ناونیشانی بابەت: کێشەی پێناسە
ناوی نووسەر: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
نووسەرێکی بەناوبانگ و ناودار هەیە کە زۆر پێی سەرسامم، زۆر جار سەرنجمداوە کاتێک پرسیاری دەربارەی شتێک لێدەکەن ڕاستەوخۆ وەڵام ناداتەوە بەڵکوو دەڵێت (بۆمی پێناسە بکە) ، واتە گەر پرسیاری ڕێگاکانی خۆشبەختیی لێبکەن لە وەڵامدا دەڵێت (پێناسەی خۆشبەختی بکە) .
لەڕاستیدا ئەو شتەم لە نووسەری دیکەش بەدیکردووە، دیارە پێناسە کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر تێگەیشتنمان لە شتەکان، لەڕاستیدا شتەکان واتە پێناسەکانیان، بەڵام ئایا پێناسە چییە و بۆچی گرنگە؟
هەر لە منداڵییەوە فێرکراوین پێناسەی شتەکان بزانین، لەبەریان بکەین چونکە شتەکان بەندن بە پێناسەکانیان یا بە پێناسەکانیان دەناسرێنەوە، بەڵام ئەوەی کە من تێبینیم کردووە پێناسە ڕۆڵێکی زۆر خراپ دەبینێ هەم لە فێربوون و هەم لە وێناکردنی چەمکەکان لە هزری تاک چونکە کاتێک پێناسەیەکی دیاریکراو بە چەمکێک یا شتێک دەدەین ئیتر قەتیسی دەکەین و بواری خوێندنەوەی تر ناهێڵینەوە بۆ فراوانبوونی ئاسۆی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی زیاتر، جگە لەوەی هەندێک شت هەن بەردەوام دەگۆڕێن و پێناسەیەکی دیرایکراو هەڵناگرن.
پێناسەکردن ئەرکی گەیشتنمان بە ڕاستیی بابەتەکان سەختتر دەکات چونکە ڕونە کە هەریەکێکمان لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە لە شتەکان دەڕوانین، ڕاستیش وەک ئاوێنەی شکاوە و هەر یەکێکمان پارچەیەکیمان لەلایە، بە کۆکردنەوەی هەموو بۆچونەکان ئینجا ڕەنگە وێنە ڕاستەقینەکەمان دەست بکەوێ.
پێناسە کێشەیەکی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە چەمکەکان هەمیشە لەڕوی فەرهەنگەوە مانایەک و لەڕوی چەمکەوە مانایەکی تریان هەیە، دیارە مانای فەرهەنگی تا ڕادەیەک جێگیرە بەڵام چەمکەکان دەگۆڕێن بە گۆڕانی کلتوور و جوگرافیا و مێژو و بیروباوەڕ و پەروەردە... هتد،
بۆ نموونە ڕەوشت لە فەرهەنگ واتە کۆمەڵێک کردار و گوفتاری جوان، بەڵام وەک زاراوە ڕەوشت لای هەر نەتەوەیەک مانایەکی جیاوازی هەیە، لە هەمان نەتەوە و کلتوور لای دیندارێک و بێدینێک وەک یەک پێناسە ناکرێت، ڕەوشت بەر لە 100 ساڵ وەک ئێستا نەبو، دوای 100 ساڵی تریش بێگومان وەک ئێستا نابێ. ڕەوشت لە ئەمریکا و هیند و ئەوروپا وەک یەک نین...
=KTML_Bold=چۆن لە کێشەی پێناسە ڕزگارمان دەبێ؟=KTML_End=
بۆ ئەوەی ڕزگاربین لە کێشەی پێناسە پێویستە لەجیاتی پێناسەکردنیان لە شتەکان تێبگەین، تێگەیشتنێکی فراوان و هەمەلایەنە، واتە ڕوانین لە هەموو گۆشەنیگا جیاواز و دور و زۆرجار دژیەکەکانیش. بۆ نموونە کاتێک لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە لە ڕەوشت دەڕوانین تێدەگەین کە ڕەوشت زۆر فراوانترە لەوەی کە ئێمە پێناسەمان کردووە. واتە ڕەوشت هەر بریتی نییە لە کردار و گوفتاری جوان، بەڵکوو بریتییە لە خۆشەویستیی خاک و بەزەیی هاتنەوە بە گیانەوەر و پابەندبوون بە یاسا و ڕێزگرتنی کات و ئامادەبوون لە سەرکار لە کاتی خۆیدا و دڵسۆزی لە کار و تەنانەت ڕیزگرتن و بەزەیی هاتنەوە بە دوژمنیش، جگە لە کردار و گوفتاری جوان.
من بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆرە وەرگێڕی زمانم و زیادەڕەوەی ناکەم ئەگەر بڵێم لەگەڵ هەموو نەتەوەکانی سەرڕوی زەوی ئیشم کردووە، زۆر سەرنجی شێوازی گفتوگۆ و دەربڕینی هەموو نەتەوەکانم داوە، ئەو نەتەوانەی ئاشنای خوێندنەوەن پێناسەی شتەکان ناکەن و قەتیسی ناکەن لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، بەڵکوو ڕای خۆیان لەسەر شتەکە دەڵێن بەگوێرەی ئەو زانیارییەی کە هەیانە، هەمیشە دەڵێن بە بۆچونی من، بە تێگەیشتنی من...، لە بەرانبەریشدا ئەو نەتەوانەی کە ناخوێننەوە وەک عەرەب و کورد، جارێ بەرلەوەی تۆ قسەکەت تەواو بکەی دەڵێت نا، وانییە، بەڵکوو بەو شێوەیە بێگومان بەو شێوەی کە خۆی پێناسەی دەکا، پێناسەش لەسەر بنەمای زانیاریی تەسکی خۆی کە ڕەنگە لە میدیایەک بیستبێتی یا لە سۆشیال میدیا بەرچاوی کەوتبێ!
ڕەنگە یەکێک لە باشترین چارەسەرییەکان بۆ دەربازبوون لە گرفتی پێناسە بە کلتوورکردنی خوێندنەوە بێت، بەڵام خوێندنەوەی کارا، خوێندنەوەی هەموو بیروبۆچونە جیاوازەکان، من خەڵک دەناسم هەموو تەمەنی پەرتووکێکی نەخوێندۆتەوە کە دژی بۆچونەکانی خۆی بێت! هەر بە ناونیشانی پەرتووک یا ناوی نووسەر پەرتووکەکە ڕەت دەکاتەوە.
مسوڵمان پەرتووکی بێدین ناخوێنێتەوە، ئینجیل ناخوێنێتەوە چونکە پێی وایە گوناهە! سوننە پەرتووکی شیعە ناخوێنێتەوە، بێدینیش پەرتووکی مسوڵمان ناخوێنێتەوە! ئێ باشە چۆن لە یەکتر تێبگەین گەر کەسمان ئەوی تر نەخوێنینەوە؟ ئاخر ئەگەر یەکتر نەخوێنینەوە و هەر بەو پێناسە تەسکەی خەیاڵی خۆمان خەڵک و دەوروبەر بخوێنینەوە تاهەتایە لەناو بازنەیەکی داخراو دەخولێینەوە و کێشەکانیش گەورە و گەورەتر دەبن.
سەرنجی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان بدە، لەسەر سادەترین و لاوەکیترین بابەتەکان کێشەی گەورە درووست دەکەن، جاری وا هەیە شەڕ و کوشتاریش درووست دەبێت لەسەر بابەتی زۆر لاوەکی و بێمانای وەک پشتگیری لە پارت و لایەنی سیاسی یا لە تیپەکانی تۆپی پێ، لەکاتێکدا لەسەر بابەتی زۆر گرنگ و چارەنووسسازی وەک پێشیلکردنی ماف و دواکەوتنی کۆمەڵگە و دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی بێدەنگن.
=KTML_Bold=د.مستەفا مەحمود دەڵێت:=KTML_End=
گەورەترین دەسکەوتی وڵاتە دواکەوتووەکان ئەوەیە کە توانیان قەناعەت بە میللەتانی خۆیان بهێنن کە پاڵاوتنی تیپی وڵاتەکەیان بۆ جامی جیهانی لە تۆپانێ دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە، بەڵام تێکچونی پەروەردە و خراپیی کەرتی تەندرووستی شتێکی ئاساییە
تا ئەو ڕۆژەی لە چوارچێوەی تەسکی پێناسەکان دەردەچین و قوڵ دەبینەوە لە بابەتەکان، هەمیشە پێیەکان بەنرختر دەبن لە ژیریەکان. [1]