$خۆچەوساندنەوە$
نووسینی: #بەکر عەلی 03#
$تێڕامانێک لەسەر تەکنیکەکانی ستەملەخۆکردن لە کۆمەڵگای ئێستادا$
کڵێشەیەکی ناسراوی چەوساندنەوەی مرۆڤ لەنێو هۆشیاریی باوی تاکەکان و کۆمەڵگاکاندا هەیە، کە وەها داڕێژراوە، ئەوەی مرۆڤ دەچەوسێنێتەوە دەسەڵاتە، ئەوەی تاک کۆت دەکات دابونەریتی کۆمەڵایەتییە، ئەوەی نەتەوەیەک زەوت دەکات دوژمنی دەرەکییە. مرۆڤ دەتوانێت لیستێکی درێژی ئەم ستەمکار و ئەم دوژمنە دەرەکییە یاداشت بکات کە هەموو تێکڕا دەکەونە دەرەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانەوە، واتە هەموو کڵێشەکان وێنە نێگەتیڤەکانیان لەدەرەوە بینیوە. هەڵبەت لێرەدا نیازی ئێمە ئەوە نییە درووستی ئەم کڵێشەیە بشێوێنین، چونکە ئێمە پێمانوایە ئەمە تەنیا دیوێکی دیمەنە درووستەکەی دیاردەی چەوساندنەوەیە و دیوەکەی تری نیگەتیڤیتێت دەکەوێتە بەرەی (خود) ی مرۆڤ و بەرەی (ناوەوە) ی کۆمەڵگاوە.
ئەم نووسینە هەوڵی دەستنیشانکردنی ئەو هێزە ناوەکییانە دەدات کە لەسەر ئاستی تاک و کۆ، بوونەتە فاکتەری چەوساندنەوەی مرۆڤ لە نێو جیهانی نوێی کوردیدا.
$سەرەتای میتامۆرفۆسەبوونی کۆمەڵگای کوردی:$
بەڵگەنەویستەیەک هەیە، کە لەجێی تردا ئاماژەم پێ داوە، لێرەدا دەبێت دووبارەی بکەمەوە. بەهاتنی ئەمەریکییەکان لەدوای 2003 بەدواوە کۆمەڵگای کوردی نەک هەر لەڕووی سیاسییەوە دەکەوێتە نێو قۆناغێکی جیاوازەوە، بەڵکوو لەڕووی ئابووری و پسایکۆلۆژیشەوە دەگۆڕدرێت، ئەم گۆڕانە پتر لە بواری شتە ڕووکەش و ماتریالییەکاندا بەرپا دەبێت، بەڵام خاڵی نییە لە گۆڕینی دەروون و پسایکۆلۆژیای تاک و کۆمەڵگا. بە کورتی دەتوانین وەها دەستنیشانی ئەم قۆناغە بکەین: ئێمە کەوتووینەتە نێو زەمەنێکی تەواو نوێ و جیاوازەوە، کە تیایدا گەشەکردنی ماتەریاڵی و ڕووکەشیانەی کۆمەڵگا لەسەر تێچووی سوبیەکتە نەرم و ناوەکییە دەروونییەکان بووە. واتە لە بەردەم زۆربوونی کاڵاکاندا، میتامۆرفۆسەیەک(شێوەگۆڕینێک) بەسەر دەروونی مرۆڤەکاندا هاتووە. مرۆڤ حەز دەکات هەموو کاڵایەکی هەبێت، بگرە زۆریشی هەبێت، مرۆڤ ئیرەیی بە هاوسێکەی دێت، ئەو هەیەتی و ئەم بۆ نییەتی، مرۆ ڕەمەکی چنۆکی تیایدا بۆ هەبوونی هەموو شتێک زۆر بەهێز بووە. لێرەوە مرۆڤی ئەم قۆناغە پتر خەمی ڕووکەش و فۆرم نواندنی هەیە، لەکاتێکدا بەرلەم قۆناغە، بابڵێین یەک دەیە یان دوو دەیە پێشتر، مرۆڤ پتر خەمی ناوەرۆکی دەخوارد، زۆرتر خولیای بۆ ئیدیاکان هەبوو، لەکاتێکدا مرۆڤی ئەمڕۆ چ ئیدیالێکی نەماوە و تاکە ئیدیالێک دەروون و نێوەڕۆکی ئەو ببزوێنێت ماتەریاڵە، پارەیە، کاڵایە.
ئەم تەوژمە نوێ دەروونییەی نێو ئەم کۆمەڵگایە لەنێوەڕۆکدا بریتییە لە ئاوەژووکردنەوەی تەوژمەکەی پێش خۆی کە دەکرێت بە میتامۆرفۆسەبوون ناوبنرێت، کە بریتییە لە پرۆسێسی شێوەگۆڕینی بوونەوەرێک یان شتێک لە شێوەیەکەوە بۆ شێوەیەکی تر، بەڵام گۆڕانکاری قووڵیش بەسەر نێوەڕۆک و کرۆکیدا دەهێنێت. میتامۆرفۆسەبوون لەکۆمەڵگای نوێی کوردیدا لە و ساتەوەختەوە دەست پێدەکات کە نەوت دەبێتە تاکە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سەرمایە و درووستکردنی بازاڕ و دەبێتە شائامرازی دەسەڵات. ئاشکرایە وڵاتی نەوتی و پێترۆڵی، پارە بە لێشاو دەهێنێتە ناوەوە و ئەگەر سیاسەتێکی عەقلانی ئۆرگانیزەی ئەم بوارە نەکات ئەوە لە ڕووی سیاسییەوە پترۆدیکتاتۆر درووست دەکات و لەڕووی ئەنترۆپۆلۆژیشەوە، هاووڵاتی مووچەخۆر بەرهەم دێت، کەدواجار هیچ کارخانە و کارگەیەک بۆ درووستکردن بواری بۆ ناڕەخسێنرێت و مرۆڤەکان بە مشەخۆری لەسەر ئەم سامانە سرووشتییە دەژین. ئەمەش لەڕووی ئیتیکی و دەروونییەوە بەرەنجامی ترسناک دەخاتەوە، یان بابڵێین ئەو گۆڕانکارییانە درووست دەکات، کە مرۆڤ هان بدات بەڕێگای ئاسان بژی، زۆر پێویستی بەبەکارهێنانی سەر و دەستی نەبێت، زۆر بیرنەکاتەوە و زۆر ڕەنج نەدات. ئەم حاڵەتە لە کوردستاندا شتێکی تریشی سەربار دەکرێت، ئەویش نەبوونی دەستور و سیستەمی فەرمانڕەوایی دیموکراسی بارەکەی بەدتر کردووە. لە کوێدا بەئاسانی دەستکەوتت هێنا، لەوێدا سیاسەت بچووک دەبێتەوە. بچووکترین سیاسەت لە دنیای ئەمڕۆدا سیاسەتی کوردییە. کە نە لەئاستی نێوخۆ کار بۆ کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن دەکات و نە لەئاستی دەەرەوەدا کار بۆ خەونی گەورە بۆبەدەوڵەتبوون دەکات. واتە (سیاسەتی گەورە)، لەوەی نیتچە لەبارەیەوە دوواوە، بەهیچ جۆرێک لای هیچ گروپێکی سیاسی کوردیدا نابینرێت.
