتی سەر زەوی جیاوازە لە هی موشتەری، چونکە هەسارەی موشتەری هێزێکی کێشکردنی زیاتری هەیە. لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1971 چوار کاتژمێری سیزیۆمی ئەتۆمی لەناو فڕۆکەیەکی خێرادا دانران، و فڕۆکەکە دوو جار گەشتی کرد، جارێکیان بەرەو ڕۆژهەڵات، جارێکیشیان بەرەو ڕۆژاوا، دواتریش بەراوردیان کردن بە کاتژمێرە زەمینییەکان، ئەوەیان بۆ دەرکەوت ئەو جیاوازییەی نێوان خوێندنەوەی کاتەکان لە کاتژمێرەکاندا بە تەواوەتی هاوشێوەی ئەوەیە کە ڕێژەیی پێشبینی کردبوو.
ئاڕاستەی کات
لە دوای ئەمەوە، کەس لەسەر ئەو بڕوایە نەمایەوە کە کات ڕەها بێت، بەڵکوو گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە ڕێژەییە، نەک بەتەنیا لە ئاستێکی هەستەکیدا، بەڵکوو لە ئاستێکی فیزیاییشدا. کات بریتییە لە: گۆڕاوێک کە لەسەر گۆڕاوەکانی دیکە بەندە، بەڵام؛ ئەگەر شوێن و کات یەکگرتوو بن، ئەی بۆچی جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە؟ کاتێک پیاسە دەکەیت لە شوێندا بۆ هەرشوێنێک کە بتەوێت، بەڵام؛ ناتوانیت یەک چرکەش لە کاتەکەت بگەڕێنیتەوە بۆ دواوە. گەنگەشە لەسەر ئەم بیرۆکەیە دەمانبات بەرەو پرسێک کە پێی دەوترێت “ئاڕاستەی کات”، و هەمیشە بە یەک ئاڕاستە دەڕوات، فیزیاییەکی گەورەی وەک ” ستیڤن هۆوکینگ ” بیرۆکەکە دابەش دەکات بۆ سێ ئاست ئەوانیش؛ فیزیایی، سایکۆلۆجی، گەردوونین.
ئاڕاستەی کات و داینامیکی گەرمی
وادابنێ کە دەتوانین گەشت بە نێو کاتدا بکەین بەو شێوەیەی کە گەشت بە ناو شوێندا دەکەین، ڕابوردوو و ئێستا و داهاتوومان لەبەردەست بێت، بە ئاسانی لەم خاڵەوە بۆ ئەو خاڵە گەشت بکەین، لە شتێکی چێژبەخش دەچێت، ئەی وا نییە؟ ئەوەمان زانی کە درککردنمان بە کات بریتییە لە: درککردن بە ڕووداوەکان، بۆیە ئەگەر بمانەوێت بە کاتدا بگەڕێینەوە دواوە ئەوا دەبێت بە ڕووداوەکاندا بگەڕێینەوە، هاوشێوەی ئەوەی کە چۆن پارچە ڤیدیۆیەک دەگەڕێنیتەوە و دەتوانیت سەرلەنوێ دیمەنەکان ببینیتەوە، شوشە شکاوەکان چاک ببنەوە و ببنەوە بە پەرداخەکە، یان ئۆتومبیلەکان بە پێچەوانەوە بڕۆن. کێشەکە ئەوەیە کە شتێکی لەم جۆرە هەرگیز ڕوونادات. بۆچی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە یەکێک لە هەرە بنەڕەتیترین یاساکانی فیزیادایە، کە بە نزیکەیی کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک دەکات، ئەویش ” یاسای دووەمی داینامیکی گەرمی”یە(5). یاساکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە هەر شتێک ڕووبدات لە گەردووندا، هەر گۆڕانێک، هەمیشە بە یەک ئاڕاستە دەڕوات، ئەویش ئاڕاستەی زیادبوونی “ئینترۆپی”یە(6). ئینترۆپیش بریتییە لە: پێوانی هەڕەمەکیبوون و ناڕێکی سیستمێک، یان بەواتایەکی دیکە، زیادبوونی جیاوازی لەگەڵ دۆخی پێشووی سیستمەکەدا.
شتە گەرمەکان سارد دەبنەوە، مەرەکەبەکان بە ئاوەکەدا بڵاودەبنەوە وەکو چۆن بۆن لە هەوادا بڵاودەبێتەوە، و هیچ ڕێگەیەک نییە کە هیچ یەکێک لەم ڕووداوانە بگەڕێنێتەوە دۆخی پێشوویان (ئەو دۆخەی کە ئینترۆپی تێیدا کەمتر بووە)؛ ئەگەری ڕوودانی ئەمە زۆر زۆر کەمە، دەبێت هەموو شتێک بە پێی ئەم یاسایە بڕوات، بە پێچەوانەی یاساکانی دیکەوە کە دەتوانیت بە ئاڕاستەی پێچەوانەش بڕۆیت، ئەم یاسایە تەنیا بە یەک ئاڕاستەدا دەڕوات، هەر بۆیە ئێمەش خۆمان لە زنجیرەیەکی بەدوای یەکداهاتووی کاتیدا دەبینینەوە.
ئاڕاستە سایکۆلۆجییەکان
ئەگەر شتەکە بەم شێوەیە بێت کە زیادکردنی