شتە بێ ماناکە: دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان
نووسینی: کوردۆ شابان
هەر لەبەر ئەوەی هەین، لێرەین، لۆجیکێک لە هزری هەمووماندا دەخولێتەوە کە بە پرسیارێک هروژممان بۆ دەهێنێت، بریتییە لەوەی: مادام هەین، کەواتە مانایەکی هەیە، ئەو مانایەی بوونمان چییە؟ ئایا کۆی گشتیی مرۆڤ، یەک مانای بوون تەواو دەکەن، یان هەر یەکەمان هۆکارێکی تایبەتیی خۆی لە بوونەکەیدا هەیە؟ یان کۆی گەردوون هەموومان بەشێکین لە مانایەکی هاوبەش بۆ بوونەکە؟ فەیلەسووف و بیرکارەکان بەشێکی تیۆری و گوتەکانیان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە تەرخان کردووە، ئەمەیش وای کردووە ئایینیش لەسەر ئەوە بدوێت. جیاوازییەکەی ئەوەیە، هەردەم ئایین وەڵامی پێ بووە و وەڵامەکەش هەرچەند سادەن و ڕازیکەر نین، بەڵام بە کۆنکرێتی بڕاندوویانەتەوە، بەشێوەیەک ئیدی ڕێیان بە بیرکردنەوەی زیاتر لەمەڕ ئەو بابەتە نەهێشتووەتەوە. هەر خۆی ڕزگاربوون و لەکۆڵبوونەوەی هەموو ئەو پرسیارەی دەیکەین، زۆرینە، لە پرسیارەکە بەلایانەوە باشترە. ئەمە هۆیەکی دیکەی زۆریی پێڕەوانی ئایینە، لەپاڵ ترس و تۆقینەکە و لەپاڵ هەلی ژیانێکی دی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە ژیاندا شکستیان هێناوە.
وەڵامی ئەم پرسیارە: “بۆ هەین” لای ئایینەکان هیچ گێرەیەکی نەویستووە، زۆر ئاسانە؛ ئێمە بۆیە هەین، چونکە خوا هەیە. دروستی کردووین، بۆ خۆی. واتە مرۆڤ و سەرجەم زیندەوەرانی گەردوون، ژووری تاقیکردنەوەی کیمیایین، خوا بە شێوەی جیاواز دروستی کردووین و هەر زیندەوەرە پەیامێکی پێ بەخشیوین دەبێ جێبەجێ بکەین و ئەویش لە تاقیگەکەیدا دانیشتووە بزانێت کامیان هاوکێشەکەی هەڵە دەردەچێ و کیهان باشترە. بۆ نموونە هۆکاری سەرەکیی دروستکردنی مەڕ و مانگا، بۆ خواردنیانە، وەک چۆن ڕووەک و میوەجاتی بۆ ئەوە دروست کردووە. هۆی یەکەمی دروستکردنی مرۆڤیش، بۆ پەرستنی خوایە بەپێی ئەو نەریت و تقووسانەی ئایینەکان بۆمانیان دیاری کردووە. لێرەدا واتە، کاتێک مرۆڤ ئەوە ناکات کە خوا دەیەوێت (وەک ئایینەکان دەیڵێن) پێش ئەوەیش شکستی مرۆڤەکە بێت، فەشەلی خوایە. هەر بۆیە دوور مەبینە ئەگەر زانی هەموو مرۆڤ لەم پەیامە سەرەکییە فەشەلیان هێنا، جۆرە زیندەوەرێکی دیکەی وەک مرۆڤ بەڵام مرۆڤ نەبێت، دروست دەکات. ئەمەش بە چەند شێوەیەک لە دەقە ئایینییەکاندا هاتووە.