لەخۆڕا نییە ئەم پرۆسێسە لەنێو ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان و کۆمەڵگادا دەبینینەوە. بەڕادەیەک لەهەموو کایەیەکی ژیاندا هەست بە غیابی (سیاسەتی گەورە) دەکرێت، هەست بە بزربوونی (خەونی گەورە) دەکرێت، هەست بە نەمانی هەرمیتافیزیکایەک لەژیانی وجودیانەی ئەوێدا دەکرێت. چونکە ئیشکردن بۆ درووستکردنی کۆمەڵگای درووستکەر و ئیشکردن بۆ درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لەڕووی میتافیزیکاوە یەکشتن. لە کۆنتێکستێکی وەهادایە کە سوبیەکت ئۆبیەکتی لەسەر هەڵدەچنرێت، یان ئاسانتر بڵێم سوبکولتور(کولتوری بنەوە) کولتوری سەرەوە بەرهەم دەهێنێت.
لە کوردستاندا، ئەگەر بواری نەوت ببێتە تاکە (سوبسەرچاوە) کە بەئاشکرا بەرەو ئەوە دەڕوات، ئەوا تاکە یەک کولتور لەسەری هەڵدەچنرێت ئەویش مرۆڤی مشەخۆر لەسەر سرووشت و سامانەکەی. واتە سیاسەت ژیانێکی پاسیڤ درووست دەکات. ئەو تەکنیکە دەئافرێنێت کە کۆمەڵگا خاڵی بێتەوە لەهەر ئیدیالێک، توانستەکانی تاک بۆ داهێنان دادەمرکێنێتەوە، بەگشتی ژیان دادەماڵێت لەهەر هونەرێک.
واتە لەبری ئەوەی هەموو ماتەریاڵەکانیش بۆ پڕکردنی کۆنتێنەی ئیدیاکان بەکاربهێنرێن، ئەمڕۆ هەموو ئیدیاکان بۆ بەدەستهێنانی پارە بەکاردەهێنێت. ئەمە دیوی ناوەوەی کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردییە. پارە سرووشت و ڕۆحی مرۆڤی کوردی گۆڕیوە، بەڵام سرووشتی مرۆڤی بەدینەهێناوە.
پرسیاری ئێمە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم وەرچەرخانە تا چەند سوود و زیان بە کایەی کولتوری کۆمەڵگا دەگەیەنێت؟ بە ماتەریاڵیزەکردنی ئیدیاکان ژیانی ڕۆحی کۆمەڵگا بەرەو چ شوێنێک دەبات، خەرەند یان بەرزایی؟
لە شوێنێکدا کە ماتەریاڵخوازی ئەکتیڤ بێت و ئیدیاخوازی کزبووبێت، ئایا ژیان لەنێوان ئیشکردن و تێڕاماندا لە کوێدا دەگیرسێتەوە؟ ژیان لەنێوان بەکاربردن و درووستکردندا، لەنێوان مشەخۆری و ڕەنجدان دا چۆن دەژی؟
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی درووستکەر، وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە، یان وەک بوونەوەرێکی بەکاربەر و بێ بیر پەروەردە دەبێت؟
دیارە ئەم پرسیارانە تەواوی کایەکانی ژیان دەپێکن، بەڵام لێرەدا ئێمە تەنیا ئەو کایەیە دەخوێنینەوە کە دەستنیشانی ئەو تەکنیکە مرۆییانە دەکات بۆمان کە ستەم لە خود دەکەن و مرۆڤ وەک سوبەکتێک بە بوونەوەرێکی هەژار و کەم دەبینن.
$شێوەکانی ژیان:$
هەر لە ژیارە دێرینەکانی مرۆڤایەتییەوە ئەو کڵێشەیە سەلمێنراوە، کەوا ژیانی کولتوری کۆمەڵگاکان لە دوو شێوازدا دیاری دەکرێت: شێوەژیانی کارکردن و چالاکی vita active وە شێوەژیانی تێڕامانی vita kontemplativa.
