$شار وەک شوناس$
نووسینی: د. عەلی زەڵمی
$تیۆرەکانی شارناسی و دیاردەی ‘شار’ی کوردی$
بۆ قسەکردنمان لەسەر شار هەوڵ دەدەین بگەڕێینەوە بۆ تێڕوانینی سۆسیۆلۆژیی لەمەڕ دیاردەی شار و سۆسیۆلۆژیای شار (Urban Sociology)، بە مانا خوێندنەوەی ئەو دیاردە بەرفراوانەی کۆتایی سەدەی نۆزەد و سەرەتای سەدەی بیست لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری و ئابووری مرۆڤی مۆدێرن. شار وەک جوگرافیا و وەک دانیشتوان و هتد جێگای ئەم کورتە باسەی ئێمە نییە بەڵکوو ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە خوێندنەوەی شار وەک ‘ڕووداو’، هەروەها وەک بەرهەمهێنەری کەلتورێک و شێواز و ستایلی نوێی ژیان جێی بایەخە و لەوێوەش ئەتوانین پەیوەندی نێوان شار و شوناس بخوێنینەوە. گەر لە سەرەتاترین پێناسەوە دەست پێبکەین ئەتوانین شار وەک جێگایەکی پارێزراو لە دڕندە و سرووشت سەیر بکەین، واتە ئەو شوێنە سەلامەتەی هاووڵاتیان بتوانن بە ئارامی لەدەستی دوژمنان و دڕندە کێویەکان بژین بەیەکەوە. هەربۆیە گەر سەرنج بدەین زۆربەی زۆری شارەکان لە سەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست و چاخە کۆنەکان شورایان هەبووە یان قەڵایان هەبووە. هەر لێرەوەیە خودی وشەی شار (city) ڕەگەکەی لەوشەی لاتینی (civis) هاتووە واتە هاووڵاتی و ستیزن، واتە جیاکردنەوەی هاووڵاتی لە دڕندە یان کێویی. کۆمەڵناسان ئەم پێناسەیان درێژتر کردووەتەوە و پێیانوایە شار لە کەمترین باردا بریتییە لە: ئەو شوێنەی کە ڕووداوگەلێکی تیادا ڕوودەدەن کە مێژوو درووست دەکەن یان لانی کەم کاریگەریان هەیە لەسەر ڕەوتی مێژوو. بڕوانە: (مالکۆلم میلس؛ شار و کەلتور 2007)، شار ئەو جێگایەیە کە تایبەتمەندی بەڕێوەبردنی خۆی هەیە و تا ڕادەیەک سەربەخۆی خۆی هەیە بەجۆرێ هەموو لایەک گوزارشت لەخۆیان بکەن. پاشان شوێنێکە بۆ ئازادبوون لە گرێدان بە زەویەوە واتە زەوی کشتوکاڵی یان ژیانی کشتوکاڵی. دیسانەوە شار پێگەو شوێنێکە بۆ چالاکی ئابووری و بازرگانی و هەروەها گەشەسەندنی فکری و مەعریفی. بێگومان ئەشێ ئەم پیناسەیە ئەوەشی بۆ زیاد بکرێت کە بۆ هەژارو بێلانەکان شار دیسان جێگایەکە بۆ چەوسانەوە. ئێمە ناچینە سەر ئیشکالیەتی ئەم پێناسیەو یان ئەو دەیان پێناسەی بیریاران کردویانە بۆ شار، ئەوەی گرنگە لەم پێناسەی بەردەستمان دوو ئاماژەی گرنگ هەن ئەتوانین لێیانەوە بچینە ناو مەبەستی ئێمە لە قسەکردنمان لەسەر شار، ئەوانیش چەمکی ئازادی و چەمکی فکر. سەرهەڵدانی شار بەمانایەک لە ماناکان بریتییە لە سەرهەڵدانی ئازادی واتە ڕاکردن لەو جۆرو شێوازە تەقلیدیەی ژیانی کشتوکاڵی ناو لادێ. بەتایبەتی جۆری بەرهەمهێنان کە بریتی بووە لە چەوساندنەوەی ڕاستەوخۆی دەرەبەگ و پیاوانی ئایینی و ئاغا بۆ جوتیار و وەرزێر، ئەویش لەڕێگەی دەستبەسەراگرتن وموڵکاندنی زەوی و زارو ئاو مێرگ و کارێز و سەرچاوەکانی شروشت. درووستکردنی شار جۆریکە لە کۆتایهێنان بە مجۆرە لە کۆنترۆڵکردن و چەوساندنەوە ڕاستەوخۆیە و درووستکردنی جۆریکی دیکە لەژیان و بەرهەمهێنان کەزیاتر پەیوەستە بە پیشەسازی (پیشەسازی بچوک وەک پیشەگەری و هەروەها پیشەسازی گەورە وەک کارگە) و هەروەها بەرپابوونی بازرگانی و بەڕێوەبردنی نوێ لەژیانی نوێی مەردمودا. ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە ئایا مرۆڤەکان بەڕاستی ئازادبوون و نەکەوتنە داوی جۆریکی دیکە لە چەوساندنەوە و بەندایەتی لەسەردەمی ژیانی پیشەسازی و کەپیتالیزم، ئەمە بۆخۆی قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دواتر لە قسەکردنمان لەسەر پیشەسازی کەلتوری لای ئادەرنۆ و هۆرکهایمەر کەمێک لەسەری دەوستین. یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی سەرنجڕاکێشە لەو پێناسەی سەرەوە بریتییە لە چەمکی ‘ گەشە سەندنی فیکر’، دیسانەوە درووستکردنی شار بریتییە لە پژاندنی هزری مرۆڤایەتی و بەرهەمهێنانی زهنی و ئەقڵی. ئاخر هەر خودی میژووی فکرو فەلسەفە بریتییە لە میژووی ژیانی هاووڵاتییبوون و ژیان لە شار دا، بە نموونە شاکارە فەلسەفیەکانی گریگ هەرهەمووی بەرهەمی سپارتا و ئەسینایە. هەروەها ئەقڵی مەعریفەی ئیسلامی هی قرتاجنەو بەغداو دمەشق و قورتوبەو ئەسفەهانە هەروەها فەلسەفەی لاهۆتی چاخی ناوەڕاست هی ڕۆمایە و چاخی نۆزدەهەمی مۆدێرنەتە هەریەک لە پاریس و لەندەن و ڕۆماو بەرلین مەدرید مەیدانی گەورەی گۆڕانکاری سیاسی و بزاڤی فکری و هونەری بوون هەروەها سەنتەرێکی گرنگی سەرهەڵدانی بیریی ناسیۆنالیزم و سەربەخۆی نەتەوەیی بوون. پاشتر هەریەک لە فرانکفۆرت و شیکاگۆ دەبنە دوو سەنتەری بواری بیریی ڕەخەنگرانەو قوتابخانەی بەرهەمهێنانی فکری.
لەبەر ڕۆشانیی ئەو دوو چەمکەی سەروە لەبابەت درووستبوونی شار ئیدی ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی هاتنی شار ڕاستەوخۆ هینان و درووستکردنی جۆریکی دیکەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، واتە سەرهەڵدانی فۆرمی نوێی ژیانی ڕۆژانە و گوزەراندن و پەیوەندیکردن. بۆ نموونە سەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپادا و گەشەسەندنی ژیانی شار لە چاخی نۆزدەو دواتر لەگەڵ کۆچی بەکۆمەڵی مرۆڤەکان بۆ شار دیسانەوە بوویە هۆی ڕاگوێزانیکی کەلتوریش. ئەویش لەڕێگەی کردنەوەی سەدان مۆزەخانەو گەلەری و شوینی گەشتیاری و هۆڵی نمایشی میوزیک و سینەما و نواندنی شانۆیی. ئیدی لێرەوەیە هونەر وەک ئارەزوێکی کەسی بەهەموو شێوەکانیەوە وینەکێشان، دانانی مۆسیقا و وتنی گۆرانی و نووسینی شعر و چیرۆک و نواندن دەگۆڕیتە پیشە و کارکردن و بگرە بەرهەمهێنان پاشان ئایدیۆلۆژیاش. بگرە هەرخودی میژووی سینەما وەک هونەرێکی پیشەسازی بەرهەمهێنەر لە درووستبوونی شارەوە سەرهەڵئەدات. لێرەوەیە چەمکی ‘ پیشەسازی کەلتور’ ی هەردوو بیریار هۆرکهایمەر و ئادەرنۆ یارمەتیمان دەدات بۆ خوێندنەوەی ئەو پەیوەندیە واتە پەیوەندی شار و کەلتور. یەکەمین کار ئەمدوو بیریارە کردیان جێگۆڕکێی وشەی ‘ماس’ بوو واتە جەماوەر بە وشەی ‘ پیشەسازی’، ئەوان لەبری کلتوری جەماوەری چەمکی پیشەسازی کەلتوریان بەکارهێنا. بۆ ئەمەش ڕوونکردنەوەی خۆیان هەیە لەوانە؛ چونکێ ئیدی بەپێچەوانەی ژیانی لادێنشین و کشتوکاڵیەوە کە هونەرو ئەدەب کارێکی خۆبەخش و لەخۆوە بوو لە شاردا ئەمە بوویە کارێکی ڕێکخراو و پیشەگەر، وە لەمەش گرنگتر چیدی ئەم چالاکیانە لەلایەن جەماوەروە ئەنجام نادرێن بەڵکوو بۆ جەماوەر ئەنجامدەدرێن لەلایەن کەسانی تایبەتەوە. واتە ئەم کارە هونەری و ئەدەبیانە بوونە کاڵاو کەوتنە بازاڕەوە و بوویە چالاکی پیشەسازی و بازرگانی نێوان کڕیارو فرۆشیار، بەڵام نەک مامەڵەی ڕاستەوخۆی کریارو فرۆشیار بەڵکوو لەڕێگەی بەرهەمهینان و سەرمایەوە. بەجیاوازی کارە فلکلۆریەکان کە لەخەڵکەوە بۆ خەڵک بوو ئەم جارە هونەری مۆدێرن لەڕێگەی کۆمپانیاو کارگەوە بەرهەمدەهێنرێت هەر وەک کاڵا و شتومەک دەخرێتە بازاڕەوە پاشانیش وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەم بەرهەمانە هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت بوون، وەک ئادەرنۆ دەڵێت فلمە سینەمایەکان ئەیانەوێت جۆریکی تر لە واقیع بخولقێنن بۆ بینەر کەهیچ نییە جگە لە وەهم و لە خشتەبردن. بەلای ئەو دوو بیریارەوە پیشەسازی کەلتور یان ئەو بەرهەمە کلتوریە جەماوەریانە بۆخۆیان هۆکارێکی بەهێزی کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی هوشیاری مرۆڤەکانن بەجۆرێ هاوڕا لەتەک فۆرمەکانی تری تۆتالیتاریەت. هەروەک لەپەڕتووکی ” دایەلکتیکی ڕۆشنگەری ” دەنووسن: ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤ وای لێهاتووە جیانەکرێتەوە لە فلم، بەجۆرێ فلمە دەنگیەکان وەهمێکی وا دەخنە سەری مرۆڤەوە کە هیچ بوارێک نەمینێتەوە بۆخەیاڵی بینەر و وەرگر بۆ بیرکردنەوە، دواجار ئەم هەژموونە وێنەکانی ناو فلمەکەی لێدەکات بە واقیع.” بەڵام ئەوان ئەمە ناو ئەبەن بە فێڵکردن لە بینەر یاخود ئەوان بە قوربانی ناویان دەبەن، چونکە هەرگیز ئەوان ناگەن بەو واقیعە وەهمیەی لە فلمەکەدا دەیبینن. هەروەک چۆن سەرکردەیەکی کاریزمی هەڵگری ئایدیۆلۆژیایەک یان یۆتۆپیایەک هانی شوێنکەوتوانی دەدات تا بجەنگن و شۆڕش بکەن بۆ خەونەکانیان بەڵام کاتێ ئەم سەرکردە شۆڕشگیڕە خۆی دەچێتە سەر دەسەڵات هەمان فۆرمی دیکتاتۆری و تۆتالیتاریەت بەرانبەر بە شوێنکەوتانی خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە، وا نازانم پێویست بە نموونە هێنانەوە بکات لەمڕوەوە مێژووی نزیکی ناوچەکەو جیهان زۆروزەبەندە. بێگومان سەرهەڵدانی پیشەسازی کەلتور هەڵبەتە هاوزەمانی ئەو کۆچە بێشومارەیە بۆ شارەکان لەپێناو چاکترکردنی ژیان و گوزەران واتە هاتنە دی خەونەکان، بێگومان ئەو خەونانەی کە لەمرۆڤەکانەوە لەدایک نەبوون بەڵکوو خرایە مێشکی مرۆڤی مۆدێرن. کەواتە هەرخودی پڕۆسەی بەرفراوانکردنی ژیانی شار بۆخۆی جۆریک بوو لە ئایدیۆلۆژیا. بەجۆرێ پێشکەوتنە تەکنەلۆژیەکانی بواری گەیاندن وەک داهێنانی تیلگراف و تەلەفۆن و ڕادیۆ و هەروەها ئۆتۆمۆبیل و هێڵی شەمەندەفەر و درووستکردنی کامێرای و فۆتۆگرافی تایبەتی، ئەمانە هەموویان تا دەهات ئەو خەونەیان فراوانتر دەکرد بگرە بەواقیعیان دەکرد کە مرۆڤی لادێ بەرانبەر خەونی شار هەیبوو. سەرباری ئەمەش لە سەرزەمینی واقیعشدا بوارێک ڕەخسابوو بۆ ئەم ڕاگوێزانە لە ژیانی کوشتوکاڵیەوە بۆ ژیانی پیشەسازی ناو شار. سۆسیۆلۆژەکان ئاماژە بە دوو فۆرمی نوێی بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی گشتی دەدەن لەسەرەتای سەدەی بیست کاتێک شیکردنەوە دەکەن لەمەڕ گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانی جۆری بەرهەمهێنان و کارکردن. ئەوانیش تایلەریزم (ئاماژەیە بۆ ئەندازیاری ئەمەریکی فردریک تایلەر1856- 1915) لەڕووی بەڕێوەبردنی زانستی و هەروەها سیستمی فۆردیسم (ئاماژەیە بۆ هنری فۆرد 1863-1947) بۆ بەرهەمهینانی ئۆتۆمۆبیل گشتی. هەرچی سیستمی یەکەم بوو داهینانێک بوو لەڕووی کۆنترۆڵکردنی کرێکار و بەڕێوەبردنیان لەکارگەکاندا بەشێوازێکی زانستی سەرکەوتوو لەپێناو وەدەستخستنی زۆرترین بەرهەم و قازانج. سیستمی دووەمیش بە سود وەگرتن لە ئایدیاکانی فردریک تایلەر، گەورە خاوەنکاری ئەمەریکی هنری فۆرد هەستا بەکردنەوەی یەکەم کارگەی درووستکردن و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمۆبیل بەشێوازێکی فرەیی و ماس کەبە کارگەی ئۆتۆمۆبیلی