زانست و فەلسەفە، بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە لەمەڕ دۆزینەوەی مانا بۆ ژیان، دەدوێن و چەندان هۆکاری دیکەیان دیتووەتەوە کە هیچی لەوەی ئایین ناچێت. زانست بڕوای بە ماددییات و بەرجەستەبوون هەیە و هەرچی دەکەوێتە ژێر هاوکێشەی کیمیایی و جووڵەی فیزیایییەوە، لەوە دەکۆڵنەوە و ناچنە ناو شتێکەوە کە دیار نییە. فەلسەفە دەچێتە ناو لایەنی ڕۆحانیی قووڵتر لە لایەنە فیزیایییەکەی زانست، هەر بۆیە کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز لەمەڕ مانای ژیان و بوون لەلایەن فەیلەسووفەکانەوە دەبینین و هەریەکەیان بەپێی کات و شوێن و ژینگەی جیاوازی خۆی وەڵامی داوەتەوە. هەندێک لەو وەڵامە فەلسەفییانە بە نەمریی ماونەتەوە و کێبەرکێی وەڵامە ئایینییەکان دەکەن، ئەگەرچی ئەمان هیچ هەڕەشە و پاداشتێکیان دانەناوە بۆ ئەوانەی هاوبۆچوونن یان لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
یۆنانییەکان، مانای ژیان بە گەیشتن بە لووتکەی مەعریفە دەزانن. ئەفڵاتوون سەرمەشقی ئەم بیرەیە و پێی وایە پێویستە هەموو شێوەکانی زانین بدۆزینەوە، تا مانای ژیانمان بۆ دەربکەوێت. کەواتە دۆزینەوەی “کۆمانا” دەبێتە کردنەوەی نهێنیی مانای ژیان. کۆمانا چییە؟ ئەفلاتوون و ئەرستۆ کە لەسەر کۆمانا کۆکن، لەوەی کۆمانا چی دەگرێتەوە، ناکۆکییان هەیە. د. حەممادە ئەحمەد عەلی، مامۆستای فەلسەفەی یۆنانی، پەڕتووکێکی بەنای “چەمکی کۆمانا لای ئەفلاتوون و ئەرستۆ” نووسیوە. تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەر کەسێک بیەوێت لە فەلسەفەی یۆنانی قووڵ بێتەوە، زوو دەگاتە ئەم بابەتی جیاوازییەی نێوان ئەفلاتوون و ئەرستۆ لەمەڕ کۆمانا، ئاخر بەتەواوی کاریگەری بەسەر تەواوی فەلسەفەکەی خۆیان و پاش وانیش دروست کردووە.
وەک ئاماژەمان پێ دا، گەڕانەوەی مانای ژیان بۆ “کۆمانا” لە یۆنانییەکانەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفانی وەک تاڵیس و ئەنەکسیماندرۆس، بەڵام ئەفلاتوون و ئەرستۆ، قووڵتر و شیکاریتر چوونەتە ناوی. بۆ نموونە، ئەفلاتوون ئاوەزی مرۆڤی بۆ دۆزینەوەی کۆمانا لە سێ ڕەهەنددا چڕ کردووەتەوە: یەکەم، چڕبوونەوە، دووەم، گفتوگتۆ و سێیەمیش هێزی ویستەکانە یان پێشی گوتراوە خۆشەویستی. یەکەم کە چڕبوونەوەیە، کۆکردنەوەی هەموو زانیارییەکانە لەسەر بنەچەی مرۆڤ و بوونی کە کۆمانای پێش کاتی ئێستە دیاری کردووە و ئێمە دەبێت لەڕێی ئاوەزەوە بیگەڕێنینەوە، ئەمەیش واتە ڕۆحەکانمان پێش ئەوەی بکرێتە جەستەمانەوە، هەموو شتێکی زانیوە، تەنیا لەسەرمانە خۆمان لە کاریگەرییە جەستەیییەکان خاوێن بکەینەوە، بۆ ئەوەی بگەینە ڕۆحی بێگەرد و کۆمانا ئاشکرا بکەین. ئەگەر سەرنج بدەین، ئایینەکان زۆر سوودیان لەم تێگەیشتنەی ئەفلاتوون کردووە.