لەڕێی گەشەکردنی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازییانەی هەندێک لە کۆمەڵگاکانەوە و گەیشتنیان بە سەردەمی نوێ و مۆدێرنە، ڕووبەری گەورەی ئەو کولتوورە پێشکەوتووانە، شێوەژیانی کارکردن داگیریکردووە و شێوەژیانی تێڕامانی تا دێت ڕووبەری بچووکتر دەبێتەوە. لێرەدا کولتورناسە جیدییەکانی خۆراوا زوو دەرکیان بە و مەترسییە کرد و کەوتنە سەر ڕەخنەگرتن لە پرۆسێسی مۆدێرنە و دیوە تاریکهێن و پاسیڤکاراکانی مۆدێرنەیان دەستنیشانکرد. نیتچە پێدەچێت یەکەمین بیرمەند بێت ئەو کزبوونەی ژیانی تێڕامانی لە مۆدێرنەدا بینی بێت، ئەو پێی وایە شارستانێتی مۆدێرن خاڵییە لە ئارامی و لە خەڵوەت و تێڕامانکردن. بۆیە زۆرینەی کارەکانی ئەو لە کرۆکیدا بریتییە لە ئیشکردن بۆ بووژاندنەوەی شێوەژیانی تێڕامانی. لە دووای نیتچەوە ئیتر ئەوە بووەتە باو هەوڵ بدرێت بۆ بووژاندنەوەی ژیانی تێڕامان وەک چالاکییەکی ڕۆحییانەی مرۆڤ. کارەکانی شپنگلەر و بەنیامین و هایدێگەر و فۆکۆ تا دەگاتە سلۆتەردایک هەموو بە و ئاڕاستەیەدا کاردەکەن، ئەم ڕەگەزە گرنگەی ژیان کە پاڵهێزێکی هەمیشەییانەی ڕۆحی کولتورە دووبارە بەسرووشتییانە بکەنەوە. چونکە ئەوەی لە نێو کولتوری خۆراوا پێی دەگووترێت داڕووخان Dekadenz و هیچگەرایی Nihilismus دوونیشانەن بۆ ئاماژەدان بە کزبوون و ئاوابوونی ژیانی تێڕامانی و قەبەبوونی مەرجەکانی ئیشکردن و کارکردن کەبووەتە مایەی هەموو گرژبوونێکی دەروونی و ڕۆحی و مۆرالیانەی تاکی ئەوروپی، ئەوەی دژی ئەم گرژبوونە پێویستە بکرێت دۆزینەوەی دژەژەهرێکە مرۆڤ ئارام و خاو بکاتەوە. ڤاڵتەر بەنیامین دەستەواژەی مەلی خەون Traumvogel بەکاردەهێنێت، کە پێیوایە پێویستە هەمان بێت بۆ ئەو (وەڕسییە قووڵە)ی کە هێلکەی ئەزموون دەپیتێنێت. چوونکە، وەک فیلۆسۆفی کۆری بیونگ چول هان، کە بەئەڵمانی دەنووسێت و لە بەرلین دەژی، لە وتارێکی گرنگیدا سەبارەت بە (کۆمەڵگای ماندوویی)، کە خۆراوا بەهۆی قەبەبوونی بواری ئیشکردنەوە بەرهەمی هێناوە و تاک تیایدا تووشی گرژبوونەوەیەکی ڕۆحی و ماندووبوونێکی جەستەیی گران بووە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە، ئەگەر خە و پنتێکی بەرزی خاوبوونەوەی جەستە بێت، ئەوا وەڕسی قووڵ پنتێکی بەرزی خاوبوونەوەی ڕۆحییە. بەنیامین دەڵێت ئەم مەلی خەونە لە مۆدێرنەدا بەردەوام بەرەو کزی دەچێت. سلۆتەردایک لەنێو هەمان کایەدا گەلێک نووسینی جۆراوجۆری نووسیوە. لە پەڕتووکە گەورەکەیدا (تۆ دەبێت ژیانت بگۆڕیت) ڕەخنە لە و هزرەی خۆراوا دەگرێت کە بەهۆی مۆدێرنەوە شێوازی ژیانی تێڕامانی گۆڕدراوە بۆ ژیانی ئیشکردن، وە ژیانی مەشقگەرایی بەرەو کزبوون دەچێت، بۆیە ئەرکی بیرکردنەوەی ئەم شارستانیەتە لەم هەزارەیەی ئێستادا بریتییە لە بوژاندنەوەی ژیانی مەشقگەرایی و ئاسکێتیکی تێڕامانی. هەروەها ڕەخنەش لە و هزرە ئەوروپییە سادەیە دەگرێت کە دۆخی هەنووکەی گەشەکردووی خۆی بە بەرزترین ئاست دادەنێت، وەک ئەوەی ئاستێکی تر لەم لووتکەیە بەرزتر نەبێت. ئەمەش وای کردووە لەسەر ئاستی ئاسۆیی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا داواکراو ئەوەیە لەدۆخی هەنووکەدا جێگیر نەبن و تێپەڕن بەرەو ئاستی بڵندتر و بۆ (هەڵکشانی ستوونی) هەوڵبدەن. لەنێو ئەم کۆنتێکستەدا ئەو چەمکی (مەشق) بەکاردەهێنێت بۆ هەموو ئەو چالاکی و کردەوەیانەی ڕۆحی بن یان جەستەیی کە دەبنە مایەی چاکترکردنی هەم مرۆڤ و هەم جیهان. لێرەدا تێبینی ئەوە دەکەین لای سلۆتەردایک هەردوو شێوەژیانی چالاکی و شێوەژیانی تێڕامان لەنێو چەمکێکدا کۆدەکاتەوە کە (شێوەژیانی مەشقگەراییە). واتە هەم بیرکردنەوە مەشقە و هەم ئیشکردن مەشقە. بەمەش ئەو ئەنترۆپۆلۆژیایەکی تەواو جیاواز دەنووسێتەوە کە کۆتایی بە جیاکردنەوەی هەموو دووانایەتییەکان بهێنێت و هەموو تەکنیکە مرۆییەکان ئەکتیڤ دەکاتەوە.