فۆرد ناسراوە. بۆ یەکەمجار فۆرد هەستا بە کارخستنی دەیان هەزار کرێکار لە کارگەکەیدا و مووچەی بۆبڕینەوە، بەمەش توانی شێوازی بەرهەمهێنان و درووستکردنی ئۆتۆمۆبیل لە سیستمی یەکدانیەوە، واتە کۆمپانیایەک هەستی بەدرووستکردنی ئۆتۆمبیلیک لەیەک شوێندا هەتا هەموو پارچەکانی تەواو دەبوو، بگۆڕێت بۆ سیستمی دابەشکردن. واتە پارچە پارچە کردنی پڕۆسەی درووستکردنی ئامێرەکە بۆ نموونە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر هەتا لەکۆتایدا ئۆتۆمبیلەکە لەدواقۆناغی تەوابوون لە کارگەکە دێتە دەروە. بەمەش ئەوەی گێڕی درووست کردووە ئاگای لەوە نییە فەرمانی درووستکردووە ئابەمشێوەیە. بەلای کۆمەڵناسانەوە ئەمە بۆخۆی گۆڕانکاریەکی گەورەبوو لە ژیانی سۆسیۆ-ئابووری دا و هەروەها بواری بەرهەمهێنانی گشتی کە دەیان هەزار کرێکار لە شوێنێکدا کۆببنەوە کار بکەن و لانی کەم نیوەی ژیانیان لەو شوێنەدا بەسەر بەرن. کە تۆ ئەم هەموو کریکارە دەهێنیتە شوێنێک بۆ کارکردن بێگومان ئەمانیش شوێنی نیشتەجێبوونیان دەوێت، بازاڕیان دەوێت، خوێندنگەو خەستەخانەو و پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەو شوێنی پەرستن و شوێنی کات بەسەربردن و سینەما و هۆکاری گواستنەوەو دەوێت دەیان شتی تریش. لێرەوەیە شار ئەو شوێنەیە بۆ کۆکردنەوەی ئەم هەموو دیاردە نوێیانەی ژیانی مۆدیرن، شار دەبێتە نیشتمانی کرێکار، دکتۆر، خاوەنکار، پۆلیس، مامۆستا، بازرگان، پیشەگەر، هونەرمەند و شانۆکار، سینەماکار، بەرهەمهێنەر هتد. لەهەمویشی گرنگتر بە جۆریک لەجۆرەکان هەمووان بەستراون بەیەکەوە ئەگەرچی وا دەردەکەوێت ژیانی شار جۆرێکە لە ئۆتۆنۆمی تاک. بەڵام ئەم وابەستەیی بوونە بەیەکترەوە، (واتە نە نەخۆشیک ئیشی بێ دکتۆریک دەڕوات و نە دکتۆریش بێ نەخۆشەکە ئیشی هەیە)، وا ناکات جۆریک لە هەماهەنگی و تەبایی کۆمەڵایەتی و دادوەریی کۆمەڵایەتی هەبێت لەنێوان پیکهاتەکانی ژیانی نوێی شاردا. هەربۆیە لێرەوەیە چینە کۆمەڵایەتییەکان دیسانەوە بە فۆرمی نوێوە سەرهەڵدەدەنەوە ئەم جارە لەبری ئاغا و نۆکەر، دەرەبەگ و جوتیار کەچی خاوەنکار و کرێکار، دکتۆر و نەخۆش، هەژارو دۆڵەمەند پەیدا دەبێت. لێرەوەیە پرسی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی درووست دەبێت لەشاردا بەڵام تابڵێی ناسنامەیەکی ئاڵۆز، هاووڵاتیەکی هەژارنشینی یەکێک لە گەڕەکەکانی شیکاگۆی ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی هاوشاری شیکاگۆکانە و هاووڵاتی ئەمەریکیەکانە بەڵام لەهەمان کاتدا هەرگیز هاوشێوەی ئەمەریکیکی شیکاگۆی دۆڵەمەندنشین نییە. لەڕووی شێوازی ژیان و نانخواردن وکارکردن و خوێندن و بگرە هەندێجاریش سەیرکردنی فلم و گوێگرتن لە میوزیک و بازاڕکردن هتد. بۆیە لێرەدا زیاتر لەسەر مەسەلەی ئاڵۆزی ناسنامەکان لەژیانی نوێی شارەکاندا ناکەین بەڵکوو هەر ئەوە دەخەینە ڕوو کە شار بۆخۆی بەرهەمهێنەری ناسنامەیە. وەدیارکەوتنی ئەو جیاوازی و ناسنامانە زیاتر لە دوایی هەردوو جەنگی جیهانی دەرکەوتن کاتێک ئەوروپاش وەک ئەمەریکا جۆرێک لە ئارامی و ئاساییش بەخۆوە بینی کە بە سەردەمی بوژانەوەی دوای جەنگ ناودەبرێت. میژوونووسان ئەوەمان بۆ دەگیڕنەوە کە شاری لەندەن، لە کۆتای سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کە بەدوو ناوچە ناسراوبوو ئەوانیش؛ بەرەی کۆتایی ڕۆژهەڵات و بەرەی کۆتایی ڕۆژاوا. هەرچی بەرەی ڕۆژهەڵات بوو گەڕەکە هەژارنشین و بێکارەکانی