ئەم ڕێگە ئەفلاتوونییە لەمەڕ کۆمانا و دۆزینەوەی مانای ژیان، کاریگەریی گەورەی بەسەر هەموو بیرکار و فەیلەسووف و ئایین و ئایدیاکانی دوای خۆی دروست کردووە و بە شێوەی جیاواز پشتیوانی و درێژ کراوەتەوە، یان هەوڵ دراوە ڕەت بکرێتەوە، گرینگ ئەوەیە لەو چوارچێوەیەدا خۆی نواندووە، بەڵام مانای ئەوە نییە، هیچ کەسێک نەبووە لە دەرەوەی ئەو شێوە ئەفلاتوونییە، یان باشترە بگوترێ لەو شێوە یۆنانییە بیر لە مانای ژیان بکاتەوە. بۆ نموونە، ئەرتۆر شۆپنهاوەر، فەیلەسووفی مەزنی ئەڵمانی لە سەدەی هەژدە کە هەندێک بە فەیلەسووفی ڕەشبینی ناوی دەهێنن، قسەی دیکەی کردووە و پێی وایە، کرۆکی ژیان و ماناکەی دەگەڕێتەوە بۆ ویست (ئیرادە) کە مەبەستی لە ئیرادەیەکی قووڵترە لەوەی ئاوەزی ئاسایی مرۆڤەکان دەرکی پێ دەکەن. ئیرادە لای شۆپنهاوەر بریتییە لەو پاڵنەرە کوێرانەیەی بەرەو ژیان و حەزی ژیان ڕامان دەکێشێت و لەو شتانەی دەمانەوێت یان نامانەوێت چڕ دەبێتەوە. ئەمەش واتە مانای ژیان بریتییە لەو پاڵنەر و حەزانەی لە ژیاندا دەرکی پێ دەکەین یان دەرکی پێ ناکەین. دەرکپێنەکردن ئەو دیاردە سرووشتییانەن کە لە دەرەوەی توانای مرۆڤن، وەک پێوەندیی خۆر بە زەوییەوە. مرۆڤ لە ڕێی تێگەیشتن و مەعریفەی خۆیەوە، دەگات بە ئیرادە و شوێنی دەکەوێت، ئیدی ئاوا مانای ژیان دەدۆزێتەوە. بە کورتی، شۆپنهاوەر دەڵێ: “ئێمە شتەکانمان ناوێت، چونکە هۆکارمان بۆ دۆزیونەتەوە، بەڵکوو هۆکار دروست دەکەین، چونکە شتەکانمان دەوێ.” ژیان لای وی، خەباتێکی هەمیشەیی و ئاڵنگاری و ململانێیەکی نەبڕاوەیە، تەنیا بە مردن هێور دەبێتەوە. خۆ مردنیش کۆتایی بە دەردەسەرییەکانی مرۆڤ ناهێنێ، بەڵکوو کۆتایی بەو ویستانە دەهێنێت کە بۆی دەجەنگا، ئەوە بۆیە ئیرادە، بنەچەی نەگبەتییەکانی لە دونیادا. “جیهان بۆ مرۆڤ تەنیا ئەو شتانەیە کە دەیبینن.” شۆپنهاوەر وا دەڵێ، ئاخر ئێمە نازانین خۆر هەیە یان زەوی هەیە، ئێمە چاومان هەیە، خۆری پێ دەبینین، دەست و قاچمان هەیە، هەست بە زەوی دەکەین. واتە جیهان بۆ مرۆڤ، هەر خۆیەتی، هیچی دیکە نییە لە دەرەوەی ئیدراکی خۆی، ئەوە بۆیە هەر یەکەمان بە شێوەی تایبەتیی خۆی جیهان دەبینێ. لێرەدا دەتوانین بڵێین، هەرگیز مرۆڤ ناگات بە کۆمانا وەک یۆنانییەکان هەوڵیان بۆ داوە، کەواتە ناتوانن مانای ژیانیش بدۆزنەوە.