لەدنیای کوردیدا سەدەی 19 دەشێت بە سەدەی مەشقی ڕۆحانی و تێۆری دەستنیشان بکەین. کە بە فیگورێکی وەک مەولانای نەقشبەندی دەست پێ دەکات و بە نێو نالی دا دەڕوات تا دەگاتە مەحوی. ئەگەرچی نالی لە هەردوو ئەو فیگورەی تر جیاوازە و کەمتر بە لای ڕۆحانیەتی زوهدگەری و سۆفیگەریانەدا لای داوە و پتر مەشقێکی ئیستاتیکی و کولتوورییانەی پیادە کردووە. ئەگەرچی لای نەقشبەندی و مەحوی ئیلەمێنتی ئایین بەشێوەی جیاواز لەیەکتر لای هەریەکەیان توند ئامادەیە، بەڵام هێشتا دەکرێت کولتورناس لە دیدگای (مەشقگەرایی)ی ڕۆحی و ئیتیکییەوە تەماشایان بکات. ئەم چالاکییانە بریتی بوون لە کۆششی (خودچاکترکردن)، لەهەوڵی (ئیشکردن لەنێو خود دا)، وەک تەکنیکێکی مرۆیی بۆ خۆتێپەڕاندان. لە دیدی ئێمەدا، لەمێژووی دوور و نزیکی کولتورییانەی کوردیدا، هیچ تەوژمێک وەک ئەم مەشقە ڕۆحانییە کاری بۆ (هەڵکشانی ستوونی)، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان نەکردووە. مەحوی کە دوواهەمین ڕێبواری نێو ئەو قووڵاییانەیە مەشقی خۆبڵندکردنەوە بۆ بەرزایی دەکات. هیچ مەشقکەرێک وەک مەحوی، بەئێستاشەوە، نەیتوانیوە ڕۆچێتە قووڵاییە وجودی و ڕۆحی و مۆرالییەکانەوە، چونکە ئەو لە بەرزاییەوە تەماشای خوارەوەی قووڵایی دەکرد. بۆئەوەی خوارەوە ببینیت، دەبێت بچیتە سەرەوە، بۆئەوەی ناوەوە ببینیت، دەبێت لێی بچیتە دەرەوە. مەحوی خوێنەرێکی قووڵاییەکان نییە بە تەنیا بەڵکوو ئەو مەشقی هەڵکشانی ستوونی سازدا، ئەو بۆ هەموو مەشقکەرێکی ڕۆح پەروەردیار و مامۆستا و ڕاهێنەرە. ئەو یەکەمین تیۆریسازی تیۆری (هەڵکشانی ستوونی) یە بۆ ڕۆچوونە نێو قووڵاییەکانەوە. بەمپێیە مەحوی دوو هاوکێشەی جیاوازی هەبوو بۆ یەک بابەت، بەرزایی و قووڵایی، پیرۆز و ناپیرۆز، خود و یەزدان، ئەمدنیا و ئەودنیا، هۆگربوونی دنیا و هەڵهاتن لە دنیا. ئەوەی مەحوی کۆششی بۆ دەکرد بریتییە لە پیادەکردنی (مەشقی تێڕامانکردن) بۆ بەرزکردنەوەی ژیان بەرەو بەرکەماڵبوونی ڕۆحی لەڕێی شتە ماتەریاڵییەکانی بوونەوە، لێرەوەیە کۆششی ئەو بریتی نەبووە لە کارکردن بۆ ژیانی ئابووری و ئیشکردن بۆ دەستکەوتی ماتەریاڵی، بۆیە ئەو هیچ لەبارەی ئیشکردنەوە حاڵی نەبوو. کورتبینە ئەو خوێندنەوەیەی پێیوایە سۆفیگەری مەحوی هەڵهاتنە لە جیهان، بگرە ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەو لە جیهانە داڕزاوە ماتەریاڵییەکە هەڵدێت تا بگاتە جیهانە ڕۆحییەکە. مەحوی هۆگرێکی گەورەی ڕۆحی جیهانە.
ئەم تەو ژمە خۆی لە مەشقێکی تێڕامانی و تیۆریدا شێوەگیر دەکات، بەڵام هەر خودی ئەو دوو فیگورە دەبنە، مامۆستا و ڕاهێنەری مەشقکردنی تێۆری.
ئەم مەشقە تیۆرییە خۆی درێژدەکاتەوە بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی 20، بەڵام لەشێوازو فیگوری تردا بەرجەستە دەبێت. لەم سەدەیەدا تەکنیکەکانی ئیشکردن لە خود دا دەگۆڕێت بۆ پەروەردەکردنی مرۆڤ لەڕێی فێرکردنی و خوێندەوارکردنیەوە. دیارترین فیگوری ئەم تەوژمە پیرەمێردی ڕۆشنگەرە. خوێندن و فێربوون مەشقی خۆپتەوکردنن، ئەو تەکنیکانەن کە سیستەمی ئیمون و توانستی بەرگری مرۆڤ و کولتور پتە و دەکات. بخوێنن چونکە خوێندن قەڵغانە بۆ تیری دوژمنتان. ڕەنگە جوانترین ڕستەی پەروەردەکردن و درووستکردنی مرۆڤ بێت لە جیهانی ئێمەدا بۆ هیومانیزمی سەدەی 20 نووسرابێت.
بەڵام لەنێوان ئەو دووسەدەیەدا و تاوەکو ئەمڕۆش مرۆڤی درووستکەرمان بەرهەم نەهێناوە. دەکرێت ئەم دیاگنۆزەیە درێژ بکەینەوە و بڵێین لەدووای ڕاپەڕینەوە لەم هەرێمەدا هەم مەشقی تیۆری و هەم مەشقی چالاکی سست دەبێت. بێهۆ نییە لای گەلێک لە ڕوناکبیران و شاعیران بە سەردەمی هیچگەرایی ناوزەد دەکرێت. لەم هەرێمەدا لەڕاپەڕین بە دوواوە، زۆرترین مەرەکەب بۆ نووسینەوەی ژیانی هیچگەرایی و ئەدەبیاتی نیهلیزم بەکارهێنراوە.
تەنانەت دیاردەیەکی وەکو گەندەڵیش هیچ نییە جگە لە سیمپتۆم و نیشانەیەک بۆ ونکردنی ژیانی مەشقگەرایی. گەندەڵی واتە نەمانی ڕۆحانیەتی ژیان و سستبوونی هێزی ئەفرێنەری ژیان، لێرەوەیە وشەگەلی وەک مشەخۆری و بەرخۆری هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبینرێن و هەم لەنێو کۆی میدیاکاندا.
