دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#:
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان..
کاک جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی حزبەکەی، بۆ خۆشیرینکردنەوە و خۆدەرهێنانی لەو پەراوێزخستنەی کە تووشی بووە، کۆمەڵێک قسە و ڕای کە تەبا نین لەگەڵ ڕەئی و بۆچوونەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆی، دەربڕیوە. بێئومێدی لە ئاکامی سیاسەتی ناڕوون و دوور لە پرەنسیپەکانی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی حزبەکەی کاک جەعفەر شێخ مستەفا، پشتگوێخستنی ڕێککەوتنەکان و قبووڵنەکردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانە، خەڵک بێئومێد بووە، چونکە یەکێتی باکی بە ئاییندەی ئەم هەرێمە نییە، چونکە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی ناوخۆی حزبەکەیان پێ چارەسەر ناکرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن کێشەکانی کوردستان چارە بکەن؟.
ئێمە لە کاک جەعفەر و هەڤاڵەکانی تێدەگەین کە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و کادیرانی حزبەکەیان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان لابدەن، بە درووستکردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی کوردستاندا.
خەڵک بێئومێد بووە، چونکە حزبەکەی کاک جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکان کێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درووست کردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواکەوت.
ئەگەر باسی خراپیی دۆخی هەرێم و ململانێ دەکەی و ترسی لێکترازانت هەیە، چونکە هێشتا حزبەکەت چەمکی منافەسە و دوژمنایەتی لێک جیانەکردۆتەوە، بەرژەوەندیی حزبەکەی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان و دەستکەوتەکانی ئەم هەرێمە، کە بە خەبات و خوێن بەدەست هاتوون، بۆ زانیاری کاکە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی زۆر لەوە گەورەتر و بەئیلتیزامیترن کە بچنە لای کەسی دیکە گلەیی بکەن، یان باسی پارتەکەیان بکەن، بەڵکو ئیلتیزامی هەڤاڵان بە مەرجەعیەتی حزب و پارتایەتی ئەوەندە بەهێزە کە هێرش و قسە جنێو ئامێزەکانی ئێوە و مامانانیش بەرامبەر بە حزبەکەتان و کەسایەتییەکانی باس ناکات.
وەزع و شەرحی حاڵی خۆتان بۆ خۆتان لە ڕاگەیاندنەکانیش نەشاردۆتەوە، ئێمە دەزانین ئەو هەڵوێستەی تۆ و حزبەکەت لەبەر چییە؟. ئایا خەڵکی کوردستان ئەمە قبووڵ دەکەن، بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی هەمووان هاووڵاتیی ئەم هەرێمە تیرۆر بکرێ و حکوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و دادگا چاوپۆشی بکەن؟ ئایا جەماوەری خۆڕاگری #سلێمانی# ئەو خۆسەپاندن و بێسەروبەریەی لە حکومڕانیی ئەو دەڤەرەدا هەیە، قبووڵ دەکەن؟
دەپرسین تۆ و هەندێک لە هەڤاڵەکانت بۆ ئەوەندە لە داواکردنی دادگا بۆ تەسلیمکردنی چەند کەسێک کە داواکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە تەنگاو بوون و لە هەموو ئاستەکاندا دەستتان کردووە بە هێرش و تێکدانی بارودۆخەکە؟
ئێمە لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتی پشوودرێژ بووین لە وەڵامنەدانەوەی کۆمەڵێک چەواشەکاری و قسەی هەڵبەستراو، بەڵام پشوودرێژیش سنووری خۆی هەیە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!