ڕۆژێکیان لە ساڵی 1865ز، فریدریک نیتچە، فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی، بە ڕێکەوت لە یەکێک لە پەڕتووکخانەکانی شاری لایبزج، پەڕتووکی ” The World as Will and Representation” ی شۆپنهاوەر دەبینێ و دەیکرێ. دوای خوێندنەوەی، خۆی ددانی پێدا دەنێت کە تووشی سەرسووڕان و سەرسڕمانێکی زۆر دەبێت، ئەمەیش بۆ ماوەی نۆ ساڵ لەگەڵیدا دەژی و بەتەواوی وێنەی ژیان لەبەر چاویدا دەگۆڕێ. لەسەر ئەمە نووسیویەتی: “لێرەدا هەموو دێرێک هاوار بەسەر ناخدا دەکات و ڕەتی دەکاتەوە و ڕۆح هان دەدات. من لێرەدا ئاوێنەیەکم بینی، تێیدا جیهان و ژیان و ڕۆحی خۆم دیتەوە، بەڵام بە شکۆیەی سەرسووڕهێنەر، من لێرەدا هەم نەخۆشیم دیتەوە هەم چارەسەر، ئاوارەیی و داڵدە، دۆزەخ و بەهەشت.”
پەڕتووکەکانی شۆپنهاوەر بۆ نیتچە تەنیا سەرچاوەی فێربوون نەبوون، بەڵکوو هۆکارێکی دڵئارامیش بوون لەو هەموو دڵەڕاوکێیانەی هەیبوو، هەر بۆیە زۆر ئاسایی بوو کە ڕێچکەی ئەو لە دیتنی ژیان بگرێتە بەر، تا ئەو کاتەی نەخۆش کەوت و ئیدی لەوێوە شۆڕشەکانی بەسەر شۆپنهاوەر دەست پێ کرد.
لای شۆپنهاوەر، ئیرادە مانای ژیانە، نیتچە بەهۆی کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکەی بەسەرییەوە گەیشتە ئەو بڕیارەی نەخێر، “ئیرادەی هێز” کرۆکی مانای ژیانە. نیتچە پێی وایە، ژیان هەردەم داوای گەشانەوەی زیاتر و بڵاوبوونەوە دەکات، ئەمەیش تەنیا بە ملکەچکردنی چواردەور و هێز دروست دەبێت. لای وی ژیان دادپەروەر نییە و هەرگیز هێزێک نییە بۆ نموونە ناوی هێزی خوایی بێت تا ئاگای لە پێداویستییەکانی مرۆڤ بێت. لە پەڕتووکی “مردنی خوا” ئەمەی بە تەواوی ڕوون کردووەتەوە. مادەم ژیان پێویستی بە ئیرادە و هێزی ئیرادە بێت و ئەم هێزە گەشەسەندنە لێکجیاوازەکانی مرۆڤ دیاری بکەن، ئیدی شوێنی خوا لە کوێیە؟
ڕەنگە گرینگیی هێز لای نیچە، وەک هیچ بیرکارێکی دیکە نەبێت. مرۆڤی باڵا، کەسێکی بەهێزە کە ئازایەتییەکەی بەسەر خەڵکیدا زاڵە، هەر بۆیە تاوانبارێکیش کە بە ئازایەتی خۆی پێی گەیشتووە، مرۆڤی باڵایە، بەڵام لە ژینگەیەکی نەخۆشدا گەشەی کردووە.