$کوردستان وەک ماتریکسی خۆچەوساندنەوه:$
شۆڕشی سەرکەوتوو ڕۆڵەکانی خۆی ناخوات، بەڵکوو پەرۆشیان دەبێت. سلۆتەردایک
چیتر لێرەوە با ئاڕاستەی چاومان ڕوو پێ بکەینە سەر کۆمەڵگای کوردی. ئایا لە ئێستای کۆمەڵگای کوردیدا ئێمە چ شێوەژیانێک دەژێنین، کارکردن یان تێڕامان؟
ئەگەر کارکردن بریتی بێت لە و چالاکی و کردەوانەی مرۆڤ دەیاننوێنێت و لە ئەنجامدا بەرهەمێکی دەبێت، ئەوا لەکوردستاندا چ جۆرە کارکردنێکمان نییە. ئەوانەی دەچنە فەرمانگەکان و بەڕێوەبەرێتییەکان و بیرۆ و ئۆفیسەکان و بازاڕ و مۆڵەکان جگە لە کاری کارگێڕی و خزمەتگوزاری هیچی تر بەئەنجام ناگەیەنن، ئەوانە هەموو چالاکی (بیۆلۆگی ڕووت) ن. تەنیا ئەوانە نەبن کە لە کارخانە و کارگەکان کار دەکەن و بەرهەمێکیان هەیە. ئەمانیش پتر لە کەرتی تایبەتدا دەبینرێن، وەک جۆرەکانی ئیشکردنی دەست: دارتاشی و ئاسنگەری و تەنەکەچێتی و پیشەوەرەکانی تر. لێرەوەیە دەسەڵاتی سیاسی لە و هەرێمەدا هیچ بایەخێک بە بواری پیشەسازی نادات. بایەخنەدان بە پیشەساز و بە کارخانە و بە کاری دەست، لەڕووی سیاسییەوە بایەخنەدانە بە ئیشکردن بۆ درووستکردنی دەوڵەت. واتە بابڵێین: نەبوونی هەستی ئەوتۆنۆمیتێت لە دنیای کوردیدا و ئیشنەکردن بۆی، لە نەبوونی سیاسەتی پەروەردەکردنی پیشەوەر و وەستا و شارەزاکانی بوارەی پیشەسازی و دەستەکانی درووستکردنن. سیاسەت لە کوردستاندا و هەموو سیاسییەکی کوردی تەنیا (سیاسەتی بچووک) پیادە دەکەن، لەبەرئەوەیە هیچ هێزێکی سیاسی نەیتوانیوە تێپەڕاندنێکی ئیتیکی و وجودییانە درووست بکات. بگرە ئەوان ڕێگرن، کۆسپن لەبەردەم درووستبوونی ئەو سوبیەکتانەی دەیانەوێت ببن بە خۆیان. سوبیەکت هیچ نییە جگە لە و شتەی هەوڵ دەدات ببێت بە خۆی، وەک سلۆتەردایک دەڵێت.
سیاسەتی کوردی، بەوەدا کە نایەوێت ببێت بە خۆی و بە خاوەنی خۆیی و بە سەربەخۆ و ئەوتۆنۆم، ئەوا سیاسییەکان جگە لە نمایشکارێکی بێهودەگەرای خودگەرایی هیچی تر نین. لێرەوە لەدیدی ئێمەدا کوردستان دەبێتە ئەبسوردستان.
سیاسەت دەبێت دیدگا و ڤیزیۆنی هەبێت، واتە لەسەر ئیدیایەک، چەقێک پێدابگرێت. سیاسەت بەشێکی سەرەکی بریتییە لە ئیشکردن بۆ تێپەڕاندن، بۆ ترانسێندێنتال. ئەمە کرۆکی (سیاسەتی گەوره) یە. لە هەموو ژیانێکیشدا هەمان ئەم سەرەتاگەیە کارایە، هەرساتێک کۆمەڵگا دەکەوێتە تەنگژەیەکەوە، دەبێت کاری سەرەکی بریتی بێت لە تێپەڕاندنی دۆخی هەنووکەی تەنگژەکە و دۆخێکی نوێ بهێنرێتە ئاراوه. گۆڕان لەهەموو شوێنکاتێکدا بریتی بووە لە بەجێهێشتنی دۆخی ئارا، واتە بابڵێین، بەسەر خۆداسەرکەوتن لەڕێی خۆبەجێهێشتنەوە دەبێت، وە بەسەر واقیعدا زاڵبوون لەڕێی واقیع تێپەڕاندنەوە دەبێت. لەبارەی ئۆلۆمپیادی 2012ی لەندەنەوە، لەڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیدا وتارێکی سەرنجڕاکێشم خوێندەوە، کە دەیویست ئەم پەیامە ڕابگەیەنێت: ئەگەر ئاتلێتەکان (وەرزشوانەکان) هەرکاتێک نەتوانن ڕیکۆرد بشکێنن، ئەوا وەرزش دەکەوێتە نێو قەیرانێکی وجودییەوە. واتە کاری تەندرووست لە هەموو کایەیەکدا بریتییە لەوەی لە دۆخی هەنووکە دابڕێیت و لە بازنەی شتە باوەکان تێپەڕیت. چونکە قەیران ئەوە نییە کە تەنیا لە ئێستادا لەئارادایە، بەڵکوو لەوێوە خۆی جێگیر دەکات کاتێک نەتوانرێت تێبپەڕێنرێت. بزووتنەوەی گۆڕان بەوەدا کە تا هەنووکە نەیتوانیوە تێپەڕاندن لە پارادیگما تەقلیدییەکانی ئیشکردنی سیاسەتی بچووک بکات و بەرەو سیاسەتی گەورە تێپەڕێت، ئەوا ناتوانین بڵێین ئەم بزووتنەوەیە هەڵگری چ ڤیزیۆنێکی ترانسێندێنتالییە. لێرەوەیە هەرکاتێک ئۆپۆزیسیۆن نەتوانێت مۆدێلە باوەکانی ئیشکردنی سیاسی فڕێ بداتە ئەرشیڤەوە، ئەوا سیاسەت دەکەوێتە نێو قەیرانێکی وجودییەوە.
