ناونیشانی بابەت: ڕێنووسی کوردی لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە
نووسەر: پڕۆفیسۆر د. #وریا عومەر ئەمین#
بڵاوکار: ئەکادیمیای کوردی
شوێن: #هەولێر#
ساڵ: 2022
ژمارەی چاپ: یەکەم
ڕێنووس پێکهاتەیێکی مێژوویی کۆمەڵایەتییە، بەشێکی زۆر کەمی سەر بە زمانەوانییە. نزیکەی سەد ڕێبازی زمانەوانی هەن هیچ کامێکیان هەرگیز ناوی ڕێنووس ناهێنێت و هیچ ڕێبازێک نییە تایبەت بێ بە ڕێنووسەوە. ڕێنووس لقێ نییە لە ئاستەکانی شیکردنەوەی زمانەوانی هەر ئەمەشە وای کردووە هەموو کەس بتوانێ خۆی تێگڵێنێ وقسەی لەبارەیەوە بکات.
زمان دیاردەیێکی زیندووی بزێوە، نووسین قاڵبێکی دەستکردی وشکی مردووە، هەرگیز ناتوانێ زمان بگریتە خۆ، بۆیە (هیچ زمانێک نییە ڕێنووسێکی یەکگرتووی چەسپاوی هەبێ). سەرباری ئەمە سرووشتی زمانی کوردی وەک زمانێکی سرکی پۆڵەسینسیتی جیوەیی کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە..
زمان دیاردەیێکی خۆڕسکە لە ژێر ڕکێفی یاسا سروووشتییەکاندا کار دەکات، جەستەیێکی زیندووە، سیستەمێکی فرەلایەنە، لەڕادە بەدەر ئاڵۆز و تێکچڕژاوە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە کارکردنی مێشکەوە هەیە.، لە هەموو دەسەڵات و زمانەوانێک بەهێزترە، بە ڕێنووسی هەڵە و بە بەکار هێنانی چەند وشە و دەربڕینێکی نامۆ و ناقۆڵا لەلایەن هەندێ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تازەنووسەرەکانەوە هەرگیز تێکناچێ و ناشێوێ. زمان هەر ڕێنووس نییە. زمان پڕاگماتیکە، . ماتماتیکە، بایۆڵۆجییە، فۆنەتیکە، فۆنۆڵۆجییە مۆڕفۆفۆنیمە، سینتاکسە، مۆڕفۆڵۆجییە، مۆڕفۆسینتاکسە، سیمانتیکە، سیمیۆڵۆجییە، لۆژیکە...هتد. کام بەش لەمانەی زمانی کوردی تێکچووە ؟ بۆ کەس ناوی هیچ یەکێ لەمانە ناهێنێ ؟، بۆ هەر خۆیان تەنیا لە ڕێنووس و وشە و زاراوەسازی دەدەن و هەرگیز تخوون ئاستەکانی تر ناکەون ؟.
هیچ زمانەوانێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە و هەرگیز ناتوانێ هیچ کێشەیێکی زمانەوانی چارەسەر بکات، یا دەسکاریی هیچ لە یاساکانی زمان بکات بە هەنجەتی پێکهێنانی زمانی ستاندارد. ئەرکی زمانەوان هەر ئەوەندەیە وەسفی زمان بکات وەک دیاردە و سیستەمێکی سرووشتی، جوانی و مەزنییەکەی بخاتە ڕوو، یاساکانی کارکردنی دەستنیشان بکات، دەوڵەمەندی بکات لە ڕووی فەڕهەنگەوە.
زمانەوانەکانی ئینگلیز و عەرەب و وڵاتە ئەوڕوپییەکان و چینی و یابانی و.. و..، ئەوە دەیان و سەدان ساڵە بە سەدان و هەزاران لێکۆڵینەوە و وتار و پێشنیازیان پێشکەش کردووە و خستۆتە ڕوو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی زمانەکانیان، هیچیان ڕەچاو نەکراوە و کاریگەرییان لەو کاغەزەی لەسەریان نووسراوە ڕەتنەبووە. کێ دەتوانێ ناوی کێشەیێکی زمانەوانیم بۆ بخاتە ڕوو لە هەر زمانێکدا زمانەوان چارەسەری کردبێ ؟
لە ڕووی زمانەوانییەوە ساغ بۆتەوە کە هەر کێشەیێک لە زماندا سەری هەڵدا زمانەکە خۆی بە تێپەڕینی کات چارەسەری دەکات، بۆنموونە هەر وشە و دەربڕینێکی ناقۆڵا بکەوێتە هەر زمانێکەوە، گەر زمانەکە قبووڵی نەکات هەرگیز ناچەسپێ هەزار هەوڵیشی بۆ بدرێ.. بەڵام گەر زمانەکە قبووڵی کرد هێز نییە لێی دەربهێنێ. زمان خۆی بەردەوام خۆی لە بێژینگ دەدات و ئەوەی لەگەڵ سرووشتەکەی نەگونجێ لە خۆی دەردەهێنێ و فرێیدەدات و بە تێپەڕینی کات یێکلایی دەبێتەوە.
لافاوی بەکارهێنانی ژمارەیێکی زۆر وشە و دەربڕینی نامۆ و بیانی هەر لە ئێمە نەقەوماوە بەڵکوو هەموو زمانانی جیهانی گرتۆتەوە، ئەنجامی لە پڕی خێرای پەرەسەندن و عەولەمەیە. بەرەبەرە ئەم لافاوە دەنێشێتەوە و هی تر دەردەکەوێ. ئەو کێشە و ناقۆڵایییەی ئیستا ئێمە هەستی پێ دەکەین، نەوەی دوای ئێمە هەستی پێ ناکەن و دەبێتە شتێکی ئاسایی و هەر سەردەمێکیش کێشەی خۆی هەیە.
گەر چاوێ بە نووسینەکانی نووسەر و شاعیر و ئەدیبە ڕەسەنەکانمان بخشێنرێ دەردەکەوێ کە ئەم گەرەلاوژێیە ئەوانی نەگرتۆتەوە و نەخزیوەتە دەربڕینەکانیان. ئەوانەن پارێزەری ڕاستەقینەی زمانەکەمان. کەی ئەوانیشی گرتەوە ئەوسا زەنگی مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر زمانەکەمان دەزرینگێنێ.
سەبارەت بە پرسی زمانەوە دوو لایەن هەیە مرۆڤ بۆی هەییە تخوونی بکەوێ و دەسکاریی بکات و بریار لە بارەیانەوە بدات:
1 ڕێنووس
2 زمانی ستاندارد
باسەکانی ئەم پەڕتووکە تەرخانکراوە بۆ پرسی ڕێنووس. هەوڵدراوە تیایاندا کێشەکان و بۆچوونەکان و چارەسەرکردنیان بخرێنەڕوو. بۆ ستانداردەکەش کە دەردە هەرە سەخت و ئاڵۆز و ترسناکی بارودۆخی زمانەوانیمانە، ئاواتەخوازم بەم زووانە بکەوێتە بەر دەستی بەڕێزتان. [1]