ناونیشانی بابەت: #گوتییەکان بەشی یەکەم#
سەرچاوە: پەڕتووکی ناسینەوەی کورد لە شوێنەواردا، سارا سەردار، هەولێر، 2020، چاپی یەکەم، لاپەڕە 48-51
$ناوی گوتییەکان لە سەرچاوە مێژووییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان$
ناوی گوتی، بە زۆر شێوازی جیاواز لە سەرچاوە کۆنەکاندا نووسراوە، بە تایبەت بەشی یەکەمی ناوەکە بە شێوەی جیاوازی _ gu_ku_qu _ هاتووە و لە هەندێ نووسراودا دەنگێکی b خراوەتەوە ناوەکە و کردوویەتی بە (گوتیبۆم).
کۆنترین سەرچاوە کە ناوی گوتییەکان تێیدا هاتبێ، نووسینێکی (لوگاالنێموندو)ی پاشای (ئاداب)ی سەردەمی سەرهەڵدانی بنەماڵەکانە کە بە ڕێنووسێکی سەردەمی بابلی کۆن، دۆزراوەتەوە.
لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی گوتییەکان، بە گشتی سەرچاوەکان شوێنی ئەم گەلە بۆ باشووری دەشتی #شارەزوور# دەگێڕنەوە، واتە ناوچەی نێوان #زێی بچووک# و #ڕووباری سیروان# کە لە ساڵی 3146 پ. ز، بە سەرکردایەتیی پاشا (ئەنناتووم) ئیمپراتورییەتێکیان لەسەر خاکی کوردستان دامەزراندووە و شاری #ئەڕاپخا#یان کردووەتە پایتەختی خۆیان.
$شێوازی دەسەڵاتداری گوتییەکان$
گوتییەکان نەتەوەیەکی ژیر و زیرەک بوون، بۆ یەکەم جار لە مێژوو توانیان پاشاکانیان بە هەڵبژاردن دەستنیشان بکەن. بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، پاشاکانی گوتی بە سیستمی هەڵبژاردن دەسەڵاتیان وەرگرتووە، نەک سیستمی پشتاوپشت و بۆماوەیی، بەڵکوو هەڵبژاردنەکە بە کۆبوونەوەی سەرکردە سەربازییەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان بووە، لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی پیران کە یەکێکیان وەک پاشا دیاری دەکرد و دەبوا لە ڕووی سەربازییەوە زیرەک بێ، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی مەترسیی دەرەکی ببێتەوە.
#دیاکۆنۆف#، پێی وایە کە ماوەی فەرمانڕەوایی پاشاکانی گوتی کەم و کورت بووە، هەروەﮪا هەڵبژاردنەوەیان زیاتر لە جارێک شیاو بووە، ئەم بابەتە لە دێڕی سەرەتای لیستی ناوی پاشایانی گوتی کە لە لیستەکەی پاشایانی سومەریدایە، هاتووە و دەڵێ: ﮪۆزی گوتی پاشای نەبوو.
لە لای زۆر نەتەوەی ئەو سەردەمە و سەردەمەکانی دواتریش، گوتییەکان بە کەسانێکی شەڕکەر و ئازا و چاونەترس دانراون، لە نووسینەکانی ئاشوورناسیرپالی دووەم، ئەسەرحەدوون، سارگۆنی دووەم و ئاشوورناسیرپالی ئاشووری، ئابونائیدی بابلی، ناوی گوتییەکان وەک دوژمن و ڕکابەری ئەوان هاتووە.
$کۆمەڵگای گوتی و پێکهاتەکانی$
بە شێوازێکی گشتی پێکهاتەی کومەڵایەتی لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا لە سێ چین پێکهاتووە:
یەکەم: دەسەڵاتدار و پیاوە ئایینییەکان.
دووەم: سەرباز و خێزانەکانیان.
سێیەم: کۆیلەکان، کە کۆمەڵگەی گوتی بەپێی ئەم یاسایە داڕێژرابوو، تەنانەت ئەوان یەکەم کەس بوون کۆیلەی جەنگیان وەک کرێکار لە کێڵگە و ماڵدا خستووەتە کار.
لە کۆمەڵگەی گوتی ژمارەی خواوەندەکان زۆر بوون، بەڵام پیرۆزترین خواوەندیان ئاڕاپخا و ئەبووباب بوون.
گوتییەکان زۆرتر خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون و بەرهەمەکانیان وەک هەنجیر و خوری و عەرەبانە، زۆر بەناوبانگ بووە.
لە کۆمەڵگەی سەردەمی گوتی، ڕێزێکی تایبەت لە ژن گیراوە و تەنانەت چەندان ژنیان گەیشتوونەتە پلەی فەرماندەیی سوپا و ژنێکی گوتییەکان بە ناوی شاژن (کوبابە) بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا فەرمانڕەوایی کردووە، ئەم شاژنە یەکەمین کەسی بنەماڵەی کیشی سێیەمە کە لە دەوڵەتەشاری کیشی سۆمەریی دەسەڵات بگرێتە دەست و ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوایی کردووە.
زمانی گوتی لە ڕووی زمانەوانییەوە تا ئێستا هیچ دەقێک نەدۆزراوەتەوە بە زمانی گوتی نووسرابێت، تەنیا هەندێ زانیاری لە لیستی پاشایەتی سۆمەریدا هاتووە کە ناوی هەندێ کەسی گوتی تێدایە. ئەم ناوانە ئەوە پێشان دەدەن کە زمانی گوتی سەر بە گرووپی گەورەی زمانەکانی زاگرۆس بووە. لە هەندێ سەرچاوەش وا هاتووە کە گوتییەکان، جگە لە زمانی خۆیان، زمانی ئەکەدیشیان بەکار هێناوە، ئەم زانیارییە لە بەردەنووسێکی سەردەمی سارگۆنی ئەکەدی 2334 - 2279 دووپات کراوەتەوە.
[1]