لێرەدا یەکێک لە و هێزە ناوەکییانە دەبینین کە ڕێگرە لەبەردەم خۆدرووستکردن و کۆسپە لەبەردەم خۆتێپەڕاندندا. واتە ئەوەی لەم بارەدا دەمانچەوسێنێتەوە، ئەویتر، دوژمن و بێگانە نییە، بەڵکوو ئەو عەقلیەت و مێنتالیتێتەیە کە لەنێو خۆماندا بووەتە یەکەمین تەکنیک و فاکتەرەکانی خۆچەوەساندنەوە. هەر مێنتالیتێتک تواناکانی مرۆڤی بەکەم بینی، ئیدی کولتور هەژارانە و بەلەنگازانە دەژی. کولتوری دەڵەمەند ئەو عەقلییەتە درووستی دەکات کە پێیوایە، ڕووبەر و ئاستی بوارە کولتورییەکان بەردەوام لە گۆڕاندان. گۆڕان، بەرلەهەرشت واته، لەدایکبوونی ڕۆحیەتێک بتوانێت پێوەرە دۆگماتیکەکان توڕ بدات..
نەخۆشبوونی کولتور لە بزربوونی ئەو عەقلییەتەدایە. واتە هەر هیچ نەبێت لە شێوەژیانی تێڕامانیدا دەبێت کولتورەکان مرۆڤی تیۆری بەرهەم بهێنن. دیاردەیەک لە جیهانی ئێمەدا زۆر نادیارە.
لەخۆڕا نییە ئێستا ئێمە بانگەشەی ئەوە بکەین، ئێمە نە کۆمەڵگای ئیشکردنین و نە کۆمەڵگای تێرامان، بەڵکوو کۆمەڵگای(چالاکی ڕووت) ین. چالاکی ڕووت، واتە هەموو ئەوکردەوانەی غەریزەییانە هەڵدەستین پێی بۆ پڕکردنەوەی پێداوستییە بیۆلۆگییە پەتییەکانمان.
ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای کوردیدا (چالاکی ڕووت) تەنیا هەژار و نەدارەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو دەوڵەمەند و سەرمایەدارانیش بە هەمانشێوەن. ئێمە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگایەکدا دەژین دەوڵەمەندەکەش خۆی هەژارەکەیە، خاوەنکارەکەش خۆی کارکەرە. ئۆپۆزیسیۆنیش هەر مۆدێلی دەسەڵاتەکەیە. چونکە ئەوان تەنیا چالاکی ڕووتدەکەن. واتە هیچ جۆرە چالاکییەک لەوێدا نەبووەتە مایەی درووستکردن و پەروەردەکردنی مرۆڤ بەرەو ئاستێکی بەرزتر. هیچ لایەنێک نەیتوانیوە تەکنیکی مرۆیی نوێ دابهێنێت. تەنیا لە کارخانەکاندا ئەم جیاوازییە دەبینرێت لەنێوان شاگرد و وەستادا، کاتێک شاگرد دەخوازێت بە مەشق و ڕاهێنان و ئەزموون و شارەزاییەکانی ئاستی خۆی بەرز بکاتەوە و ببێتە وەستا.
بەم دیدە دەبینین هەژاری و بەلەنگازی بواری کاری دەست لە دنیای کوردیدا ئاماژەیە لەسەر بەلەنگازی فێربوون و پەروەردەکردن و هەژاری تێرامان. کە دەستی درووستکردنی تەکنیکمان نەبێت، واتە ڕۆح و هۆشی تێرامانکردنمان نییە. لەسەر ئاستی سیاسیشدا هەمان ئەم هاوکێشەیە کارایە. جێفەرسۆن دەڵێت: توانای ئەوەت هەبێت باش ئیش بکەیت، ئەمە بناغەیەکی باشە بۆ درووستکردنی دەوڵەت.
سیاسەتی کوردی لەڕاپەڕین بەدوواوە بە دوو جۆر پڕۆگرامی پەروەردەکردنی مرۆڤ، مرۆڤی کوردیان بە دیسیپلین کردووە: مرۆڤی تانتانۆس واتە مرۆڤی مەرگدۆست و شەڕکەر، تاڵانچی و فەرهودگەر کە لە دەیەی نەوەدەکاندا بەرجەستە بوو، وە مرۆڤی ئیرۆس، واتە مرۆڤێک حەز بە هەبوونی شتەکان دەکات و ڕەمەکی چنۆکی تێدا بەرپابووە کە لە 2003 بەدوواوە درووست بووە. لەبەرەنجامی ئەم دوو کردارەوە، وەک پەرچەکردارێک جۆرێک لە مرۆڤی تووڕە و شکۆمەند، واتە تیمۆس، لەدایکبووە کە شەڕ بۆ شکۆ و سەروەری مرۆیی دەکات. ئەم مرۆڤە توڕەیە کە شەڕ بۆ شکۆی مرۆیی دەکات تا ئێستا چاویلکەی ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە باش بیبینێت، هیچ بیرمەند و ڕوناکبیرێکی نێو ئۆپۆزیسیۆنیش نەیتوانیوە بیر لە پتر پەروەردەکردن و گەشەپێدانی ئەم مرۆڤە بکات، تاوەکو لە دیاردەیەکی تاک و بچووکەوە بیکاتە دیاردەیەکی کۆگەلی و مەزن.