لەخۆ گرتبوو و هەروەها بەرەی ڕۆژاواش چینی دەوڵەمەند و خاوەنکارەکان، کە لەڕووی سرووشتیەوە ئەم دوو بەرەیە ڕووباری تایمز دابەشی کردوون. میژوونووسان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەوەندە جیاوازی هەبوو لەنێوان خەڵکی ئەو دوو بەرەیە بەقەدەر جیاوازی خودی ڕۆژاوایی (پێشکەوتوو، شارساتنی، ئەقڵانی) لەگەڵ ڕۆژهەڵاتیەکاندا (دواکەتوو، بەربەری، سۆزباوی). بەمانا لەندەنێکی ڕۆژاوایی زیاتر نزیکە لە بەرلینیەکی ئەوروپی- ڕۆژاوایی وڵاتی ئەڵمانیا هەتا نێوانی لەندەنیەکی بەرەی ڕۆژهەڵاتی هاوشاری خۆی. ڕەنگە هەمووان چیرۆکی ئۆلیڤەر تویستی نووسەری ئینگلیزی چارلس دکنس خوێندبێتەوە لەپاڵ دەیان بەرهەمی تری ئەدەبی کە گوزارشت لەو جیاوازیە دەکەن لەو سەردەمەدا. دکنس زۆر شارەزایانە مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوی ناو چیرۆکەکە کردووە بەبەردەوام ژیانی لەندەن بریتییە لە تاریکی و شەو کەشوهەوای سارد، کە ئەمانە هێمان بۆ ژیانی پڕ تەنگو چەڵەمە و هەژاری لەبەرانبەردا هەردەم دەرەوەی لەندەن واتە ژیانی لادێ هەردەم بەهارو سەوزایی و ڕووناکییە کە هێمان بۆ ئاوەدانی و ژیانی ئارامی و بەختەوەری.
ڕێگەم بەن هەر لەم بارەوە ئەگەر زۆر بەخێرایش بێت سەرنجی هەندێ لە بیریاران بخەمە ڕوو سەبارەت ژیانی شار و ئاڵۆزیەکانی. ئەشێ بەو وتەی ئەرستۆ فەیلەسوفی یۆنانی دەست پێبکەین کە دەڵێت من دەمەوێت لە شارێک دا بژیم خۆر ڕاستەوخۆ بدات لە شەقامەکانی و بەرخۆر بێت نەک نسار، وە هەروەها هەوا بە ئازادی هاتوچۆ بکات لە کوچەو کۆڵانەکانی، وە هەردەم هۆشداری داوە کە شارەکان زوو پیس و بۆگەن دەبن. ئیڤان ئیڵچ (1926-2002) بیریاری گەورەی ئەنارکی نەمسای گەشتێکی مێژوویمان پێ دەکات سەبارەت بە بۆگەنی ژیانی شار و مێژووی درووستکردنی زێراب لە شارەکاندا، لەوێوە وەک بەشێک لە پڕۆژە ڕەخنەیەکی ئەو لەمەڕ وەزیفەی ئابووری و بەڕێوەبردن لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا و بەتایبەتی ژیانی شار. ئیلچ پێیوایە لە سەردەمی مۆدێرنەدا مرۆڤەکان خزانە شارەکانەوە بەجۆرێ لەڕێگەی درووستکردنی خانوبەرەی وەک یەک و ئاپارتمان و یەکەی نیشتەجێ بچووک و قەرەباڵغ و درووستکردنی ڕێوڕەوی ئاو زێراب مرۆڤەکان لە قاڵبدراون لە ژیانێکی گوشراودا ژیان بەسەر دەبەن. بەهەمان شێوە جۆرج سیمیل (1858-1918) سۆسیۆلۆژست و فەیلەسوفی ئەڵمانی لە وتارێکی گرنگدا بەنێوی (the metropolis and mental life) باسی ژیانی ئەقڵی تاکمان بۆ دەکات و هەورەها ئەو ئەگەرە تازانەی دێنە بەردەم ژیانی شار. سیمیل پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە ژیانی شار بریتییە لە ژیانی تاک و ڕزگاربوونی لە هەژموونی کۆمەڵگا لەڕووی سیاسی و ئایینی و ئابووریەوە، واتە دست و پەنجە نەرمکردن لەتەک ئازادیەکاندا کە مرۆڤی شاری دەیەوێت چنگی بخات. بەڵام لەگەڵ ئەم ئازادیەدا بێگومان مرۆڤ وەک سیمل باسی دەکات دەروونێکی هیلاک و نیگەرانی هەیە چونکە ژیانی شار بریتیشە لە گۆڕانکاری بەردەوام و خێرا لە ئەنگێزەو حەزەکانی مرۆڤ. باس لە جیاوازی ژیانی لادێ و شار دەکات، کەچۆن تاکەکان لەژیانی نوێی شاردا کەمتر پەیوەندی سۆزداری و گەرموگوڕی خزمایەتی بەدی دەکرێت بەبەراورد لەتەک ژیانی کۆمەڵایەتی گەرمی لادێ. لەمانەش گرنگتر ئەو باسی ئەو ڕاگوێزانە دەکات لە زهنیەتی مرۆڤی شاردا کە چۆن لەبری ئەوەی کاردانەوە لەگەڵ دڵی بکات کەچی مێشکی کاردانەوەکە ئەنجام دەدات.