نیتچە دەڵێ: ” ئەو مرۆڤەی نایەوێ بەشێک بێت لە مێگەل، تەنیا دەبێت واز لەوە بێت بەرانبەر خۆی لێبوردە بێت. پێویستە لەو کاتەی ناخی بانگی دەکات، بۆی بڕوات، بێ سڵەمینەوە. ئەوەی ئێستە دەیکەیت و بیری لێ دەکەیتەوە، هیچی تۆ نین، شوێن ناخت بکەوە، ئینجا دەبیتە خۆت.” ئەو پێی وایە، چەندە ژیان بێ مانا دەبێت کاتێک ئیرادەی هێز زاڵ نابێت و مرۆڤ لە ئازادی دوور دەخاتەوە و ئیدی هەرگیز ناشگات بە ئاسوودەیی. لە سرووشتدا هیچ بوونەوەرێکی بەتاڵ نادۆزیتەوە هێندەی ئەو مرۆڤەی بەتەواوی لە بڕیارەکانی ڕۆحی خۆی جیا بووەتەوە و هیچ شتێک ناکات بەبێ ئەوەی سەیری ڕاست و چەپ، سەر و خواری نەکات. “خۆت بە” ڕەنگە پێناسەی تەواوی مانای ژیان بێت لای نیتچە. هەر بۆیە دەڵێ: “هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو پردەت بۆ دروست بکات کە بە ژیاندا دەپەڕیتەوە. نە خۆت و نە کەس. ڕەنگە ڕێگەی لەژمارەنەهاتوو بۆ پەڕینەوە هەبێت و ڕێی خواییش زۆرن بۆ بەئاسانی پەڕینەوە، بەڵام گرتنەبەری ئەو ڕێیانە باجەکەی خۆت دەیدەی، کاتێک لە خۆت دوور دەکەویتەوە و شوێنیان دەکەویت. یەک ڕێگە هەیە لە ژیاندا کە تەنیا خۆت دەتوانی بەسەریدا بڕۆیت. بۆ کوێ دەڕوات؟ مەپرسە، بڕۆ!”
خۆ ئەوەندە ئاسانیش نییە، بۆیە دەبێژێ: “مرۆڤ چۆن دەتوانێ خۆناس بێت؟ ئەمە شتێکی پارمایی و تاریکە. ئەگەر کەروێشک حەوت پێستی هەبێت، مرۆڤ دەتوانێک حەفتاوحەوت کاژی خۆی لێ بکاتەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت بۆ جارێک بڵێت: ئێستە ئەمە منە ڕاستییەکەیە و بەرگی ساختەم پێوە نەماوە! هەروها پێبەندبوونێکە بە مەترسی ڕێژ کراوە، کاتێک مرۆڤ دەیەوێ بچێتە ناو قووڵایییەکانی خۆی و ڕاستەوخۆ لە کەناڵەکانی ناوەوەی بکۆلێتەوە و خۆیەتیی خۆی بدۆزێتەوە. زۆر ئاسانە مرۆڤ لەم قۆناغەدا تووشی جۆرە نەخۆشییەکی دەروونی بێت کە هیچ پزیشکێک لە توانایدا نەبێت چارەی بکات. خۆ لە بارێکیشەوە، پێویستیی ئەم قووڵبوونەوەیە بۆ چییە، بە بەراورد بە هەموو شەو شتانەی بەڵگەن لەسەر بوونمان، هاوڕێکانمان، دژمنەکانمان، بینینەکانمان، بیرەوەری و بیرچوونەوەکانمان، پەڕتووک و قەڵەمەکانمان…”
هەر لەسەر مانای ژیان، جان پۆل سارتەر، فەیلەسووفی ئازادیی فڕەنسی کە قۆناغێکی مەزنی بەسەر تەواوی بیرکردنەوەکان لەسەر ژیان بڕیوە، ئەگەرچی هاوخاڵی نیتچەیە لەبارەی تاکێتی و ئازادیی تاکەوە، بەڵام وەک چۆن لای نیتچە ئازایەتی چەقە، لای سارتەر ئازادی کڕۆکە. ئەو پێی وایە، مرۆڤ خۆی ئازادیی خۆی دروست دەکات و خۆیەتیی خۆی هەڵدەبژێرێ و هەمووی پێوەستە بە ئیرادەیەکی پوختی خۆیەوە. لێرەدا مەبەستی لەو تایبەتمەندییە بنەڕەتییانەن کە هەر کەسێک لەوی دی جیا دەکاتەوە. بەلای سارتەرەوە، ئەم ئازادییە بەرپرسیارییەتییەکی تەواوی لەگەڵدایە کە مرۆڤ تووشی دۆخێکی دڵەڕاوکێ و ترس لە ئەنجامەکەی دەکات، ئەو دڵەڕاوکێیەش شتێکی ئاسایی سرووشتی مرۆڤە، هەر ئەمەیە وای کردووە، مرۆڤی ئازاد هەردەم لە دڵەڕاوکێی بەردەوامدایە، چونکە بەپێی بەپرسیارییەتیی هەڵبژاردنەکانی کاریگەری لەسەر دەکات.