لە درێژایی ئەم ماوەیەدا دەبینین لە کوردستاندا، هەم ژیانی تێڕامانی سست بووە و هەم ژیانی چالاکی، بۆیە دوو شوێن لە کوردستاندا زۆر پاسیڤن، زانکۆ و کارخانە، پەڕڵەمان و حکومەت، وە دووجۆر مرۆڤ لەوێدا بزرن و کەس ئەم بزرییە نابینێت، مرۆڤی کارا و مرۆڤی تیۆری. سیاسەتی کوردی هەم مرۆڤی کارا و هەم مرۆڤی تیۆری کوشتووە، مرۆڤی کارا، مرۆڤێکی ئەفرێنەر و کارکردەیە، لەکاتێکدا مرۆڤی تیۆری مرۆڤێکی تێڕامانکەرە، ڕەنجی بیرکردنەوە ئیشی سەرەکی ئەوە. سیاسییەکان لە کوردستاندا هۆکاری یەکەمی لەدایکنەبوونی ئەم دوو جۆرە مرۆڤەن، مرۆڤی کارا، وە مرۆڤی تیۆری. ئەوەی بیەوێت گۆڕانکاری لە واقیعدا بەرپا بکات، سەرەتا دەبێت لەناو(سەر)دا گۆڕانکاری درووست بکات. واتە، سەرەتا (بیرگۆڕین) دواتر ڕەفتارگۆڕین. لێرەوە ئەرکی سیاسەت لە کوردستاندا، لەمڕۆ بەدوواوە، بریتییە لە ڕەچاوکردنی ئەم دوو خاڵە:
یەکەم: ئەو ڤیزیۆنەی لە ئێستادا هەر سیاسەتێک لە کوردستاندا پێویستە هەی بێت بریتییە لە فەراهەمکردنی ئازادی بۆ هەر دەستێک کە پێنووسی پێ بێت یاخود ئامرازێکی درووستکردنی پێ بێت.
دووەم: داهاتووی سیاسی کوردستان گرێدراوە بەوەی سیاسەتێکی ترانسێندێنتال بئەفرێنرێت. واتە لەڕووی سیاسییەوە گیرۆدەی کۆسپ و لەمپەرەکانی واقیع نەبێت، بەڵکوو بارکراو بێت بە پاڵهێزی تێپەڕاندنی تەنگژەکان و بەزاندنی کۆسپەکان. لەم ڕۆحەوە سیاسەتی گەورە لەدایک دەبێت، وە سیاسەتی گەورە لەوێدا دەسەڵاتی دەبێت کە ڕۆحی ئیشی دەست و ئیشی سەر کارا بکەین.
$خودی کوردی و بزربوونی نێگەتیڤیتێت:$
ئەوەی لەڕێی خودەوە بژی، هەر خود لەناوی دەبات. بۆدریار.
لەڕاستیدا پرۆسێسی شکستهێنانی خودی کوردی بەتەنیا لەوێدا دەستی پێنەکردووە، کە ئەم خودە خۆی لەیادکردووە و خۆی پاسیڤ کردووە و بووەتە بوونەوەرێکی بەکاربەر و مشەخۆر، بەڵکوو تر بەوە شکستی هێناوە کە هەموو ئۆبیەکتێکی دەرەکی لە هزریدا نەهێشتووە. واتە خودی کوردی لەڕووی سیاسییەوە وێنەی دوژمنی نییە. هەر خودێک وێنەی بابەتێکی دەرەکی لە وێنادا نیگار نەکات، ئەو خودە سیستەمی بەرگری کز دەبێت.
لە نێو ڕوناکبیرانی مۆدێرنی کوردیدا هیچ کاتێک ڕەخنە لە جیهانی دەرەوەی کوردی، لە هاوسێکانمان، لە داگیرکەرانی کوردستان نەگیراوە. تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیشمان هێندەی جەغت لەسەر کێشە نێوخۆییەکانی وەک دۆسیەی نەوت و گەندەڵی دەکاتەوە، نیو هێندە ئاگایی خۆیان بانەداوەتە سەر کێشە نەتەوەییەکان، واتە کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا و کێشەی کورد لە پارچەکانی تری کوردستاندا. بە گشتی دەتوانین بڵێین چ لەلایەن دەسەڵات و چ لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە نەتوانراوە یەکێتییەکی ئۆرگانی بسازێنن کە هەموو لایەنە کوردییەکان بۆ بەرگری لە دژی هەر هێزێکی دەرەکی کۆ بکاتەوە، غیابی ئەم یەکێتییە سیاسییە، کە هەموو لایەک دەروەست بێت پێوەی، یەکەمین ڕێگرە لەبەردەم درووستنەبوونی دەوڵەت، یاخود درووستنەبوونی تەنانەت بیرۆکەی دەوڵەت لە هۆشیاری سیاسی کوردی دا، لێرەوە تا گۆڕانی چۆنایەتی بەرپا نەبێت گۆڕانکاری چەندایەتی نەکردەیە. چونکە سەرەتا بیرۆکەکان لەسەردا چەکەرە دەکەن، پاشان پێ پیادەی دەکات. لەم ڕووەوە سلۆتەردایک دەڵێت: هیرارشیەتی خەون لەکوێ بێت، دەبێت هیرارشیەتی ڕیال لەوێ بێت. ئەو هەموو مێژووی ئەوروپا بە پیادەکردنی ئەو ڕستەیە پێناس دەکات.
بەڵام گەر تەماشایەکی خێرای ئەدەبیاتی سیاسی و فیکری دووای ڕاپەڕین بکەین، نادیارترین وێنە بریتییە لە وێنەی خەونی ترانسێندێنتال لە نێو ئەو کایەیەدا. وە نەبوونی هیچ وێنەیەک لەسەر دوژمن و داگیرکەر لەسەر شانۆی ژیانی ئەم کۆمەڵگایەدا.