پڕۆسەی درووستبونی شاری کوردی
لەوانەیە زۆر ئاسان نەبێت هەموو ئەو تیۆرە زانستی و کاردانەوە ئەدەبی و هونەریانەی بەرهەم هاتوە لەمەر دیاردەی سەرهەڵدانی شارەکانی ئەوروپا لەسەردەمی مۆدێرنە، ئەوا هەمان شت ڕاست بێت بۆ شاری کوردی. چونکە هەر بۆخۆی نەبوونی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی واتە دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوە، وە هەروەها نەبوونی شوێنێک بەناوی پایتەخت کەتیایدا زۆربەی چالاکییە بازرگانی و پیشەسازی گەورەو کایەیی بەڕێوەبردنی گەورە و بزاوتی فکری و سیاسی و هونەری و ئەدەبی تیادا کۆبێتەوە، ڕێگرە لە بەرواردکاری لەنێوان چەمکی شار لە ئەوروپا و لای ئێمە بگرە چەمکی شار لای نەتەوەکانی دراوسێ وەک عەرەب و فارس و تورک. بەڵام ئەمە وامان لێناکات کە سەرنجی خێرای خۆمان نەدەین لەسەر دیاردەی سەرهەڵدانی شار لە کوردستاندا، بەتایبەتی ئەم بەشەی باشوور کە لانی کەم بۆ چارەکە سەدەیەک دەچێت تایبەتمەندی خۆی هەیە. وە بەهەمان شێوەش وەک لە خوارەوە ڕوونیدەکەینەوە نەبوونی شار هاوڕا لەتەک دیاردەی ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ئەوەی لە ئەوروپا ڕوویداوە، نابێتە ڕیگر لە بینینی شاری کوردی وەک ناسنامە. ئەگەر لەبەر هەر هۆیەک بووبێت شارە کوردییەکان بێبەش بووبن لە چالاکی بازرگانی و پیشەسازی و کارگەی گەورە ئەوا بێگومان بێبەشیش بوون لە هۆکارەکانی گواستنەوە وێنەی هێڵی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانە و ڕێگاوبانی مۆدێرن بۆ بەستنەوە بە شارە گەورەکانی دەوروبەر. هەمان هۆکار ڕاستیشە بۆ دیاردەی نیشتەجێ و گەشتوگوزار، کەمنین ژمارەو ڕێژەی ئەو کوردانەی بوونەتە تارانی و دیمەشقی و ئەستانبوڵی و بەغایی بەهۆی ڕاگوێزانی بەکۆمەڵ لەشارە کوردنیشنەکانەوە بۆ پایتەختی ئەو وڵاتانە لە ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم. هەر لەبەر هەمان هۆ ئەوا دەکرێت شارە کوردییەکان وێنەی سنەو وان و ئامەد و سلێمانی و هەولێر تایبەتمەندی خۆیان هەبێت، کە ئەکرێت ئێمە لێرەدا ناویان بەرین بە تێکەڵێک لە خەسڵەتی ژیانی شار/لادێ. واتە گواستنەوەی ژیانی لادێنشینانی کوردستان بۆ شارەکان ئەوا گواستنەوەی ڕێشەکێشی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری لادێنشینەکان نەبوو بۆ ژیانی نوێی شار. بەڵکوو زۆرجار گواستنەوەیەکی لاوەکی بووە یان بگرە لە هەندێجار دا ناچاری بووە وەک کێشەی سیاسی و عەشایریی. هەمووان لەبیرمان دێت کە چۆن پێکهاتەی دانیشتوانی شارە کوردییەکان ڕەنگدانەوەی هەمان پێکهاتەی لادێکان بوو. لەگەڵ ئەوەی لەشارێکی وەک سلەیمانی چەندین گەڕەکی نوێ لەسەر بنەمای پیشەگەری هەبوو وەک گەڕەکی مامۆستایان و ئەندازیاران هەروەها ناوی گەڕەکی نوێ درووست بوو بوون وینەی ئازادی، بەختیاری و خەبات، کەچی گەڕەکەکان بە عەشرەت و تیرە و لادێکان دەناسرانەوە نموونەی بێسەریەکان، شێخەکان هتد هەروەها چەندین خێزان هەبوون لە گەڕەکەکانی قەراغ شار دەژیان هەمان پیشەی لادێیەکانیان هەبوو، وەکو مەڕوماڵات بەخێوکردن و کشتوکاڵکردن. من بۆخۆم شاهیدحاڵی ئەوەم کە چەندین خێزان هەبوون ئەگەرچی لەشاردا ژیانیان بەسەر دەبرد بەڵام