ئەگەرچی ئەمەی سارتەر کە دڵەڕاوکێی خستووەتە تەنیشت ئازادییەوە، لەوەی نیتچە گشتگیرترە و فەلسەفەکەشی نوێترە، بەڵام پێشوەختە نیتچە وەڵامی داوەتەوە، چونکە “ئیرادەی هێز” شکۆمەندترە لە “ئازادی و دڵەڕاوکێ”.
وەک دەزانین سارتەر کە فەیلەسووفێکی بوونگەرابووە، بەوە داکۆکی کردووە کە “مرۆڤ پڕۆژەی بوونی تایبەتی خۆیەتی، هیچ شتێک بە بوونی پێش خۆی لە ئاسمان نایبەستێتەوە.” ئەمەش وەڵامێکە بۆ هەرکەسێک ئەگەر ژیان مانای لە بەردەمیدا دۆڕاندبێت. بە مانایەکی تر، ئەو پێناسەیەی بۆ دۆڕاندنی مانای ژیان لەسەر کەسێک دەیکەین، پێناسەیەکی بەتاڵە، چونکە کۆی مرۆڤایەتی بازنەیەکی تەواوکەری یەکدی نین، بەڵکوو هەر مرۆڤە بازنەیەکی تایبەتی خۆیەتی و لەناو بازنەکەی خۆیدا، مانای ژیانی وەک چۆنی ویستووە بە ئازادیی خۆی، دۆزیوەتەوە.
سەرباری ئەم هەموو گوتەیە لەمەڕ “مانای ژیان” دەبینین لودڤیگ ڤیتگنشتاین، فەیلەسووفی نەمسایی لە ڕوانگەیەکی دیکەوە دەدوێ و دەپرسێ: جارێ هەر بوون بۆ هەیە؟ لۆجیکی دروستبوونی گەردوون لە چیدایە؟ ئەو پێی وایە بۆ ئەوەی مانای ژیان بدۆزینەوە، پێویستە مانای بوون لەپێشدا بزانین. ڤیتگنشتاین دەڵێ: قسەکردن لەسەر مانای ژیان کەمێک بێ مانایە. یەکێک نییە لەو شتانەی بتوانین بیڵێین یان ڕاڤەی بکەین، دەتوانین وەک “گرێیەک یان مەتەڵێک” ناوی بهێنین، ئاخر هەر چەمکێک کاتێد دەبێتە چەمک کە مانای هەبێت، مەسەلەی “مانای ژیان” لەبەر ئەوەی هیچ ڕاڤە ناکرێت، چەمکێکی گەمژانەیە. لە پەڕتووکی “نامەی لۆجیکیی فەلسەفی”دل ڕوونی دەکاتەوە کە جیهان خۆی بریتییە لە کۆمەڵێک ڕووداوی ناوکی. هەڵبەت لە ڕوانگەیەکی زانستیی فیزیاییشەوە، ئەم گوتەیە سەلمێندراوە. [1]