کێشەکانی ئێستای هەرێم لەگەڵ بەغدا و ئەستەنبوڵ و ئێران و دیمەشق دا ڕاستی ئەم تێزەیە مان بۆ دەسەلمێنن کە چۆن کورد وەکو سوبیەکتێکی وجودی هەموو ئۆبیەکتێکی نەیاری بزر کردووە. لە کوێشدا سوبیەکت ئۆبیەکتی نەبوو، یان با بە کوردییانە بڵێین: لە کوێدا خود بێگانەی نەبوو، لەوێدا خود خۆی دووکەرت دەکات، گەڕانەوە بۆ خود لێرەدا ئاماژەیەک نییە بۆ خودێکی یەکانگیر و هۆمۆجینی کوردی. بەڵکوو ئیدی خود ناکۆکی نیوخۆیی بەرهەم دەهێنێت و تووشی میتامۆرفۆسەبوونێکی هەبوونگەرایی دەبێت، واتە شێوەی بوونی دەگۆڕێت، کێشە و گرفتەکانی دەگەڕێنەوە نێوخۆی، چەوسێنەر و چەوساوە هەر دەبێتە خۆی، یار و نەیار هەر لەخۆیدا لەدایک دەبێت. دۆست و دوژمن هەر لە ماڵی خۆیدا خۆیان چێ دەکەن. ئەم دادڕانە خودگەرییە لە نەمانی سیاسەتی گەورە و لە پوکانەوەی خەونی ترانسێندێنتالەوە دێت. سەرەتای هەموو کارەساتەکانی کورد لەم شێوەگۆڕینەوە دەست پێدەکات، کە تەنیا دەبێتە ناوەوە و دەبێتە پۆزەتیڤ، وە دەرەوە و نێگەتیڤ نادیار دەبن، بگرە هەر نامێنن. لەکوێشدا ئەویتر و نێگەتیڤیتێت نەما، لەوێدا خود و پۆزەتیڤیتێت پەلاماری خۆی دەدات. ئێستا دووکەرتبوونی سیاسییانەی کوردستان لەناوەوە، بەرەنجامی نەمانی وێنەی دەرەوەیە لە هۆشیاریماندا. هەموو سیاسییەکان لەهەوڵی خۆبەدۆستکردندان لەگەڵ دەرەوەدا، بگرە هەموویان کار بۆئەوە دەکەن بەشێوەیەکی ڕەها لەگەڵ دەرەوەدا، لەگەڵ دوژمن و بێگانە و ئەوانیتردا تاڕادەی خۆتواندنەوە خۆیان بە دۆستی ئەویتر بکەن. ئەم سیاسەتمەدارە کەم یادەوەرییانە ئەوە لەبیر دەکەن کە چەند تۆ خۆت بە بەشێک لەوان بزانێت، هێشتا ئەوان بە بەشێک لەخۆیانت دانانێن.
لەکایەی ڕوناکبیریشدا هەر هەمان وێنە دەبینرێت، تەوژمێک هەیە تەنیا وا بیردەکاتەوە کەوا کورد نابێت بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی، دەوڵەت لای من بریتییە لە ماڵی بوون بۆ کورد، تاوەکو تێکڕای ناوچەکە نەبنە دەوڵەتی دیموکراسی و دوواتر ئەمان پیاوچاکانە دەوڵەت ببەخشنە کوردی بەستەزمانیش. ئەمە نوکتەیەکە هیچ ژیریێکی جیدی ناخاتە پێکەنین. ئەم بیرکردنەوەیە لە هەرە زەلیلترین بیرکردنەوەیە کە کار بۆ زەلیلردنی مرۆڤی کورد دەکات، بەڵام بۆئەوەی زەلیل دەرنەکەوێت، ڕەخنەگرانە و ڕۆشنگەرانە خۆی نمایش دەکات، بۆئەوەی ناعەقلانی دەرنەکەوێت، ڕەخنە لەناعەقلانیبوونی واقیعی کوردی دەگرێت. واقیعی بوون ئەوەنییە داوای شتی شیاو و کردە بکرێت، وە ناعەقلانیبوون ئەوە نییە گەر داوای نەکردە بکەیت، بەڵکوو عەقلانیبوون و واقیعیبوون ئەوەیە داوای نەکردە بکرێت، شتێک کە تەواوی ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد لەیادیان کردووه، بگرە ئەوە بووەتە نەریت و هابیتۆس کە توانینەکانی مرۆڤی کورد نەبینرێن. ئەوەشیان لەیاد کردووە، کە مرۆڤ هەڵگری هەموو توانینێکە، وە ئەوەی توانینی خۆی ئەکتیڤ بکات ئەوە توانینی تری بۆ دێت. ئەوەی هێزی هەبێت ئەوە هێزی تری بۆ دێت. توانین خەسڵەتێکی مەگناتیسی هەیە توانینی تر ڕادەکێشێت. لەکوێشدا ئەم توانینە بخەپێنرێت، لەوێدا هەموو دەستکەوتێکی تر لەکیس دەچێت.
کورد تەنیا بەوە دەبێتە کورد، گەر دەروازەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە بۆ دەرچوون لە و ئەشکەوتانەی پێیان دەگوترێت ئێڕاق، ئێران، سووریا وە تورکیا.
وەک چۆن لەدیدی کانت دا ڕۆشنگەری بریتی بوو لە دەرچوونی مرۆڤ لە و گێلێتییەی خۆی پێ گوناهبارکردووە. دیارە ئەو گێلێتییەی کانت مەبەستێتی بریتییە لە (سرووشت) و لە ترسنۆکی. لێرەوەیە یەکەمین ڕۆشنگەربوونەوە بریتییە لە ڕەفتارنواندنی ئازایانە بۆ دەرچوون. واتە ئازایەتی دەبێتە عەقل بە ناوێکی تر. هیچ شتێک لەوە نۆرمالتر نییە کە لە و هەرێمە بچیتە دەرەوە، هیچ شتێک لەوە پتر ڕۆشنایی نابەخشێت کە لە و ئەشکەوتانە بێیتە دەرێ. ڕیالیزم بوون ئەوەیە، لەوێ بچیتە دەرەوە بۆ ئەوەی بچیتە نێو هەرێمی خودەوە. ئەوەی هەڵوێستێکی وەها وەربگرێت ئەوە مەشقی خۆپتەوکردن دەکات. خۆپتەوکردن مەرجی سەرەکی هەر بەرگرییەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەویتر و ئۆبیەکتەکان. لەکوێدا خود پتە و بێت، لەوێدا سیستەمی بەرگری ئەکتیڤە، خودیش بریتییە لە هەموو ئەوشتەی دەیەوێت ببێتە خود. واتە ئەوەی نەیەوێت بە پرۆسێسی خودگۆڕین و خوددرووستکردن دا بڕوات هەرگیز نابێتە خۆی. [1]