هەر خەریکی چالاکی کشتوکاڵی بوون و ڕۆژانە لە سلێمانییەوە ئەرۆیشتن بۆ لادێکانی ڕازیانە و ژاڵە و ئێواران دەگەڕانەوە شار. لەهەولێریش ئەگەرچی لە لایەک جیا لە دابەشبوونی گەڕەکە کوردو تورکمانەکان لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ هەبوونی گەڕەکەکانی وێنەی مەلایان، مامۆستایان، ئەندازیاران، سەربازان (حی العسکری)، کەچی دابەشبونەکە زیاتر لەسەر بنەمای خێڵ و لادێکانەوە بوو. بۆ نموونە خۆشناوەکان زیاتر لە گەڕەکەکانی سێتاقان و شەهیدان دەژیان و دەشتی هەولێر لە 92 و حی عەسکەری و ساڵەییەکان لە گەڕەکی موفتی هەروەها وەک ئاماژەمان پێکرد تورکمانەکان لە تەعجیل و ئیسکان و تەیراوا و قەڵا بۆ خۆیان بەجیا دەژیان. ساڵی 1997 لە گەڕەکی موفتی دەژیام دراوسێکمان هەبوو کاری کشتوکاڵیان دەکرد لە دەشتی هەولێرو زۆر بەرهەمهێنەربوون، بەجۆرێ زۆرێک لە پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان وێنەی بامیەو تەماتەو سەوزەو خەیارو شوتی و گەنم و کولەکەو باینجان و نۆکیان هەبوو بە ڕێژەی زۆر و بە پیکاب دەیانفرۆشت، سەرباری ئەمەش هەموان قەرزاری چاکەی ئەوان بووین کە دەرودراوسێشیان بێبەش نەدەکرد لە سەوزەو تەڕەکاڵ. کەواتە بەس بەتەنیا گواستنەوە لە لادێوە بۆ شار نەبووە هۆی گواستنەوەی ژیانی سیاسی و ئابووری تاک و خێزانەکان. ئەمە لەکاتێکدا وەک ئاماژەمان پێکرد زۆربەی بیریاران و سۆسیۆلۆژان پێان وایە سەرەتاترین سیماکانی ژیانی شار بریتییە لە پڕۆسەی بوونە کڕیار (consumer)، ئیدی مرۆڤەکان دەبنە بەخۆر و جۆرو شێوازی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت. هەر لێرەوە بوو ئیتر وەک مالکۆلم میلس لە پەڕتووکی ‘شار و کەلتور’ باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە شار بریتییە لە ئازادبوون لە زەوی و چەوساندنەوەی ڕاستەوخۆ و گۆڕانکاری لە بەرهەمهێنان و کارکردن و مەسەرفکردندا واتە گۆڕانی شێوازی ژیان. بەڵام بە ڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێت ئەمە ڕوو نادات لە ژیانی شارە کوردییەکاندا و جۆرێک لە تێکەڵی لەنێوان ترادیسۆن و مۆدێرنە درووستبوە، بەجۆرێ سیمای شارەکان هەڵگری هەردوو توخمی شارو لادێ و مۆدێرنەو پێشمۆدیرنەن. ئەشێ لێرەدا پێداگیری لەسەر خاڵیک هەیە بکەین ئەویش لەگەڵ ئەو بارەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێکرد لەمەڕ تێکەڵی چەمکی شار و لادێ لەژیانی کۆمەڵایەتی و تاکی کوردا، بەڵام ئەمە هەرگیز ڕێگر نەبووە لە بەرهمهێنانی جۆرێک لە ناسنامەی شاریی. بۆ نموونە لە سیاسەتدا لە میانی ساڵانی هەفتاو هەشتاکاندا خەڵکی شار بە پیاوی حوکومەت دەناسرا، چونکە فەرمانبەربوون لە دامودەزگاکانی میریدا، و خەڵکی گوند بە کوڕی شۆڕش. دیسان لە ڕووی خەبات و شۆڕشی چەکداریەوە خەڵکی لادێ پێشمەرگە بوون و هی شار تەنزیمی، خەڵکی لادێ ئازاو هی شار ترسنۆک. پاشان لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتوریەوە، ئەوا دەیان تێکستی ئەدەبی و بەرهەمی هونەری و نمایشی شانۆیی و نوکتەو قسەو باسی سەرزارەکی ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە جیاوازیەکی گەورە هەبووە لەنێوان شیوازی ژیانی شارو لادێکان