ناونیشانی بابەت: ئایینی زەردەشتی و شوێنەوارەکانی لە کوردستاندا 09
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$شوێنەوارە بەجێماوەکان لە ئایینی زەردەشتیدا$
شوێنەوارەکانی بەجێماوەی ئایینی #زەردەشت#ی، دابەش بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەکرێن:
یەکەم- شوێنەواری بەجێماوە شوێنە هەڵکۆڵراوەکانن، واتا ئەوانەی کە لەناو شاخەکان و لەسەر پارچە بەردی گەورەوە لە لایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و هونەرمەند و ئەندازیار درووست کراون، بە داتراشەوەکان بەناوبانگن، کە ئەم دەستە شوێنەوارە تایبەت بووە بە ناشتنی تەرمی پاشاکان و کەسایەتییە پایە بەرزەکانی ئەم ئایینە. هۆکاری ناشتنی تەرمەکان لەم جۆرە شوێنانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە نەریتەکانی ئایینی زەردەشتی مردوو لەناو خاک نانێژرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ پاراستن و پیسنەبوونی خاک، کە یەکێک لە سێ پێکهاتە سەرەکییەکان و گرنگی ژیانە، ئەم دەستە شوێنەوارە (#گۆڕ دخمە#)ی پێ دەگوترێ.
گۆڕ دخمە جۆرێکە لە بیناسازی لە لاپاڵ و کەند، کە لە شارستانیەتی زەردەشتیدا بۆ ناشتنی مردووەکان درووست کراون، ئەم شوێنە لە ڕاستیدا ئارامگەیەک بووە، کە لەناو چیا و لاپاڵ، بە شێوازی ژوورێک یان چەندین ژوور درووست کراوە، کە شوێنی یەک یان چەندین گۆڕ لە خۆی دەگرێت و شوێنی دانیشتن و دانانی کەلوپەل و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئایینییشی تێدا دەبوو.
سەبارەت بە مێژووی درووستبوونی گۆڕ دخمە، بیروڕای جیاواز هەیە، بەڵام بە شێوازی گشتی و بەپێی دۆزراوە شوێنەوارییەکان و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ئەم جۆرە گۆڕانە بۆ سێ بەش دابەش دەبن-
1- سەردەمی پێش #میدییەکان# و خودی میدییەکان.
2- سەردەمی ئەخمینییەکان.
3- سەردەمی پاش ئەخمینییەکان.
سەبارەت بە سەردەمی پێش مادەکان، دەتوانین ئاماژە بە و گۆڕە دخمەییانە بکەین کە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی (#ئورارتییەکان#) واتا نزیک #دەریاچەی وان# دۆزراوەتەوە و بۆ هەمان مەبەستی ئاماژەپێکراو، درووست کراوە و بەکار هاتووە.
لەپاش ئورارتییەکان، جۆری پێشکەوتوو و گەشەسەندووی گۆڕ دەخمە لە سەردەمی میدییەکان دۆزراوەتەوە و لە ڕووی دیزاین و بیناسازی، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و دیارە کە تایبەت بۆ کەسانی دیاریکراو درووست کراوە.
لە سەردەمی ئەخمینییەکان، دیزاینی گشتیی گۆڕی دخمە لە دیوی دەرەوە بە شێوازی خاچ درووست کراوە، کە لە بەشی سەرەوەی خاچەکە نەخشی تایبەت بە ئا هوورامەزدا و #فەروەهەر# و ئاتەشدانێک هەڵکۆڵدراوە و لە نەخشەکە و بەپێی نووسینەکانی سەر نەخشەکە دیارە، کە تایبەت بە پاشا درووست کراوە.
لە کۆتایی سەردەمی ئەخمینییەکان، کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی #ئەسکەندەری مەکدۆنی# بۆ سەر #ئێران# و هاتنە سەر کاری هەردوو دەسەڵاتداری (سلوکییەکان و ئەشکانییەکان) ئایین ڕۆڵی کەمتری هەبوو لە دەسەڵات، بەتایبەت ئەوەی کە زانیارییەکی تەواو و پشتڕاستمان نییە سەبارەت بە ئایینی ئەم دوو زنجیرە حوکمدارییە، بۆیە درووستکردن و دۆزینەوەی گۆڕی دخمە وەکوو سەردەمانی پێشوو نەبووە، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەر کاری ساسانییەکان و بە فەڕمی ناساندنی ئایینی زەردەشتی، درووستکردنی گۆڕ دخمە جموجۆڵی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەر نەدەگەیشتە سەردەمی ئەخمینییەکان.
لە نموونەکانی گۆڕ دخمە لە کوردستان، دەتوانین ئاماژە بە شوێنەواری (#ئەشکەوتی قزقاپان#) بکەین، ئەم شوێنەوارە دەکەوێتە ناوچەی چەمی ڕەزان لەنێوان #سلێمانی# و #سوورداش# و نزیکە لە گوندی زەرزی، ئەم گۆڕە بە بەرزایی 10 مەتر لەناو شاخ هەڵکەندراوە.
ئەشکەوتەکە دەرگایەکی بچووکی هەیە، کە دەچێتە ناو ژوورێک کە سێ گۆڕی تێدایە بە بەرزیی یەک مەتر، دیوی دەرەوەی ئەشکەوتەکە بە شێوازێکی تایبەت و بەرجەستە نەخشی بۆ کراوە و نەخشەکە بریتییە لە دوو دینگەی گەورە، کە هەر دوو لای ژوورەکەیان گرتووە و لە ناوەندی ئەم دوو دینگەیە دوو پیاو ڕاوەستاون، کە کەوانەکانیان لەسەر زەوی داناوە و دەستیان بەرز کردووەتەوە و لە پێشیان ئاگردان دانراوە، جێی ئاماژەیە، لە سووچێکی دیوی دەرەوەی ئەشکەوتەکە، هێمای زەردەشتی (فەروەهەر) نەخشێنراوە، کە بە وتەی هەندێ لە مێژوونووسان و شوێنەوارناسان، کۆنترین نەخشی فەروەهەرە، کە لەسەر بەرد هەڵکۆڵدرابێت.
بەپێی سەرچاوە شوێنەوارییەکان، مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ 600- 550 پێش زایین دەگەڕێتەوە، واتا سەردەمی میدییەکان و کۆمەڵێک لە مێژوونووسان لە و بڕوایەدان، کە تەرمی کەیخوسرەوی پاشای ماد لەوێ نێژراوە.[1]