لە کوردستان وێنەی شاری زۆرزان و لادێی فەقیرحاڵ هتد. هەمووان بینەری کورتە دراماکانی تەلەڤزیۆنی کوردی کەرکووک و ڕادیۆی بەغدا بووین ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ژن بەژن و جیاوازی شاریی و لادێی. زۆرینەی ئەو جیاوازیە لەنێوان شاریی و لادێیدا لە ڕووی فەرهەنگی وئەقڵیەوە گوزارشتی لەخۆ دەکرد لەبری ئابووری و ماددیەوە. لەمڕوەوە شارەکانی کوردستان مەیدانێکی گرنگ بوون بۆ ئاڵوگۆڕی بیرو ئایدیۆلۆژیای سیاسی چونکە هەرشاریەکان بوون خوێنەواربوون و شانسی چوونە قوتابخانەی گشتییان هەبوو. شاعیر و نووسەرو ڕۆژنامەنووس و ڕوناکبیرە کوردەکان زۆربەیان لە شارە گەورەکاندا کۆبووبوونەوە ئەگەرچی خۆیان لە بنەڕەتدا خەڵکی دەروەی شارەکان بوون. بۆیە ئەو بزاوتە فکری و فەرهەنگیەی بەڕێوەبوو لەشاردا هاوڕا بوو لەتەک سەرهەڵدانی چاپەمەنی و کردنەوەی قوتابخانەی مەدەنی و گشتی و ڕۆیشتنی قوتابیانی کورد بۆ زانکۆکانی تاران و بەغدا و ئەستنبول و دیمەشق و دواتریش بۆ زانکۆکان لە شارە کوردییەکان وێنەی زانکۆی کرمانشان و سلەیمانی و ئامەد. یەکێک لەو جیاوازیە زەقانەی هەبوو لەنێوان خەڵکی شارو لادێ زمانی ئاخافتن بوو، بەجۆرێ زمان ناسنامەیەکی دیاری قسەکەری لادێی و شاریی بوو. وەک ئاماژەمان پێکرد بەداخەوە زۆر جار ئەمە چووەتە قاڵبی گاڵتەپێکردن و نوکتە پێکردنەوە. زۆرجار تەنیا بە گۆڕینی شێوازی قسەکردن لە شارییەکەوە بۆ لادێیەک زۆر دەلالەتی تری لەخۆ دەگرت؛ وێنەی کەسە لادێیەکە دواکەوتوە، زبرە، نەشارەزایە، جۆروشێوازی خواردن و جلوبەرگی نامۆیە. لەبەرانبەردا شارییەکە پێشکەوتوە، ناسکە، شارەزایە، جلوبەرگ و خواردن و هەلسوکەوتی ئاشنایە. بەڵام هەندێجار وا ڕێکەوتوە ئینتمای شاریی بوون ئەوەندە تۆختربوو لە هی ئینتماکانی دیکە وەک ئینتمای نەتەوەیی، بۆ نموونە کوڕی بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی کورد دانیشتوی گەڕەکی ئاشتی (دور الامن) جاران لە سلەیمانی لەوانەیە لەگەڵ هاوپۆلێکی عەرەب یان هاوپیشەیەکی باوکی خۆی بە ئاشناتر بزانیایە هەتا کوردێکی لادێی. لەهەموو بارەکاندا زمان وەک ناسنامەیەک بۆ جیاکردنەوەی شاریی لە لادێی تا سەردەمانێ درەنگ زۆر کاریگەربوو لە باشووری کوردستان. لەمانە هەمووی دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەگەر شارە کوردییەکان لەڕووی پیشەسازی و ئابووری و شێوازی بەرهەمهێنانەوە ناسنامە نەبووبون ئەوا لەڕووی فەرهەنگی و ئەدەبیەوە ئەو توخمەیان هەڵگرتوو و ئەکرێت وەک ناسنامەیەک سەیر بکرێن. ئەگەرچی لەمڕوەشەوە واتە کەلتوری و فەرهەنگی (هونەر و ئەدەب: میوزک، سینەما، ڕۆمان، شانۆ، تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامە، پڕوپاگەندە) هێشتا لە کوردستاندا نەبووەتە پیشەسازی وەک ئادەرنۆ و هۆرکهایمەر ناوی دەبەن لەتەک دیاردەی درووست بوونی شار؛ بەڵام نوکوڵی لەوە ناکرێت زمانی کوردی بەتایبەتی زمانی نووسین و سەدان بەرهەمی ئەدەبی و هونەری (شانۆ، درامای تەلەڤزیۆنی و ڕادیۆیی و ڕۆژنامەگەری، دیوانی شعری و چیرۆک و ڕۆمان) هاوکاربوون لە بەرهەمهێنانی جۆریک لە ناسنامەی شاری کوردی یان لانی کەم بەرهەمهێنانی جۆرێک لە شار وەک ناسنامە. [1]